ئاڵای کوردستان لە تاران

AM:09:57:25/05/2025 ‌
ئێران وڵاتی ڕیچواڵ و ڕێوڕەسمەکانە، یان باشترە بڵێین کولتووری ئێرانی کولتووری ڕێوڕەسم و ئەو ڕیچواڵانەیە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەیەوێت خۆی تێدا بنوێنێتەوە. کاتێک دەڵێم ئێران و کولتوورەکەی، ئەم تایبەتمەندییانەیان هەیە، بەو مانایەیە کە هەر هێز و دەسەڵاتێکی سیاسی لە ئێراندا هاتبێتە سەر کار، لەناو ئەو چوارچێوەیەدا جێگیر دەبێت. ئەم تایبەتمەندییە بە زۆری و زەقی، لە سەردەمی هێنانەسەرکاری ڕەزا پەهلەوی لەلایەن ئینگلیزەوە و پاشی ئەو لە سەردەمی حەمەڕەزای کوڕیدا و ئێستەیش لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، دەرکەوتووە. 

تیۆرەی "ئێرانی کولتوور گەورە" لە دڵی ئەم تایبەتمەندییەی ئێرانییەکانەوە هەڵقوڵاوە و ڕیشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پەهلەوی، بەڵام دەستەڵاتدارانی ئێستەی ئێران، بە شانازییەوە باسی ئەم دەستەواژەیە دەکەن و ئەفغانستان و تاجیکستان و بەشێک لە پاکستان و هیندستان، لەناو نەخشەی دەلالەتی ئەم دەستەواژە داگیرکار و وەهمییەدا دەبینن. ئەمە پێشاندەری بەردەوامیی ئەو کولتوورە ڕیچواڵی و ڕێوڕەسمتەوەرەیە کە لەسەر هێما و نیشانەکان زۆر هەستیارە و زیاترین و زۆرترین یاریشی هەر لەسەر ئەمەیە. 

هەڵبەت لەناو نەخشەی گەورەی پڕوپاگەندەی سیاسی و ئایدۆلۆجی ئێرانییەکاندا، تا ئێستە باش ڕۆشتووەتە پێش، بەڵام ئێستە سەردەمێکی نوێیە و ئێران پێچەوانەی زۆر قۆناغ، ڕەنگە نەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە. واتە پێدەچێت لە هەمبەر فاکتەر و هەلومەرجە نوێیەکاندا، ئیتر پلان و نەخشەڕێی نەبێت. واتە نە کاتی هەیە و نە توانا! کاتی نییە، چونکە لە چەندان لاوە تێی گیراوە! توانایشی نییە، چونکە دنیا بەهۆی پێوەندیی نوێ و پارادایمی تازەی زانیاری و هوشیارییەوە، ئیتر ئەو جەستە خەوتووە بێلایەنە نییە کە پێشتر هەبوو. 

ئێران نەک هەر لەناو ئەو پرۆژە کولتوورییەی ناوی لێ ناوە "ئێرانی کولتوور گەورە" یاری دەکات، بەڵکوو باوەڕیشی وایە کەعبە و ئورشەلیم بەبێ بەشداری و چاوساغیی ئەوان، لە پێگەی مەعنەویی خۆیان کەوتوون! واتە ئەو دانبەخۆداگرتنەی لە ئاینی شیعەدا لە دۆخە سەختەکاندا گونجاو زانراوە! کولتوورێکی سیاسیی بەم ڕوانگەیەوە و لە سەردەمی نوێدا، زۆر ناتوانێت بەردەوام بێت! 

دوای شۆڕشی ژینا دنیایەک تێچوو و سەرمایە بەکار هات تا ناوی شۆڕشەکە لە ژیناوە بکرێت بە "مەهسا"! دنیایەک پەلاماری کوردیان دا کە بۆچی پێداگرن لەسەر ناوی ژینا. تا ئێستەیش ئەمەیان پێ قووت نادرێ کە ژینا کچەکوردێکی سەقزی بوو، شۆڕشەکە بەهۆی ئەوەوە هەڵگیرسا و سەرچاوەی شۆڕشەكەیش کوردستان بوو! 

