پێشانگه‌ی نێودوڵه‌تیی كتێبی هه‌ولێر، ئه‌مساڵیش وه‌ك ساڵانی پێشوو گڕوتینی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بوو، سه‌ره‌ڕای پێشاندانی كۆمه‌ڵێك كتێبی جیاواز و ڕه‌نگین به چه‌ندان زمان كۆمه‌ڵێك ڕووداوی كولتووری و كۆڕ و پانێلی هه‌ڵسه‌نگاندنیش له ئارادا بوو. ئه‌م پێشانگه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له خۆیدا ڕووداوێكی گرنگی كوردستان و ده‌توانین بڵێین ناوچه‌كه‌شه، مایه‌ی كۆمه‌ڵێك ئیلهام و تێڕامانیشه به‌نیسبه‌ت كتێب و خوێندنه‌وه‌وه.
بۆیه لێره من ناپه‌رژێمه سه‌ر لایه‌نه دره‌وشاوه و هه‌ڵبه‌ت ڕهخنهههڵگرهكانی ئه‌م ڕووداوه كولتوورییه، به‌ڵكو كاتێك ئه‌و گوڕوتین و په‌رۆشییه‌ی خوێنه‌ران و نووسه‌ران و سهردانیكهرانم ده‌دیت، به‌ر ئه‌زموونی خۆم له‌گه‌ڵ كتێبخوێنه‌كان ده‌كه‌وتم، خه‌یاڵ ده‌یبرم و بیری په‌لكێش ده‌كردم تا له خۆم بپرسم، ڕۆڵی كتێب به‌ڕاستی له ژیانی مرۆڤدا چییه؟ ئایا كتێبه‌كان توانیویانه دنیای مرۆڤه‌كان جوانتر بكه‌ن؟ ئایا به‌هۆی هه‌ندێك له كتێبه‌كانه‌وه (بۆ نموونه بانگه‌شه‌كانی كتێبه پیرۆزه جیاوازه‌كان) نه‌بووه شه‌ڕوشۆڕ و خوێنڕشتن له نێوان ئیمپراتۆرییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا هاتووه‌ته ئاراوه؟ ئایا ده‌توانین بڵێین كتێبه‌كان گوناهبارن؟ گوناهباران له‌وه‌ی كه سه‌ره‌داوی ترسناك ده‌ده‌ن به مرۆڤ تا دوای خه‌ونی تاریك و ترسناك بكه‌وێت؟ یان نا كتێبه‌كان بێگوناهن و ئه‌مه مرۆڤه كتێبه‌كان مانا ده‌داتێ و به‌ها و نۆرمه‌كان له هه‌ناویدا ده‌ردێنێت و به‌سه‌ر دنیای خۆی و ده‌وروبه‌ریدا دهركاته كردار؟.
به‌دڵنیاییه‌وه وه‌ڵامی هه‌ر كام له‌م پرسیارانه، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌خوازێت و ڕه‌نگه له‌و كاته‌شدا ئێمه نه‌گه‌ین به ئه‌نجامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه، چونكه ئێمه له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین دنیا هه‌ڵگری یه‌ك مانا و یه‌ك ده‌لاله‌ت نییه، به‌ڵكو لایه‌ن و ڕووی زۆری هه‌یه و دۆخ و هه‌لومه‌رج و زۆر شتی تر، دیاریكه‌ری ئه‌وه‌ن كه دنیا فره‌مانا و فرهدهلالهته. به‌ڵام ئایا ئه‌مه به‌و مانایه دێت كه ئێمه له ناو ئوقیانووسی ماناكاندا نغرۆ ببین؟ ئایا به‌و مانایه دێت كه ئێمه ئیتر چاكه و خراپه له یه‌كتر جوێ ناكه‌ینه‌وه؟ ئایا وه‌ك فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی نیتشه گوتوویه‌تی، ئه‌وه‌ی ناوی ده‌نێین چاكه و خراپه، ته‌نیا پێناسه‌ی ئێمه‌یه و هیچ چاكه و خراپه‌یه‌ك وه‌ك جه‌وهه‌ر و نه‌گۆڕ بوونی نییه؟.
