ئایا جەنگی ملیاردێرەکان، دیموکراتەکان دەبووژێنێتەوە

PM:02:30:12/06/2025 ‌
دوای دۆڕانە مێژووییەکەی دیموکراتەکان لە دوا هەڵبژاردنی گشتی و سەرۆکایەتیی ساڵی 2024، تا نها كە چەند مانگێکی بەسەردا تێپەڕیوە، پارتی دیموکراتەکان بێدەنگن و لە هەمبەر سیاسەت و گۆڕانکاریی و جیاوازییەکاندا، شتێکی فەرمیان نایەژن. بەڵام لە سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٢٥ هەموو شتێک لەنێوان هەردوو ملیاردێری ئەمەریکی (ترەمپ و ماسک) هەڵگەڕایەوە و قسەتووندەکانیان لەپڕ سەرتاپای ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا گرتەوە و بووە مانشێت و هەواڵ و دەنگوباسی هێرشەپەیڤ و ڕەخنە و ڕەتکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی بڤە. 

سەرۆکی ئەمەریکا، ناتوانێت هیچ ناکۆکی و قسە و زانیارییەک لە دژی ڕکابەرەکانی بە نهێنی بهێلێتەوە، پێچەوانەی نەریتە دیپلۆماسییەکان لە پێشوازی ڕاوێژکاری ئەلمانیادا بە وەسپکردنی خراپی (ئیلۆن ماسک) دەستی پێ کرد و هەموو شتێکی هەڵگێرایەوە، ئەویش بە خێرایی و وەک فیشەکەشێتە تەقیەوە و ئاماژەی بە گومان و ڕووداوی نهێنی کوشتن و خراپی پڕۆژەیاسا و ڕەفتاری خراپتر لە خراپی کرد. کورد گوتەنی "خوا بۆ دیموکراتەکانی دا، ئەوەی ڕوو دەدات بە دەستی ئەوان نییە، بەڵام بە دڵیانە". وەکو دەزانین لە خوولی یەکەمیشدا ئیدارەکەی ترەمپ لەناکاو و زوو، ئەم جۆرە شتانەی تێدا دەقەوما، بۆیە هەمیشە وەک ئیدارەیەکی پڕ کێشە و نەگونجاو و کەم ئەزموون، لە هەڵبژاردنی کارەکتەرەکان دادەنرا. هاوکارەکانی زۆرترین هێرشیان دەکردە سەری. 

(ماسک) هەڕەشەی بادانەوە بە لای ڕکابەرەکانی (ترەمپ)دا دەکات و ئەویش نایشارێتەوە ئەگەر کارێکی وەها بکات، "بە دەردێکی دەبات، با بە دەواری شڕی نەکردبێت و پڕۆژە ئابوورییەکانی دەڕووتێنێتەوە". نەک هەر ئەوەش ماسک بانگەشەی "پێویستبوونی حزبێکی نوێی، سێیەم" دەکات.
ئەوان تا چرکەی تەقینەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان کە پێوەندی بە (پڕۆژەیاسای باج و خەراج و سیاسەتی بازرگانی)یەوە هەیە، ستایشی یەکتریان دەکرد، موویان بە ماعبەیندا نەدەچوو. ترەمپ پاداشتی زیرەکی و لێهاتوویی (ماسک)ی کرد و کلیلێکی کۆشکی سپی پێدا و یەکێک لە زارۆكەکانی (ماسک)ی لەگەڵ خۆی دەگێڕا و بە کەسێكی کارا و سەرکەوتووی وەسپ کرد، کەچی هەنووکە دەڵێ "بێ هیوای" کردووم. 

ڕاگەیاندن وا وەسپی (ماسک)ی کرد کە بە کردەوە ئەو سەرۆکی ئەمەریکایە، ترەمپیش وەک تاکڕەوێکی باڵادەست دەیەوێت هەموو کەسێک پاشکۆ و ملکەچی بن. ئەمە ڕەنگە هۆی بنەڕەتی دەرکەوتنی ناکۆکییەکان بێت.
دەسەڵاتی ئەمجارەی ئەمەریکا وەک چەپخواز و دیموکراتەکان پێناسەی دەکەن، دەسەڵاتێکی سەرمایەداری "ملیاردێرەکانە"، ئەوان لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین پارە و داهات، سیاسەت دەکەن، ئەمەیش بە سیاسەت و دەسەڵات و حووکمڕانییەکی جیهانی نەگونجاو دەزانن. ڕاستییەكەی (ترەمپیزم) لەسەر بنەمای سیاسەت و هاوکاریی لەسەر بنەمای (سوود و قازانج) و پێوەندی و دۆستایەتی لەسەر "هێزی وەرگرتنی قازانج و سوو" ڕۆ نراوە. ماسک دەڵێت "نزیکە 300 ملیۆن دۆلارم بۆ هاوکاریی سەرۆک و کۆمارییەکان خەرج کردووە، ئەم ئاماژەیە یەکێکە لە ئاماژە هەر بەهێز و ترسێنەرەکان، چونکە ئەگەر بە لای دیموکراتەکان با بداتەوە، ئەوە دەبێتە هێزێکی کاریگەر بۆ گریمانەی گۆڕان و بەهێزکردنەوەی دیموکراتەکان. 

