کوردستان لە ڕووبەرە گەورەکە و لە جیۆگرافیا مەزن و چوار پارچەکەیدا، خاک و وڵاتێکە پڕ لە جوانی و سەرمایەی ژێرزەوی و سەرزەوی. ئەگەر ئەم کوردستانە گەورەیە بریندار و پارچەپارچە کراوە، بەڵام هێشتا لە زۆر ڕووەوە سەرنجی دەرەوەی خۆی و تەنانەت داگیرکەرانی بۆ جوانی و تایبەتمەندییە کولتووری و دەوڵەمەندییەکانی ئەم نەتەوەیە ڕادەکێشێت. ئەگەرچی سێ پارچەی کوردستان هێشتا لەژێر پۆستاڵی داگیرکەری فارس و تورک و عەرەبدان، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە باشووری کوردستان بووە بە دایکی ئەم جیۆگرافیا گەورەیە و ئێستە هەموومان لە شیری نیشتمانپەروەری و کانگا مێژوویی و کولتوورییەکەی دەخۆین و بە خەونی ئازادی و سەربەستی و کوردایەتییەوە گیانمان فرچکی گرتووە.
لە 1991ەوە باشووری کوردستان ئەو جیۆگرافیا بریندار و پڕزامە، بەڵام زیندوو و سەرکێشە بوو مەشخەڵی نەمریی گیانی کوردی بە ڕووناکی و بڵێسەدارییەوە هێشتەوە. لە ڕاپەڕینەوە تا 2003، کوردستان لە سەرپێی خۆی و بە تێپەڕاندنی چەندان قۆناغی پڕ لە ئەزموون و هاوکات ناخۆش و خۆش، زیاتر خۆی بە پێوە گرت و لە 2003یش بەم لاوە، ئەم جەستەیە زیاتر و زیاتر بووژایەوە و باڵای کرد و دەستی بە برینەکانی خۆیدا هێنا و زۆریان ساڕێژ بوون و ئەوانیتریش لەگەڵ ئەوەی تیمار کراون، بەڵام هەر دەکولێنەوە و مایەی لە یادنەکردنی ڕق و دڕندەیی داگیرکەر و هوشیارکردنەوەی نەوەی داهاتوومان دەبێت.
لەم هەموو ساڵە پڕ لە ناخۆشی و گوشار و خۆشییانەدا، بەردەوام دوو جۆر گوشار بەسەر کوردستاندا سەپێنراون، بەو مەبەستەی هیچ کات دەستی واڵا نەبێت بیر لە خەونە گەورەکە بکاتەوە. یەکەمیان هێز و چەکوتفاقی سەربازیی بووە و دووەمیش ڕێڕەوەکانی ئابووری و بازرگانی.
ئەگەرچی لە ڕووی ئیرادە و توانای دەروونییەوە، تا ئێستەیش پێشمەرگە هێمای ڕزگاریی و پارێزگاریی خاکی کوردستانە، ئێستەیش لە ئاستی دنیادا وەک جەنگاوەری ڕووناکی دژ بە تاریکی دەناسرێ، هەر ماوەی پێشوو بوو بڕیار درا پاركێك لە فرەنسا بە ناوی "پێشمەرگە" بکرێتەوە، بەڵام هەمدیس لە ڕووی چەکوتفاقی سەردەمی سەربازییەوە، کورد دەستی ئەوەندە واڵا نەبووە، تا دەمکوتی دەمدرێژ و دەسدرێژیی سەربازیی داگیرکەر بکات، بەڵام بەوەیشەوە هێشتا هەر سەربەرزانە کورد و کوردستانیان پاراستووە.
