کورد تا سەربەخۆ نەبێ، هیچکات لە هەڵگرتنی باری قورسی ئازار و خەم کە داگیرکەر بۆمان دروست دەکەن، ناکەوین. دەڵێم تا سەربەخۆ نەبین، بەڵام دەبێت وا بیر بکەینەوە کاتێک سەربەخۆ بین، دەبێت یەکەم کار کە پێی هەستین، سەندنەوەی هەموو ئەو مافە دارایی و تۆڵەکردنەوە لە هەموو ئەو پێشێلکارییە مەعنەوییانە بێت کە نەتەوەیەکی بۆ ساڵانێکی نادیار بریندار و شەکەت کرد. ئێستە کە ئەم قسانە دەکەم، لای خۆم شەرم دەکەم، بۆچی دەبێت باسی تۆڵەسەندنەوە بکەم لە کاتێکدا من کوردم و ئەمە لە کولتووری مندا هیچ پێگەیەکی نییە، بەڵام لەولایشەوە بیر لە بەشی یەکەمی قسەکەم دەکەمەوە و دەڵێم ئەو نەک تەنیا سەربەخۆییم پێ ڕەوا نابینێ، بەڵکوو تەنانەت بۆ ئەوەی بەشێکیش بم لە خۆی، مەرج دادەنێت كە كۆیلەیەتی و ملکەچی هەمشەیی قبووڵ بكەم و هەمیشە بۆی دووپات بکەمەوە.
ئەزموونی دانوستان لەگەڵ هەموو حکوومەتەکانی عێراق کە سەرلەبەریان تا ئێستە فاشی بوون و فاشی دەبن، ئەوەیە کە نەرمی بنوێنە تا زیاتر بتچەوسێننەوە و ڕەقیشت نواند هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی بەسەرتدا زاڵ ببن و زیاتر بتچەوسێننەوە! لە وەها هاوکێشە و لۆجیکێکی دڕندانەدا کە لە دەرەوەی هەر بەهایەکی مرۆییە، باسکردن لە تۆڵە و تیژکردنەوەی شمشێری ڕق دژی کولتوور و پێکهاتەیەک کە نانی سەر خوانەکەت پێ ڕەوا نابینێت، ئایا بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە؟ دڵنیا نیم! بەڵام من کوردم و بەردەوام لەم دڵەڕاوکێیەدا دەژیم کە نەک عەرەبی بیابان، بەڵکوو کولەکانیشیان نابێت بکوژم، ئەم سۆز و هەستە مرۆییە تا کوێ زیندوو دەمێنێت؟
هەر ئەمڕۆ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا جووتیارێکی کوردی پێشان دەدا کە داهاتی یەک ساڵی چەندان هێکتار لە زەویوزاراکەی خۆی پێشکەشی خەڵکی غەزە کرد، بۆ ئەو فەلەستینییانەی لە گۆڕەپانی سەدام، دژی کورد هەموو ساڵێک دروشم دەڵێنەوە! لێرەدا جیاواز لەوەی بەزەییم بە عەقڵی خۆم و ئەو جووتیارە کوردەدا دێتەوە، هاوکاتیش دڕندەیی و فاشیبوونی کولتوورێک دەبینم کە دنیا بە موڵکی خۆی دەزانێت. وەک شێرکۆ بێکەس فەرموویەتی: ئەز نازانم چیتان بۆ باس کەم! ئەمە ژانی ئەم نەتەوەیەی ئێمەیە! مرۆڤانە و سەربەرزانە دەژی کەچی نامرۆڤانە و فاشییانە دەیکوژن! بەناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە هاتن خاکەکەمانیان داگیر کرد، نەتەوەکەمانیان قڕ کرد، باخ و ڕەز و کانزا و هەموو شتێکیان تاڵان کرد، پیرۆزییەکانمانیان لاقە کرد، مێشک و زەینمانیان تێک دا و کردینیان بە دڵسۆزی کولتوور و ئاین و غەزە و غەزاکانیان، کەچی هێشتا سوورن لەسەر ئەوەی نان نەبێت بیخۆین!
