یه‌كه‌م
به‌غدا پایته‌ختی فه‌رمیی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵه. ده‌وڵه‌ت له زانستی سیاسه‌تدا كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ند و كۆڵه‌گه‌ی خۆی هه‌یه، یه‌كێك له‌وانه سه‌روه‌رییه و به ئینگلیزی پێی ده‌گوترێت Sovereignty واته ده‌وڵه‌ت وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی سیاسی، یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن بڕیاری خۆی بێت. سه‌روه‌ری به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی له دوو ئاستدا ده‌رده‌كه‌وێت:
یه‌كه‌م، چۆن پارێزگاری له سنووره‌كانی خۆت ده‌كه‌یت و رێگه به هیچ ئه‌كته‌رێكی ده‌وڵه‌تی و نا-ده‌وڵه‌تی ناده‌ی ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆت بكات.
دووه‌م، چۆن وا ده‌كه‌یت وه‌ك ده‌وڵه‌ت، هاووڵاتی، خه‌ڵك و گرووپه جیاوازه‌كان گوێرایه‌ڵی فه‌رمان و رێسا و یاسای ده‌وڵه‌ت بن و لێی ده‌رنه‌چن.
ئه‌م سه‌ره‌تا تیۆرییه له ئه‌ده‌بیات و فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌تدا ناسراو و دیاره و ئه‌لف و بێی دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ته. له ڕووی كردارییه‌وه، عێراق هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و هاوچه‌رخی تێدا نییه و ناتوانێت سه‌روه‌ری و ناسنامه‌ی خۆی بپارێزێت. ئێمه باسی عێراقی نوێی دوای 2003 ده‌كه‌ین كه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوورێكی هه‌میشه‌یی تازه، له ڕووی یاساییه‌وه سه‌روه‌ریی پارێزراوه، به‌ڵام له ڕووی كردارییه‌وه ناتوانێ سه‌روه‌رییه‌كه‌ی خۆی بپارێزێت و به‌رگریی لێ بكات، وه‌ك كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی و بڕبڕه‌ی پشتی ده‌وڵه‌ته‌كه، ئه‌مه‌یش چه‌ندان فاكته‌ری دیار و ئاشكرای له پشته‌وه‌یه و گرنگترین و سه‌ره‌كیترینیان، عێراق بووه‌ته ده‌سكه‌لای وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و هێزه‌كانی تر.
به‌شێكی زۆری بڕیاره‌كانی ئه‌م وڵاته، له ده‌ره‌وه بۆی دێت و ته‌نانه‌ت له به‌شێك له هه‌ڵبژاردنه‌كانیشیدا هێزی تر بڕیار له‌سه‌ر براوه و دۆڕاو و كامه هێز یه‌كه‌م بێت و كامه دووه‌م و سێیه‌م بێت ده‌دات. دیاره دۆخێكی له‌م شێوه‌یه بۆ هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دنیا له ده‌وڵه‌تبوونی ده‌خات و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی ده‌خاته ژێر پرسیار و گومان و رامانی گه‌وره‌وه، به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تێك له‌ناو جه‌رگه و دڵی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بێت و له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زه‌و به‌ڕێوه ببرێت و مانای پێ ببه‌خشرێت.
دووه‌م
ده‌سكه‌لا وشه‌یه‌كه گوزارشت له دۆخێك ده‌كات كه كه‌سێك یان هێزێك یاخۆ لایه‌نێكی به‌هێزتر، ده‌یه‌وێت به‌كارت بێنێت بۆ ئامانجێكی دیاریكراو له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا. ره‌نگه دوای گه‌یشتن به ئامانجه‌كه، ده‌سكه‌لا چیتر بایه‌خ و گرنگی و مانای بۆ هێزی زاڵ نه‌مێنێت و نرخه كاتییه‌كه‌ی له ده‌ست بدات.
عێراقی ئه‌مڕۆ وه‌ك ده‌سكه‌لا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و به‌كار ده‌هێنرێت، ئه‌وه‌ی كاری پێ بێت و بیه‌وێت ئامانجه سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانی بپێكێت، ده‌یكاته ئامرازی گه‌یشتن به ئامانجه‌كه! به دیاریكراویش ئێران وه‌ك ئه‌كته‌رێكی زاڵی ناو گۆڕه‌پانی سیاسی و سه‌ربازی عێراق، ئه‌و رۆڵه ده‌بینێت و پێڕه‌وی ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی عێراق به ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه و كۆمه‌ڵگه‌وه، به بارمته گیرابێت و كرابێت به ده‌سكه‌لا.
