مرۆڤ بۆچی دەخوێنێتەوە؟

AM:11:22:30/04/2025 ‌
ئایا كتێب دەتوانێ مرۆڤ بگۆڕێت و بیكاتە كەسێكی نموونەیی یان دەرگای دۆزەخی بەسەردا دەكاتەوە؟ وەك ئەوەی كەسانێك پێیان وایە و وا وەسپی دەكەن. یاخۆ كتێبەكان دەتوانن ببنە ڕێپێشاندەری ژیانی مرۆڤ و شوێنگرەوەی بازنە كۆمەڵایەتییەكانی تری ژیان لە شێوەی خێزاندا؟ بێگومان ئەگەر لە ئەزموونی ژیانی خۆمەوە باسی كاریگەریی كتێب بكەم، ئەوا زۆر بە ڕاشكاوی دەڵێم، هەرگیز ئەو مرۆڤەی پێش ناسینی كتێب نیم.  

خوێندنەوە و ئاشنابوون بە دنیای پڕ مەعریفەی كتێب، بە جۆرێك مرۆڤ دەگۆڕێت، دەیكاتە مرۆڤێكی نموونەیی و هەرگیز ئەو كەسەی پێشتر نابێ، من لە ئامێزی دایك و باوكێكی میلی و پەتریاكی و نەخوێندەوار گۆش كرام، بە تایبەتی دایكم هەر یەك جار هەژار و دەستوپێ سپییە، چونكە بیرمان نەچێت ناپلیۆن دەڵێت: گەورەترین قوتابخانەی ژیان بۆ مرۆڤ، دایكە. لە كۆی هەر حەوت خوشك و براكانم، تەنیا من خوێندنم تەواو كرد و بوومە مامۆستا، ئاشنای كتێب و خوێندنەوە بووم، لە كاتێكدا حەوت پشتی ماڵباتەكەمان كتێبیان نەناسیوە! 

لە هیچ لە وێستگەیەكی ژیانمدا، بیرم نایەت بۆ یەك جاریش لەلایەن دایك و باوكمەوە ئامۆژگاری كرابم، یان ڕێنوێنییەكی ژیان كرابم، بەڵكو هەر لە سەرەتاوە كە ئاشنای دنیای كتێب بووم، هەموو شتێك لە كتێبەوە فێر بووم و ئێستە كەسێكی ئایدیالیم، بۆیە زۆرجار دەڵێم من كوڕی ڕاستەقینەی كتێبم. ڕاستییەكەی هیچ بوێرییەك لە گەورەكردندا نییە، بەڵكو جوامێریی گەورە لە پەروەردەكردندایە، بۆیە كتێب دەتوانێ ببێنە دایك، باوك، هاوڕێ و قوتابخانە، بە جۆرێك پەروەردەی مرۆڤ بكا، جیا بێتەوە لە ڕەشۆك. 

لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، خوێندنەوە نەبووەتە كولتوور و كەسانێك توند دەستیان بە ئەقڵیەتی نەریتییەوە گرتووە، بۆیە ئەوانەی دەخوێننەوە هەندێ جار وەك نامۆ و دابڕاو و شێتێك لە كۆمەڵگە سەیر دەكرێن، زۆرجار بە تەوسەوە پێت دەڵێن: ئەوەندە مەخوێنەوە با شێت نەبی. لە كاتێكدا ئەوە ئەقڵیەت و كولتووری دواكەوتووی میلەت و تاكەكانە، مرۆڤ شێت دەكەن نەك كتێب، چونكە كتێب وەك چرایەك ڕێگەی مرۆڤ بەرەو هەموو كون و كەلەبەرە تاریكەكان ڕۆشن دەكاتەوە، سەتان چاوی پێ دەدات بۆ ئەوەی لە سەتان كڵاوڕۆژنەوە ژیان ببینێ. 

محاڵە مرۆڤێكی ئاشنای خوێندنەوە هەمان ئەو مرۆڤەی پێش خوێندنەوە بێت، بەڵام ئایا خوێندنەوەی كتێب بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی شوناسی خوێنەر و ڕۆشنبیر لە كۆمەڵگەدا هەڵبگرین و ئەوانیتر بەهایەكی كۆمەڵایەتی بەرزترمان پێ بدەن؟ ئایا تەنیا خوێندنەوە كۆتایی بە هەموو شتێك دێنێت؟ بێگومان نەخێر. 
خوێندنەوە هیچ بەهایەكی نییە ئەگەر مرۆڤ لە ڕەگەوە نەگۆڕێت و نەیكاتە مرۆڤێكی تر. بە تەنیا خوێندنەوەی كتێب، هیچ مانایەك نادا ئەگەر ئەو هوشیارییەی لە كتێبەكانەوە بەری دەكەوین، ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیان و كردار و تێگەیشتن و ئەتەكێتمان نەبێت. كتێب هیچ گرنگییەكی نابێ ئەگەر مرۆڤ لە ڕیزی هەمووان، ڕیزپەڕ نەكات و نەیكاتە كارەكتەرێكی تر، بۆیە هەڵەیە پێمان وابێت ڕۆشنبیر ئەوەیە كە بەردەوام سەری بەسەر كتێبەكانەوەیە و پاڵەوانی ناو لاپەڕە و شاشەكانە. 

