ڕەخنەیەکی کولتووری

AM:10:15:29/04/2025 ‌
کولتوور پانتاییەکی فرەوانە، پێناسەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێت تا ئەو ئاستەی ئەگەر بڵێین مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی کولتوورەکانە، هەڵەمان نەکردووە. وتە بەناوبانگەکەی فرۆید کە دەڵێت، یەکەمین مرۆڤ كە لە باتی بەردهاوێشتن قسەی بەکار هێنا بۆ پێوەندی، ئەو دامەزرێنەری شارستانییەتە. ئەگەر سەرنجی یەکێک لە کتێبە هەرە گرینگەکانی فرۆید واتە "داهاتووی وەهمێک" بدەین، دەبینین دوو دەستەواژەی کولتوور و شارستانییەت ئەگەر نەڵێین بە یەک مانا هاتوون، ئەوا دەتوانین بڵێین نزیکایەتی ماناییان بە ڕادەیەکە، لە زۆر شوێنی کتێبێکە جیا ناکرێنەوە لە یەکدی. 

ڕەنگە ئەمە جۆرە ڕەچەڵەکدۆزینێکی چرکەساتی دامەزراندنی کولتوور (یان شارستانیەت) بێت، بێگومان بە ئاسانی ناخرێتە چوارچێوەی ڕۆژژمێری مرۆییەوە، بەڵکوو زیاتر گوزارەیەکە شێوازی هەڵسوکەوت و جۆرێک گۆڕانکاریی لە دەروونی مرۆڤدا لە ساتێکی دیاریکراو و نەناسراودا دەنوێنێتەوە. 

ئاوێزانبوونی مانای کولتوور و شارستانیەت، ئەگەر بە وردی و دوور لە هەر جۆرە لادانێکی شێوازناسانە و گلان لە ڕێچکەی مەعریفیی ڕێکوپێک دەسنیشان نەکرێت، بەڵام دەکرێت لە پێوەندیی هۆکارێتی نێوان ئەم دوو دەستەواژە و دیاردەیە قسە بکەین، واتە دەتوانین بڵێین کولتوور یان کولتوورەکان بەردی بناغەی شارستانیەت پێک دێنن یاخۆ شارستانیەتەکان لە گۆڕانکاری، پێشکەوتن یان پاشکەوتنی کولتوور یا کولتوورەکاندا ڕۆڵی دیاریان گێڕاوە. 

ئەم وێنەیە گرنگی کولتوور و هاوکات شارستانیەتمان پێ دەڵێت لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای گەشەی مەعریفی، زانست و ئەخلاق هاتووە. کولتوورە سەرەتاییەکان کە دەشێت وەک نموونە باس لە ئاینە بەدەوی و سەرەتاییەکان بکەین، باوەڕی خوارفیانەی قوربانیکردنی مرۆڤیان لە میحرابی خوداکانیاندا پێڕەو کردووە، نەک تەنیا هەستیان بە گوناهـ نەکردووە بەم کردەوەیە، بەڵکوو لە دنیایەک پیرۆزی و ترسی ئەودنیایشیان پێچاوە، بەڵام ئێستە ئەم شتانە تەنیا لە کتێبەکاندا دەبینینەوە و بەشێک بوون لە مێژوویەک، مرۆڤ بە دەروون و مێشکێکی سەرەتاییەوە ئەزموونی کردوون. 

پاش شۆڕشە زانستی و فەلسەفییەکان، مرۆڤ نەک ئەمەی تێپەڕاندووە، بەڵکوو بە گاڵتەیشەوە لەبارەی ئەو مێژووە قسە دەکات، مرۆڤی ئێستە یان با بڵێین کولتووری مرۆڤایەتیی ئێستە، ئەو کولتوورە خورافییەی خۆی وەک بوولێڵەکانی کرانەوەی هێواشی مێشکی خۆی دەبینێت، کرانەوەیەک کە هێشتا زۆری ماوە بگاتە لووتکەی خۆی. مرۆڤی ئێستە بە هەموو پێشکەوتنەکانی و ئەو ئالنگاریانەی لەگەڵیان دەستەویەخەیە، دەزانێت ڕێگایەکی زۆری بڕیوە و ڕێگایەکی درێژیشی لە پێشە تا بیبڕێت. ئالنگارییەکانیش پێدەچێت لە زۆر حاڵەتدا پتەوکار و تەواوکەری ئیرادەی ئەم مرۆڤە بە تەمەنە ڕێبوارە بن. 

