مۆساد چۆن پارچە درۆنەکانی بردە ناو ئێران؟

PM:01:38:16/06/2025 ‌
لەم شەڕەدا یەکێک لە لایەنە گرنگەکان کە دەبێت سەرنج بدرێ، تاکتیکی شەڕ و هەلقۆستنەوەی ئیسرائیلە کە ئێرانییەكانی شۆک كردووە. بۆ ئێمەی کورد گرنگە سەرنجی لایەنی نهێنی و سیخوڕانەی ئەم جۆرە شەڕانە بدەین، هەم وەک وانەوەرگرتن و هەمیش وەک زانیاری. ئێستە بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە تەنیا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل نەبوو ئەم هێرشە گورچکبڕانەی کردە سەر ئێران، بەڵکوو مۆساد لە ناوخۆی ئێران بەشێوەیەکی کارا چالاکیی هەبووە. 

هەمان ئەو مۆسادەی کە ساڵانی پێشوو کوردستانیان پێ تاونبار دەکرد گوایە بنکەیان تێدا داناوە و مووشەکی بالیستیکیان دەگرتە هەولێر و خەڵکی ئاسایی و مەدەنییان دەکوشت، وەها دزەی کردووەتە ناو سیستمی تەناهی و لەشکریی ئێرانەوە، بە پەلەپرۆزێ خەریکی پاکسازی و خاوێنكردنەوەی ناو ڕیزەکانیانن. فڕۆکە شەڕکەرە پێشکەوتووەکانی  35Fی ئیسرائیل بۆ لێدان لە دامەزراوە ناوەکییەکان و فەرماندە باڵاکانی ئێران، بەر لەوەی دەست پێ بکەن، کۆمەڵێک ئامراز و کەلوپەل لەناو ئێران لە شوێنی مەبەست دانرابوون. بەپێی ڕاپۆرتی "واڵ ستریت جۆڕناڵ" کە لە زاری کەسانی خاوەن زانیاریی لە ئۆپەراسیۆنەکە، گواستوویەوە، "ئێسرائیل چەندان مانگ کاتی داناوە بۆ بەقاچاخبردنە ناوەوەی سەتان درۆنی کواد کۆپتەر (وردە فڕ) کە هەڵگری مادەی تەقینەوەن. ئەمانە لە ڕێگەی لۆری و کۆنتێنەر و لەناو جانتادا گوازرابوونەوە و هەروەها کۆمەڵێک کەلوپەلی سەربازیی دیکە کە بە ئاسانی بۆ پێکانی مەبەست بەکار دەهاتن. چەندان گرووپ کە ئەم کەلوپەلانەیان پێ بووە، لە نزیک بنکەکانی بەرگریی ئێران بەشێوەی نهێنی جێگیر بوون و کاتێک ئیسرائیل هێرشەکەی دەست پێ کرد، هەندێک لەم گرووپانە بنکەکانی بەرگرییان لەناو برد و هەندێکیان ئەو مووشەکهاوێژانەیان دەپێکا کە خەریکی ئاراستەکردن بەرەو ئامانجبوون". 

لێرەدایە دەتوانین لەوە تێبگەین، بۆچی ئێران نەیتوانی بەشێوەی چاوەڕوانکراو ڕووبەڕووی فڕۆکەکانی ئیسرائیل و هێرشەکانی ببێتەوە؟ ئەمە هاوکات پێماندەڵێت چۆن هەندێ تەکنەلۆجیای سادە و بەردەست، دەتوانن لە شەڕەکاندا هاوکێشەکان بەتەواوەتی بەرەواژ بکەنەوە، بە مەرجێک کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە پشتییەوە بن. ئەم ڕووداوە دەبێت بە کەلێنێکی گەورەی ئەمنی لە هەر جۆرە شەڕێکدا کە هەم لایەنی تەکنیکی و هەم لایەنی دروونی دەگرێتەوە. 
ئەم ئۆپەراسیۆنەی مۆساد لە ناوخۆی ئێران، تەنیا پاش چەند حەقتەیەک ڕووی دا کە ئۆکراین تەکتیکێکی هاوشیوەی بەکار هێنا و درۆنەکانی لەناو لۆرییە گەورەکاندا شاردەوە و بە قاچاخ بردنیە ناو خاکی ڕووسیاوە.
 
