ئەم باسەی دەیخەمە ڕوو، بەر لە هەر شتێک ڕێزلێنانە لە حزبێک کە بەشێکی زۆری تەمەنی لە خەباتی ڕزگاریی کوردستاندا تێپەڕاندووە، حزبێک دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی لە قوتابخانەی پارتی دیموکراتی كوردستان و خزمەتی مەلا مستەفای نەمر هاتوونەتە دەرەوە، ئەمە نە شوورەییە و نە شتێکی درۆینەیشە کە دەمارگرژانە لێی بڕوانین. مام جەلال خۆی دەیان جار وتوویەتی، ئێمە لە قوتابخانەی پارتی هاتووینەتە دەرەوە. جا مەبەستم ئەوەیە یەکێتیی بە تەواوی هەڵە و هەوڵەکانییەوە، بەشێکی گرنگ بووە لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، خاوەنی هەزاران شەهید و پێشمەرگەی دلێر و نەبەزیو بووە. بەڵام بە دوور لە هەر جۆرە دەمارگرژییەکی سیاسی و لایەنگریی حزبی، دەبێت خاڵە هەڵە و لاوازەکانی ئەم حزبە، بە تایبەت لە یادی 50 ساڵەی دامەزراندنیدا، بخوێنینەوە و بێگومان بەرپرسان و ڕێبەرانی ئەو حزبە ئەگەر بە سینگفراوانییەوە لەگەڵ ڕەخنەکان نەجووڵێنەوە، خەساری زیاتر بەر حزبەکە دەکەوێت.
ئێمە مام جەلالمان لە دەیان ڤیدیۆ و بەرنامەدا بینیوە بە ڕەهایی و لێبڕاوی بەرگریی لە ڕەخنە کردووە و وتوویەتی، سەرەتا لە خۆمانەوە دەست پێ بکەن و ڕەخنە لە خۆمان بگرن. مام جەلال لە دیدارێکدا لە کۆتایی نەوەدەکاندا لەگەڵ ستافی بەرنامەی "کەشکۆڵ"دا باس لەوە دەکات کە ناتوانێت هەموو بەرنامەیەک ببینێت، بەڵام هەواڵ و ڕووداوە سیاسییەکان و بەرنامەی کەشکۆڵ دەبینێ. ئەوەی تۆزێ ئاگای لە ناوەرۆکی ئەو بەرنامەیە بێت، دەزانێ لە 80ل%ی بەرنامەکە ڕەخنەگرتن بووە لە ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری و بگرە مێژووییش.
پێشوازیی و دانپێدانان و پێداگریی مام جەلال لە کەشکۆڵ، پێداگریی و مکوڕبوونیش بووە لە ڕەخنەگرتن و هەروەها ڕەخنە قبووڵکردن. بەڵام دوای حۆی. ئێمە ئەم ڕەخنە و ڕەخنەقبووڵکردنە نابینین. بۆیە شایستەیە لە ڕۆژێکی وادا لەسەر چەندان تەوەر و خاڵی ئەرێنی کە پێشتر یەکێتیی پێڕەویی کردوون و ئێستە بەرەو نەمان یان لاوازیی دەڕوات، بوەستین.
یەکێک لە بابەتەکان ئازادیی دەربڕین و هەلی ڕەخنەگرتن و هەروەها توانای ڕەخنەقبووڵکردنە. هەموومان دەزانین ئازادیی دەربڕین لە هەموو دنیادا پێوانەیەکی ڕێژەیی هەیە، بەڵام کێشەی ئێمە لێرەدا ئازادیی دەربڕین یا پاش دەربڕین نییە، بەڵکوو ئەو تێکەڵکارییەیە کە لە نێوان ئازادیی ڕا و جنێو و ناوزڕاندندا دروست بووە. ڕەنگە یەکێک لەو دیاردانەی لە سۆشیال میدیای کوردستاندا ئەم ساڵانەی دوایی پەرەی سەندوە، جنێودان و سووکایەتیی بێ، لایەن یان بابەتێک کە بەداخەوە بەهۆی نەبوونی سیاسەتێکی ڕوون و ڕژد لەلایەن یەکێتییەوە، ئەم دیاردە بۆ هزر و ڕای ئازاد زیانی دروست کردووە و بەپێی ئەوە، بابەتێک بەناوی ڕەخنە و ڕەخنەلەخۆگرتن تەواو کاڵ بووەتەوە.