ڕاستییەكەی ڕۆشنبیریی دەرگیربوون نییە لەگەڵ كتێب بە تەنیا، لەوە گرنگتر ئەو گۆڕانە هزری و هوشیاری و كەسییە كە كتێب لەسەر ژیانی مرۆڤ دروستی دەكات، بەو مانایەی دەخوێنیتەوە، دەبیتە مرۆڤێكی تر. هەر كاتێك كتێب ئەو كاریگەرییەی نەبوو، ئیتر خوێندنەوەی هەزاران كتێبیش نە دەمانكاتە ڕۆشنبیر و نە خوێنەر، ئاخر دواجار مرۆڤ هەڵگری هەمان ئەو خاسییەتانەیە كە كەسێكی نائاشنا بە كتێب هەیەتی، بۆیە لە بەرایی هەموو شتێكدا، مرۆڤ دەبێ هەست بەو گۆڕانە جۆرییە بكات كە لە دوای خوێنەوەی كتێب لە ژیانیدا ڕوو دەدات، ئەینا دەبێ هەرزوو دەستبەرداری كتێب بێت. 

كەم نین ئەوانەی خۆیان پێ ڕۆشنبیرە و كتێب دەخوێننەوە و دەنووسن، بەڵام ناپاك و گەندەڵن، قەڵەمفرۆش و سەنگەرفرۆشن، درۆزن و دووڕوون، بێ بەڵێن و هەڵپەرست و بێ هەڵوێستن و با لە كوێوە هەڵ بكات لەوێ شەن دەكەن. كەم نین ئەوانەی كتێب دەخوێننەوە و بە ڕۆشنبیریبوونی خۆیان دەنازن، بەڵام وەك گورگ ڕاوی ژن دەكەن و بڕوایان بە ئازادی مرۆڤ نییە. كەم نین ئەوانەی كتێب دەخوێننەوە، بەڵام هەڵگری ئەقڵێكی دۆگما و داخراون و ڕێگە نادەن ژنێك بە ئازادی جلوبەرگ بپۆشێت. كەم نین ئەوانەی كتێب دەخوێننەوە و خۆیان پێ ڕۆشنبیرە، بەڵام لە خزمەت دوژمندان دژی خاك و نەتەوە و قوربانییانی خۆیان و ستایشی جەلاد دەكەن. 

بە حوكمی كارەكەم كە نووسینە، چەندان بە ناو ڕۆشنبیر و نووسەری درۆزن، دووڕوو، بێ بەڵێن، چڵێس، كاسەلێس، هەڵپەرست و بەرژەوەندیخواز و نانیشتمانی و دژەنەتەوەم بینیوە، دەیان بە ناو ڕۆشنبیر و نووسەرم بینیوە داوەتێكی خوانی چەور بە كۆڕێكی هزری دەگۆڕنەوە. چۆن دەبێت كەسێك خۆی پێ ڕۆشنبیر بێت، بەڵام ڕێز لە كات نەگرێت و پێیەوە پابەند نەبێت؟ چۆن دەبێت كەسێك خۆی پێ ڕۆشنبیر بێت، بەڵام درۆزن و پەیمانشكێن و بێ بەڵێن بێت؟ چۆن دەبێت كەسێك خۆی پێ نووسەر و ڕۆشنبیر بێت، بەڵام ئامادە نەبێت ساڵێك دوو كتێب بكڕێت؟. 

زۆرن ئەوانەی گوایە دەخوێننەوە و خاوەن ڕۆشنبیری و مەعریفەن، كەچی لە زەوینەی واقیع و لە پێوەندیی كۆمەڵایەتیدا هەمان مرۆڤە سوننەتی و میلییەكەی كۆمەڵگەن، بگرە ئەوان لە زۆر ڕووەوە باشتریشن، چونكە هیچ نەبێ خاوەن وەفا و بەڵێن و قسەی خۆیانن و دووڕوو و دەمامكدار نین، وەك كەسێك هەڵگری چەندان پرەنسیپی كۆمەڵایەتی و ئاكاری و پەروەردەیین، ئەگەر خۆیشیان دركی پێ نەكەن.