باشترین نموونه‌ی ئه‌م ده‌سكه‌لابوونه، راگرتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و نه‌ناردنی و به سیاسیكردنی قووتی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه. له ماوه‌ی 11 ساڵی رابردوودا پرسی مووچه كه پێوه‌ندیی راسته‌وخۆی به ژیانی چینی ناوه‌ڕاستی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و ئابووری و بازاڕ و ژێرخانی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه، به‌رده‌وام له به‌غداوه به سیاسی ده‌كرێت و یاریی پێ ده‌كرێت، به‌ڵام پاڵنه‌ر و هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌گه‌ر به‌شێكی به‌غدا خۆی بێت، ئه‌وا به‌شه‌كه‌ی تر شوێنێكی تره و وڵاتانی هه‌رێمی و هه‌موو ئه‌و ئه‌كته‌ر و هێزانه‌ن كه ده‌یانه‌وێت له ڕێگه‌ی به‌غدا و مووچه‌وه، هه‌رێم وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری و یاسایی، بێهێز و لاواز بكه‌ن و په‌راوێزی بخه‌ن.
سێیه‌م
هه‌رێمی كوردستان له ڕووی تیۆرییه‌وه به‌شێكه له عێراق، ئه‌م بنه‌مایه له ده‌ستووردا جێگیر كراوه و هاووڵاتییانی عێراق ده‌نگیان بۆ داوه. واته ده‌سته‌بژێری سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ره‌زامه‌ند بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به قه‌واره سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌ییه‌كه‌یه‌وه، وه‌ك هاووڵاتیی عێراق مافیان هه‌بێت و پێڕه‌وی مافه ده‌ستووری و یاساییه‌كانی خۆیان بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌یشی پێ خۆش نه‌بێ، به‌ڵام تا ئێسته بارێكی ده‌سه‌پاوه و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كوردستانی به به‌شێك له عێراق داناوه.
له‌لایه‌كی تره‌وه، به‌پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق كه گوایه باڵاترین دامه‌زراوه‌ی داد و دادوه‌رییه، ده‌بێت حكوومه‌تی به‌غدا مانگانه مووچه له كاتی خۆی و به‌بێ دواكه‌وتن بۆ فه‌رمانبه‌رانی كوردستان بنێرێ و وه‌ك كه‌ره‌سته و ئامرازی سیاسی به‌كاری نه‌هێنێت، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌مان پێ كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی عێراق سه‌روه‌ری نییه و وه‌ك ده‌سكه‌لا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و له‌لایه‌ن هێزه ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه ئاڕسته ده‌كرێت، ناتوانێت پابه‌ند بێت به بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی و سه‌روه‌ری یاسا و سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه‌ی بپارێزێت، به‌تایبه‌ت كاتێك دادگای فیدراڵی دوا كه‌ناڵی دادوه‌رییه و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر، به‌تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و له‌ناویشیدا حكوومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كان، ده‌بێت پابه‌ندی بڕیاره‌كه بن و خۆیان به دوور بگرن له ململانێی سیاسی و یاریكردن به كارتی مووچه‌ی به‌شێك له وڵاته‌كه‌ی.
له هیچ مۆدێلێكی ده‌وڵه‌تی فیدراڵی له سه‌رانسه‌ری دنیادا، هیچ حكوومه‌تێكی ناوه‌ند به‌مشێوه‌یه یاری به كارتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی نه‌كردووه، مافی مووچه‌وه‌رگرتنی نه‌كردووه به ئامرازی ململانێ و گوشاركردن و سیاسه‌تی برسیكردن و بێ پاره‌كردن، چونكه فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌ت به‌پێی یاسا كاتێك ئه‌ركێك ئه‌نجام ده‌دات، ده‌بێت مافه‌كه‌ی پێ بدرێت، بۆیه ئه‌وه‌ی له عێراق ڕوو ده‌دات، حاڵه‌تێكی زۆر نائاسایی و ناسروشتیی نێوان هه‌رێمێكی فیدراڵ و حكوومه‌تی ناوه‌نده و جێی سه‌رنج و تێڕامان و بیرلێكردنه‌وه‌ی قووڵه، چۆن ده‌بێت ده‌وڵه‌ت بڕیاری دادگای خۆی و مافی هاووڵاتیی خۆی پێشێل بكات و به‌هۆی گوشاری وڵاتانی تره‌وه مووچه نه‌نێرێت؟ ببێت به ده‌سكه‌لا و وه‌ك ئامراز به‌كار بهێنرێت و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی لاواز بكرێت.