زۆر بەکورتی دەتوانین پێناسەی ترەمپیزم و بنەماکانی بەم شێوەیە کورت بکەینەوە: "ترەمپیزم دابەشبوونی ئاسایی ئایدیۆلۆجیا دوای قۆناغی جەنگ تێدەپەڕێنێت و چوارچێوەی حزبی لە واشنتۆن دی سی ڕێک دەخاتەوە. یەکدەنگی ڕەت دەکاتەوە کە لەلایەن ڕۆشنبیرانی سیاسەتی گشتییەوە بەشتێکی بە نرخ دادەنرێت، ترەمپیزم ئامانجە پراکتیکییەکان بەم شێوەیە بەدوای خۆیدا دەهێنێ کە بریتین لە باڵادەستی ئەمەریکا، ڕەخساندنی هەلی کار و دووبارە بە پیشەسازیکردنەوە و بەکارهێنانی ئامرازە بە ڕواڵەت دژبەیەکەکان دادەنرێت: دەستێوەردانی حکوومەت، هێرشکردنە سەر ڕێکخستن، داکۆکیکردن لە لایەنگری بازرگانی، پشتگیری لە کار لە دژی هەڕەشەکانی کۆچبەری، سیاسەتی لەسەرخۆ و هێواشی بەرگری وەسپ دەکرێت، بەڵام دژ و نەگونجاوە لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی و زۆرجار توخمە ناکۆکەکانی لیبراڵیزمی کۆمەڵایەتی و کۆنەپەرستی کولتووری پاڵپشتی دەکات. 

ترەمپیزم پێشبینی چاکسازی باج دەکات، سوود بە خەرجی سەرمایەدار و سەرمایە و بازرگانی بچووک دەگەیەنێت، سیاسەتی بازرگانی کە هێزی ئابووری ئەمەریکا بەکار دەهێنێت بۆ هەلی کار لەسەر زەوی، جێبەجێکردنی کۆچبەری بۆ پاراستنی نرخ  و دەستهەق و کرێ، سیاسەتی ژینگەیی لەپێناو پێدانی ڕیزبەندی یەکەم  بە گەشەی کەرتی پیشەسازیی داڕێژراوە.  ئینجا زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان بۆ پێشخستنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و پاراستنی بەرژەوەندییە سنووردارە پێناسەکراوەکان لە دەرەوەی وڵات. 
زیاتر لەوەی ئەمە ڕەنگدانەوەی بۆچوونەکانی تاکەکەسێک بێت، پێویستە ترەمپیزم وەک بزووتنەوەیەک بۆ وەڵامی تێڕوانینە جەماوەرییەکان لەپێناو دابەزینی درێژخایەنی نەتەوەیی سەیر بکەین، ئەگەر ئەم بزووتنەوەیە سەرکەوتوو بێت، ئاکامەکەی دەبێتە سەرچاوە بۆ گۆڕین و دروستکردنی کاریگەریی لەسەر قەڵا کەنارییەکانی پۆست ناسیۆنالیزم و پۆست پیشەسازییەکانەوە بۆ ناخ و دڵی ئەمەریکا".


واتە ململانێی ناوەخۆیی ئەمەریکا، سیاسەتی بازرگانی و داڕشتنەوەی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و سەربازییەکان پێوەندییان بە تێڕوانینی ترەمپیزمەوە هەیە، ئەو هەژانە جیهانییەی هەنووکە هەیە، پێوەندی بە سیاسەتی ئەم ئاراستەیە هەیە.
تێکشکان و سنووردارکردن و پاشەکشەی ترەمپ، لە ناوەخۆی ئەمەریکا و ناکۆکی و جەنگی ناوخۆیی، لە بازنە تەسک و بچووکەکانی نێوان ملیاردێرەکان دەبێتە هۆکار بۆ خاوکردنەوە و پووکانەوەی ئەم تێڕوانینە جیهانییەی (ترەمپ) و کۆمارییەکان بەرنامەڕێژیان بۆ کردووە. مەرج نییە بازرگانێکی باش، سیاسییەکی سەرکەوتوو بێت و لە هەمانگاڤیشدا سیاسییەکی بە توانا فەیلەسووف بێت. 

