هەمیشە بەهێز و پڕدەسکەوت بە

AM:10:21:22/05/2025 ‌
ڕازی مانەوە و درەوشاوەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بە دڵنیاییەوە قەوارەی هەرێمیشی بەردەوام پاراستووە، لە ئیرادە و هیواداریی سەرۆک وەزیرانێکە کە باوەڕی بە کوردستان و مافی گەل و خەڵکەکەی لە هەناوی خۆیدا، هەڵگرتووە. ئەم قسانە ئەو کەسانە زیاتر لە قووڵایی و ڕاستەقینەبوونی دەگەن کە قەدری خاک و کەرامەت و خوێنی شەهیدانیان لا بەرز و باڵا بێت. 
وێنەی ئەمڕۆ و دوێنێی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیران لە واشنتۆن و واژووکردنی گرێبەستێکی گەورە، تەنیا یەکێک لەو وێنە درەوشاوەکانێتی، با بە هەڵەدا نەڕۆین و بگەڕێینەوە ساڵانی ڕابردوو، سەردەمی کۆرۆنا کە حکوومەتەکەی لەوپەڕی گوشار و بێ دەرەتانیدا ئیشەکانی خۆی بە هەموو تواناوە ڕاپەڕاند و داوای لێبووردنیشی لە کەموکوڕییەکان کرد، كام حکوومەت لە ناوچەکە و جیهاندا هەیە وەها لەگەڵ خەڵکەکەی خۆی نزیک و هاودڵ بێت؟ 

با بگەڕێینەوە بۆ سەردەمێک کە تاقمێک لەژێر ناوی لامەرکەزییەت و چەندان سەردێڕی لاوەکیی تر، بەغدایان کرد بە باوەگەورە و هەموو پلان و پیلانێکیان داڕێژا، تا حکوومەتی هەرێم لاواز بكەن و لە سەرووی ئەوەیشەوە، قەوارەی کوردستان کە قیبلەی هەموو کوردانی دنیایە، هەر بوونی نەمێنێ. بیرمانە کاتێک بە هاودەنگی و پلانداڕێژیی بەشێک لە ناوخۆ، یاسای بودجەی ساڵانی پێشوو بەبێ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان تێپەڕی، بۆ بەیانییەکەی سەرۆک وەزیران لای جووتیاران بوو، هانی دەدان و دڵخۆشیی دەكردن بەوەی باشترین و تاقە بژاردە ئەوەیە، لەسەر ئەم خاکە ئیش بکەین و باوەڕمان بە پیت و بەرەکەتی هەبێت و منەتی کەس هەڵنەگرین، بە مەرجێک ناپاکیمان لێ نەکرێت! 

ئەمە دوو وێنەی درەوشاوەی زیندوون لە سەرۆک وەزیرانێک کە چەندان جار ناپاکیی لێ کرا، بەڵام بە ئیرادە و باوەڕەوە چووە پێشەوە و کارەکانی خۆی درێژە پێ دا، داکۆکیی لەوە کرد پەرە بە ئابووریی نانەوتی بدرێت، هەناری هەناردە کرد و چەندان خۆراک و بەربوومی ناوخۆی کوردستانی خستە بازاڕەکانی جیهانەوە. 
مەبەستمە بڵێم، ئەم سەرۆک وەزیرانە هەر ئەو کەسایەتییەیە کە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی خستە خزمەت بووژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان، ململانێی دنیای کرد تا دۆخەکە لە خشتە نەبرێت و بەغدای داگیرکەر لەوە زیاتر و بەهۆی هێزی ناشایستەوە، چنگ نەخاتە بینی خەڵکی کوردستان، ئەمە لە حاڵێکدا بوو بەشێک لە ناوخۆ هەلهەلەیان بۆ بەغدا لێدەدا و تەنانەت لە بڕینی مووچە و کەوتنە دەست بەغدا، هەڵدەپەڕین! 

بۆ کەسێکی ئاسایی ڕەنگە زۆر بریندارکەر نەبێت، کەسێکی هاوبەش لە پرۆژەیەکی ئابووری و... غەدری لێ بکات، دواجار هەر کامەیان بە نەختێک پرتەوبۆڵەوە ڕێگای خۆیان دەگرنە بەر، بەڵام بۆ کەسێک كە ئەرکی پارێزگاریی لە چارەنووسی میلەتێکی هەڵگرتووە، ئەمە دڵتەنگییەکی ڕووخێنەر و برینێکی قووڵە کە مووچەی کەسانێک بدەی لەناو حکوومەتەکەتدا کە هەر ئەوانە پلانیان هەبووە مووچەی میلەتەکەت بکەوێت دەستی غەدار و زاڵم! 

بە هەموو ئەمانەیشەوە، ئەم سەرۆک وەزیرانە خۆڕاگر و ڕاوەستاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە کەرامەت و بەرزیی نەفسەوە جووڵایەوە، ملکەچی هیچ دروشم و هەڕەشە و گوڕەشەیەک نەبوو، بەژنی بڵندی ئیرادەگەرێتیی خۆی نواند. 

ئێستە سەرۆک وەزیران لە قۆناغێکی نوێی گەشەپێدانی ئابووریی نەوتی و لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی زیاتری کوردستان و خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتیان، دوو گرێبەستی مەزنی بە بەهای كۆتایی 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان کە ویلایەتە یەکگرتووەکانیش پشتیوانیی لێ کردووە، واژۆ کرد. بابەتەکە ڕووداوێکی گەورەیە کە لە درێژماوەدا هەرێم نەک تەنیا لە ڕووی ناوەندێکی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز و بە تایبەتی غاز، دەیدرەوشێنێتەوە، بەڵکوو لەسەر نەخشەی ئابووریی جیهانیشدا پێگەی زیاتر بەرز و بەهێزتر دەکات و ئەمە لە دواڕۆژدا لێكەوتەی  دیکەی دەبێت بۆ کوردستان، پێدەچێت دۆزی کورد بە تەواوەتی یەکلا بکاتەوە و ئەو ئامانجەی هەزاران شەهید گیانیان بۆ بەخت کرد، بێتە دی. 

من ناڵێم ئەم ڕێگەیە ئاسانە، چونکە دەوروبەرمان گەمارۆ دراوە بە گورگ و چەقەڵی دڕ و برسی، سەرباری ئەوە، هێشتا وەك پێویست لەپێناو دۆزە ڕەواکەماندا یەکگرتوو و یەکانگیر نین، ڕەنگە ئەمە خاڵی لاواز و پوازی دۆزی کورد بووبێت لە مێژوودا. بۆیە دەڵێم دەبێت هاوکار و هاندەر و ستایشکاری سەرۆک وەزیرانی ئاوا و خەون و بەرنامە و هیواکانی بین، سەرباری ئەوەی تا ئێستە سەربەرزانە و خۆڕاگرانە کوردستانی لە وێستگە مەترسیدارەکان پەڕاندووەتەوە، بەڵام پێویستە لە هەر بابەتێکەوە پێمان دەکرێت، ڕۆشنگەری لەسەر ڕووداو و دەسکەوتە مەزنەكان بکەین، هەموومان پشتگیری و پاڵپشتی لە ئاستە جیاوازە ڕۆشنبیری، یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەوە لێ بکەین، تا نەتەوەبوونی خۆمان و شایستەییمان بۆ پرۆژەی گەورەتر و جیهانیتر، زیاتر لە هەمیشە بۆ هەمووان و دنیا، بسەلمێنین.