ئەوەندەی لە کتێبە مێژووییەکاندا بەرچاومان کەوتووە، ورمێ وەک مێژوو بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریی مادەکان و دواتر پاش هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی تورکی ئاسیای دوور، شوناسی ئەم شارە وەک زۆر شوێنی تر کە تورکەکان بە سەریاندا دا، شێوێنرا. وشەی "تورکتازی" واتە بەشێوەی تورکان تەراتێنکردن، وشەیەکە ساڵانێکی زۆرە لە زمانی فارسیدا هەیە و بە واتای هەر جۆرە دەسدرێژی و خوێنڕشتن و پاکتاوکردنێک دێت کە تورک لە مێژوودا تۆماریان کردووە، بە دڕندانەترین شێوە و ئەم وشەیە پێدەچێت یادگاری ئەو سەردەمە کۆن و تاڵانە بێت کە خەڵکی ناوچەکە دایانهێناوە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەویدا وەک مێژوو پێمان دەڵێت، ناوەندی شێخ سەفیەدینی ئەردەبیلی بووە و دواتر حکوومەتی سەفەویی هەر لەوێ لەسەر دەستی ئیسماعیلی سەفەوی دامەزرا، پاکتاوکردن و خوێنڕشتن بە ڕادەیەک بووە کە زۆرینەی زۆری حەشیمەتی سونەمەزەو ناچار بوون مەزەوی شیعە قبووڵ بکەن، بۆ ئەوەی گیان و شەرەفی ماڵ و مناڵیان ڕزگار بکەن.
بەداخەوە ئەم ڕەوتە بەردەوام بووە و تا ئێستەیش بە شێوازی جۆراوجۆر ئیشی خۆی دەکات. لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا لە ڕێگەی حاکم شەرع خەڵخاڵییەوە سەتان کەسی کورد لە ناوچەی ورمێ و دەوروبەر بە ڕەزامەندیی سیاسیی تاران، تیرباران کران و سەتان ماڵ و ماڵباتی دژبەری سیستمی سیاسیش دەربەدەر و ئەتک کران، ئەمانە هەمووی لەژێر دەستی تورکێک ئەنجام درا.
لەگەڵ ئەوەی ئێمە دەبێت بزانین تورک چییان لە ئازەرییەکان و بەپێی هەندێک گێڕانەوە، ئازەرییەکان ڕەگوڕیشەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ کوردان هەیە، بەڵام برەودان بە باوەڕمەندیی ناسیۆنالیزمی توندڕەوی تورکی تەنانەت لەلایەن مەلا تورکەکانی ناو دەسەڵاتیشەوە بە توندترین شێوە پێڕەویی لێ دەکرێت. د. ئیرشاد ڕەشیدی کەڵوڕ سەرۆکی بنکەی فێرکاریی کوردی-ئەمەریکی، لە وتارێکدا لەژێر ناوی "خۆر لە ڕۆژئاوای ئێران هەڵدێت"، ئەم باسە مێژووییە ئاوەها یەکلا دەکاتەوە.
لە ڕووی مێژووییەوە خەڵکی کوردستان و ئازەربایجان ڕیشەیەکی کولتووریی هاوبەشیان هەیە، لە ڕووی ئاینییەوە هەردووکیان لە ئەندامانی دەستەی "کاست"ی مەجووسییەکان بوون کە بەهۆی ئەو ئاتەشگایانەیانەوە کە لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بنیاتیان نابوو، زەردەشتیگەریی برەوێکی زۆری سەند. لە ڕووی زمانییەوە، ڕیشەی زمانی کوردیی کورمانجی، سۆرانی و ئازەری، بە گشتی دەگەڕێتەوە بۆ زمانی پەهلی (پاڵی) و لەو زمانەوە وەرگیراوە، ئەمەیش هەڵدەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دامەزرانی پاشایەتیی مادەکان.
ئاخامێندی (هەخامەنشییەکان) لە ڕۆژهەڵاتی ئەوکاتدا، وەک دەوڵەتێکی ملکەچ و پێڕەوکاری مادەکان هاتە دامەزراندن. زمانی سەرەتایی "ئاخامێندی"یەکان لە "دەری"یەوە وەرگیراوە و هەروەتر ئەوان مێژوویەکی مەزەویی ناسراویان نەبوو، ئەوە لە پاش شۆڕشی فارسەکان لە ساڵی 550ی پێش زاینە کە نموونەیەکی گۆڕدراو لە دەرکەوتە و نموونە ئاینییەکانی موغ و زەردەشتیەکان دێتە ئاراوە و لەلایەن فارس-مۆبەدەکانەوە کە پەرستگە لەرزۆک و ماکێتییەکان لە مەجووسەکان بە فەرمانی پاشاکەیان، واتە داریووش (داریووش=دروو-ئیوش)) بنیات نا، دەخرێتە ڕوو.
