کەس ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکات کە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، ساڵانە بە شێوازێکی شکۆمەندانە بەڕێوە دەچێت و کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر پێگە و وێنای کوردستان وەک خاوەن کولتوورێكی کتێبدۆست و هۆگریی ڕۆشنبیری و مەعریفە هەیە. ڕاستیشە لێرەولەوێ هەندێ تێبینی و سەرنج لەبارەی ئەم بۆنە کولتووری و ڕۆشنبیرییە هەیە، بەڵام ئەوەندەی ئەمساڵ و ساڵانی پێشوو بەدواداچوونم بۆ کردووە، ڕەخنە و سەرنجەکان بە زۆری تاکڕەهەندن، بۆ نموونە: ئەگەر کتێبی ئیسلامیی دەبینێت چاپ کراوە دەیکات بە فەرتەنە، گوایە ئیسلام باڵی کێشاوە بەسەر کوردستاندا و ئەی هاوار و ئەی داد! بەڵێ ڕاستە، ئێمەیش دەزانین ئیسلامی سیاسیی دەتوانێ مەترسییەکی گەورە بێت بۆ سەر کورد و کوردستان و ئێستەیش بە ئاستی خۆی لە ڕێگەی بانگخواز و نوێنەرە ئاشکرا و شانە نهێنییەکانییەوە جۆرێک ڕەهاگەرێتی و دۆگمای دژە پێکەوەژیانیان بۆ ناو کۆمەڵگە شۆڕ کردووەتەوە، بەڵام نابێ لە بەر چاپی کتێبی ئیسلامی و بوونی ئەم مەترسییە، داوای لە سانسۆر بکەین!
یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی باشووری کوردستان کە دەتوانم بڵێم لە ناوچەکەدا کەم وێنەیە، ئەوەیە کە کتێب بێ سانسۆر بڵاو دەکرێتەوە، سەرباری ئەوەی ئەمە خۆی لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی هەیە، بەڵام بە گشتیی دەلالەتە لە ئازادی پەیڤ و دەربڕین. واتە لە پەنا ئەو کتێبە ئیسلامیانەوە، دەبێت ئێمە دنیایەک کتێب بە ناوەرۆک و مژاری دیکە لە بابەتی تەکنەلۆجیا و پزیشکییەوە بگرە تا ئەدەب و هونەر و فەلسەفە، ببینین، جا گرینگ ئەوەیە هەموو ئەمانە پێکەوە چاپ بکرێن و بخوێنرێنەوە، ئەینا خۆ ئێمە ناتوانین دژایەتی چاپی کتێب بە ناوەرۆکێکەوە کە خۆمان بە دڵمان نییە، بکەین!
کەسێک بوار بە خۆی بدات لەبارەی بابەتی فەلسەفەی ڕۆژئاوا یان زانست بە گشتی، کۆمەڵێک بۆچوونی دۆگمای ئاینی بسەپێنێت و لە دووتوێی کتێبێکدا بڵاوی بکاتەوە، بەو مانایە نییە خەڵک قبووڵیانە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە ئێمە دەرفەت دەدەین جۆرێک لە عەقڵانیەتی ئاینیی دوور لە دۆگما، بە ڕێگەی مشتومڕی لۆجیکییەوە پەرە بستێنێ و زیاتر بۆ ناو کۆمەڵگە شۆڕ بێتەوە.
دیارە ئەمە پرۆسەیەک نییە کە تازە دەستی پێ کردبێت، بەڵکوو دەتوانین بڵێین لە پاش ٩١ڕاپەڕینەوە مێژوویەکی هەیە، کەوتن و هەستانەوەی بەخۆوە بینیوە و بە دڵنیاییشەوە ئەگەر پلانی ڕۆشنبیریی گشتیمان نەبێت، دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر بیروڕاکانی تر و ئازادی پەیڤ و دەربڕین.
