کورد لە بەردەم دەرفەتێکی تردا

AM:10:30:28/04/2025 ‌
یەكەم/ دیالۆگی کوردی

لە مێژووی هاوچەرخی کورددا و لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا، کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان رووبەڕووی چەندان ئالنگاری و هەڕەشەی لەناوبردن و قڕکردن و سڕینەوەی ناسنامە بووەتەوە، تەنانەت لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانەوە، لە سادەترین ماف کە بوونی دەوڵەت و دیاریکردنی چارەنووسە، بێ بەش كرا و دواتریش بە دەیان رێگەی جۆراوجۆر لەلایەن وڵاتانی سەردەستەوە، هەوڵی لەناوبردنی درا، تەنیا بەهۆی جیاوازی ناسنامە و بوون و دۆخە ئۆنتۆلۆجییەکەییەوە. 

لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، دەرفەتی بچووکیش هەبووە بۆ مانەوە و نوێنەرایەتیی کورد لەلایەن خۆیەوە، کۆتایی جەنگی سارد و رووخانی سۆڤیەت و داگیرکردنی کوێت لەلایەن سەدام حوسێنەوە، ئەگەرچی راپەڕین و کۆڕەو و قوربانی زۆری بۆ کورد تێدا بوو، بەڵام دەرفەتیش هاتە پێشەوە و کیانێکی سەربەخۆ لە باشوور دروست بوو و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتە کایەوە. 

لە دوای رووخانی ئەسەدەوە، بەهۆی گۆڕانکارییە هەرێمی و ناوچەییەکان و گۆڕانی بنەمای هێز لە ناوخۆی سوریا، جارێکی تر دەرفەتێکی تر بۆ کوردستانی رۆژئاوا هاتە پێشەوە و پێدەچێت یەکێک لە دەرفەتە زێڕینەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد بێت بۆ رۆژئاوای کوردستان کە ماوەیەکی یەکجار زۆر لەژێر دەسەڵاتی دکتاتۆر و ستەم و جەوری بەعس و ئەسەددا گیرییان خورادبوو. 

لە هەمووی گرنگتر، گفتوگۆی کوردی-کوردییە، ئەمەیش هەنگاوێکی تری پڕۆسەی بنیاتنانی نەتەوە و یەکێتی نەتەوەییە لە رۆژئاوای کوردستان. راستە کورد لە رۆژئاوا خاوەن دەسەڵاتێکی دیفاکتۆ و سەربەخۆیە و زیاتر لە 10 ساڵە خۆی حکومڕانی خۆی دەکات، بەڵام لەوە گرنگتر چوونە ناو پڕۆسەی کۆدەنگی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بەمە دەتوانن لەگەڵ باشووری کوردستان ببن بە ناوک و ناوەندی پرسی کورد بۆ هەر چوار پارچەکە و قووڵایی ستراتیجی بۆ یەکتر دابڕێژن. 

دووەم/ باشووری کوردستان

باشوور ئێستە نێوەندگیرە، نێوەندگیری نێوان دوو هێزە سیاسییەکەی رۆژئاوای کوردستانە بۆ یەکبوون و یەکهەڵوێستی. راستییەکەی هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کیانێکی دەستووری و یاساییە و بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دانی پێدا نراوە، دەتوانێت رۆڵێکی دبلۆماسی و سیاسی گەورە و کاریگەر ببینێت لە نێوان لایەنەكانی کوردی و کوردی لەگەڵ یەکتر و دواتر دیالۆگی کوردی-عەرەبی یان تورکی و فارسی، چونکە لە بنەڕەتدا کێشەی کورد و کوردستان، کێشەیەکی پارچە پارچەکراو و دابەش بووە بەسەر چوار دەوڵەتی ناوەندی خاوەن سەروەری و هەژمووندا. 

ئەمڕۆ دۆخی ناوخۆیی سوریا لە داڕشتنەوە و گۆڕاندایە، وڵاتانی هەرێمی رۆڵی تێدا دەبینن، بە تایبەت دوای رووخانی ئەسەد و هاتنەپێشەوەی هەریەک لە دەوڵەتی ئیسرائیل و تورکیا کە هەریەکەیان کارنامە و پلان و ستراتیجی خۆی هەیە لە سوریا و دەیەوێت بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی سوریا بنەخشێنێتەوە و پێوەندی لەگەڵ هێز و لایەنەکان دروست بکەن.

