گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان وه‌ك به‌ڵگه‌ی تاوانه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد له ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، له ڕووی یاساییه‌وه فاكته‌رێكی گرنگ و كاریگه‌ره له ناساندن و به نێوده‌وڵه‌تیكردنی ئه‌م گه‌وره تاوانه. سه‌لماندنی تاوانی جینۆساید كه ده‌توانێ بابه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیان مسۆگه‌ر بكات. وێڕای تێپه‌ڕبوونی 37 ساڵ به‌سه‌ر تاوانه‌كانی ئه‌نفال و جینۆساید، عێراق تا ئێسته به‌رده‌وامه له هه‌وڵدان بۆ چه‌واشه‌كردنی رای گشتی له‌باره‌ی ئه‌م پرسه له ڕێگه‌ی په‌رده‌پۆشكردن و بچووككردنه‌وه‌ی ئه‌م گه‌وره تاوانه.
عێراق زۆر به كه‌مته‌رخه‌می و نابه‌رپرسیارانه كار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ده‌كات و سووره له‌سه‌ر بایه‌خ نه‌دان به گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان و تاوتوێكردنی كاری هه‌ڵدانه‌وه‌یان به تاكلایه‌نی و دوور له چاوی میدیا نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه جیهانییه‌كان، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه میراتگری ده‌وڵه‌تی عێراقی پێشووه، له لایه‌كه‌وه نایه‌وێ داوای لێبوردن له كورد بكات و قه‌ره‌بووكردنه‌وی زیانبه‌ركه‌وتووانی ئه‌و تاوانانه له ئه‌ستۆ بگرێت، ئه‌مه له كاتێكدایه كه ئاماده‌یه قه‌ره‌بووی وڵاتی كوێت بكاته‌وه. له‌لایه‌كی تره‌وه نایه‌وێ وێنه‌ی هزری عێراق بشێوێنێ له دیدی ڕای گشتیدا.
ده‌كرێ میدیای كوردی ڕۆڵی كارا و كاریگه‌ریی هه‌بێت له ورووژاندنی ئه‌و پرسه به مه‌به‌ستی دروستكردنی ڕای گشتی به‌رانبه‌ر جینۆسایكردنی گه‌لی كورد و زینده‌به‌چاڵكردنی هه‌زاران ژن و منداڵ. كه‌واته ڕووماڵكردن به ئاراسته‌ی ناساندنی ئه‌و گه‌وره تاوانانه به نه‌وه‌ی دوای ئه‌نفال و ڕاپه‌ڕین، ئه‌ركی میدیایه زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و تاوانانه به به‌رده‌وامی بخاته روو، له ڕێگه‌ی چڕكردنه‌وه‌ی ڕووماڵه‌كانیان، جا له ڕێگه‌ی میدیای نوێوه بێت یان میدیای ته‌قلیدی.
نعوم چۆمسكی له كتێبێكیدا به ناونیشانی كۆنترۆڵكردنی ڕاگه‌یاندن، باس له ڕۆڵ و كاریگه‌ریی و توانای میدیا ده‌كات، له‌وه‌ی كه ببێت به ئامرازێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر، به چه‌شنێك بیر و هۆشیان داگیر بكات، له ڕێگه‌ی پروپاگه‌نده و بانگه‌شه و ئاراسته‌كردنی په‌یامه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو و رێكخراو و ئامانجدار. میدیای ئاڕسته‌كراو وا له جه‌ماوه‌ر ده‌كات، ته‌نیا وه‌رگر بێت و بیر له هیچ نه‌كاته‌وه، ئه‌مه وا ده‌كات له ئه‌نجامی وه‌رگرتنی په‌یامه‌كانه‌وه ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه و ڕه‌فتاریشیان له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌تانه بگۆڕێت كه پێشتر له‌گه‌ڵیاندا دژ بوو نه‌ك به ته‌نیا هاوڕا نه‌بوون.
دروستكردنی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕای گشتی، ئامانجێكی سه‌ره‌كی و ته‌وه‌رێكی بنه‌ڕه‌تییه بۆ هه‌ر چالاكییه‌كی میدیایی، چ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی یان رۆشنبیری و سیاسی، به تایبه‌ت بۆ خاوه‌ن ده‌زگاكانی میدیا كه له پشت په‌یامه‌كانیانه‌وه ئه‌جێندای تایبه‌ت پێڕه‌و بكه‌ن. ئه‌م بۆچوونه‌ی چۆمسكی خستیه روو، ڕێك له میدیای ڕژێمی به‌عسدا ڕه‌نگی دابووه‌وه له ڕووماڵكردنی میدیای بینراو و بیستراو و خوێنراودا، تا ئاستێك میدیای به‌كارخستبوو بۆ جوانكردنی وێنه‌ی دیكتاتۆری سه‌رده‌م، ئێسته‌یش كه ده‌چیته وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان، باسی دیكتاتۆر سه‌دام بكه‌ی، ئه‌وان به سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی ناوی ده‌به‌ن.