ڕێگەی تەندروست ئەوەیە بەبێ سانسۆر و دەمکوتکردنی لۆجیک و ئارگۆمێنتی ئاینی، هەوڵی دروستکردنی دیالۆگێکی زانستی و لۆجیکیی و مەعریفی، لە نێوان باڵە جیاوازە مەعریفییەکان بدەین، واتە بانگهێشتێکی ئاشتیخوازانە بۆ دوورکەوتنەوە لە دۆگما و ڕاگۆڕینەوە، ئەینا کاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا چەندان بەرەی فکری جیاواز و دژ بەیەک هەبن، ئەگەر ئەڵقەیەک لە دیالۆگ لە نێوانیاندا دروست نەبێت، ئەوا جگە لە شەڕ و ڕق و قین، چیتر چاوەڕوانمان دەکات؟ ئێمە ئەگەر چاوێک لە مێژووی نزیکمان بکەین، دەبێت وانەکانمان بیر بێتەوە، ئەم شەڕە خۆکوژانەمان کردووە و دەبێت نەگەڕێینەوە سەری!
دیارە ئەمە وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا، بە مانای نەبینینی مەترسیی ئیسلامی سیاسی و فکری توندڕۆی زۆر لە بانگخوازەکان کە بەداخەوە کاریگەریی نەرێنیشیان لەسەر زەینی بەشێک لە کۆمەڵگە داناوە، نییە. بەڵكوو بەو مانایەیە کە بە شێوازێکی مەدەنیانە و دوور لە لۆجیکی تەکفیری و جیهادییەکان هەوڵی دروستکردنی گفتوگۆ بدەین! بەداخەوە ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە كە ئێمە هێشتا ڕێچکەیەکی ڕژد و دیارمان بە ناوی ڕۆشنبیریی ئاینی کوردییەوە نییە، بە پێچەوانەی هەموو وڵاتانی ئیسلامیی کە هەیانە و خوێندنەوە و تەفسیرە ئاینییەکان لەگەڵ واقیعی خۆیاندا دەگونجێنن!
تاڵیبان لە هەموو دنیا وەک ڕووخسارێکی دۆگما و دژە ژیان و ڕۆژئاوا دیارە، بەڵام دواجار ملی بەوە دا لەگەڵ ئەمەریکا هەندێ پێوەندی دروست بکات، بەڵام ئێمە لە کوردستان ئەگەر بانگەشەی هەبوونی گەشتیارێکی ئیسرائیلیش ببیستین، مەلا هەڵۆکان و جەماعەتێکی توندڕۆ لێمان دێنە دەنگ و کوردستان بە لانکەی دەجال دەچوێنن! ڕاستییەکەی هەموو ئەمانە مەترسین و گوتارەكانی خۆیان زیاتر لە هەر شتێک ئاماژەدەر و ڕوونکەرەوەن!
ئەو کتێبانەی چاپ و بڵاو دەکرێنەوە لەناو گوتاری ئیسلامی سیاسیدا، هەر ئەوە بەرجەستە دەکەنەوە، بەڵام جگە لە ڕاکێشانیان بۆ ناو دنیای گفتوگۆ و دروستکردنی مشتومڕی زانستی، ناتوانین ئەم دۆگمایە بڕەوێنینەوە، دەبێت لۆجیکی مەعریفیی لەناو گوتاری ئاینی کۆمەڵگە و مێنتاڵیتەی جەماوەری ئاینیی کوردستاندا زیاتر پەرەی پێ بدەین و لەو دەلاقەیەوە هەوڵ بدرێت ئەو پردەی نێوان بیرکردنەوە و ڕاگۆڕینەوە دروست بکرێت و لەو توندڕۆییە دوور بخرێنەوە.
کەموکوڕیی لەم پلانە کولتوورییەدا هەیە و دەبێت درزەکان بگیرێن و هاوکاتیش ئاگاداریی هەر جۆرە هەوڵێکی لایەنگەلی توندڕۆ بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی کوردستان و تێکدانی ڕای گشتیی خەڵک، بین. بۆیە با کتێب چاپ بکەن و ئازاد بن لەوەی بیروڕایان دەربڕن، بێگومان چاپی کتێب زۆر لەو گوتارانە باشترە کە دەبنە هۆی توندوتیژی و پەرەسەندنی توندڕۆیی و بگرە دیاردەی کوشتن لەسەر باوەڕ کە نموونەیمان بینوە.
هیوادارم ئەم پێشانگایە و ئەم جۆرە بابەت و بیرکردنەوانە ببن بە بیانوویەک بۆ ئەوەی زیاتر لەسەر ئەم کێشە و تەنگژانە بوەستین و بێ پلان نەڕۆینە پێشەوە.