سیاسەتی ئایدۆلۆجی

AM:10:03:11/06/2025 ‌
سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەناو دوو ئاراستەدا یاریی کردووە و ئێستەیش خەستر لە جاران قوڕی هەمان یاریی خۆش دەکات و ئاوەکەی وا تێکەڵی خوێن بووە، نەک لێڵ، بەڵکوو خوێناوییە. لە ڕوونترین پێناسەدا، سیاسەت هونەری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە، بە شێوەیەک خزمەتی ئەو کۆمەڵگەیەی پێ بکرێت. کاتێک ئەم پێناسەیە یان هەر پێناسەیەكی تر بە بنەما دەگرین، تێدەگەین ئەوەی تا ئێستە ئێمە بینیومانە هەموو شتێک بووە جگە لە سیاسەت، بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد ئەو شتەی لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە لە جلوبەرگ و بە دەمامکی جۆراوجۆرەوە دەرهەقمان کراوە، هەموو شتێک بووە سیاسەت نەبێ.

بێگومان کورد لە مێژە شەڕی لەگەڵ سیاسەتێکدا کردووە کە ماف و بوونی ڕەت کردووەتەوە، ئەم سیاسەتە بەر لەوەی ماکیاڤیلیستی و ئەنجامگەرانە بووبێت، بەپێی خواستی فاشیانە و سەرەڕۆیی دیکتاتۆرانەی کولتووری ئەم هێزانەن کە ئێستە لە ناوچەکەدا بەناو یاریی سیاسیی دەکەن. پێوەندیی کولتوور و سیاسەت لە جۆری پێوەندیی دیالیکتیکییە، ڕەنگە ئەستەم بێت بە وردی دیاریی بکەین کامەیان لە پێشترە، بەڵام بەشێک لە لێکۆڵەرانی مێژووی مرۆڤ و مرۆڤناسی باوەڕیان وایە، کولتوور بە هەموو شێوەیەک و تەنانەت لە ئاستە بەدەوییەکەیشیدا، هەر هەبووە و باقی دیاردە و چەمک و هزرەکانی دیکە، لە سەرچاوەی کولتوورەوە هەڵقوڵاون، 

وا دەردەکەوێت ئەمە یاساییەکی جیهانگیر بووبێت، واتە یاسایەکە لە مێژووی گەشەی مرۆڤ و گەیشتنی بە شارستانییەتدا، پێڕەویی لێ کردبێت، بەڵام ئەو نەتەوانە یان با بڵێین ئەو کولتوورانەی توانییان جۆرێک کرانەوە و چەمانەوە لە خۆیاندا بکەن، بە کردار توانییان زیاتر و زیاتر لە توندوتیژی و توندڕۆیی دوور بکەونەوە و ژیان و سیاسەتێکی شارستانیانە دروست بکەن.

ڕاستە بەشێکی زۆری ئەو سیاسەتەی ئێستە لە ڕٶژهەڵاتی ناوین یا ڕۆژهەڵاتی دوور و ئەفریقادا یاریی پێ دەکرێت، بەرهەمی دەستی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی بەریتانیای مەزن و سەردەمی کۆلۆنیاڵیزمەکەیەتی، بەڵام خۆ بەریتانیا لە سیاسەتیدا بەرانبەر هاووڵاتییانی خۆی و بۆ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی هەمان سیاسەت ناکات کە لە دیمەشق یاخۆ کەشمیر و کوردستان دەیکات! ئەگەرچی ئێستە سیاسەتی مرۆڤدۆستانەی ڕۆژئاوا بەراورد بە جاران و بۆ وڵاتان و ناوچەکانی تری جیهان زۆر گۆڕانی ئەرێنیی بەسەردا هاتووە و کۆمەڵێک ڕێکخراوی جیهانی لەو بوارەدا ڕۆڵ دەگێڕن، بەڵام دواجار سیاسەت لەسەر گرێژنەی بەرژەوەندی دەکرێتەوە. هەرچەندە ئەمە جیاوازیی جەوهەریی و قووڵی سیاسەتی ڕۆژهەڵات و ڕٶژئاوا ناسڕێتەوە. 

