شەڕە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا دەستی پێ کرد. لەم کورتە بابەتەدا هەوڵ دەدەم چەند سەرنجێکی سەرەتایی بۆ هۆکارەکان (لە پێوەند بە ئیسرئیل) و وەڵامەکان (پێوەند بە ئێران) و لێکەوتەکان (پێوەند بە کورد) بخەمە ڕوو.
ئیسرائیل و شەڕی مانەوە، وانەیەک بۆ کورد
ئەمڕۆ، دوای دەستوەشاندنەکە، بنیامین نەتەنیاهۆ گوتی، ئیسرائیل هەڕەشەیەکی وجودی لەلایەن ئێرانـەوە لەسەرە، چونکە ڕژێمی ئێران لە مێژە دروشمی "مەرگ بر ئیسرائیل"ی هەڵگرتووە و نەوە دوای نەوە ئێرانییەکان لەسەر لەناوبردن و سڕینەوەی ئیسرائیل پەروەردە دەکات.
هەر لە قسەکانیدا نەتەنیاهۆ گوتی، لە سەروبەندی شەڕی دووەمی جیهانی، سەرکردەکانی دنیا چاوپۆشییان لە هەڵسوکەوت و کردار و ڕەفتار و گوفتارەکانی هیتلەر و نازییەکان کرد، واتە سیاسەتی نەرمینواندن (appeasement)یان لە بەرانبەر هیتلەر لەخۆنیشان دا، لە ئاکامدا شەڕێک بەرپا بوو کە ٢٠ ملیۆن کەس بوونە قوربانی، لە نێویاندا شەش ملیۆن جوو هەبوو. لە درێژەی قسەکانیدا، نەتەنیاهۆ دەڵێ، جووەکان لە دوای هۆلۆکۆستە شەش ملیۆنییەکە، بڕیاریاندا کە نابێت جارێکی دیکە ئەوە ڕوو بداتەوە، واتە (never again). بەو مانەیە، ئەوەی ئەمڕۆ ئیسرائیل کردی، ڕێگرییە لە دووبارە جینۆسایدکردنی جووەکان و سڕینەوەی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک کە ئەرکی پاراستنی نەتەوەی جووی لە ئەستۆ گرتووە.
لە ٢٠٠٧ لە کۆنفرانسێک، "ئەماتزیا بارام" کە ئەکادیمییەکی جووی-ئیسرائیلییە و عێراقیناسە، بینیم. لێم پرسی، ئێوە بۆ ئەوەندە دەترسن ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت؟ گوتی، کەسێک، میلەتێک، دەوڵەتێک، باوەڕی بەوە هەبێت "ئیمام مەهدی"، کە هەزاران ساڵە بزر بووە، دەگەڕێتەوە، پێشیان وا بێت کە ئەو تەنیا کاتێک دەگەڕێتەوە کە لە دنیا "تەجال هەستایە"، واتە ئاخر زەمانە، شەڕە، قەیرانە، کەواتە زۆر ئاساییە، ئەو کەسە، ئەو دەوڵەتە چەکی ئەتۆمی بەکاربێنێت تا ئەو ژینگەیە بخولقێنێت کە ئیمام مەهدی ناچار بە گەڕانەوە بکات.
بەکورتییەکەی، جووەکان وەک نەتەوە، ئیسرائیل وەک دەوڵەت، بەئاگایی بێت یان لە بێئاگایی، لە زیرەکییان بێت یان لە گەمژەیی، لەو قەناعەتەدان کە ئێران هەڕەشەیەکی وجودییە لەسەریان و چەکی ئەتۆمی هەبێت ئەوە لەوانەیە ئەو خەونەی خۆیان لە لەناوبردنی لایەنی کەم "شەیتانی بچووک" (ئیسرائیل) بهێننە دی.
بۆ زانین، ئێرانییەکان بە ئەمەریکا دەڵێن، شەیتانی گەورە، ئیسرائیلیش شەیتانی گچکە. بۆیە ئەم هێرشانەی ئێران، لایەنی کەم لە دیدی ئیسرائیلییەکانەوە، بۆ خۆپارێزییە.
تێگەیشتنێک هەیە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پێی وایە، دەوڵەت ئەرکی زۆرە، بەڵام ئەرکی یەکەمی هەر دەوڵەتێک پاراستنی دەوڵەتەکە و نەتەوەکەیەتی، چونکە ئەگەر دەوڵەتەکە نەتوانێت خۆی بپارێزێت، نەتەوەکەی بپارێزیت، ئەوا هەموو ئەرکەکانی دیکەی دەوڵەت فلسێکی سووتاو و ناکات.
دەکرێت دوو وانە لەو تێگەیشتن و دۆخە فێر بین. یەکەم، تەنیا ئەو دەوڵەتانە دەتوانن بمێننەوە کە دەتوانن خۆیان بپارێزن.
دووەم، تەنیا ئەو نەتەوانە دەتوانن پارێزراو بن کە دەوڵەتیان هەیە. کورد لە کوێی ئەم هاوکێشانەدایە کە تازە بە تازە لەو دنیا جەنجاڵە، لەو دنیا بێسەروبەرییە (anarchic)، برەو بە تێزی دژە-دەوڵەتی دەدات؟.
ئەمڕۆ نیازم وابوو لەسەر پرسی بێدەوڵەتی و تێزی دژە-دەوڵەتی بابەتێکی دوورودرێژ بنووسم، کەچی نەتەنیاهۆ نەیهێشت.
ئێران و وەڵامەکان
ئەم گەڕەی ئەمجارەی پێکدادانەکان لەگەڵ گەڕەکانی پێشووتر زۆر جیاوازە. لەبەر ئەم ڕاستییانە:
یەکەم، ئێران لە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرکردەی حەماس، یان کوشتنی حەسەن نەسروڵا، سەرکردەی حزبوڵا، کەم تا زۆر وەڵامی هەبوو، بەڵام وەڵامێک کە بنەمای لەسەر لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل دانابوو. واتە وەڵامێکی پێشوەختە دیزاینکراوبوو، نەدەبوو شەڕەکە بگاتە "مریشکە ڕەشە".
واتە لە گەڕەکانی پێشووتر هەم ڕاستەوخۆ ئێرانییەکان و ئێران بە ئامانج نەدەگیران، هەم وەڵامەکانی ئێران تەنیا بۆ ڕووسپیکردنەوە بوو، نەک شەڕ و پێکدادان.
دووەم، ئاماژەکانی گورزی یەکەمی گەڕی ئەمجارەی شەڕەکە هەر سەعاتەکانی یەکەم پێمان دەڵێت ئیسرائیل ئەمجارە، ئەگەر ئامانجی ڕووخانی ڕژێمیش نەبێت، کە باوەڕ ناکەم ئەوە لە توانای ئیسرائیلدا بێت، ئەوە مەبەستی تەواو لاوازکردنی ڕژێمە، هەم بە کوشتنی سەرانی ڕژێم، کە هەندێکی هەر لە چەند سەعاتی یەکەم کوشت، هەم لێدانی گورزێکی کاریگەر لە دامەزراوە ئەتومیی و مووشەکییەکانی، بە تایبەتی توانا سەربازییەکانی بەگشتی.
واتە ئیسرئیل ئەم جارە بە هەموو توانای خۆی لە شەڕدایە و شەڕی دیزاینکراو ناکات.
بۆیە ئێران ئەمجارە نەک وەڵامی دەبێت، بەڵکوو دەزانێت ئەگەر وەڵامی نەبێت ئیسرائیل بە ئاسانی ڕاناوەستێت. داخۆ وەڵامی ئێران چی دەبێت؟ ئەوە بە ڕاستی زانراو نییە، چونکە تواناکانی ئێران لە گەڕەکانی دیکە ئاماژەی جیاجیای نیشان داین. لەلایەک لە یەکەم هێرشی ئێراندا بۆ سەر ئیسرائیل، کۆمەڵێک تەنەکەی نیشاندا کە بە ئاسمانەوە خۆیان گەیاندە ئیسرائیل. لەو وەڵامەدا ئێران زەرەرێکی زۆری ئابووریی لە ئیسرئیل دا، چونکە بۆ هەر پارچە تەنەکەیەکی ئێران، ئیسرائیل مووشەکێکی چەندان ملیۆنی بە هەدەر دا، بەڵام هیچ زەرەری دیکەی گیانی و مادی نەدا. لەلایەکی دیکە، لە دووەم هێرشی گەورەی ئێران کە زیاتر لە ٢٠٠ موشەکی بالستیکی تێدا بەکارهات، هەندێک لە مووشەکەکان بە ئاسانی پەردە ئاسنینەکەی ئیسرائیلیان بڕی، ئەگەر ئامانجەکان باش دیاری بکرانایە، لەوانەبوو زەرەری گەورە لە ئیسرئیل بدەن، بەڵام ئێران خۆی خۆی دەپاراست لە زەرەرکەوتنەوە.
سەرانی ڕژێمی لە ئێران ئەمجارە وەڵامی گەورەتریان دەبێت، ئەگەر تەواو بە ئاشکرا یان بە دزییەوە، خۆیان تەسلیم بە ئەمەریکا نەکەن بە زووترین کات. ئەم ئەگەرە واریدە، چونکە ئێران دەزانێت بەردەوام بێت لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمەریکا تێوە دەگلێت، ئەمەریکایش تێوە بگلێت، زەرەری زیاتر دەکات. تێوەگلانی ئەمەریکا زۆری تێ ناچێت، هەر ئەمڕۆ و سبەی کە ئێران.