پەکەکە چی بۆ کورد کرد تا هەڵوەشێتەوە

AM:10:51:21/05/2025 ‌
ئەگەر بە مێژووی 40 ساڵی ڕابردووی بە ناو خەباتی سیاسی و نەتەوەیی پەكەكەدا بچینەوە، دەبینین سێ بەشی ئەو بەناو خەباتە، بۆ دژایەتی هێزەكانی باشوور، لە ناویشیاندا پارتی دیموكراتی كوردستان تەرخان كراوە، لە كاتێكدا پەكەكە دەیان ساڵە فریودەرانە بانگەشەی یەكپارچەیی كوردستان و بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەكات، دەبوو لە هەموو هێزێك زیاتر، پێوەندیی دۆستانە و ستراتیجییانەی لەگەڵ پارتی هەبووایە، چونكە ئەویش هەڵگری هەمان فەلسەفە و بیری نەتەوەیییە. 

ساڵی 1995 لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا، ئەو كاتەی پارتی بە تەنیا مابووەوە و تەنیا پارێزگای دهۆكی بە دەستەوە بوو، پەكەكە دروست لە  25ی ئابی هەمان ساڵدا، غافڵگیرانە و ناپاكانە، لە پشتەوە پەلاماری پارتی دا و لە زاخۆوە تا حاجی ئۆمەران، بەرەیەكی شەڕی فراوانی لەگەڵ پارتی كردەوە و پاشانیش ساڵێك دواتر لەگەڵ یەكێتی بووە هاوپەیمان، تا ڕووداوەكانی 31ی ئاب هاوكێشەكە پیلانگێڕییەكەی گۆڕین،. چوار ساڵ دواتر پەكەكە شەڕی بەسەر یەكێتیشدا سەپاند، بێ ئەوەی شكۆیەك بۆ ئەو هاوپەیمانییە دابنێ كە لەگەڵی هەیبوو. 
ئەو شەڕەی پەكەكە بۆ ماوەی پێنچ ساڵ بەردەوامی هەبوو، بۆ یەك جاریش پارتی نەكەوتە هێرشبردن و تەنیا بەرگریی لە خۆی كرد. تەنانەت تا ئێستەیش پارتی نیازی شەڕی نەبووە، بگرە ئەفسەرێكی زێرەڤانی پێی گوتم، سەرۆك بارزانی بەردەوام پێمان دەڵێ "خۆتان لە هەراسان و بێزاركردنەكانی پەكەكە ببوێرن، بۆ ئەوەی خوێنی كورد بە دەستی كورد نەڕژێت". 

لە پەراوێزی ئەو شەڕەوە، سەتان گەنج و لاوی كورد، بە ناهەق و بە دەستی پەكەكە خوێنیان ڕژا، ئەمە وێڕای ئەوەی سەتان گوند ئاوەدان نەكرانەوە و بوونە ناوچەی شەڕ و مەترسی لە كوردستان و خەڵكەكەیشی ناتوانن بچنەوە سەر زەویوزاری خۆیان. لەلایەكی ترەوە، مانەوەی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام پاساوێكی دەستبەجێی توركیا بووە، بۆ ئەوەی ناوچە سنوورییەكانی كوردستان و گوندەكان و خەڵكی سڤیلیش بە ئامانج بگرێت، بۆیە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، ئەو ئاشتییەی ئەگەر پەكەكە لە بەرانبەریدا هەستی بە بەرپرسیارێتی بكردایە، ئەوا 14 ساڵ لەمەوبەر بێ ئەوەی كۆتایی بە خۆی بهێنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بە دەستپێشخەری و ئاشتەوایی و خەمخۆری و ناوەندگیریی بارزانی سەردەكەوت، بەڵام بەداخەوە پەكەكە دواجار ئەو گرێیەی بە دەست دەكرایەوە، ناچار بوو بە دەم بیكاتەوە. 

هەڵبەتە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، بە تایبەتی كە لەسەر ئاستی دنیا خەباتی چەكداریی وەك ئامرازی ڕزگاریی نیشتمانی مۆدی نەماوە، هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام بە دیوەكەی تریدا ڕاستییەكی تاڵی بۆ هەموو ئەو بە ناو چاودێر و كاڵفامە سیاسییانە دەرخست كە سێ دەیەیە، بە دروشمی بە ناو "سەربەخۆیی نەتەوەیی، ڕزگاری نیشتمانی و حزبی یەكپارچەیی" چەواشە دەكرێن و فریو دەدرێن و بێ شەراب مەست بوون!.ئەم هەنگاوەی پەكەكە، دەریخست نەك حزبێكی نەتەوەیی، كوردستانی و چوارپارچەیی و سەربەخۆخواز نەبووە، بگرە لەیبۆكی دەستی سەرۆكەكەی بووە كە چۆن هەموو حزبەكە بە جەماوەر و ڕێكخستن و هێزی سەربازیشەوە، فەرمان لە سەرۆك وەردەگرن هەتا ئەگەر لە زیندانی داگیركەریشدا، ئەمەیش خەسڵەتی حزبە میلیتاری، تۆتالیتاری و دیكتاتۆرییەكانە. 

