یەكەم/ شەڕێکی بێ پێشینە
لە دوای 13ی حوزەیرانەوە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە ناو سەردەم و قۆناغێکی تازەوە کە پێشتر وێنە و نموونەی نەبووە. بەو مانایەی لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا هەرگیز شەڕێکی لەم شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە کە تەکنەلۆجیای سەربازی و زیرەکی دەستکرد و کەرەستەی پێشکەوتووی سەردەم، تێیدا بەشدار بن. ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی ئیسرائیل، لە جەنگێکی قووڵ و سەختدان، ئیسرائیل دەستپێشخەری بۆ جەنگەکە کردووە، لە کاتێکدا ئێرانییەکان چاوەڕێی هێرشی لەم شێوەیەیان نەکردووە و خۆیان بۆ خولی شەشەمی دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان، ئامادە کردبوو.
ئیسرائیل لەم شەڕەدت تا ئێستە ئامانجێکی زۆری پێکاوە، هەر لە کوشتنی سەرکردە سەربازییەکانەوە، تا دەگاتە زاناکانی بواری ئەتۆم کە رۆڵی گەورەیان لە پەرەپێدان و پیتاندنی ئەتۆمی ئێراندا بینیوە، تا وێرانکردنی شوێن و پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران و سەرچاوەکانی وزە و ژێرخانی سەربازیی وڵاتەکە بە شێوەیەکی گشتی.
ئێران تووشی شۆکێکی گەورە بووە، چونکە هەم توانا سەربازییەکەی سنوردارە بە بەراورد بە ئیسرائیل، سەرەتا سیستمی بەرگریی ئێران لەکار خراوە، لە ڕێگەی سیخوڕەوە، ئیسرائیل لە ناوەوەی ئێران کردەی هەواڵگری و سەربازی كردووە و لەلایەکی تریشەوە مەترسییەکی گەورەی ئاسایشی لەناو خاکی ئێراندا دروست بووە و بنیات ناوە کە ئەمانە هەمووی بەیەکەوە گوزارشت و هێما و ئاماژەی زاڵبوونی ئیسرائیلە بەسەر سیستمی ئاسایش و بەرگریی ئێرانەوە.
دیارە رووداوەکە هێشتا لەوە قووڵتر و پڕ ماناترە، بەڵام میدیا و ناوەندەکانی راگەیاندن تەنیا ئەوەندە زانیارییان لایە بۆ رای گشتی جیهانی. لە لایەکی ترەوە، ئێرانیش پەرچەکردار و کاردانەوەی هەبووە و هێرشی کردووەتە سەر تەلئەڤیڤی پایتەخت و ژێرخانی شارستانی وڵاتەکەی پێکاوە و چەند کەسێکیش بوونەتە قوربانی.
دووەم/ ئێران و کاردانەوەکانی
ئێران تا ئێستە لە شۆکێکی گەورەدایە و ئەوەی کردوویەتی و دەیكا، نەیتوانیوە لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا بێت کە کراونەتە سەری. زیاتر لە 20 سەعات ئاسمانی ئێران بەدەست هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بووە، ئەمەیش کوشندەترین گورزە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە تا ئێستە بەریکەوتبێت.
ئێران ئەو کاردانەوانەی هەیبووە، نەیتوانیوە ببێتە هۆی هاوسەنگکردنی دۆخەکە و تەکنەلۆجیای سەربازی لە ئاستێکی نایاب و بێ وێنەدا نییە بتوانێت هاوکێشەی جەنگەکە هاوسەنگ بکاتەوە. ئەمە گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەتی ئێران، چونکە تا ئێستە ئەو مووشەکانەی بەکاری هێناوە، راستە دوورمەودان، بەڵام سیستمی بەرگری ئیسرائیل ئەوەندە بەهێزە زۆرینەی پووچەڵ دەكاتەوە، بەشێکیان هەر ناگەنە ئاسمانی وڵاتەكە و لە ئوردن دەتەقێنرێنەوە، ئەمەیش توانای سەربازی ئێرانی بە تەواوی سنوردار و بێ رۆڵ کردووە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئیسرائیل بەشێوەیەکی رێژەیی رێگەی داوە زیانی بەربکەوێت بۆ زیاتر بەدەستهێنانی رەوایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بۆ کاردانەوە و هێرشی زیاترە، بە تایبەت لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، بۆ ئەوەی مافی بەرگریی بەدەست بهێنێت، دەبێت پاساوی یاسایی و لۆجیکی هەبێت بۆ بەرگری و هێرشکردن.
