قسەکردن لەبارەی "هیواداری و بێ هیوایی" لە سەرتاپای مێژوودا بابەتێکی ئاڵۆز و سەخت بووە، بە شێوەیەک دەبین ئەم دوو دەستەواژەیە هەمیشە تێکئاڵاون و دەکرێت بڵێین دوانەن و لە جیهانی دوو جەمسەریدا دەژین و هاوشێوەی تاریکی و ڕووناکی لە زۆرانبازیدان، بەو مانایەی تۆخم و هۆکاری تری دەرەوەی ئەم زۆرانبازییە بە ئەستەم دەتوانن کاریگەریی لەسەر ئەم هاوکێشە دوو جەمسەرە دانێن. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە جیهان لە ڕووی بوونناسی و مەعریفییەوە، ئیتر ئەو هاوکێشە دوو جەمسەرییەی لە نێوان ڕەش و سپی/ شەو و ڕۆژ/ تاریکی و ڕووناکی، تێپەڕاندووە، ئەمە لە ئاستە سیاسییەکەیشدا هەروایە.
كەواتە سەردەمێک جیهان لە نێوان چەندان ئیمپراتۆریی کۆندا دابەش بووبوو، هەرکامیان بەشێک و جەمسەرێکی گۆی زەوییان داگیر کردبوو، تا شوێنێ كە ئێمە لە مێژوو و ئەفسانەکاندا دەستەواژەی حەوت وڵات یا حەوت هەرێم و حەوت پاشا و... دەبینین، لەو سەردەمەدا بە مانایەک جیهان فرەجەمسەر بووە، ئەگەرچی لە مانا گشتییەکەیدا دوو جەمسەریی هەر هاوکێشەی زاڵ بووە و ئارەزووی هەموو ئیمپراتۆرەکانیش ئەوە بووە زاڵ بن بەسەر هەموو ئەوانیتردا و تەنانەت لە دوو جەمسەرەوە بگەن بە یەک جەمسەر و ئەویش جەمسەری ڕووناکی و باشی و وەک هەندێک بیرمەندی سیاسی لە باسکردنی دەسەڵاتە سیاسییەکانی سەردەمی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا دەڵێن، تاکە جەمسەرێک بێت نوێنەری هێزی ئاسمانی و خوداوەند بێت، تاکە جەمسەرێک بێت گوزارشت لە تیشکی ئیلاهیی لەسەر زەوی.
ململانێ و شەڕە خوێناییەکانی ئیمراتۆرییەتە کۆنەکان، هەرکامیان بەپێی بۆچوونی خۆیان و ئەو پیرۆزییەی بۆ پێگەی بەرز و دیرۆکی و ئاسمانیی خۆیان قایل بوون، ترسناکیی وەها هاوکێشەیەکی دەرخست و بمانەوێ و نەمانەوێت جیهان ئێستەیش بە دەست ئەم جۆرە ئایدۆلۆجیا دێرینە دوو جەمسەرییەوە دەناڵێنێت، ئەگەر لە دۆخی سیاسیی جیهان ورد بینەوە، تێدەگەین هەر نەتەوەیەک خۆی بە شای نەتەوەکان دەزانێت و پێگەیەکی باڵا و ئاسمانی و ئەفسانەیی بۆ خۆی قایلە.
با چاو لە ئێران و ئیسرائیل بکەین، هەردوو دەوڵەت باوەڕیان وایە خۆیان پیرۆز و ئەویتر ڕەتكراوەیە، شتێکی ترسناک و نائومێدکەرە ئەگەر بڵێین ئەم شەڕەی ئێستە لە ناوچەکەدا هەیە، لە مێژوودا هەر هەبووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پێش مێژوویشەوە تەوقیت کراوە و ئێستە تەقینەوەکەی دەبینین و خودا دەزانێت ئاکام و دەرئەنجامەکەی مرۆڤایەتی بەرەو کوێ دەبات؟
ئێران چەندان ساڵە بەرەی مقاومەی دروست کردووە، شەڕی بە جیهانی عەرەب و کورد و ئیسرائیل و ئەمەریکا فرۆشتووە، ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری دروست کرد و ئیسرائیلیش لە گەڕێکی تۆڵەسەندنەوە و فۆبیادا، دەستی داوەتە کۆمەڵکۆژی خەڵکی مەدەنی و بێتاوان و گرووپەكانی مقاوەمە، حەماسیش بە هۆی ئایدۆلۆجیی کەمترین ڕەخنەی هاتووەتە سەر و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچووە و خۆی لە ژێر داروپەردووی ماڵانی بۆمبلێدراو و ڕووخاو و لاشە و تەرمی هەزاران ژن و منداڵ شاردووەتەوە.