ئەوە بۆیە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا زۆرجار بە جۆرێك لە بێ بەهایی و گاڵتەوە سەیری كارەكتەری ڕۆشنبیر و نووسەر و خوێنەری كتێب دەكرێت، چونكە دەزانن زۆرینەی هەرەزۆریان هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ خەڵكە ڕەشۆكییەكە لە ڕووی ژیان و پەروەردە و كولتووری كۆمەڵایەتییەوە نییە. 

جارێكیان هاوڕێیەك باسی شاعیرێكی بۆ كردم، بە ئەوپەڕی هەست ناسك، ڕۆمانسی و ژندۆست ناوی ڕۆیشتووە و لە شیعرەكانیدا ژن هەموو شتێكە، كەچی گوتی لە سێ ژن جیا بووەتەوە كە یەكیان چیرۆكنووس و ئەویتریان شاعیر بووە و ئێستە بە تەنیا لەگەڵ سەگێگ دەژی! پیاوێكی ڕۆشنبیر نەتوانێت لەگەڵ ژن هەڵ بكات، شاعیربوون و ڕۆمانسیبوون و ڕۆشنبیریبوونی لە كوێدایە؟ مەگەر مرۆڤی ڕۆشنبیر یەكێك لە ئەركەكانی گۆڕینی تاك و كۆمەڵگە نییە؟ 

ئەمە بۆچی وایە؟ چونكە لە پشت ئەو جیهانبینییە شیعرییە، ئەقڵییەتە پیاوسالارییەكەی خۆی مات داوە و ژن تەنیا لە خزمەت چێژە سێكسییەكانی پیاودا دەبینێت. كەواتە تۆ هەر لە شیعردا هەست ناسك و ژندۆستبە، بە چی دەچێت كە دڵی جوانی ژنێكت شكاند؟ هەستیت بریندار كرد، نەتزانی وەك مرۆڤ رەفتاڕی لەگەڵ بكەیت، تەنانەت ئەگەر ئەویش زۆر هەڵە و تووڕە و كیناوی بێت. بەشێكی هەرەزۆری توێژی ڕۆشنبیر و هونەرمەندانی ئێمە، هەر بە تێڕوانینە میلییەكە مامەڵە لەگەڵ هاوسەرەكانیان لە ژیانی خێزانیدا دەكەن، بۆیە زۆرترین جیابوونەوە لەناو ئەواندایە. 

بەڵێ كتێب بە جۆرێك مرۆڤ دەگۆڕێت، سەتان چاوی تری پێ دەدات بۆ ئەوەی ژیان و دنیا و دەوروبەر ببینێ. زۆرجار هاوڕێكانم بە توندی ڕەخنەم لێ دەگرن و دەڵێن تۆ وەك ئەورووپی دەژیت، بە چركە حیسابی كات دەكەیت، وەك فڕۆكە وایت، كاتی گەشت و نیشتنەوە دیارە. 100 ساڵی پێ  بچێت بەڵێن و كردارەكانت بیر ناچێت، ئەگەر ڕاسپاردەی كەسێكت لابێ، تا نەیگەیەنی ئاسوودە نابی، هەزار ساڵ زەرفێكی دانەخراوی كەسێكت لا بێت، سەیری ناوی ناكەی، جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو ناكەیت، درك بە هەموو شتێك دەكەیت، ئەو هەموو ئەتەكێت و وردەكارییە چییە پێڕەوی دەكەی لە ژیان، مەگەر ئێمە لە كوردستان ناژین، خۆ تۆ ئەوروپی نیت؟ دەڵێم بەڵێ لە كوردستان دەژین، بەڵام من هەموو تەمەنی خۆم، بە ژیانی تایبەتی و كۆمەڵایەتیشەوە لەگەڵ كتێب بردە سەر تا جیاواز بم، بۆیە ناتوانم ئەوە بم كە ئێوە و خێزانەكەم و كۆمەڵگە دەتانەوێت. من خوێندمەوە بۆ ئەوەی ببمە مرۆڤێكی تر.  

ئاخر خوێندنەوە چ بەهایەكی هەیە ئەگەر مرۆڤ لە ڕەگەوە نەگۆڕێت و نەیكاتە كەسێكی نموونەیی و پڕ ئەتەكێت و ئاستبەرز و زمانپاراو و ڕۆشنبیر و خاوەن بەهای گەورەی ئاكاریی و مرۆیی؟ كەسێك با هەزاران كتێبیشی خوێندبێتەوە، بەچی دەچێت ئەگەر خوێندنەوە و كتێب نەیگۆڕیبێت، ئەگەر هەمان ئەو مرۆڤەی پێش ناسینی كتێب بێت؟.