یەكەم/ پاشخانی پێوەندییەکان
یەکێک لە ئاماژەکانی بەهێزی پێوەندی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، کردنەوەی گەورەترین کونسوڵگەی ئەو وڵاتەیە لە هەولێری پایتەخت، لە ئایندەیەكی نزیکدا. کونسوڵگە هێمایە بۆ نوێنەرایەتیی وڵاتی نێرەر لە وڵاتی پێشوازیکەر، بەڵام ئاست و رێژەی توندوتۆڵی پێوەندییەکە و بەهێزییەكەی دەکەوێتە سەر گرنگی هەردوو لایەنەکە بۆ یەکتر و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتردا.
ئەمڕۆ ئەگەرچی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێڕاقدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام جۆری مامەڵەکە تایبەت و جیاوازە و لە هیچ مۆدێلێکی فیدڕاڵی تری جیهاندا ئەم جۆرە پێوەندییە لە نێوان دوو ئەکتەری دەوڵەتی و نا-دەوڵەتیدا رووی نەداوە. ئەکتەری دەوڵەتی مەبەستمان ئەمەریکایە و ئەکتەری نا-دەوڵەتیش هەرێمی کوردستانە.
لە سەردەمی جەنگی سارد و ململانێی نێوان هەردوو بلۆكی سەرمایەداری و سۆسیالیستی ئەمەریکا، ئامادە نەبوون لە ئاستی باڵادا دەستەبژێری سیاسی کوردی ببینن و زیاتر لە ڕێگەی کەناڵی دبلۆماسی ئاستی باڵیۆزخانە و کونسوڵگەوە مامەڵەی لەگەڵ کورد بەشێوەیەکی گشتی دەکرد. بەڵام دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی سەرمایەداری، ئەم فۆڕمە لە پێوەندی لەگەڵ کورد گۆڕا و لە دوای 2003 کەناڵی دبلۆماسی و پێوەندی نێوان کورد و دنیا و بە دیاریکراویش هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، بە تەواوی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسە باڵاکانی تریان لە نموونەی سیناتۆر و کۆنگرێسمانەکان، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و دەكەن.
ئەمڕۆ وێنەیەکی تر لە پێوەندی نێوان هەردوولا دەبینرێت، سەرەڕای ئەوەی دوای 2003، ئەمەریکا بەشێوەیەکی بنەڕەتی پشتی بە کورد وەک کارەکتەرێکی بەهێز بەستبوو، هەم لە ڕووخانی بەعس و هەمیش لە قۆناغی بنیاتنانەوە و راگوزەری و داڕشتن و نووسینەوەی دەستوور و پەیکەری حکومڕانی لە وڵاتەکە و تەنانەت بە هاوبەشی ستراتیجی، هەرێمی کوردستان وێنا دەکات و دەبینێت.
دووەم/ بۆچی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا گرنگە؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە فرەرەهەند و فرەرەنگە، بەڵام دەکرێت بەشێوەیەکی گشتی چەندان هۆ و پێدراو و فاکتەر دیاری بکەین بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە. هەرێمی کوردستان وەک گۆڕاوێکی سەربەخۆ لە عێراقدا لەبەر چەندان هۆ، بەلای ئەمەریکاوە گرنگ و جێی بایەخە و بەمشێوەیەی خوارەوە ریزبەندییان دەکەین:
1-هەرێمی کوردستان، تاکە هەرێمە لە عێراقی فیدڕاڵدا، لە كاتێكدا بەپێی دەستووری وڵاتەكە دەبێت زیاتر لە هەرێمێک هەبێت، بەڵام هێشتا جگە لە کوردستان، هەرێمی تر دروست نەبووە، ئەمەیش وای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا کردووە، بە بایەخەوە سەیری پێگەی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە راگری سیستمی فیدڕاڵییە لە عێراقی دوای 2003ەوە و سیستمی فیدڕاڵیش ناسنامە و ئامرازی سەرەکی و رووخساری دیاری عێراقی نوێ و دوای بەعسە.