کاتێک باسی ئەو تایبەتمەندییە کولتوورییەی ئێرانییەکان دەکەم، واتە بەشێکی زۆری خەڵکێکی فارسزمان و تەنانەت لە ئیتنیکەکانی تریش، وەک گیلەک و مازەنی و... وا بیر دەکەنەوە. کەواتە کولتوور بابەت و دیاردەیەکی سەراپاگیرە و تایبەتمەند نییە تەنیا بە سیستمێکی سیاسی یا بنکەیەکی کولتووری و ڕۆشنبیری! دەوڵەتەکانی ئێران لە هەموو سەردەمەکاندا بە باشی پێڕەوییان لە ڕیچواڵی یەکنەتەوە، یەکزمان و یەک ئاڵا کردووە، دیارە لە ڕووی تیۆرییەوە ئەم تێگەیشتنە تەنیا بەو مانایە نییە کە ئەم وڵاتە تەنیا و تەنیا بەرگری لە یەک زمان بە ناوی فارسی و یەک ئاڵای دیاریکراو بە ناوی ئاڵای ئێران و یەک نەتەوەی دیاریکراو بە ناوی پیرشێن (فارس-ئێرانی) دەکات، بەڵکوو هاوکات و بە شێنەیی و شاراوەیی، بە مانای دژایەتیکردنی هەر ئاڵا، زمان و نەتەوەیەکە کە بیەوێت لەژێر ئەو ئاڵایە بێتە دەرەوە، بەداخەوە ئەمە هەم دیاردەیەکی کولتوورییە کە هەم لە کۆماریییەکانی تاراندا هەیە و هەمیش لە لیبراڵەکانی لۆس ئانجلێس! 

لە بەرانبەر کورددا، بێگومان تا ئێستەیش ئەم سیاسەتی شێواندن و ملبادانە بە شێوەی نەرم بەردەوام بووە و دەشبێت، هەموو هاوڕێ فارسەکانم ددان بەوەدا دەنێن تا نەهاتوونەتە زانکۆکانی کوردستان هەرگیزا نەیانزانیوە کورد لە عێراق و تورکیا و سوریایش هەن و هەر وایانزانیوە کورد کۆمەڵێک گوندنشین و خێڵن لەسەر ئەو چیایانە بە مەڕداری و جووتیاری دەژین. خۆشبەختانە بە توانای كورد خۆی، ئەو وێنە دەمێکە پووچەڵ بووەتەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژیش بیركردنەوەی وا پووچتر دەبێ، سەیرە لەم سەدەیەدا فارس هەبێت بڵێت نەمزانیوە کوردستان شاری گەورەی تێدایە و وامزانیوە هەر کەژ و گوندە! 

ڕاستە ئەم نموونەیە تۆزێک دانسقەیە، بەڵام بە لای كەمەوە پێشاندەری ئەو پرۆژە و پلانەیە لە فلتەرکردنی هوشیاری و ئاگایی خەڵکی ناکورد بەرانبەر کورد، گەشەکردن و بەهێزبوونی باشووری کوردستان و یاریی سیاسی و سیپلۆماسییان لە واشنتۆن و تاران لەیەك كاتدا، وایکردووە خەڵکی فارس و ناكوردەكانی تری ئێرانیش، زیاتر ئاگەداری دۆخی کورد بن، کورد وەک نەتەوەیەکی خوازیاری ئاشتی و دیموکراسی و گەلێکی جیاواز و باڵا، ببینن. 

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە تاران، بۆ ئێرانییەکان کارێکی ئاسان نییە، ئەوان زۆر بەو ئاڵایە قەڵسن، دەبێت چ لە پێوەندییەکانی کورد و ناوچەکە و پێگەكەیدا هاتبێتە ئاراوە وا ئێرانییەکان ئاوا پێشوازیی لێ دەکەن؟ ڕاستە کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا و بە تێپەڕین بەناو دنیایەک قەیران و کێشەدا سەربەرزانە درەوشایەوە و پێگەی خۆی نەک پاراست، بەڵکوو بەهێزتریشی کرد، ڕاستە ئێران لەژێر گوشارێكی جیهانیدایە و کەڵک لە هەموو کارتێک وەردەگرێت، بەڵام توانای هەرێم لە یاری و دیپلۆماسی سیاسیدا، چیتر نادیدە ناگیرێ. 
لە بیرمان نەچێت هەرچەند ساڵ پێش ئێستە بوو لە تارانەوە فرمانی تەقاندنی مووشەکی بالیستیکی بەرەو هەولێر دەردەکرا، کەچی ئێستە بە ئامێزی کراوە و بە شاگەشکەییەوە پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێم دەکەن. 

لە کۆتاییدا دەڵێم، هەڵکردنی ئەو ئاڵایە بۆ ئێران ڕەنگە سەخت و جەرگبڕ بووبێت یان تەنیا یارییەکی سیاسی و دیپلۆماسی بووبێت، بەڵام لە هەر حاڵدا نابێت لەبیری بکەین ئەوان دۆست نین! سیاسەت دەکەن و هەم ئەزموونیان زۆرە و هەم هێز، دەبێت بە هوشیاری و زاڵبوون بەسەر خۆماندا لەو ڕووەوە بدوێین، نە شاگەشکە بین و نە پشتیشیان تێ بکەین، بەڵکوو تەنیا هەوڵ بدەین لە یارییەکە تێبگەین و داوای بەرژەوەندی هاوبەش بكەین وەك دوو نەتەوەی جیاواز.