سیاسەت لە ڕۆژهەڵات هێشتا لەناو کولتوورێکی پاتریارکی و باوکسالارانەدا کە دواجار دیکتاتۆر بەرهەم دێنێت، هەناسە دەدا. ئەم ڕەمزییەتەی باوک تەنیا پێوەست بە مانەوەی نێرسالاری و ڕەهەندی ڕەگەزیانە نییە، بەڵکوو دەلالەتە بۆ هەر خواست و ئیرادەیەک کە لە باتی دیپلۆماسیی، شەڕ هەڵبژێرێ، لە باتی ئاوەز هەست و تووڕەیی بەکار بێنێ و لە باتی ئاشتی، شەڕ بە نیشانەی سەرکەوتن بزانێت و زۆر حاڵەتی تریش. واتە کولتووری باوکسالاری کۆمەڵێک ڕەهەندی دیکەی هەیە کە خواستیی هەمیشەیی ئەو بۆ پاشایەتی و دیکتاتۆرییەت دوا ئامانجە، هەربۆیە هەر بزووتنەوەیەکی ژنان وەک شۆڕشی ژینا و پاشکۆکانی، دەکرێت بە مەترسییەکی گەورە دژی ئەم جۆرە پێکهاتە پاتریارکییەی سیاسەت لەلایەن دەسەڵاتدارە پاوانخواز و دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتەوە بخوێنرێتەوە و بە دڵنیاییشەوە گۆڕانکاریی بنەمایی لەم کولتوورەدا لە چرکەساتێکدا دێتە ئاراوە کە هێزی شۆڕشگێڕی ژن تەخت و تاراجی ئەو سیستمە دڵڕەق و نامرۆڤانە تێک بدات.

هەر بۆ ئەمەیە ئێمە دەبینین زۆربەی ئەم دەسەڵاتە پاوانخواز و دیکتاتۆرە ڕۆژهەڵاتییانە ئاینین و باشترین بەهرە لە ئاین وەردەگرن، تا دەسەڵاتەکەیان بەردەوام بێت. ئەوان هەر لە ڕێگەی ئاینیشەوە هەر جموجووڵ و بزووتنەوەیەکی ژنان دەخەنە خانەی دژایەتیی پیرۆزییەکان و دژبەریی لەگەڵ بەها باڵاکان و خودا و... بەم شێوەیە جەماوەرێکی ئیمانداری سادە و خۆشباوەڕیان پێ فریو دەدرێ. 

ئەگەر ئاوڕێک لە ئەزموونی باشووری کوردستان بدەینەوە، تێدەگەین نەک تەنیا لە ڕووی ئابووری و برسیکردن و مووچەبڕینەوە، بەڵکوو لە زۆر لایەن و ڕووەوە خەریکن کوردیش بەم جۆرە لە سیاسەتکردنەوە بگلێنن، سیاسەتێک کە تێیدا ژن ناوەندی گوناهـ و بڤە بێت و لەلایەن دەسەڵاتەوە لێی بدرێت و ڕێگە پێشانی باوکسالاری و پیاوسالار بدات کە لاسایی ئەو بکەنەوە. ئەوان دەیانەوێت کورد بە کولتوورێکی ڕەق و وشکی هاوردەکراوی ئەودیو سنوورەکانەوە ببێت بە نەتەوەیەک کە گوێڕایەڵی کولتووری بیابان و شیعەکانی وەک نووری مالیکی و قەیس خەزعەلی و سێبەر و پرۆکسییەکانی بن. 

ئەمە لە كاتێکدایە نموونەگەلی وەک خەزعەلی بەپێی ئەو کولتوورە پاتریارکی و بەدەویی و گۆڕانبەسەردا نەهاتووە و هەروەتر ئەو ئایدۆلۆجیا سیاسی-ئاینییەی پێڕەویی لێ دەکات، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت کوردێک قبووڵ بکات کە مافی هەبێت، کوردێک زیت و وریا بێت و لە داواکردنی مافەکانی خۆی شەرم نەکات و هیچ پاشەکشەیەک لە بەهاکانی خۆی نەکات، ئەم خۆڕاگرییەی کورد وای لە نموونەگەلی وەک خەزعەلی کردووە، هەموو جۆرە پیلانێک دژی کوردستان بگێڕن و بمانەوێ و نەمانەوێ، سەرکەتووش بووە، چونکە کورد هێشتا ئەو یەکگرتووییە پێویستەی نییە و دەزانێت پواز لە ئارادایە و دواتریش سەرمایەیەکی زۆروزەوەن لە بەردەستیانە و بە ئارەزووی خۆیان قسەی دوژمنکارانە دەکەن و کەسیش پەلکێشی بەردەم دادگایان ناکات. 

پێم وایە دەبێت لایەنە یاساییەکانی کوردستان و عێراق دژی ئەو کەسانە سکاڵا تۆمار بکەن کە بە لێدوانی دژواز و ختووکەدەرانە دەیانەوێت دۆخەکە تێک بدەن و لەم نێوانەیشدا کورد بکەن بە قۆچی قوربانی، قۆچێک کە لە جەژنی قورباندا بەبێ مووچەیی برایە بەردەم میحرابی عێراق و عێراقچییەکان.