سەرباری ئەوانە، ئەمجارە ئێران لە ڕووی جیۆگرافیای سەربازی و مەیدانی جەنگەوە، وەک جاران دەستکراوە نییە و ناتوانێت وەک پێشتر گۆڕەپانەکانی سوریا و عێراق و لبنان بەکار بهێنێت، بریکارەکانی لە ناوچەکە توانای بەڕێوەبردنی ئەمجۆرە جەنگ و رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی ئیسڕائیلیان نییە، ئەمە لە کاتێکدایە ئێران لە ناوخۆیش گوشاری لەسەرە و دەنگی ناڕەزایی بەرزە و هێشتا قەیرانی خۆراک و خواردەمەنی و سووتەمەنی و کارەبا دەستی پێ نەکردووە، بەهۆی شەڕەکەوە.
سێیەم/ عێراق و گۆڕەپانی شەڕ
عێراق هەرزوو لە سەرەتای جەنگەکەوە ئێرانی ئاگەدار کردەوە کە وڵاتەكەی نەکاتە مەیدانی رووبەڕووبوونەوە و هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریکا و وڵاتانی تری بەرەی رۆژئاوا و بەرژەوەندییەکانی عێراق بپارێزێت. ئەم داوایە بۆ ئەوەیە عێراق بەهۆی دۆخی ناسک و هەستییارییەوە نەبێتە مەیدانی جەنگی نێوان دوو هێزی هەرێمی خاوەن چەکی قورسی وەک ئێران و ئیسڕائیل.
ئەگەرچی عێراق هاوپەیمانی ئێرانە و لەولایشەوە هاوبەشێکی سەرەکی ئەمەریکایە و لە سەرەتای هێرشەکانیشەوە عێراق سەرکۆنەی ئیسرائیلی کردووە و بەشێوەیەکی تیۆری لەگەڵ سەقامگیری و ئارامی و رێزگرتنە لە سەروەرییەكەی، بەڵام لە ڕووی کردارەکییەوە عێراق ئەو توانایەی نییە بتوانێت خۆی بپارێزێت و بەرگری لە خاک و سنوور و سەروەرییەکەی بکات، بەهۆی چەند فاکتەرێکەوە لەوانە:
یەکەم، عێراق لەژێر هەژموونی ئێران و سیاسەت و دەستەبژێری سیاسی و سەربازیی ئێراندایە و ناتوانێ بەشێوەی سەربەخۆ بڕیار لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی بدات و وەک پاشکۆ دەردەکەوێت.
دووەم، گرووپە چەکدارەکانی عێراق زۆرینەیان سیاسەت و ستراتیجی ئێران جێبەجێ دەکەن و لەژێر فەرمانی ئێراندان، بەمەیش هێندەی تر عێراق و دامەزراوە سیاسی و یاساییەکان و حکوومەت و سوپاكەی لاواز و بێ رۆڵ دەکات و بە ئاسانی دەتوانێت پەلکێشی شەڕی لەمجۆرەی نێوان ئێران و ئیسرائیلی بکات. ئەگەرچی ئەمەریکا هۆشداری داوە، هەر هێرش و زیانێک بۆ سەر ئەمەریکا و هاووڵاتی و بەرژەوەندی و دەزگا نوێنەرایەتییەکانی، دەبێتە هۆی كاردانەوەی تووندی ئەمەریکا و قبووڵکراو نابێت.\
ئەوەی ڕوو دەدات تا ئێستە لە عێراق، بێدەنگی و بەشدار نەبوونە لە شەڕەکە، بەڵام هەر جووڵەیەکی عێراق بە ئاسانی وڵاتەکە دەگۆڕێت بۆ مەیدانی جەنگ و تێوەگلان لە هێرش و قۆناغێکی تری کاولکاری.