لێره‌وه گاریگه‌ریی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن ده‌رده‌كه‌وێت له ئاراسته‌كردنی بیر و هۆشی جه‌ماوه‌ر و دروستكردنی ئاراسته‌كانی ڕای گشتی، له ڕێگه‌ی دووباره‌كردنه‌وه‌ی په‌یامی ئاراسته‌كراو به مه‌به‌ستی چه‌سپاندنی لای وه‌رگر. له‌لایه‌كی تره‌وه میدیای ڕژێمی له‌ناوچوو توانی ڕای گشتی چه‌واشه بكات له ڕێگه‌ی شێوازه جۆراوجۆره‌كانی خستنه‌ڕووی رووداوه‌كانه‌وه، به جۆرێك خۆی مه‌به‌ستی بوو له‌باره‌ی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و جینۆساید، ئه‌مه‌یش به‌هۆی نه‌بوونی میدیایه‌كی ئازاد كه پرسه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی بابه‌تییانه بخاته روو، به‌داخه‌وه كورد له‌وكاته‌دا میدیای نه‌بوو هه‌تا وێنه راسته‌كان بگوازێته‌وه.
ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدابێ، هه‌ندێك له نووسه‌رانی عه‌ره‌ب و لایه‌نگرانی ڕژێمی پێشوو، ره‌وایه‌تی به ئه‌نفال و جینۆسایدی گه‌لی كورد ده‌ده‌ن، گوایه ئه‌وانه‌ی ئه‌نفال كراون چه‌ك به‌ده‌ست و پێشمه‌رگه بوون، به‌ڵام گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كانی منداڵ و ژن و خه‌ڵكی سڤیل، ئه‌م چه‌واشه‌كارییه ره‌ت ده‌كاته‌وه. بۆیه پێویسته ڕاگه‌یاندن ڕۆڵی خۆی بگێڕێ له ڕێگه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌وه كه له پێناویدا دروست بوون.
- پێدانی زانیاری له‌باره‌ی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان، هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاك ئاراسته‌كردنی ڕای گشتی له‌باره‌ی ئه‌و پرسه نه‌ته‌وه‌یی و مرۆییه. ئه‌مه له ڕێگه‌ی فۆكه‌س خستنه‌سه‌ر تاوانه‌كان و پێشاندانی ئاستی سته‌م و قێزه‌ونی ئه‌نجامده‌رانی. له ڕێگه‌ی ژانره جۆراوجۆركانی ڕاگه‌یاندنه‌وه به دروستكردنی هه‌واڵ و راپۆرت و دیمانه، به تایبه‌ت له ڕێگه‌ی وێنه و ڤیدیۆ. ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له رابردوو بده‌ینه‌وه، له گرنگی میدیا و ئامرازه‌كانی پێوه‌ندیی جه‌ماوه‌ریی تێده‌گه‌ین، چۆن میدیا ڕۆڵی خۆی گێڕا له ناساندنی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، وێنه‌كان بوونه هۆی گرنگیدانی ڕای گشتیی جیهانی به‌و بابه‌ته، ئه‌گه‌رچی تاوانه‌كانی ئه‌نفال له رووی ژماره و تاوانكارییه‌وه قه‌باره و بارستایی زۆر گه‌وره‌تر بوو، به‌ڵام په‌رده‌پۆش كرا و هیچ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی جیهانیی نه‌بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌وه‌ی له میدیاكانی به‌عس پێشان ده‌درا، شه‌ڕه‌كانی ڕژێم بوو به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه و وێرانكردنی گونده‌كان، كه‌چی وا به‌گوێی خه‌ڵكدا ده‌درا كه ناوچه‌كان له یاخیبووان پاك ده‌كرێنه‌وه.
ئێسته دنیا گۆڕاوه و ده‌رفه‌ت له‌باره، بۆیه ناكرێت هیچ كات گه‌لی كورد به ده‌سه‌ڵات و ڕێكخراوه‌كان و گه‌لیشه‌وه، كه‌مته‌رخه‌می بنوێنین به‌رانبه‌ر به دۆسیه‌ی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان و سه‌لماندنی جینۆسایدی گه‌له‌كه‌مان له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسی گۆڕ به‌گۆڕه‌وه. به‌كارهێنانی هه‌ڵمه‌ته ئه‌لیكترۆنییه‌كان به مه‌به‌ستی ناساندنی پرسه‌كه، میدیای نوێ وه‌ك وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ له هه‌موو كایه‌كانی ژیان له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌رفه‌تی ره‌های به به‌كاربه‌ر داوه، له هه‌رجێیه‌كی گه‌ردوون بیه‌وێت ده‌توانێ كاریگه‌ریی دروست بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌توانین جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان به نموونه باس بكه‌ین.
