یه‌كێك له‌و پرسه سه‌ره‌كییانه‌ی كه كورد له سه‌رده‌می دامه‌زراندنی عێراق له 1920 و كێشه‌ی ویلایه‌تی مووسڵه‌وه تا ئێسته له‌سه‌ری ڕۆیشتووه، خستنه‌ڕووی ئه‌م مژار و پرسه له‌لایه‌ن كورد بووه كه ئه‌ویش مژاری سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستی بووه. له هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌دا تا ئێسته، كورد ئه‌مه‌ی لا ڕوون بووه‌ته‌وه كه عێراق چییه؟ بۆیه ناڵێم چ جۆر ده‌وڵه‌تێكه، چونكه ڕاستییه‌كه‌ی به‌ر له‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بێت، كۆمه‌ڵێك هێز یان با بڵێین دامه‌زراوه‌ی خێڵه‌كیی ئایدۆلۆجین كه ته‌نیا دوژمنیشیان به كورد پێناسه كردووه، چونكه كورد تاكه نه‌ته‌وه‌یه‌ك بووه كه به هاوارێكی سه‌رده‌مییانه، مافی خۆی ویستووه و ژێرده‌سته‌یی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه.
ئه‌م مافخوازییه ڕه‌نگه سه‌ره‌تا ڕاسته‌وخۆ و بنه‌مایی نه‌بووبێت، به‌ڵام هه‌ر به بوونی ناڕه‌زایه‌تی و ده‌نگی دلێری مافخوازانه‌ی خۆیه‌وه، له سه‌رده‌می شێخ مه‌حموود و مه‌لا مسته‌فای نه‌مره‌وه، ئه‌م پرسه‌ی خستووه‌ته ڕوو و وه‌ڵامه‌كشی لا ڕوون بووه. "عێراق، وڵات(Country) نییه"، چونكه وڵاتێكی به‌زۆر پێكه‌وه‌نراوه، وڵاتێك كه پێكهاتنی له‌سه‌ر زه‌وتكردنی مافی سه‌ربه‌خۆیی و مافی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه، ئه‌مه سه‌ره‌تای دیمه‌نه‌كه‌یه و پاش كوده‌تا به‌سه‌ر عه‌بدولكه‌ریم قاسم، وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها بۆ به‌عسییه‌كان، ڕاستیی گوزاره‌ی "عێراق وڵات نییه" زیاتر سه‌لما، گه‌یشتین به‌و بڕوایه‌ی "عێراق، به‌م شكڵه هه‌رگیز نابێته وڵات".
پاش نیو سه‌ده شۆڕش و خه‌بات له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق و هه‌وڵی كورد بۆ مسۆگه‌ركردنی دیموكراسی و فیدراڵیزم، به‌و هیوای ئه‌وه‌ی عێراق ببێت به وڵاتێكی مۆدێرن و.. و..، ده‌سه‌ڵاتدارنی عێراق و میلیشیا شیعه‌كان هه‌ر ڕۆژ و هه‌ر سات پێمان ده‌ڵێن "عێراق، وڵاتی خێڵه‌كان (حزب، كوتله و..و.. به ڕۆحییه‌تی بیابان و لمه‌وه!)ـه". واته عێراق شتێكی تری نییه باسی لێ بكه‌ین جگه له عه‌ره‌ب و مافه‌كانیان (به شیعه و سوننه‌یانه‌وه)، ئه‌م شێوه له مانیفێستكردنی گوزاره‌ی "عێراق، وڵات نییه"، واته كورد نه به‌شێكه له عێراق و نه جیایشه له عێراق، له دیدی ئه‌وانه‌وه ئێمه له ناو كه‌وانه‌یه‌كی لاوه‌كی و ناپێویستداین و هه‌ركات وشه‌كانی ناو ئه‌م كه‌وانه‌یه (سه‌ربه‌خۆیی، نه‌ته‌وه، كوردستان، ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و...)، ده‌لاله‌تێكی مانایی و مه‌عریفیی به‌ر گوتاری تاكڕه‌هه‌ندی شۆڤێنییان بدات، ئه‌وكات ڕه‌هه‌ندی دژه‌عێراقیبوونی كوردمان زیاتر بۆ ده‌رده‌خه‌ن.