کوردانی سوریا ئەمڕۆ دەتوانن سوود لەو دەرفەت و بۆشاییە تازەیە وەربگرن و بە ئاسانی بچنە ناو پڕۆسەی هاوبەندی سیاسی و مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتی سوریای تازەدا، بە تایبەت کاتێک هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی پاڵپشتی پڕۆسەی یەکدەنگی کورد لە رۆژئاوا و هاوبەشیی دەسەڵات لە نێوان هەردوو لایەنی کوردانی رۆژئاوا و دەوڵەتی تازەی سوریا، دەكەن. 

کێشەی کورد راستە لەگەڵ چوار دەوڵەتی جیاواز و دەسەڵاتی جیاوازدایە، بەڵام لە بنەڕەتدا کێشەی پەراوێزخستن و دانپێدانانە، بۆ ئەمەیش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکڕیزی کورد، رۆڵێکی بەرچاو دەبینن بۆ گەیشتن بە دانپێدانان و بنیاتنانی کیانێکی تازە. 

سێیەم/ باکوری کوردستان

تورکیا لە دوای گۆڕانی دۆخی سوریاوە دەستی بۆ پڕۆسەی ئاشتی بردووە و قۆناغ و گەڕێکی تری دانوستانی لەگەڵ ئۆجەلان دەست پێ کردووە. دیارە یەکەمجار نییە تورکیا دەست بۆ كارتی گفتوگۆ و دانوستان دەبات لەگەڵ کوردانی باکور. پارتی داد و گەشەپێدان لە دوای هاتنەسەر دەسەڵات و بە دیاریکراوی لە ساڵی 2009دا پێڤاژۆی ئاشتی ڕاگەیاند تا گەیشتە ساڵی 2013 و دەرکەوتە و خاڵی ئەرێنی باش هەبوون، بەڵام دواتر پڕۆسەکە جارێکی تر گەڕایەوە خاڵی سەرەتا و وەستا.

تورکیا ئەندامی ناتۆیە و هەوڵێکی زۆریش دەدات ببێت بە ئەندامی یەکێتی ئەوڕوپا، بەڵام بەربەستەکان زۆرن و یەکێک لەوانە پرسی کورد و ململانێ ئیتنیکییە لە وڵاتەکەدا کە زیاتر پێوەست کراوە بە مافەکانی مرۆڤ و داننان بە ناسنامە و مافی هاووڵاتیبووندا. 

کورد لە باکوری کوردستان و تورک لە دەوڵەتی تورکیادا، دوو هێزی سەرەکی ناو پڕۆسەی دانوستانی کوردی-تورکین. دیارە هەرێمی کوردستان پێشتر رۆڵی لە دانوستان و گفتوگۆکانی هەردوو لایەندا بینیوە، نێوەندگیری بەشێوەی نهێنی و ئاشکرا لە نێوان هەردوو لایەندا کردووە، ئەمەیش جارێکی تر ئەوەمان بیر دێنێتەوە کە باشووری کوردستان قووڵایی ستراتیجی خۆی هەیە بۆ هەموو پارچەکانی تری کوردستان. 

بۆ گفتوگۆی ئەمجارەیش هەرێم چ بەشێوەی فەرمی و چ لەسەر ئاستی سەرکردە سیاسییەکانی، دەتوانێت پردێکی پتەو و کاریگەر بنیات بنێت لە نزیککردنەوەی هەردوو لایەن لە تورکیادا، بە تایبەت کاتێک گفتوگۆکان لە سوریا و تورکیا کاریگەرییان بەسەر یەکترەوە دەبێت و دەبن بە هەوێنی ئاشتی و گەیشتن بە چارەسەری هەمیشەیی بۆ پرسی کورد لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ناوەندا. 

ئەو دەرفەتەی ئەمڕۆ گۆڕانکارییە هەرێمییەکان لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی بۆ کورد، رەنگە بە ئاسانی دووبارە نەبێتەوە، ئەگەر وەبەرهێنانی سیاسی و دبلۆماسی تێدا نەکرێت.