ئەمەم بۆیە باس کرد، تا بێمە سەر چەمکی "کرانەوە" و گرینگیی لە پێشکەوتن و مانەوەی مرۆڤدا بە درێژایی سەردەمە جۆراوجۆرەکان. بایەخی ئەم چەمكە بەڕادەیەکە، چەند ساڵ پێش ئێستە ڕێکخراوی یونسکۆ لە پێناسەی ساڵانەی بۆ خوێنەواریی ئاماژەی بە "توانای گۆڕان" لە مرۆڤەکاندا کرد و توانای گۆڕانکاریی مرۆڤەکان لە خۆیاندا و لە دەوروبەردا بە یەکێک لە توخمە سەرەکیی و بنەماییەکانی خوێنەواریی ناو برد، لە پاڵ دەیان توخمی دیکە کە تا ئێستە باس کراون. ئەم توانای مرۆڤە بۆ گۆڕان و گۆڕانکاری، هەمان "کرانەوە"یە بە دەربڕین و شێوازێکی دیکە، کەواتە کرانەوە هاوتایە لەگەڵ توانای مرۆڤ لە گۆڕانکاری و تەنانەت گرینگتر لەوەیش لە مسۆگەركردنی مانەوە و ژیانی خۆی. 

کاتێک ئەم دیمەنە گشتییەی گەش و پێشكەوتنەی مرۆڤمان لەبەرچاو گرت، دەتوانین وەک کورد چاو لە دۆخی خۆمان بکەین و بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەوە ئاوڕ لەو هەڵسوکەوتە کولتوورییانەمان بدەینەوە کە مەترسین لەسەر پێشوەچوون و گۆڕانکاریی لە نەریتە کۆن و چەقبەستووەکاندا. گومان لەوەدا نییە کورد کولتوورێکی فرەڕەنگ و دەوڵەمەندی هەیە، ئاین و ئاینزای جۆراوجۆری تێدایە، ئەم ڕستەیە زۆر گرینگە نەک تەنیا لە ڕوانگەی باوەڕمەندی و ئیمانەوە، بەڵکوو لەو ڕوانگەیەوە کە ئەمە مانای وایە لە کوردستان چەندان شێوازی باوەڕمەندیی هەن کە ناوەند و چەقی پیرۆزییان جیاوازە. ئەمە ڕەنگە بە قسە و وێناکردن ئاسان بێت، بەڵام پێشاندەری ئەوەیە کورد تا ئاستێكی شایستە، توانای هەیە لە پاڵ کەسانێک یان باوەڕمەندانێکدا بژیی، ئەگەرچی بە نەتەوە و نەژاد لە خۆین، بەڵام لە ڕووی باوەڕمەندییەوە تەواو جیاوازن. 

ڕەنگە ئەگەر پەرستگەی لالش لە هەر شوێنێکی تری ژێر دەسەڵاتی عەرەب بە سەلەفی و ئیخوانییەوە هەڵكەوتایە، نەک دەمێک بوو خاپوور كرابوو، بەڵکوو ئێزیدییەکان وا كۆمەڵكوژ دەكران بۆ هەتا هەتایە بنبڕ بن، بقەومایە. 
كەواتە ئەم جۆرە لە پێکەوەژیان دەسکەوتە، ناڵێم شتێکی ئایدیالە، بەڵام ژیرانەترین و گونجاوترین ستراتیجی شارستانیانە و کولتوورییە، (لە بیرمان نەچێت هەندێک لە بیرمەندان لەوانە فرۆید، ئاین دەخەنە خانەی کولتوورەوە)، تا هەم فرەڕەنگی و فرەئاینیی و ژیانێکی ئارام بۆ کوردستانیان مسۆگەر بێت و هەمیش زەوینەیەک بۆ ئەو کرانەوەیە لە ئارادا بێت کە لە سەرەوە پێوەندم كرد بە دنیای سەردەم و توانای گۆڕانکارییەوە. 

بە دڵنیاییەوە لەم ڕێگا سەخت و دژوارەدا دنیایەک مەترسی و هەڕەشە هەن، هەم مەترسیی دەرەکی لە فۆرمی سیاسەت و پلان و... هەم مەترسیی ناوخۆییش لە شێوەی ئایدۆلۆجیا و توندڕەویی ئاینیی، بە تایبەت ئەوەی پێوەستە بە ئیسلامی سیاسی، جیهادی و تەکفیریی و... سوننەکانەوە، پراکتیزەیان کردووە، ئەمەش بە شێوەی تر هەر لە دەرەوە ئیدارە دەدرێت. 
پەرژانە سەر ئەم لایەنانەی كولتوور، شیكردنەوەی زیاتری دەوێ، من هەوڵ دەدەم لە داهاتوودا بێمەوە سەری.