گریمانەی ئەوە ناکرێت ئاماژەکانی ئەم هێرشە دژی یەکتر و ناکۆکی و تۆمەتبارکردنەی لەناو بازنە هەرە بچووکەکەی ئیدارە و دەسەڵاتی (ترەمپ)دا هەیە، نیشانە و هێمایەکی باش بن بۆ بەهێز مانەوەی کۆمارییەکان. لە ڕۆژانی داهاتوو ڕەنگە نهێنی تری پێوەست بە ناکۆکییەکان بڵاو ببنەوە، وەک ئەوەی ئێستە دەرکەوتووە، بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"، تاکتیکە وەحشییەکانی ماسک و نەبوونی تێڕوانینی وردی سیاسی و بوونی جیاوازی ئایدیۆلۆجی لەگەڵ بزووتنەوەی دووبارە گەورەکردنەوەی ئەمەریکا، بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی پێوەندییەکانی ئەم پیاوە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان و دواجاریش سەرۆکی وڵات بترشێت و تێک بچێت. 
ماسک داوای لە کارلادانی (ترەمپ)ی کرد، پڕۆژەیاسا "گەورە و جوانەکەی" ترەمپ و کۆمارییەکانی بە "قێزەوەن" وەسپ کرد، ئەمە لە کردەوەدا کاردانەوەیەکە بەشێوەیەکی گشتیی سەرتاپای کۆمارییەکان و پڕۆژەکانیان دەکاتە ئامانج و لە دیماهیدا هەر ڕەخنە و ڕەتکردنەوەیەکی پڕۆژەکانیان ناڕاستەوخۆ خزمەتی دیموکراتەکان دەکات، کە لە"دۆخی سڕبووندان" و بە کردەوەیش لە هەڵبژاردندا دۆخیان سڕ و شپڕێو بوو.

کۆمارییەکان دەبێت ئەم ناکۆکییە زەقە کە تۆمەتبارکردن و سووکایەتی و هەڕەشە و ڕیسواکردنی لەخۆ گرتووە، ڕابگرن و پێوەندییەکانی نێوان (ترەمپ و ماسک) ئاسایی بکەنەوە، بەپێی بۆچوونە شیکارییەکان، دۆخەکە ئاڵۆزترە لەوەی پێشبینیکراوە، ئەمە وایکردووە ئاساییبوونەوە بە کارێکی ئاسان نەبینن. بۆیە لە بەردەوامیی ئەم دۆخەدا، ئاسایی و سروشتییە دیموکراتەکان سوومەندبن و ناکۆکییەکانی ناو کۆمارییەکان، ئەوان لە دۆخی سڕبوون دەرباز بکات. 
نابێت لە بیری بکەین، ترەمپ هێزی زۆری خۆی لەم جۆرە ناکۆکیانەدا بەرجەستە دەکات، کەسێکە زوو دەگۆڕێت، خێرا بڕیار دەدات و شتی شاراوەی کەمترە لە ئاشکراکان و بە کەسێکی پراگماتیی دادەنرێت. دوور نییە لەپێناو گۆڕینی دۆخەکە بڕیاری بڵاوکردنەوە و بەکارهێنانی هێزی سوپای لە (لۆس ئەنجلس) دابێت، هەندێک ئەمە بە بڕیارێکی نایاسایی دادەنێن. بە واتایەکی دیکە، دروستکردنی ڕووداو، لەپێناو لەبیربردنەوەی ڕووداو بەکار دێنێت. 
لە بیرمانە (خاوی و خەوتوویی بایدن) خزمەتی بردنەوە  و سەرکەوتنی سەرۆکی نوێی کرد و دووریش نییە (گەرمی و بزۆزیی و جووڵەی زۆری ترەمپ) خزمەتی دیموکراتەکان بکات. دەنگدەر لەگەڵ ئەمەریکایەکی بەهێز و باڵادەست و ئابوورییەکی ناوخۆیی سەقامگیر و بەهێزە.