کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد، تەنیا ڕووداوێک نییە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، راستە لەم قۆناغەدا زیاتر هاودەنگی و یەکخستنی ئیرادە و خواستی کوردە لە ڕۆژئاوا بۆ دانوستان لەگەڵ دەوڵەتێکی دەڵەمە و خۆنەگرتوو کە هێشتا دیار نییە چ ئاراستەیەکی مەبەستە لە حوکمڕانیدا. ڕاستییەكەی بە زۆر هۆکار و لەوانەیش بە تایبەتی گوماناویبوونی ئایدۆلۆجیای دەوڵەتی خۆنەگرتووی دیمەشق و دیپلۆماسی قاتوبۆینباخی شەرع، یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد بۆ پێشگرتن لە هەر جۆرە مەترسییەکی سەر دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا، پێویستییەکی مێژووییە.
ڕاستە هەموو شتەکان دەلالەت لە شکۆ و یەکگرتوویی کورد دەکەن لەم قۆناغەدا، بەڵام لە پاڵ ئەوەیشدا ناکرێت پلان و ڕٶڵی لە ناکاو و پشتی پەردەی هێزەکانی ناوچەکە و زلهێزانی جیهانی لە بەرچاو نەگرین. هەمیشە پێم وایە کورد چ وەک تاک و چ وەک نەتەوە، بە گومانەوە چاو لە هەر ڕووداوێکی ئەرێنیش بکات، نەک لەبەرئەوەی گەشبین نەبێت، بەڵکوو کەسی مارانگەستە دەبێت هەمیشە چاوی بە بەردەمی خۆیەوە بێت کە ماری تر لێی نەئاڵێت. بۆیە گومان لەم قۆناغەدا لە پاڵ ڕێکوپێکی بەرنامە و ڕێکخستن و تەبایی ناوماڵی کورد، بەرچاوڕوونکەرەوە و دڵنیاییداتە بە ئێمە کە پێ دەنێینە سەر کام زەوی هێمن و پتەو و پارێزراو، یا بەرەو چ زۆنگاو و قوڕاوێکی دیکەی داگیرکەر پەلکێش دەکرێین.
بە هەموو ئەمانەوە، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد، شکۆیەکی دیکەی گەڕاندەوە بۆ کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دیاسپۆرا، بەم ڕووداوە شاگەشکە بووین. ئێمە لە مێژوودا بەهۆی ناکۆکی و پێکەوە نەگونجان، یەکڕیزی و یەکگرتوویی وەک وێنەیەکی خەیاڵی و خەونئامێزی لێ هاتووە بۆمان، تا شوێنێک کە باوەڕکردن بەمەی ئاوا هەوڵێک بە پلان و بەرنامەی ژیرانەوە بۆ سەرخستنی کورد لە ئارادایە، سەختە بۆمان، بەڵام دواجار ڕووی دا و وێنە خەیاڵییەکە بوو بە واقیعێکی بینراو و بیستراو.
پێویست بە گوتن ناکات لە پشت ئەم دیمەنە سورریالی و خەونئامێزەوە کە لە جیهانی واقیعدا بینیمان، ئیرادە و پەرۆشیی سەرۆک بارزانی ئامادە بوو. ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین، هەر لەم چەند ساڵەی دواییدا لە گەرمەی پێکداهەڵشاخانی تورکیا و پەكەكە، ئەو هێزە ئایدۆلۆجیستە بانگەشەی نەمانی باشووری کوردستان و ئەزموونی حوکمڕانیی کوردییان دەکرد، لەپێناو بەدیهێنانی خەون و خەیاڵی پڵاوی کرێکارانی جیهان! لە حالێكدا من وەک کورد، کرێکارەکەیشم ئەنفال کراوە!
کرێکارەکەم لە کۆمەڵگەیەکی پیشەییدا نەبووە تا سەندیکای کرێکاران بەردی بۆ لە سینە بدات و مافەکانی بسێنێ! جووتیارەکەم ئێستەیش لە کەرکووک بە بۆنەی کێڵانی زەویی باپیرانی خۆیەوە سوپایەک بە زرێپۆش و سەتان سەربازەوە لەشکرکێشیی دەکەنە سەری!