2-هەرێمی کوردستان کەناڵی هاوسەنگی و فاکتەری سەقامگیری عێراقە، بۆ ئەوەی هاوسەنگی نێوان هەرسێ پێکهاتەی شیعە و سوننە و کورد تێکنەچێت و پلۆڕاڵیزم و فرەیی و هاوبەشیی هێز و ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق کارا بێت، ئەمەریکا مامەڵەی تایبەت لەگەڵ هەرێم دەکات و پاڵپشتی سیستمە سیاسی و حکومڕانی و کیانە دەستوورییەکەی دەکات و وەک بڕبڕەی پشتی وڵات و سیستمەکە دەیبینێت، بە تایبەت کاتێک ململانێی مەزەوی و دەستوەردانی دەرەکی و هەژموونی وڵاتانی تر هێشتا زاڵن بەسەر بەغدا و ناوچەکانی تری عێراقدا.
3-پێگەی جیۆسیاسی و جیۆپۆڵەتیکی هەرێمی کوردستان جێی بایەخی ئەمەریکایە، بەو پێیەی دەکەوێتە نێوان هەرسێ وڵاتی ئێران و تورکیا و عێراقی عەرەبی کە هەرسێکیان نوێنەرایەتیی سێ کولتور و ناسنامەی تایبەت دەکەن.
سێیەم/ نەوت و هەرێمی کوردستان
ئاشكرایە هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە نەوت و سامانی سروشتی، ئەمەریکا هێشتا بەدوای ئابوورییەکی بەهێز و نەوت و سامانی سروشتییەوەیە، ئەم خاڵە دەکرێت پێکهێنەری سەرەکی و نزیککەرەوەی گەورەی هەردوو لایەنەکە بێت، بە تایبەت ئەم خولەی تڕەمپ کە زیاتر بەدوای وەبەرهێنان و بازاڕ و سەرمایە و ئاسایش و کەمکردنەوەی ململانێوەیە، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا مامەڵەی ئابووری و بەرژەوەندی ئابووری، کاریگەریی سیاسی و دبلۆماسی دەبێت؟
بێگومان لە دنیای سیاسەت و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ئابووری دەتوانێت بنەما سیاسییەکان پەرە پێ بدات و فرەوان بکات. لە کایەی دبلۆماسی هاوچەرخدا رشتەیەک هەیە پێی دەوترێت دبلۆماسی بازرگانی Commercial Diplomacy ئەم جۆرە دبلۆماسییە لە بازاڕ و ئابووری و بازرگانییەوە دەست پێ دەکات و گەشە دەکات. بۆ نموونە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان دوو وڵات، لە کاتی ئاشتی و دۆستایەتیدا بەرزتر دەبێتەوە و بە پێچەوانەیشەوە لە کاتی جەنگ و ململانێ و گرژییەکاندا، کەمتر دەبێتەوە.
ئەمە هاوکێشەیەکی سادەی دنیای پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانە و زیاتر لیبڕاڵەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە کە وڵاتان لە ڕێگەی پێوەندی ئابووری و بازرگانییەوە دەتوانن بگەن بە پێوەندی سیاسی و دبلۆماسی توندوتوڵ و بەهێز.
ئەمڕۆ ئەمەریکا چەندان گرێبەستی لە بواری نەوت و گازی سروشتی و کەرتەکانی تردا، لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژوو کردووە و هەرێم وەک هاوپەیمانێکی ئابووری و سیاسی دەبینێ. ئەم جۆرە پێوەندییە دەکرێت فرەوانتر بکرێت و ئاستەکانی بەرزتر بکرێتەوە، بۆ ئەوەی پێوەندی سیاسی لەسەر بینا بکرێت و بگۆڕێت بۆ وەبەرهێنانی سیاسی و بناغەیەکی تەواو ستراتیجی بۆ دابڕێژرێ.
هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستییان بە یەکترە و دەتوانن ببن بە سەرچاوەی هێز و وزە بۆ یەکتر.