حەوتەمین ساڵی بڕیاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تێپەڕی. ئەو ڕۆژە کوردستان بۆ یەکەمجار و لە چوارچێوەی یاساكانی نێودەوڵەتیدا و لەناو بازنەی هاوکێشەکانی ناوچەکەدا "مافی چارەی خۆینووسین"ی پراکتیزە کرد و بڕیاری لەسەر دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دا. ناکرێت حاشا لەوە بکەین، لەگەڵ ئەوەی ڕیفراندۆم ڕێژەی 93%ی "بەڵێ"ی /بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشەوە/ وەرگرت، بەڵام لە ناوخۆدا دژبەر و لێدەری هەبوو.
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم، ڕستەیەکی هەندێ لە فاشیستە ئێرانییەکان هەیە لەبارەی ئەو کوردانەی چالاکی دەکەن و لێیانەوە نزیکن، دەڵێن، هەموو کوردێک لە دڵەوە ڕۆژێک حەز لە کوردستانێکی سەربەخۆ دەکات. لەگەڵ ئەوەی ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و فارسەکان لە سۆنگەی تۆمەتبەخشینەوەی خۆیانەوە درکیان پێ کردووە، بەڵام لێرەولەوێ هەندێ کوردی شەرمن و ناڕەسەنیش پەیدا دەبن، دەڵێن "نا وا نییە"!
ئاخر کام کورد هەیە لە دنیادا حەز نەکات وڵاتێکی سەربەخۆی هەبێت؟ جگە لە زۆڵەکورد، یان کوردێکی مێشکداگیرکراو و لەخۆنامۆ. پرۆژەی لە کوردخستنی کورد لەناو ڕووداوی ڕیفراندۆمدا، زیاتر لە هەر ڕووداوێکی دیکە دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە. ڕاپرسی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی 2017، تەنیا بۆ باشووری کوردستان نەبوو (ئەگەرچی باشوور ئامانجی لێكەوتەكانی بوو و تێچووەکەی دەدا)، بەڵام ئەمە تەنیا لایەنێکی بابەتەکەیە و لە درێژەدا لایەنگەلی دیكەیش باس دەکەم، گرنگ ڕیفراندۆم بۆ هەموو کوردانی پارچەکانی تریش بوو،
یەکەمجار بوو کورد هەم لە ئاستی سیاسی و هەمیش لە ئاستی جەماوەری و کۆمەڵایەتیدا، پشتگیرییەکی بێوێنەی پرۆسەی بەڕێوەچوونەکە و بەر لەوەیش بڕیارەکە بوو. هەڵبەت گومان لەوەدا نییە چرکەساتی بڕیاردانەکە خۆی ڕیفراندۆمەكە بوو، ڕیفراندۆمەکەیش خۆی سەربەخۆیی بوو، بەڵام بەرژەوەندیی سەرمایەداری و شەڕی بەرژەوەندی و بازاڕ نەیهێشت بەتەواوەتی پراکتیزە بکرێت، ئەینا ئەم شێوە حوکمڕانییەی باشووری کوردستان ئەگەر نەڵێین سەربەخۆیە، دەتوانین بڵێین نیوەسەربەخۆیە، کێشەی ئابووری ئەگەر چارەسەر بکرێت و ناوچە کوردستانییەکان بگەڕێنرێنەوە، کورد بە هەموو شێوەیەک سەربەخۆ دەبێت. ڕاستە ئەمە ئاسان نییە، بەڵام لە عێراقێکی فاشل و داڕزاودا خەونێکی دوورەدەستیش نییە، لە ئێرانێکی لاوازکراو لە عێراق و لە ناوخۆی خۆیشیدا، خەیاڵپڵاوی نییە.
کاتی بڕیاری ڕیفراندۆم کوردانی هەموو پارچەکان گەشانەوە و ڕۆحی کوردایەتیی پەرەی مێژوویی سەند، بە تایبەتی خۆم شایەتحاڵی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووم و کۆماری ئیسلامیش هەموو شێوە دژایەتییەکی توند و دڵڕەقانەی لە هەمبەر ڕیفراندۆمەکە و بڕیارەکەی نواند، بەڵام هەم خەڵکی ڕۆژهەڵات لەناو شەقام و بازاڕ دەنگی پشتگیرییان دەربڕی و هەمیش نووسەر و ڕۆشنبیرانی پەرۆشی داهاتووی کوردستان، بە بەیاننامەیەک پشتگیرییان لێ کرد و داوایان لە کۆماری ئیسلامیی کرد کێشە دروست نەکات، ئەگەرچی هەموومان دەزانین ئەمە هەوڵ و ئەکتێکی مەدەنییە و لەناو قوڕگی شێردا ڕوو دەدات، بەڵام پەیام و واتای ئەوەبوو کە وزەی هەموو کورد لە پانتاییەکی بەرفراواندا خەریکە یەک دەگرێت و دەبن بە یەک.