بۆ نموونه بودجه لای ئه‌وا‌ن هی عێراقی عه‌ره‌بییه نه‌ك عێراقێك (به حیساب) كه كوردی تێدایه، هێزی سه‌ربازی به‌هه‌مانشێوه واته هێزی سه‌ربازیی ده‌سه‌ڵاتدار و متمانه‌پێكراو، ده‌بێت حه‌شدی شه‌عبی بێت نه‌ك هێزی پێشمه‌رگه یان هه‌ر پێكهاتێكی هێز كه كورد به‌شێوه‌یه‌ك تێیدا به‌شدار و كاریگه‌ر بێت، ئه‌م تێڕوانینه له هه‌موو چالاكی و ده‌ركه‌و‌ته و جومگه‌كانی ئه‌كتی سیاسیی عێراقییه‌كان (عه‌ره‌ب)، به سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆژنامه‌نووسیانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت. به باشی له بیرمه له كاتی كردنه‌وه‌ی یادگه‌ی نیشتمانیی بارزان، كاتێك كۆمه‌ڵیك وێنه و ڤیدیۆیان له شۆڕشی ئه‌یلوول و بارزانیی نه‌مر په‌خش ده‌كرد، به‌رپرسه عێراقییه‌كان و به‌تایبه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی چاوی لێ ده‌كرد، لای خۆمه‌وه بیرم ده‌كرده‌وه كه چه‌نده باش ده‌بێت ئه‌مانه له‌لایه‌نی مه‌عنه‌ویی و ڕۆحیی خه‌باتی كورد له سه‌ده‌ی بیسته‌م و قوربانیدانی، بۆ یه‌ك چركه‌ش ڕابمێنن، جۆره هیوایه‌ك وجوودمی داگرت و هیوام لا دروست بوو، به‌ڵام هه‌رزوو ده‌ركه‌وت ئه‌مه جگه له خه‌یاڵپڵاوی و خه‌ونخۆشی، هیچیتر نه‌بووه.
سوودانی پاش گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا و له‌گه‌ڵ ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو كوتله و كوتله‌بازی و خێڵه‌كیبوونه‌ی عێراق و په‌رله‌مانه‌كه‌ی، بچووكترین ڕۆڵی له پاراستنی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له په‌سندكردنی یاسای بودجه‌دا نه‌گێڕا، پاش ئه‌وه‌ش كه بابه‌تی مووچه كرا به ئامرازێكی فشار بۆ سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستان، وه‌گه‌ڕخستنی پڕۆژه‌ی برسیكردنی خه‌ڵك، دیسان وه‌ك نه بای دیبێت نه بۆران! ئه‌مه له ئاستێكی تردا ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه، به‌ڕاستی "عێراق، وڵات نییه"، یان لانیكه‌م بۆ كورد نابێت به وڵات، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا وه‌ك گوتم "وڵاتی خێڵه‌كانه" كه به ئاسانیش كراون به دارده‌ست، بۆیه سوودانیش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه خۆی به‌شێوه‌ی تاكه‌كه‌سی و حه‌زی شه‌خسیی خۆی بیه‌وێت پڕۆژه‌یه‌ك جێبه‌جێ بێت یان نا، بڕیار و ده‌سه‌ڵاته‌كان ئه‌وه‌نده‌ی له‌لایه‌ن هێزه و هه‌یمه‌نه‌ی ئایدۆلۆجیی ده‌ره‌كی و هه‌رێمییه‌وه كۆنترۆڵ ده‌كرێن، له‌لایه‌ن عێراق و عێراقییه‌كانه‌وه كۆنترۆڵ ناكرێن.
بۆیه من پێم وایه ڕای گشتیی خه‌ڵكی كوردستان و لایه‌نه‌كان به سیاسی و ڕۆشنبیره‌وه، ده‌بێت ئاگادار و ده‌روه‌ست بن له‌سه‌ر ئه‌مه‌ی كه عێراق، ئێمه وه‌ك سه‌ربارێكی زیاده ده‌بینێت و ته‌نیا ناتوانێت بڵێت لێم جیا ببنه‌وه و وازم لێ بێنن، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و عورفه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه دێرین و كۆنه‌یه كه دابه‌شبوونی وڵات، به ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر شه‌ره‌فی خۆی ده‌زانێت، ئه‌گه‌رنا عێراقێك كه هه‌ر له سه‌رده‌می مه‌لیك فه‌یسه‌ڵه‌وه تا كازمیی داواكراو، یه‌ك ڕۆژی سه‌قامگیریی بێ خوێنی به خۆوه نه‌بینیوه، بۆچی وا خه‌یاڵ ده‌كه‌ین ئێمه‌یان وه‌ك هاوبه‌ش و به‌شدار له پرۆسه‌ی سیاسیی خۆیاندا قبووڵه؟، له حاڵێكدا نه شیعه‌كانیان به مسوڵمانمان ده‌زانن و نه سوننه‌كانیش متمانه‌یان پێمان هه‌یه، نه له سۆنگه‌ی عه‌ره‌بیشه‌وه كورد وه‌ك نه‌ته‌وه قبووڵه! ئه‌مانه ڕه‌نگه هه‌ندێك ده‌ڕبڕینی زبر و وشك بن، به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه تاڵانه‌ن كه ڕێگه‌ی سه‌ختی به‌رده‌م و داهاتوومان بۆ شیرین و هه‌موار ده‌كه‌ن، بۆیه متمانه نه‌كردن به عێراق و عێراقییه‌كان و قبووڵكردنی ئه‌مه‌ی كه عێراق قه‌ت نابێت به وڵاتێكی چه‌ند نه‌ته‌وه، تاكه ڕێگه‌یه بۆ ڕزگاریی كورد و به‌دیهاتنی خه‌ون و ئاواته‌كانی، ئه‌گه‌رچی ڕێگه‌یه‌كی دیسان پڕ له كه‌ند و ته‌گه‌ره بێت.