بابەتێکی تر کە لە پاش كۆچی دوایی مام جەلال، یەکێتی نەیتوانی وەک سیاسەت و ستراتیج درێژەی بداتێ، پاراستنی سلێمانی وەک شاری ڕۆشنبیری و فرەدەنگییە. بێگومان سلێمانی ئێستەیش پڕە لە ڕۆشنبیریی عەلمانی و ئاینی و لادین، بەڵام دۆخەکە بەرەو شوێنێک ڕۆیشتووە کە یەکدەنگییەکی تۆخ و سامناک لە بەرەیەکی دیاریکراوی ئاینیدا دەبینی، بێگومان ناڵێم دەبێت بیری ئاینی یان هەر جۆرە بیرێکی دیکە سنووری بۆ دابنرێت، بیریی ئاینی لە کوردستان تا شوێنێک دژایەتیی لەگەڵ ئاسایش و کیانی کوردی و کولتووری کوردەواری و شوناسی کوردستانیدا نەبێت، پیرۆز و ڕێزلێگیراوە، بەڵام ئەوەی شاری پیرەمێرد و نالی و... ببێت بە ناوەندی بیرکردنەوەی توندڕەوانەی ئاینی، داهاتوویەکی خراپ نەک تەنیا بۆ سلێمانی، بەڵکوو بۆ هەولێر و شارەکانی تر و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، دێنێتە ئاراوە. بابەتەکە کۆمەڵناسانە و دەروونناسانەیە و دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە، بۆچی سلێمانی لە شاری فرەدەنگەوە خەریکە دەبێت بە شارێکی تاک دەنگ؟
ئەگەرچی بابەت زۆرە لێرەدا و پێوەست بە سیاسەتەکانی یەکێتی لە پاش مام جەلال بخرێتە ڕوو، بەڵام من ئاماژە بە گوتاری کوردایەتیی دەکەم. کاتێک دەڵێین گوتاری کوردایەتی واتە گوتارێک کە جیۆگرافیا دەبەزێنێت، شاری سلێمانی و بە گشتی قەڵەمڕەویی حوکمڕانیی خۆجێیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان چ سەردەمانی شاخ و چ ئێستەیش، هاوسنوور و هاوژیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و هەن.
لەو سەردەمەوە تا ئێستە، هەر ڕووداوێک لە ڕۆژهەڵات (لە خۆپیشاندانێکەوە بگرە تا هاوردەکردنی هێلکەی بەسەرچوو)، کاریگەریی لەسەر سلێمانی و... بووە، بە پێچەوانەیشەوە، لە ڕووی گوتاری کوردایەتییەوە لە زەینی زۆرینەی زۆری دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتدا، یەکێتی لاواز بووە و دەبێت خۆی بەهێز بکاتەوە.
بۆ نموونە، کام کوردی ڕٶژهەڵاتی سەرتاشین و لێدانی هێزەکانی سەر سنووری یەکێتییان لەبیر دەچێتەوە کە دەرهەق بە کۆڵبەران دەیان جار کردوویانە؟ ئەمە لە کاتێکدایە نە هیچ ڕوونکردنەوەیەک دراوە و نە داوای لیبووردنێک کراوە، ئەمە پێوەندیی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و سیاسیی نێوان ڕۆژهەڵات و سلێمانیی بەرەو کزی دەبات، لە داهاتوودا و لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی بنەمایی، هاوکێشەکان زیانبار دەبن. هیوادارم ئەم حزبە وەک حزبێکی کوردستانی ئەم چەند ڕەخنە و وردبوونەوەیە دڵسۆزانە و کوردانە بە هەند وەربگرێت و لەو ڕووەوە ڕێبازی کوردانەی مام جەلال پێڕەو بکات.