سایکۆلۆجییەتی عەرەب ئەمە قبووڵ ناکات کە دادوەرانە بجووڵێتەوە، ئەو تەنیا ئاغاواتی و سەروەری بەسەر هەموو نەتەوە ناعەرەبەکان دەناسێ، ئەگەرچی ئەمە پێچەوانەی دەقی پیرۆزی قورئانە، بەڵام مێژووی عەرەب و کولتووری قڕکردن، ئەمەی سەلماندووە کە نایانەوێت پێڕەوی لە قورعان بکەن، بەڵکوو قورعان و هەموو پیرۆزییەکانی ئیسلام، تەنیا دارەدەستن بۆ ئەوەی جیهان بخەنە خزمەتی خۆیان!
بەداخەوە کورد هێشتا لەم خەوە ترسناکە و لەم وەهمە خۆشە بە ئاگا نەهاتووەتەوە، ئەینا ئێستە هێندە یەکگرتوو دەبوون کە بەغدا نەیدەوێرا بۆ تاقە سەعاتێک مووچە و قووتی خەڵکی کوردستان دوابخات! کورد خانەخوێی کەسانی وەک مالیکی و عەبادی و دەیانی وەک ئەمانە بووە، لە سەردەمێکدا کە سەدام حسێن کونەمشکی لێ کردبوون بە قەیسەری، ئایا ئێستە دەبێت سەرمان سووڕ بمێنێت کە کەسانی هاوشێوەی قەیس خەزعەلی هەموو ئاشوبێك دروست دەکەن تا کێشە و ئاژاوە بخەنە ماڵی کورد؟
بەشێک لەم قسانە دەردەدڵی کوردانەن، بەڵام بەو مانایە نین کە لەخۆگری ڕاستیی مێژوویی و فکری نین. پێم وایە مووچە تاکە چەکێکە کە بە دەستی فاشی و پێپەتییەکانی بەغداوە ماوەتەوە، عێراقی داگیركەر و بەڕێوەبەرە سپڵەکانی پێشەنگایەتیی یەکێک لە گەندەڵکارترین وڵاتانی جیهان دەکەن، پارەیەکی زۆر دەڕژێتە بەردەستیان، هەر لە فرۆشی نەوت و داهاتە ژێرزەوی و سەرزەوییەکانەوە، بگرە تا ئەو یارمەتیانەی ئەمەریکا بە شێوەی کاش دەیانداتێ، بەڵام بەو حاڵەیشەوە مووچەی کورد بە حاسیبەیەکی شکاو و تەزویر حسێب دەکەن و ناشینرێن!
زیاتر لە سوعبەت دەچێت ئەم دۆخە، بەڵام ڕاستییەکی تاڵە. ئەوان نە توانییان پێشکەوتنە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاوەستێنن و نە چاویشیان بە بچووکترین پێشکەوتن و سەقامگیریی ئابووریی کوردستان هەڵدێت، هەربۆیە ئەم تاقە کارتەیان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە بەکار دێنن، تا کورد ئەگەر لاوازیش نەکرێت. ئەوا لەمە زیاتر پێش نەکەوێت، دڵنیام ئەم کردەوانەی عێراق بەبێ ڕاوێژی وڵاتانی دراوسێی داگیرکەری کوردستان نییە کە شکور دەنگی دەهۆڵی کەوتنیان وردەوردە دەگاتە گوێ.
لە هەلومەرجێکی وادا، پێویستترین شت بۆ ئێمەی کورد، یەکدەنگییە دژی بەغدا، هەڵوێستی ڕژد و پێداگریی ژیرانە و یاسایی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە دەبێت ئێمە هوشیار بین کە ئەم پلان و ئەجێندایە بەر لە هەر شتێک، دەستی ڕەش و تێکدەرانەی داگیرکەری لە پشتە و هێندەی ئاگاداری چارەنووسی خۆمان بین، ئەم پلانە شومەیان پووچەڵ بكەینەوە.
بە پێچەوانەی هەندێ لەو باس و خواسانەی هەن، کوردستان لەوپەڕی پێشکەوتن و بەرەوپێشچووندایە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک وەزیران لاپەڕەی زەنگین و بێ وێنەی بۆ مێژووی کوردستان تۆمار کردووە، هەم دابینکەری ئاسایش و جێگیریی هەرێمە و هەمیش مژدەدەری داهاتوویەکی گەشە!
نەختێکی تر پشوومان درێژ بێت، هەڵکەندنی ئەم گۆشتە گەنیوە لە جەستەی نیشتمان، زۆری نەماوە.