لەم سەروبەندی نوێبوونەوەی ستەمەکانی عێراقی فاشت و میراتگری کیمیاباران و ئەنفالدا، دژی کوردستان، دەمەوێ چەند پرسیارێک ئاڕاستەی عێراقچی و خۆفرۆشەکان بکەم کە بەردەوام پەلاماری ئەندام و لایەنگر و سەرکردایەتیی پارتی (کورد) دەدەن.
لێیان دەپرسم، لەبەرچی ئاساییە لە بەرەی جاشایەتی و مقاوەمەوە بیت، بەڵام ئاسایی نییە لە بەرەی کوردستانی و داواکردنی مافە نەتەوەییەکانت بیت؟
بۆچی ئاساییە بۆ خۆت بۆ سووکترین و گەندەڵترین حوکمڕانی جیهان شین بکەی و هەڵپەڕی بۆ عێراقێک کە لەو حاڵەیشدا بە هاووڵاتی خۆیت نازانێ، کەچی پێتوایە کۆیلایەتییە پارتی بیت تەنیا لەبەرئەوەی دوژمنەکانی کورد ڕقیان لێیەتی و بە خاوەنی دۆزی کوردی دەزانن؟
ئەوە بۆچی ئاساییە هەرچی میلیشیای شیعە هەیە، گومرگ و بۆریی نەوتی تایبەت بە خۆیان هەبێ، نەوتی کەرکووکی دڵی کوردستان هەڕاجفرۆش بکەن و دەروازە و فڕۆکەخانەکان هەڵلووشن و داهاتەکانی بۆ پاڵپشتیی تیرۆرستانی لبنان و یەمەن و فەلەستین و بەشار ئەسەدی خوێنڕێژ بە سەرپەرشتیی ئاغای ئێران بەکار بێنن، بەڵام ئاسایی نییە داهاتی ناوخۆی چەند پارێزگایەکی هەرێم، بەکاربهێنرێت بۆ پڕۆژە و خزمەتکردنی هەرێم و ئەو ئارامییەی تێیدا
دەژین؟
ئەرێ چۆن ئاساییە لەگەڵ سەرکردەی ئەو گرووپانە دانیشیت کە لە لیستی تیرۆردان و پیلان بۆ دژایەتی و لاوازکردنی هەرێم دادەنێن و بە شانازیشی دەزانن، وەلێ ئاسایی نییە لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد دانیشی و بەرگریی لە مافی هاونیشتمانییەکانت بکەی؟
ئێ خۆ پرسیارە چۆن چۆنی دەستوورییە دادگای شیعە بە ڕاست و چەپدا، بڕیار دژی کورد دەربکات و سنوورداری بکات و بە لای تۆوە مایەی دڵخۆشییە؟ قەت لەخۆت پرسیوە بۆ قەڵس دەبی کاتێک حکوومەتی هەرێم بەرگریی لە خۆی دەکات و داوای دەستوور و مافی گەلەکەی دەکات؟ تۆ بزانە کێشەی جیناتت نییە، چونکە سووکی مرۆڤی داگیرکراو بگات بەو ئاستە ئاسایی نییە و خۆبەکەمزانییەکی قووڵە کە هەر خۆیشی لە خۆی تێناگات، بەڵام کورد وا نییە و لەژێر پەتی سێدارەیشدا وا نەبووە.
بۆچی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەکان لەلای تۆ میلیشیان، هۆکار چییە هێزە میلیشیاکانی عێراق کە بە خوێن و خاکی کورد تینوون، لای تۆ هێزی نیشتمانین؟
بەڵگە تۆ چییە کە لیستی مووچەی عێراقییەکان خاوێن و خاڵییە لە بندیوار، پاسدار، هەزاران چەتەی خەزعەلی و کلدانی و کیلابی و کوژراوانی حزبوڵا و ئێران، کەچی لیستی مووچەی کوردستان خاوێن نییە لات؟
بۆ هەزاران کەمپەین و خۆپێشاندانی بێبنەما ڕێک دەخەی دژی قەوارەی دەستووریی هەرێم، بۆچی ئامادە نیت یەک لێدوان دژی پێشێلکارییەکانی بەغدا بدی؟
بۆچی پاڵەوانی مەیدانیت ئەگەر هەوڵی پەکخستن و ئیفلیجکردنی کەرتی پەروەردە و داودەزگاکان بدەیت، بەڵام ئەوەی بایکۆت نەکات کۆیلەیە و هەوڵی سەرخستنی ئەم کەرتە و هاووڵاتییان بدات کە هەر داگیرکەرەکەت مووچەکەی ڕاگرتووی تا کوردستان کوێر بکاتەوە، کەچی تۆ ئەو نابینیت و دێی تۆڵە لە منداڵی گەڕەک و دراوسێکانت دەکەیتەوە.
ئەمانەی سەرەوە و هەزاران "بۆ"ی تر... بەڵام لە کۆتاییدا دەپرسم، ئەم ئیرهابی فیکرییە تا کەی و کوێ؟ پرسیارێکیش لە سەرکردایەتیی کورد دەکەم؛ تا کەی ئەم تاقمە کە بە دەنگێکی زولاڵ داوای داگیرکەر دەکەن، لە سنووری هەرێم ئەمن و ئاسایشیان بۆ دابین بکرێ؟ بۆ ڕەوانەی لای ئاغاکانیان ناکرێنەوە؟ بۆچی ڕێگە دەدەن هەڵشاخێن بە کوردستانییاندا؟
لە هەموو وڵاتانی دنیا خیانەتی نیشتمانی لێخۆشبوونی نییە و گەورەترین تاوانە، لەبەرچی بە یاسایەک هیچ نەبێ سنوورداریان ناکەن؟