نامه‌وێت پرسیاری تر گه‌ڵاڵه بكه‌م، چونكه ئه‌م پرسیارانه به ئاستی خۆیان مایه‌ی بیركردنه‌وه‌ن و هاوكاتیش نامه‌وێت وه‌ڵامێكی ڕوون و ڕه‌وانیان بۆ دیاری بكه‌م، چونكه هه‌م زه‌وینه‌سازیی ده‌وێت و هه‌میش كارێكی ئاسان نییه، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت لێره‌دا باسی بكه‌م، تیشكهاویشتنه بۆ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كه كتێبه‌كان ڕه‌نگه به‌پێی ناوهڕۆك و شێوه، بكرێت به‌سه‌ر باش و خراپ‌دا پۆلێن بكرێن، به‌ڵام بێگومان ئه‌م پۆلێنبه‌ندییه به‌سه‌ر خوێنه‌رانی كتێبیشدا هه‌ر به‌م شێوه‌یه ساغ ده‌بێته‌وه. واته ئه‌مه خوێنه‌ره قووڵایی و به‌رزی و نزمیی كتێبێك و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی دیاری ده‌كات، به‌كورتییه‌كه‌ی ئه‌مه خوێنه‌ره كتێب به زمانی خۆی دێنێته‌وه قسه. كتێب پێشتر له زمانی نووسه‌ره‌وه قسه‌ی خۆی كردووه و ئێسته نۆره‌ی خوێنه‌ره.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌توانین بپرسین بیركردنه‌وه‌ی نووسه‌ر له چ ئاستێكدایه و چ ڕه‌هه‌ندێك له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام وا باشتر باسه‌كه جاره له نێوان كتێب و خوێنه‌ردا بخه‌مه ڕوو. ئه‌م باسه‌م بۆیه ورووژاند تا بڵێم هه‌ندێ جار هه‌یه مرۆڤێك كتێبی باش ده‌خوێنێته‌وه و زانیاریی باشی پێیه، باش قسه ده‌كات و جوان دێته گۆ و چاك داده‌ڕێژێت، به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌م كه‌سه خۆی مرۆڤێكی باش بێت، واته مه‌رج نییه هه‌ر شتێك له كتێبێكه‌وه وه‌رده‌گیرێت، لایه‌نه باش و درهوشاوهكهی بێت، ده‌شێت ئێمه ڕۆمانێك یان چیرۆكێك بخوێنینه‌وه، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانی ڕووناكی‌دا هاوسۆزی و هاونه‌وایی بكه‌ین، به‌شێوه‌یه‌كی وشیار یان ناوشیار ده‌بین به پێڕه‌وكار و ملكه‌چی پاڵه‌وانی تاریكی. خۆم نموونه‌ی ئه‌م خوێنه‌رانه‌م بینیوه، دیاره هه‌میشه خۆم به خوێنه‌ر زانیوه و به‌رده‌وام ده‌بم له خوێندنه‌وه و ئاگاداریشم ئه‌و تیشك و ڕووناكییه‌ی به‌رم ده‌كه‌وێت له وشه و ڕسته‌كان، له تاریكییه‌كه‌ی زیاتر بێت و هه‌میشه هه‌وڵم داوه له‌و تاریكییه دوور بكه‌ومه‌وه.
به‌ختیار عه‌لی له شوێنێكدا ده‌ڵێت، زۆر كه‌س هه‌ن لای ئێمه كتێب ده‌خوێننه‌وه، له‌بری ئه‌وه‌ی ببن به نووسه‌رێكی باش، ده‌بن به درۆزنێكی باش. به‌داخه‌وه ئه‌م ڕسته‌یه ده‌كرێت به چه‌ندان شێوه و ناوه‌ڕۆكی تر دابڕێژرێته‌وه و ڕاستیشه. من ده‌ڵێم زۆر كه‌س له دنیای ئێمه‌دا كتێب ده‌خوێننه‌وه، كتێبه باشه ناودار و پڕ ناوه‌ڕۆكه‌كان ده‌خوێننه‌وه، به‌ڵام نه‌ك وه‌ك درۆزن، به‌ڵكو وه‌ك چاوبهستكار و نمایشكارێكی ده‌مامكدار خۆ ده‌نوێنین. ڕه‌نگه ئه‌م قسه‌یه‌ی من له‌وه‌ی به‌ختیار عه‌لی زیاتر هه‌ڵگری توێ و لایه‌ن بێت و ئیدیۆم بێت، چونكه پێم وایه درۆزنێكی باش دواجار ده‌ناسرێته‌وه، به‌ڵام چاوبهستكارێكی باش یان نمایشكارێكی لێزان و ده‌مامكدار، زۆر دره‌نگ ڕووخساره راستهقینهكهیمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ده‌بێ سه‌ره‌تا ئێمه له یارییه‌كانی ده‌ست و زمان كه ئامرازه‌كانی چاوبهستكاری و نمایشن تێپه‌ڕین، ئه‌وكات ورده‌ورده دهمامكهكهشی لاده‌ین تا بزانین له ژێر ئه‌م ده‌مامكه، فریشته‌یه‌ك ده‌ژی یان ئه‌هریمه‌نێك.
من ڕه‌شبین نیم، به‌ڵام نامه‌وێ له خۆڕاش گه‌شبین بم، به‌پێی ئه‌زموونی خۆم و لادانی ده‌مامكی به‌شێك له خوێنه‌رانی ده‌وروبه‌ر كه ناسیاوه‌تی دوور و نزیكم له‌گه‌ڵیان هه‌بووه، فریشته‌كان ڕێژه‌یه‌كی كه‌متریان له ئه‌هریمه‌نه‌كان له ناو ئێمه‌دا هه‌یه، هیوادارم ڕۆژێك كتێبه‌كان زیاتر پێمان بڵێن نمایشكارانی تاریكی و چاوبهستكارانی دنیای ڕه‌شایی و دهمامكدارانی دڵڕه‌ق، چۆن زوو به زوو بناسینه‌وه.