"دەزانی بۆ هیچم دژی مەسروور بارزانی پێ نەکرا؟. بۆ؟ چونکە نەنکم ناساغ بوو".
لە کۆمەڵگەی ئەمەریکی لەڕێگەی جیاوازەوە ڕۆژانە نووکتەی سیاسی نوێ بەرهەم دێت. شێوازێکی باوی گێڕانەوە و بەرهەمهێنانی نووکتە هەیە، ناویان ناوە (میمی meme ) ئەو میمیە وێنە و ڤیدیۆ و پارچە دەقی کورت... تاد، دەگرێتەوە و سروشتی ئەمانە تێکڕا گاڵتەجارانەیە. ئەمەیش بە تایبەتی لەلایەن بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتەوە بەشێوەی کۆپی، خێرا بڵاو دەکرێتەوە و بەکاردێت، دوور نییە هەندێک جاریش گۆڕانکارییەکی کەم بکرێت.
ئەمڕۆ تۆڕەكانی کۆمەڵایەتی بوونەتە ناوەندێکی چالاکی بەرهەمهێنانی دەقی گاڵتەجاڕ و نووکتەی سیاسی. لەم ڕۆژانە ڤیدیۆی یەکێک لە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانم بینی، ئەو پەرلەمانەی هێشتا کۆبوونەوەیەکی نەکردووە، کەچی نووکتە بەرهەم دێنێت، بۆیە دوور ناچین ئەگەر بێژین پڕە لە کۆمیدیا و نووکتە.
نووکتەکە لەوەدایە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام پێدەچێت لە ئەمەریکایش دەوام بکات و دژی کیان و پێکهاتەی حووکمڕانی هەرێمی کوردستان کار بکات، دەڵێت: "ئەمجارە نەمتوانی چاودێری سەردانەکەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەمەریکا بکەم، چونکە لە فڕۆکەخانە بووم و نەنکم نەخۆشە، لەبەر ناساغی نەنکم دەگەڕامەوە سلێمانی، بەڵام سەركەوت زۆر شتی کۆکردووەتەوە".
ئەمە نووکتەیە، لەبەر نەنکی نەیتوانیوە چاودێری بە مانا نەرینی و خراپەکە بکات، چوونکە ئەرکی ئەو ڕاوکردنی چالاکییەکانی حکوومەتی هەرێم و بە تایبەتیش (مەسروور بارزانییە). ئەمە جۆرێکە لە نمایشی گاڵتەچاڕانەی پڕ لە پێکەنین. چ ژینگەیەکی سەیرە، لەپێناو نووکتە، خۆ بكەیە نووکتە.
لە ئەمەریکا ئەم نووکتەیە بڵاوە: یەکێک لە یاریدەدەرەکانی ترەمپ باسی خەونێکی بۆ سەرۆک کرد و گوتی "سەرۆک، خەونێکم بینی تۆ نمایشێکت ڕێکخستبوو. درێژیی نمایشەكە چەندان کیلۆمەتری ناو واشنتۆن دی سی بوو، هێندە درێژ بوو پێچاوپێچ بوو. ئەمەریکاییەكان بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە بەدەم ڕێگاکەوە وەستابوون، خەڵک پێ دەکەنین، هاواریان دەکرد و لە خۆشیان دەیانقیژاند، لە شەقامەکاندا یارییان دەکرد. تۆ سواری جوانترین گالیسکە بوویت.
(ترەمپ) دەپرسێت: ئەرێ من ئەوکاتە دڵخۆش بووم؟ یاریدەدەرەکە وەڵامی دایەوە: نازانم سەرۆک گالیسکەکە لە هەموو لایەکەوە داخرابوو، هیچم نەبینی.
لە هەمان گاڤدا لە تەک پرسیارە ڕژدە کۆمیدییەکەی سەرۆک ترەمپدا کە دەزانێت (دڵخۆشی) پەیامی هەرە گرنگی نووکتەکەیە، نووکتەیەکی دیکە لەبارەی کاندید و دەنگدان لە ئەمەریکا باوە، دەڵێت: هەندێک جار هەست دەکەیت هەڵبژاردنەکان دوورکەوتوونەتەوە لەوەی کێ باشترین کاندیدە، یان کێ کۆمیدیترینە، بێگومان ئەو کەسەیە کە کەمترین میمی لەبارەوە دروست دەکرێت. ئەمەیش لە کردەوەدا دەبێتە سەرقاڵکردنی خەڵک بە سیاسەتەکانیان و ئەو زیانانەی دەیگەیەنن. پێ دەچێت لێرەدا نووکتە هاوتا بکرێت لەگەڵ خۆشەویستیی، هیوادارم زۆرینەی خەڵک بە شتێکی گاڵتەجاڕی بزانن.
واتە ڕوونە خۆ بە نووکتەکردن لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگ بۆ پەرلەمان هەیە، ڕەنگە ئەم کەسە سوودی لەوە وەرگرتبێت، پەیداکردنی دەنگ و هەڵسوکەت و ڕەفتار و قسەی گاڵتەجاڕانە، بە هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتن بزانێت.
(Dana MashAl ) لەبارەی نووکتەی سیاسی لە ئەمەریکا، دەڵێت: 'لە کاتێکدا دەتوانم لەوە بگەم کە ئەم کارە گاڵتەجاڕییانە پێدەچێت میکانیزمێکی ڕووبەڕووبوونەوە بن بەرانبەر هەر شتێک، کە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی لە داهاتووی وڵات پێکدەهێنن، بەڵام باقی جیهان ئەو ئیمتیازەی نییە، وەک ‘میمێک سەیری سیاسەتەکانیان بکەن و ئێستە وڵاتەکانمان تووشی شەڕ دەکرێن، گەلەکەمان لە مردندایە، ئێمەیش لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا ئازار دەچێژین. کەواتە لە کاتێکدا ئەمەریکاییەکان میمەکان دروست دەکەن و بە سیاسەتوانان پێدەکەنن و هەر چوار ساڵ جارێک گلەیی لە خەڵک دەکەن، بەوەی چۆن دەنگ بدەن و بەوانەی نەدەن کە ئەوان نایانەوێت، ئێمە دەبێت هەموو ساڵێک، هەموو ڕۆژێک، هەموو کاتژمێرێک مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەکان بکەین، گرنگ نییە سەرۆک کێ دەبێت، لە کۆتاییدا مەسەلەکان بە جۆرێکن هەمیشە هەمان ئەنجاممان دەست دەکەوێت".
https://www.thegazelle.org/issue/264/american-politics-a-joke
ئەمەش وایە، لەبەرئەوەی نەنکی بووەتە هۆکار بۆ دروستکردنی نووکتەیەکی بە زۆر كراو بە نووکتەی سیاسیی کوردی، ئەنجامەکان دووبارە دەبنەوە و پێشیان خۆشە خەڵک لە جیاتی بە کردەوە ئاسودەبوون و پێکەنین و بە ئارامی بیرکردنەوە و بڕیار، گوتاری دەمارگرژی دروست بکەن. نووکتە بە تامی گریان، بە تامی پێکەنینی ساختە و دروستکراوی بێ مەعریفە. دەزانن، بۆ؟ چونکە گوتاری نووکتە گوتارێکی مەعریفەدارە، بە تەکنیک و شێوازێکی سادە و کورت و ئامانجداری خێرا و پێکەنیناوی بەرهەم دێت و لەناو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە و لە بواری جیاوازدا بەکار دێت.