ئەمە ئەو خەیاڵپڵاو و یاریپێکراوانە بوون کە ئەزموونی کوردستانیان ئیهانە دەکرد و دەیانویست ئێمە لەو گۆڕانە پارادایمیەی لە پاش ڕاپەڕینەوە هاتە دی، تێنەگەین و هەموومان هێشتا بە لۆجیکی (شەڕی چەکداریی لە هەموو کات و ساتێک)دا بیر بکەینەوە. لە حاڵێکدا بە ڕوونی و ڕاشکاویی دیارە کورد شەڕی بەردەوام و هەمیشەیی پێ ناکرێ، زۆربەی شەڕەکانی کورد بەرگریی و خۆپاراستن بووە و هەندێ جار پەلاماردانی مەیدانیی بۆ داگیرکەر بە مەبەستی ڕزگارکردنی خاک و وڵات و بەجێهێنانی ئینتیماکانی.
بابەتەکە ئەوە نییە کورد ڕزگاریی نەویستووە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە کورد تینووترین ڕزگاریخواز و ئازادیخوازە، بەڵام ئامرازەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و وەک بینیشمان درککردن بەو گۆڕانە و تێگەیشتن لەو پارادیم و گۆڕانکارییانەی دادێن و بەڕێوەن، وایکردووە سەرۆک بارزانی و باشووری کوردستان ببن بە کڵاوڕۆژنەی هیوای هەموو کورد و ئەو وێنە خەیاڵییە زەینیەی هەموو کوردێک بکات بە وێنەیەکی واقیعی و بینراو.
ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەم پرۆسەیەدا بنیاتنەرانە و یەکلاکەرەوە بووە، هەر لە ڕێکخستن و لێک نزیکخستنەوەی ئەنەکەسە و هەسەدەوە، بگرە تا دیپلۆماسیەت لە نێوانیاندا، هێزی کاریزما و کاریگەریی بێ وێنەی خۆی لە ئیدارەدانی دۆخە قەیراناوییەکاندا دەرخستەوە. سەرۆک مێژووی دیپلۆماسیی خەباتی سەدەی پێشووی کورد لە ڕۆژهەڵات و باشووری لە زاکیرەیدا هەڵگرتووە و ئەزموونی پراکتیکی و حیکمەتیی سیاسیی لە خزمەت بارزانیی نەمردا، قووڵ و پاراو کردووە، هەر بۆیە تەنیا ئەو دەیتوانی بەم ڕۆڵ و ئەرکە مێژووییە هەستێ و دڵنیام چاودێر و ئاگەدار و پشتیوانی هەنگاوەکانی داهاتوویش دەبێت.
لەگەڵ ئەوەی ئەم دەستکەوتە درەوشاوە و مەزنە، بەڵام دەبێت بزانین لە سەرەتای ڕێگایەکداین کە بە دڵنیاییەوە پڕە لە پێچوپەنا، داگیرکەر بە پلان و دڕندەیە، لە کۆبوونەوەکانیان لە ژێر خێمەکانی عرووبە و نەوت و کەنیزەکدا کورد هێشتا نێچیرێکی بەتامە بۆیان و دەبێت وەک لە سەرەوە تیشکم خستە سەر، بەم گومانەوە ئیش بکرێت، لەم ڕێگا تاریکەدا ئەم یەکڕیزی و یەکهەڵوێستییە چەکی بەهێزی کوردە، لە پاڵ حیکمەت و ئەزموونی سەرۆکدا کە دەبێت تا کۆتایی ڕێگاکە و گەیشتن بە هەواری ڕووناکی وەک مەشخەڵی بڵێسەدار، بە دەست کوردە بێت.
هەموومان بەمە دڵخۆشین و ڕووداوێکی مێژووییە، بەڵکوو دەروازەیەکیش بێت بۆ چارەسەریی کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش.