دواجار شەڕی بە وەکالەت و میدیایی و... کۆتایی هات و دوو دەوڵەت بە مەودایەکی جیۆگرافیی زۆرەوە، بەشێوەی ڕاستەوخۆ (ئەمجارەیان بە پێچەوانەی جاری پێشوو کە زیاتر خۆماکیاجکردن و ئابڕووکڕینەوە بوو)، دەستەویەخە پەلاماری یەکتریان دا. ئەگەرچی ئەم چرکەساتانە لە دەرەوەی خواست و چاوەڕوانیی ئێمەی مرۆڤن، چونکە بە سروشت حەزمان لە شەڕ و پێکدادان نییە، بەڵام بۆ بەشێک لە چاودێران و بە تایبەتی ئەوانەی لە بواری "لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداو و ئەگەرەکانی داهاتوو" قسەیان کرد، شەڕەکە ڕوون و حەتمی بوو. ساڵی ڕابردوو چەند کەسێکی چاودێر باسیان لەوە کرد کە لە مانگی ئادار و بەهاردا تا کۆتایی هاوین، سەخترین ڕۆژەکانی ئێران دەبێت و هەر ئەوکاتیش هۆشدارییان دا کە کۆمەڵێک زەوینەسازیی بۆ پێشگیریی بکرێت، بەڵام ڕاستییەکەی نەک ئەم شیکارییانە، بەڵکوو هیچ شیکارییەک جگە لە بازنەی دەسەڵات لەلایەن سیستمی سیاسییەوە هەرگیز بەهەند وەرنەگیراوە.
زۆرینەمان زەوینەی ئایدۆلۆجی و سیاسیی شەڕەکەمان دەزانی و تەنانەت ڕەهەندە مێژوو و باوەڕدارانەکەیشی، بەڵام ئەوەی ئاسۆ بەم ڕوونییە پێشبینیی بکەین، ئاسان نەبوو. ئێستە ڕەنگە هێشتا زوو بێت بڵێین کار گەیشتووەتە مریشکەڕەشە، بەڵام ئەگەر نەیشگەیشتبێ، ئەوا گەیشتووە بە "مریشکەکە" و دەبێت چاوەڕوانی "ڕەشاییەکە"یشی بین. هیواخوازم هیچ کات ئەو چاوەڕوانییە بەدی نەیەت. ئێستە شەڕەکە لە قۆناغی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەدایە، سات بە سات لێکدانەوەی نوێ لەلایەن چاودێر و شیکەرەوەكانەوە دەخرێتە ڕوو، بە هەموو جیاوازی و لە هەندێ حاڵەتدا لێکدژییەک لە لێکدانەوەكاندا هەیە، چەندان پێدراوی جێگیر و چەسپاو بەدی دەکرێت کە بێگومان ئەو شتانە تا لە واقیعدا پراکتیزە نەبن، هەروەک ئەگەر چاویان لێ دەکرێت.
یەکێک لە ئەگەرەکان کە لە ڕۆژی دووەمی شەڕەکەوە زیاتر باسی لێ کرێت، بابەتی گۆڕینی ڕژێمە (regime change)، هۆی زەقبوونەوەی ئەم ئەگەرە کە سەرەتا نە لە لێدوانەکانی نەتەنیاهۆ و بەرپرسانی ئیسرائیلەوە باس دەکرا، نە لە هەڵوێستی ئەمەریکا و هەندێ وڵاتی ئەورووپاییدا سەرەداوێکی لێ بەدی دەکرا، ئەمە بۆ گەڕی یەکەمی بۆردمانەکەی ئیسرائیل بۆ تاران و چەندان شاری گەورەی ئێران، دەگەڕێتەوە. وەک لە لێدوانی لایەنە ئیسرائیلییەکان و هەواڵی مێدیاکاندا بۆمان دەرکەوت، ئۆپەراسیۆنەکە هەر ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی و دەرەکیی نەبووە، بەڵکوو کۆماندۆ و تۆڕێک لە ئەندامانی مۆساد تێیدا بەشدار بوون، ڕاستییەکەی ئەم دزەکردنە ناوەکییە کە وەک نەتەنیاهۆ ددانی پێدا نا، بەرهەمی چەندان ساڵ چالاکیی و بەرنامەڕێژیی بووە، هۆکاری لەکارکەوتنی سیستمی بەرگریی ئێران بووە، هێرش و بۆردومانەکەیش بە ڕادەیەک چاوەڕواننەکرا و کوتوپڕ و جەرگبڕ بوو، نەک تەنیا ئێرانییەکان و هێزەکانیان، بەڵکوو زۆربەی ناوچەکەی تووشی شۆک کرد،
ئەم دۆخە وەک بڵێی بە باشی ئیسرائیلی دڵنیا کردەوە کە ئێران هەر کەشوفش و خۆگیفکردنەوەیە و ئەو توانا بەرگرییەی بڕیاربوو هەیبێت، نییەتی. بۆیە لە لێدوانی ڕۆژی دووەمی شەڕەکەدا، قسەکانی نەتەنیاهۆ بۆنی ئەوەیان لێ دەهات کە لەگەڵ گۆڕینی ڕژێمیشدا کێشەیان نییە، بەڵام ئەمە ئەسپێرێت بە خەڵکی ئێران خۆیان و ئەوانیش ئاسانکارییان بۆ دەکەن تا ڕژێمی بە وتەی نەتەنیاهۆ دیکتاتۆر و خوێنڕێژە، لاواز بکات.
بە دڵنیاییەوە ئەم ئەگەرە هەروا ئاسانیش نابێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەگەرەکانی تر چەندە زەوینەیان بۆ خۆش بکرێت کە بێنە پانتایی واقیعەوە. یەکێک لەو ئەگەرانە ناوبژیوانیی وڵاتانی شێوە هاوپەیمانیی وەک چین و ڕووسیایە کە لە ڕێگەی ترەمپەوە کە خۆی لایەنێکی ناڕاستەوخۆ و کاریگەریی شەڕەکەیە و ڕەنگە خۆیشی وەک یارییەک ڕۆڵی هەبووبێت تا قۆناغێک لەم شەڕەدا، بێتە پێش بۆ ئەوەی لە دوانوستانەکاندا ئێران زیاتر لاواز و دەمکوت بکات، دۆخی شەڕ هێور بکەنەوە و دیسان ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، ئەگەرچی لە هەلومەرجێکی تەواو جیاوازدایە.
ڕاستە ترەمپ لە ڕوانگەی بازرگانی و کاپیتالیستییەوە هەوڵی ئەوەی داوە شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا کۆتایی پێ بێنێت، بەڵام هێشتا سەرکەوتوو نەبووە، ئەم ڕوانگەیەشی بۆ شەڕەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەبێت، بەڵام قورسایی ئیسرائیل لای ئەمەریکا و پێوەندیی نزیکی نەتەنیاهۆ و ترەمپ و هەژموونی جووەکانی ئەمەریکا، ئەگەری ئەوەی ئیسرائیل دەسکراوانەتر و سەرەڕۆیانەتر بێت لەم شەڕەدا، زیاتر بەرجەستە دەکات، وەک ئەوەی لە غەزە کردی. واتە ئەگەر پرۆژەی ناوبژیوانیی سەر بگرێت و ترەمپ بە ڕاستیی بیەوێت شەڕەکە ڕابگرێت، دەکرێت چاوەڕوانی ئەوە بین، ئەگەرچی بە هێواشی شەڕ بوەستێ و ئیسرائیلیش نیگەرانییەکانی تا ڕادەیەک بۆ ماوەیەکی کورت یان نیوەدرێژ ڕەویوەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات و ئێرانیش وەک جووڵە سەربازییەكانی پێشووی بە وەهمی زۆر و گورزی ناشیانە و "شەلم و کوێرم هیچ نابوێرم" ئیش بکات، ئەگەر پرۆژەی گۆڕینی ڕژێمیش لە ئارادا نەبێت، ئەوا شەڕەکە دەچێتە قۆناغێکەوە کە ماڵوێرانییەکی گەورەی بۆ هەردوو وڵات و بە دڵنیاییەوە بۆ ئێران زیاتر، لێ دەکەوێتەوە.
پێویست بە وتن ناكات کە وڵاتانی ناوچەکە هەرکامیان بە شێوەیەک بەر پریشکی جەنگەکە دەکەون، بە گشتی جەنگێکە کاریگەرییەکانی حەتمی و حاشاهەڵنەگرە، بۆ کۆی ناوچەکە و جیهانیش.