ڕاستییەکەی ئەمە ئەو لایەنەی دیکەی ڕیفراندۆم و ئەو ڕەهەندە جەماوەری و کۆمەڵایەتیەیەتی کە بەداخەوە سیاسەتی کوردی لە باشوور بە باشی پێی نەکرا کەڵکی لێ وەربگرێت، ئەم وزە و هێزە دەکرا لە کایە و ململانێی هێزدا لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە دژی زەختەکانی کۆمار بەکار بهێنرێ، تا لانیکەم حەشدی وەحشی بەر نەداتە شەقامەکانی کەرکووک و شارەکانی تری کوردستان، یان بەهەرحاڵ خەسارەكانمان لە هەمبەر وەحشیگەرییەکانی میلیشیا شیعە عێراقی-ئێرانییەکان بگاتە کەمترین ئاست. بێگومان ئەمە کارتێک بوو و نەمانتوانی بە باشی بەکاری بێنین.
بابەتێکی دیکە لە سەرەوە تیشکم خستە سەری، پرۆژەیەی لە کوردخستنی کۆمەڵگەی کوردی بووە، بەداخەوە بەشێک لە کۆمەڵگەی گرتووەتەوە و نابێت بە ئینکارکردنی خۆمان تووشی خەسار و زیانەکانی بکەین. بمانەوێ و نەمانەوێت کۆمەڵێک کورد هەن لە ڕۆژهەڵات، ئەفسوونزەدەی ئێران و کولتوورەکەین، ئەمە بابەتێکە دەیان ساڵ ئیشی لەسەر کراوە، دەتوانین بڵێین هیچ کوردێک لەخۆنامۆ و زڕ و ناڕەسەن نییە، بەڵکوو کورد لەخۆنامۆ و زڕ و ناڕەسەن کراوە. واتە ئەوانەی لەگەڵ چارەنووسی ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەکەیاندا ناتەبان.
بەداخەوە ئەم لە کوردکەوتنە بەشێوەیەک لە باشووری کوردستانیشدا هەبوو و هەیە و لە چوارچێوەی سیاسەتی ململانێ و ڕکابەریی حزبەکان لەگەڵ یەکنردا، ڕەنگی داوەتەوە و تەنانەت تۆخ بووەتەوە، بەڵام هۆکارەکە هەر ئەوە نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە کولتووری و ستراتیجی و ئاینییەی کە کۆماری ئیسلامیی لەسەر زۆنی سەوزی هاوسنووری پێڕەوی کردووە و تا ئاستێكیش سەرکەوتووە و ئێستە ئەو زۆنە لەژێر سێبەری ئەو هەژموونەدا دەناڵێنێت و هێشتاش گەورەترین مەترسییە لەسەری! ئەو تاپۆ سێبەرجنۆکەیە تەنیا ڕۆشتووەتە ناو کوناکەی و لە زووترینکاتدا دێتە دەرەوە و نەڕە و گوڕەی خۆی دەست پێ دەکاتەوە، ئەگەرچی ئێستەیش بێ نەڕە و گوڕە نییە!
ئەم بابەتانە ئەو سەرەداوانەن کە دەتوانین خەسارناسیی کێشەکانی بەردەم بڕیاری ڕێفراندۆم و ئەنجامەکانی پێ بکەین، هاوکات خەسارناسیی هاوکێشەکانی خۆمان و لایەنە سیاسییەکانی خۆمانن. لە ئەنجامگیرییەکی گشتیشدا، بڕیاری ڕیفراندۆم دەرکەوتنی ئیرادەی بەهێزی کورد بۆ سەربەخۆیی و نەمری بوو، لە جیۆگرافیایەکدا کە سەتان جار هەوڵی مراندنی بە کۆمەڵ و پاکتاکردنی دراوە.