پەكەكە بەردەوام تۆمەتی ئەوەی ئاراستەی پارتی دەكرد كە حزبی بنەماڵە و تاكەكەسێكە، كەچی بە پێچەوانەوە ئەو خۆی بوو، حزبی دەستی  تاكەكەسێك، چونكە هیچ كاتێك پارتی حزبی تاكەكەسێك بە سەرۆكەكەبشیەوە نییە، ئەگەر وابێت بۆچی لە كۆی ئەو هەموو هەڵبژاردنانە ئەو حزبە هەر براوە دەبێت؟
خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە ئەو ڕاستییەی سەلماند كە نە ڕزگاریی نیشتمانی، نە سەربەخۆیی چوار پارچەی كوردستان، بۆ هیچ كاتێك ستراتیج و دروشمی سیاسی و نەتەوەیی و تێكۆشانی پەكەكە نەبووە، چونكە حزبی نەتەوەیی و نیشتمانی یەكسان نییە بە تاكەكەسێك، ئەگەر سەرۆكی حزبەكەیش بێت. 
خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە ئەو ڕاستییەیشی دەرخست كە ئەو هێزە، تەنیا گردبوونەوەیەكی چەكداریی بێ ئامانج و بێ ڕێكخستن و بێ پێڕەو و بەرنامەی سیاسی بووە، چونكە  خۆ حزب دوكان نییە تا بە قسەی خاوەنەكەی دەڕابەكەی  هەڵدرێتەوە و دابخرێتەوە!.

ئەم هەنگاوەی پەكەكە، ئەو گومانەی كردە ڕاست كە زۆرجار دەگوترا دروستكراوی دەستی توركیایە و ئامانجی ئێستەی تەنیا تێكدانی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە. ئەم بڕیارەی پەكەكە، ئەگەرچی وەك گوتمان هەنگاوێكی گرنگە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، بەڵام ئەو حزبەی خستە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی كوردستانی، مێژوویی و نەتەوەیی گەورە، ئەویش ئەوەیە دەبێ قەرەبووی هەموو ئەو زیانە گیانی و ژینگەیی و كوردستانییانە بكاتەوە كە بەهۆیەوە لە هەرێمی كوردستان كەوتووە، چونكە بەردەوام فاكتەری تێكدانی دۆخی كوردستان بووە. 
دواجار ئەو بڕیارە ڕووی ڕاستەقینەی پەكەكەی بۆ ئەو كاڵفامە سیاسییانە دەرخست كە دەیان ساڵە، فریو دەخۆن و چەواشە دەكرێن، بەو دروشمە بەتاڵەی گوایە پەكەكە حزبی یەكپارچەیی كوردستانە و تاكە حزبی نەتەوەییە كە بۆ كوردستان تێدەكۆشێ، كەچی بە پێچەوانەوە دەركەوت حزبی تاكەكەسێكە، ئەمەیش خەسڵەتی حزبە فاشی و نازی و دیكتاتۆرییەكانە. 

بێگومان هەموو ئەو باسانە هیچ لە فاشیبوونی ڕژێمی توركیا و سیاسەتی كەمالیستانە و ناسیۆنالە توندڕەوەكانی توركیا ناشارنەوە، چونكە هەموومان ماهییەتی سیاسیی ئەو دەوڵەتە دەزانین، بەڵام پرسیار ئەوەیە، مادام دوا ستراتیج و دوا ئامانجی پەكەكە خۆهەڵوەشاندنەوە بوو، بۆچی هەزاران گەنجی كوردی بە كوشتن دا؟ بۆچی بەردەوام پاساوی دەدایە توركیا بە مانەوەی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بۆردمانمان بكات؟ ئەمانە بەرپرسیارێتین و دەبێ پەكەكە وەڵامی لۆجیكی و سیاسی و بڕواپێهێنەرمان بداتەوە، تا ڕەوایەتییەك بۆ كارەكانی داهاتووی بدۆزێتەوە.