ئامانجی مۆساد لە پراکتیکدا لەناوبردنی هەموو ئەو مەترسییانە بوو کە لەسەر فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل هەبوون و هەروەها لەناوبردنی ئەو مووشەکانەی بەر لە تەقاندنیان بۆ پێکانی مەبەست، ڕوویان کردبووە شارەکانی ئیسرائیل. لێرەدا تاکتیکی ئیسرائیل ئەوەبووە لە ڕۆژی سەرەتادا سەرنجی سەرەکیی بخاتە سەر بنکەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەک و بەم شێوەیە ئێرانی لە شەڕەکە گێژ و خافڵگیر کرد. ڕەنگە ئەم تاکتیکە تا کۆتایی شەڕەکەیش بەرزی و دەسەڵاتی ئیسرائیل هەر بپارێزێت و ئێران گورزە کوشندەکەی هەر بەم بۆنەوە خواردبێت. 

بەڵام هاوکات لە پاڵ ئەمەدا، پاش سێ ڕۆژ لە جەنگەکە پەرچەکرداری ئێران، وەك بانگەشەی فەرماندە سەربازییەکانی نەبووە. سیما شاین ئەفسەری پێشووی مۆساد لە دامەزراوەی تۆژینەوەی تەناهیی نەتەوەیی لە تەلئەڤیڤ، وتی: ئیسرائیل چاوەڕوانیی پەرچەکردارێکی زۆر توند و قورستری دەكرد. 

وەک لەم چەند ساڵەی دواییدا بۆمان دەرکەوت و لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرایندا بینیمان، درۆن کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر هاوکێشەکانی شەڕ و ئێستە بە ئاسانی لە چاو چەکەکانی دیکە، درۆنی خۆتەقێن ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. هەر لە ڕێگەی ئەم درۆنانەوە ئیسرائیل لە ساڵی 2022 وردەفڕ یان با بڵێین ئامرازێکی هاوشێوەی درۆن، بەڵام زۆر بچووکتر کە هەڵگری مادەی تەقینەوە بوو، بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی درۆن بەکار هێنا و ساڵێک دواتریش کارگەی بەرهەمهێنانی تەقەمەنیی لە ئیسفەهان هەر بە درۆن كردە ئامانج. 

مەبەستمە بڵێم، تەنیا فڕۆکەی F35 و ژماری زۆر، نابنە هۆی زاڵبوون و سەرکەوتن، بەڵکوو درۆن کە ئێستە بۆ زۆرینەی وڵاتان وەک ئامرازێکی ئاسایی سەربازییە، دەتوانێت ڕۆڵێک بگێڕێت کە پێگەی شایستەی فڕۆكەكان دیاری بکات، بە مەرجێک پلانی وردی سەربازی و پسپۆڕانە و سیخوڕیی بۆ دانرابێت. بەڵام ئەم درۆنانەی مۆساد ئەمجارە بەکاری هێنان، بەشێوەی پارچە پارچە و بەش بەش لە ڕێگا بازرگانییەکان و بە هاوکاریی كۆمپانیا بازگانییەکانی کە هیچ ئاگایان لە وردەکاریی کەلوپەلەکان نەبووە، هێناوەتە ناو ئێران.

پاش ئەوە کەسانی سەربە مۆساد لە ناوخۆی ئێران هەموو ئەم پارچانەیان لەناو گرووپەکاندا دابەش کردووە و دواتر ئەو پلانەیان بەڕێوە بردووە کە لە سەرەوە باسم کرد. ئەم ئۆپەراسیۆنەی مۆساد وەک وتم، نەک هەر کەلێنێکی تەناهیی لە ڕووی داودەزگا و ستراکتورەوە دروست کردووە، بەڵکوو ترس و دڵەڕاوکێی بەناو هەموو بەرپرس و پلەدارە سەربازی و ناسەربازییەکانی ئێراندا بڵاو کردووەتەوە کە نابێت دڵنیا بن لەوەی هاوڕێ و هاوکارەکەی تەنیشتیان سیخوڕ نییە! 
ئەمە وانەیەکی گەورە و وردە، دەبێت بە قووڵی لێی بڕاوانین بۆ خزمەتی وڵات و نیشتمانی خۆمان، لە زەینماندا هەڵیگرین.