کارم بەوە نییە کێ هۆکاری یەکەم و دەسوەشێنی سەرەتای شەڕەكەیە، باسەکە ئەوەیە ئەم دوو هێزە لەناو هاوکێشەیەکی دوو جەمسەریدا دەژین، ئەگەر ئیسرائیل نەبوایە بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامیی هێزێکی دیکەی وەک هێزی شەڕانی و تاریک دیاری دەکرد و بە هەموو جۆرە پڕوپاگەندە و شیكردنەوەی ئایەت و حەدیسەوە، زەوینەی بۆ شەڕ خۆش دەکرد، ئەمە بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ ئیسرائیلیش ڕاستە. وڵاتانی عەرەبیش هەمان دۆخیان هەیە، ئەگەر چاو لێ بکەین دەبینین وڵاتانی ڕۆژئاوا سەقامگیرییەکی ڕێژەییان هەیە، یان با بڵێین لانیکەم دەمێکە دۆخەکەیان سەقامگیرە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەستیان لە زۆر کێشە و جەنگ و ماڵوێرانی لە ڕۆژهەڵاتدا هەبووە، بە هەموو ئەمانەیشەوە، لە پریشکی ئاگرەکە بێبەر نەبوون و بەر دووکەڵ و شەپۆلەکانی جەنگ کەوتوون،
ئەمە پێمان دەڵێت، جیهان یەک ڕووبەر و پانتاییە، ماڵی هەموو مرۆڤایەتییە، ئەگەر کێشەیەک لە کشمیر لە نێوان هیندستان و پاکستان بێتە ئاراوە (ئێستە لە ئارادایە و خەریکە قووڵیش ببێتەوە) ئێمە یەک هەنگاو بەرەو شەڕێکی جیهانگیرتر نزیک بووینەتەوە، ئەمە بۆ هەر جۆرە ڕووداوێکی هاوشێوە ڕاستە.
لە دۆخێكی وادا و لە دەرەوەی پێشبینی و ئەنجامگیریی باوی سیاسی بۆ چنینی هێز و گۆڕانکارییەکان کە خەریکن دادێن و ناوچەکە دەگرنەوە، من باسی هیواداری و بێ هیوایی دەکەم و دەپرسم ئایا لە دۆخی وادا دەتوانین هیوادار بین بۆ دۆخێکی باشتر و دەرچوون لە دنیای تاریک و ڕەشی بۆمب و فڕۆکە و جەنگ و خوێن؟ ئاخۆ هیواداری و بێ هیواویی تەنیا بە دۆخی دەرەوەی مرۆڤایەتییەوە گرێ دراون یان لە پاڵ ئەوەیشدا تێڕوانین و دنیای دەروونیی مرۆڤ ڕۆڵی تێدا دەگێڕن و دەتوانین گۆڕانکاریی لە هاوکێشەکەدا بکەن؟ یا ئەو دنیا دەروونییەی مرۆڤ خۆی نییە بەهۆی نەبوونی ڕووناکی و بێ تیشکی ئەم دنیا شەڕانییەی دروست کردووە؟ بە مانایەکی دیکە ئایا دنیای دەرەوە ڕەنگدانەوەی دنیای ناوەوەی مرۆڤ نییە؟
هەر وەڵامێک بەم پرسیارانە بدەینەوە، نابێت ڕۆڵی مرۆڤ وەک بکەر و ئەکتەری گۆڕەپانی ڕووداوەکان نادیدە بگرین، مرۆڤ دەتوانێت بە هیواوە هەنگاو هەڵگرێ و بێ هیوایی (ئەگەریش نەکوژێت) بەڵام پاشەکشەی پێ بکات، ئەم ڕوانگەیە بە هیچ شێوەیەک گرنگ نییە ڕاست بێت یان نا، گەشبینانە و خەیاڵپڵاوانەیە یان نا، گرنگ ئەوەیە ئێمە هێشتا باوەڕمان بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە دەست نەدەین و هیوادار بین، بێ هیوایی جیهان تاریکتر نەکات.