به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی ڕای گشتیی ناوخۆیی هه‌رێمی و جیهانی به‌هه‌ردوو جۆره‌كه‌ی، فه‌رمی له‌سه‌ر ئاستی ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ته‌كان و نافه‌رمی له‌سه‌ر ئاستی گه‌لان، به مه‌به‌ستی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و وێنه هزرییه‌ی ڕژێم دروستی كردبوو له‌سه‌ر كورد بۆ به ئامانجكردنی قوربانیان، به مه‌به‌ستی پاكتاوكردنی نه‌ته‌وه‌یی و په‌رده‌لادان له‌سه‌ر شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌كان، ئه‌و چه‌واشه‌كردنه‌ی له رێگه‌ی میدیاوه ئه‌نجامی ده‌دا.
ئه‌گه‌رچی به درێژایی مێژوو و ساڵانی هه‌شتاكان، ئێمه‌ی كورد رووبه‌ڕووی دڕه‌نده‌ترین شاڵاوی قڕكردن و ئه‌نفال و جینۆساید بووینه‌وه، هه‌ر له جینۆسایدی فه‌یلی و بارزانییه‌كان و هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان و بادینان و سێوسێنان، تا كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و بۆردمانی ناوچه‌كانی تر، كه‌چی به‌هۆی كۆنترۆڵكردنی میدیاوه ده‌نگمان خه‌فه كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشییه، ئێسته دنیا كراوه‌ته‌وه و میدیا ده‌توانێ ڕۆڵی خۆی بگێڕێ له گه‌یاندنی په‌یامه‌كاندا به دنیا، ئێزیدییه‌كان توانییان سوود له میدیا وه‌ربگرن له ناساندنی جینۆسایده‌كه‌ی سه‌ریاندا، له ڕێگه‌ی پێشاندانی دیمه‌نی تاوانه‌كان و گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان و ژنه لێهاتووه‌كانه‌وه كه زۆر بوێرانه ئازاره‌كانی خۆیان خسته ڕوو.
كچانی بوێری ئێزیدی مۆدێلێكی نوێیان دروست كرد له ڕاگه‌یاندنی تاوانه‌كاندا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش به بایه‌خه‌وه پێشوازی لێ كردن، ئه‌وان ڕۆڵی كارایان هه‌بوو له ڕێگه‌ی لێدوان و چاوپێكه‌وتنه میدیاییه‌كانه‌وه له‌باره‌ی كرده‌وه‌كانی تیرۆریستانی داعشه‌وه، ئه‌مه‌یش بووه هۆی هاوسۆزیی ڕای گشتیی ناوخۆیی و جیهانی و پاڵپشتی ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان و دابینكردنی مافی ژیان له زۆر وڵاتانی دنیادا.
ده‌رئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه، پێگه ئه‌لیكترۆنییه كوردییه‌كان و ڕۆڵیان هه‌بووه له هاندانی هاووڵاتییان بۆ هاوكاریكردن و به‌هاناوه‌چوونی ئێزیدییه‌كان له كاتی داگیركردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه، ئه‌مه‌یش ده‌یسه‌لمێنێت كه میدیا بۆ خزمه‌تی گه‌لانی سته‌مدیده چه‌كێكی خێرا و كارایه و له زۆر حاڵه‌ته‌دا له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ڕای گشتیی دروست ده‌كات.
ڕای گشتیی جیهانی یان ڕای گشتیی نێوده‌وڵه‌تی، گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی دنیا و پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، هاوكات ڕاگه‌یاندنی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵی كاریگه‌ر ده‌گێڕێ له‌مباره‌یه‌وه (چنار، 2021، ل)، بۆیه زۆر گرنگه میدیایه‌كی ئاراسته‌كراومان هه‌بێت بۆ بایه‌خدان به پرسی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، له ڕێگه‌یه‌وه وێنه‌ی ئه‌و تاوانه بگوازێته‌وه بۆ دنیای ده‌ره‌وه، به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی و هاوسۆزیی جیهانی، چونكه تاكه‌كان له هه‌ر كوێی ئه‌م دنیایه بن، له هاوسۆزییان بۆ بابه‌ته مرۆییه‌كاندا یه‌ك ده‌گرنه‌وه.
میدیای ئاراسته‌كراو مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه له ناوه‌ڕۆك و په‌یامه‌كاندا به زمانی جۆراوجۆر و زمانی گه‌لانی زیندوو و كاریگه‌ر وێنه و ڤیدیۆ و نووسینه‌كان ئاراسته‌ی دنیا بكه‌ن، به مه‌به‌ستی ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌و سته‌مانه‌ی له سه‌ده‌ی 20 و 21یشدا به‌رانبه‌ر به گه‌لێكی سته‌مدیده و ژیاندۆست كراون، له كاتێكدا زۆرینه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌ی بانگه‌شه‌ی مافی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ری ده‌كات، له ئاست هه‌موو تاوانه‌كانی ئه‌نفال و جینۆسایدی كورددا بێده‌نگیی هه‌ڵبژارد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌یامه‌كان به ئاراسته‌كراوی به گه‌له‌كانیان بگات، دڵنیام گوشاری ناوخۆیی له‌سه‌ر حكوومه‌ته‌كان دروست ده‌كات و دوور نییه داوای لێبووردنیش له كوردستان بكه‌ن.