لە قەڵەمڕەوی پاشایەتیی مادەکاندا کوردستانی ئێستەیان بە مادی باشوور دەناسی، لە حاڵێکدا ئازەربایجان بە مادی باکور باسی لێوە دەکرا. زمانی سەرەکیی خەڵکی ئازەری لەگەڵ زمانی کوردانی کورمانجدا، پێوەندییەکی نێزیکی هەبوو، بە ئاسانی لە یەک تێدەگەیشتن و هێشتایش لە هەندێ ناوچەی دوورەدەست کە تەتریک (بە تورک)نەکراون، قسەی پێ دەکرێت.
پاش هێرشی خێڵە تورکەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە (واتە تورکی ئوغووز، تورکە-مەغۆلییەکانی تەیموور، چەنگیزخان و نەوە و نەتیجەکانی واتە خاناتەکان) و جێگیربوونیان لە ئازەربایجان، زمانی ئازەری بە زۆر و زەبر و بەهۆی ترس لە کوشتوبڕ و قەڵاچۆکردن، لەلایەن تورکەکانەوە لە دژی خەڵکی ئێران و بە تایبەتی دژی ئازەرییەکان، هەر نوقم و ناپەیدا بوو.
بەم شێوەیە زمانی ئازەری لە فۆرمە باوەکەی سڕایەوە تا جێی خۆی بدات بە زمانی تورکی (واتە هەمان ئەو سیاسەتەی هێشتا دەوڵەتی تورک دژی کوردەکانی تورکیا بەکاری دێنێت)، زمانی ئازەریی هەنووکە لە زۆربەی ناوچە کۆنەکانی ئازەربایجاندا قسەی پێ دەکرێت، (ئازەرییەکان لە بنەڕەتدا تورک نین، بەڵکوو لە واقیعدا لە ڕەچەڵەک و تروومی مادەکانن).
ئازەرییە خوێنەوارەکان ئاگاداری مێژووی خۆیان و ئەو وەفادارییە لەتکراو و پەرتکراوەیانن کە لە ڕووی مێژووییەوە ئەوان هەڵدەپێکێت بە خەڵکی ئێران (بە زۆریش کورد)ەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە ئەمانە لە ڕووی زمانییەوە وەک دەڵێن، بوون بە پانتورک و ئەو ئایدۆلۆجیا بانگەشە بۆکراوەی ئەردۆغان پەرە پێ دەدەن. گوایە بە شکڵێکی هاوشێوەی تورکیا ڕۆژێک دەوڵەتێکی پان-تورکیی شۆڕەوەبوو دادەمەزرێت کە تورکیا پێوەست دەکات بە وڵاتە تورکەکانەوە لە ئاسیای ناوەندییەوە و پێکەوەیان هەڵدەپێکێت.
لە قۆناغی ئێستەدا، تورکیا ڕێژەیەکی زۆر لە سەرمایە و سامانی خۆی بەکار دەبات و بە ملیاران دۆلار بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی باڵی پانتورکیی ئازەریی لە ئازەربایجان خەرج دەکات، تا جۆرێک کۆنترۆڵی سیاسیی لە ناوخۆی ئێران بەدەست بێنێت. هەنووکە زۆر لە ئازەرییە بەشەرەفەکان لە زمان و کولتووریی تورکیی داسەپێنراوی دەوڵەتی تورک مەودایان گرتووە و بە شێوەیەکی چالاکانە بە دوای یەکگرتن لەگەڵ کۆماری سەربەخۆی ئازەربایجانەوەن كە بەداخەوە لە لایەن پاشماوەکانی تورکانی خاناتەکان و لە ژێر کاریگەریی سیاسیی تورکیەدا بەڕێوە دەبرێت.
بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا، ئێستە دۆخەکە بەهۆی دەستێوەردانی دەسەڵات و هەڵخڕاندنی ئەو هاوکێشە مێژووییە ئاڵۆزەوە، زیاتر گوتاری تورک و تورکخوازان دژی کوردان ئاراستە دەکرێ و لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بینیمان پاش ئەو نمایشە مێژووییە پڕشکۆیەی کوردانی ورمێ، بۆ ڕۆژی دوایی هەزاران تورک بە تێڵا و گۆپاڵەوە هاتنە سەر شەقام و هەڕەشەیان لە کورد کرد. بۆیە پێویستە کورد بە گەڕانەوەی زیاتر بۆ مێژوو و تێگەیشتنی زیاتر لە هاوکێشەکە، هەوڵ بدات تێچووی کەم بدات و ئازەرییە بە تورککراوەکان پشتیوانی بکات، تا ورمێ نەبێت بە گۆڕەپانی تەراتێنی خواستی تورکیی ناڕەسەن و دەرەکی.