پێشمەرگە بە چەکی سووکەوە ئاوای کردووە، ئەگەر ڕۆژێک چەکی قورس و سەردەمیانەی لە بەردەست بێت، دەبێت جیهان لە ئاستی ئیرادە و توانایدا چۆنچۆنی بحەپەسێ؟ زوو بێت یان درەنگ ئەمە ڕوو دەدات و کورد لەژێر یەک ئاڵا و بە یەک دروشمەوە، دەبێت بە خاوەنی کورسیی خۆی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
دووەمین هۆ، برسیکردن و بە هەژاریهێشتەوەی کۆمەڵگای کوردییە. ئەمە بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە کە سەرمایە و زەنگینی ڕۆڵێکی بنیاتنەرانە دەگێڕن لە دروستکردنی وڵات و شوناسنامەی نەتەوەیی و پاراستنی کولتوور و زمان و هەموو ئەو ماک و توخمانەی نەتەوەی پێ دروست دەکرێت. ئێمە لە ڕێگەی سیستمێکی ئابووریی و سەرمایەدارییەوە دەتوانین تاک و کۆمەڵگەیەکی پڕ جووڵە و خۆشگوزەران بەدی بێنین کە تێیدا تاکەکان هێندە کاتیان بۆ بمێنێتەوە بیر لە وردەکارییەکانی ژیانی خۆیان و نەتەوەکەیان و مێژوویان بکەنەوە.
هیچ گومانێک لەوەدا نییە هەبوونی سەقامگیریی ئابووریی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێشکەوتن و گەشەکردنە. ئەم کاریگەرییانە بە ڕادەیەک قووڵن لە جومگەکانی کولتوور، ڕۆشنبیری و خوێندنەوە، ئەخلاق و ڕەوشت و تەنانەت بیرکردنەوە و جیهانبینیشدا بەرجەستە دەبنەوە. هەر بەم هۆیەیە کارڵ مارکس دەڵێ: ئاستی مەعریفی هەر مرۆڤێک پێوەستە بە پێگەی چینایەتیی ئەو لە ڕووی ئابوورییەوە. واتە لەم ڕوانگەیەوە ئابووری ڕۆڵی بنەڕەتی هەیە لەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بیر لە چی بکەنەوە و چی پێڕەو بکەن و پلان و بەرنامەیان بۆ داهاتوو چ بێت.
بە هەر بارێکدا لێکی بدەینەوە، ڕەنگە بۆ قۆناغی ئێستە بەهێزکردنی توانای سەربازیی بەو ئاستە شیاو و باڵایە دەست نەدات، بەڵام پێشخستنی ئابووریی وڵاتەکە و دروستکردنی هەل و دەرفەتی کار و بازرگانیی بەرهەمهێنەر، ڕێگە بۆ زۆر ڕووداو و داهێنانی گەورە خۆش دەکات تا هەم بتوانین ڕووبەڕووی نەیاران و داگیرکەران و گوتاری دوژمنکارانە و سەربازییانەیان بوەستینەوە و هەمیش ئەو کەشە سەقامگیرە بۆ کۆمەڵگە و تاکەکانی لەبار بن تا بێخەم بیر لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی شوناسنامە و کیانی تاکەکەسی و کۆیی خۆیان بکەنەوە. ئەمە ئەو چەکە ڕاستەقینەیەیە کە دەتوانین هەموو چەکەکانی دیکەی پێ بە دەست بێنین.
دۆخی ئابووریی جیهان لە جۆرێک قەیراندایە کە هۆکارەکانی چەندە گرێدراوی شەڕە ئایدۆلۆجی و سەربازییەکانی جیهان و ناوچەکەن، هێندەیش پێوەستە بە یاریی چەند زلهێز و کێبەڕکێکارێک کە لە ناویاندا چین و ئەمەریکا پێگەی جێگیر و بەردەوامیان هەیە، بەڵام بەو حاڵەیشەوە پێم وایە دۆخی ئابووریی کوردستان ئاڕاستەیەکی باشی بڕیوە و سەقامگیرییەکی پتەو فەراهەم کراوە کە بازرگانی و سەرمایەگوزاری و ئیشکردن تێیدا وەک هەموو ئەم ساڵانەی دوایی گەشە بەخۆوە ببینێ، تاكە لەمپەر و ئاژاوەگێڕیی ئەم ڕەوتە عێراقە، بە بڕینی مووچە، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، یارییکردن بە ڕەنج و بەری ماندووبوونی جووتیارانی کوردستان و دەیان کێشەی تر، ڕۆڵ دەبینێ. بۆیە ئەگەر عێراق ملکەچی خواستە ڕەوا و یاساییەکانی کورد لە ڕووی ئابوورییەوە بە لایەنی کەمیشەوە بێت، ئەوا کوردستان شوێنیکی لەبارە بۆ گوزەران و پێشكەوتن.