دۆخی جەنگ نموونەی دیار یان چڕوپڕی ئەو حاڵەتەیە کە جۆرج ئاگامبێن فەیلەسووفی بەناوبانگ، بە دۆخی ئاوارتە یان دۆخی ناوازە ناوی دەهێنێ. ڕاستییەکەی ئەم دۆخە ئەگەرچی زیاتر لە دۆخێکی لەناکاو و کتوپڕ دەچێت، بەڵام دەمێکە زەوینەی دەرکەوتنی فەراهەم کراوە، ئیتر یان لەلایەن حکوومەتێکی زاڵ بەسەر وڵاتێکدا یا کۆی هاوکێشەیەک کە بەسەر جیهاندا لە دەرئەنجامی ململانێیەکی گشتیی گەردوونی دروست دەبێت.
جارێکیان ماڵپەڕێک نەخشەیەکی جیهانی بڵاو کردەوە و هێڵێكی بچووکی بە دەوری ناوچەیەکدا کێشا و نووسیبووی، ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئەو شوێنەی زۆربەی شەڕەکانی جیهانی تێدا ڕوو دەدەن. دیارە ماڵپەڕەکە ئامانجی ئەوەبوو ئەو پرسیارە بخاتە ڕوو، بۆچی ئەم ناوچەیە کە مەڵبەندی سەرهەڵدانی چەندان ئاین و شارستانیەتە، هێشتا لەناو جەنگ و خوێندا دەژی؟ ڕەنگە ئەم پرسیارە لەو ڕووەوە هەڵگری ئاوەزمەندیی و ڕەوایی بێت کە چاوەڕوانی ئەوە دەکات، وڵاتی ئەنبیا و پێغەمبەران کەمتر بە شەڕ و خوێنەوە بگلێت، چاوەڕوانییەکی دروست و بەجێیشە. ئەی ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا هێندەی گرێدراوە بە یارییە سیاسییەکان و بازاڕی چەک و بیناکردنەوەوە، هێندەیش گرێدراوە بە ئایدۆلۆجیاوە؟ ئاخۆ دۆخی ئاوارتە دەرئەنجامی بەریەککەوتنی هەموو ئەم هۆکار و هێزانە نییە؟
بێگومان ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، ئیتر ناتوانین و ناشبێت تاقەهۆ یان تاكە ڕوونکردنەوە بۆ دیاردە یان ڕووداوێک بە بڕاوە و یەکلاکەرەوە بزانین، وەک چۆن مرۆڤ خۆی پڕە لە سورپرایز و لایەنی شاراوە و هێشتا ئاشكرا نەکراوە، دیاردە و ڕووداوەکانی جیهانیش لەسەر هەمان بنەما بنیات نراون. بێ هۆ نییە هەندێک بیرمەندی ئیسلامی دەڵێن، مرۆڤ جیهانی بچووکە و دنیا جیهانی گەورە، بەڵام وا دیارە هەر دوو جیهانەکە گەورەیی و ئاڵۆزیی تایبەت بە خۆیان هەیە.
بە سەرنجدان لەم دیدگایە، دەتوانین بڵێین لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دۆخی ئاوارتە یان دانسقە، دەمێکە ڕاگەیەنراوە و بەهۆی سەرهەڵنەدانی پرۆژەیەکی چاکسازیی هەمەلایەن لەم جیۆگرافیا کۆن و دێرینە، مێژوو هەر دەم و سات بە خوێن دووپات دەبێتەوە و باجەکەی خەڵک دەیدەن کە هیچ ڕۆڵێکیشیان لە هەڵبژاردنی شێوەی مردنیاندا نییە.
ئەمجارە پاش شەڕ و تێکچوونە خوێناوییەکانی سووریا، یەمەن، عێراق، لبنان، غەزە و ئیسرائیل، سیستمی سیاسیی لە ئێران بەهۆی جووڵانەوە دژی یاسا پەسندکراوە نێودەوڵەتییەکان و یاریکردن لەناو یاسا ئایدۆلۆجییەکانی خۆیدا، پریشکی شەڕەکەی ڕاکێشایە ناو قووڵایی خاکەکەی خۆی. خاکێک کە لە پاش شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1988، هیچ دەسدرێژییەکی هەستپێکراوی لەم شێوەیەی نەبینیبوو، خاکێک زۆربەی بەرپرس و فەرماندە سەربازییە باڵاکان چەند مانگ جارێک دڵنیاییان دەدایە خەڵک کە هیچ وڵاتێک نەک ناتوانێت هێرشمان بکاتە سەر، بەڵکوو هەر ناوێرن بیریشی لێ بکەنەوە!
ئەگەرچی ئێستە ئاگربەست بە هەوڵی دیپلۆماسیی پشت پەردە بەرقەرار کراوە، بەڵام ئەم وێنا و خەیاڵکردنانە لە جەنگ، دەریخست، هەرچەند هێز هەبێ یا خەیاڵ بکەی هێزت هەیە، شەڕ نزیکە و بۆ هەمیشە دوور نامێنێتەوە لە سنوورەکانت! ئەزموونی شەڕی 12 رۆژەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل و چۆنێتی و شێوازی جەنگەکە و دواجار ڕاگرتنی، پێمان دەڵێت، سەرەتاتکێ و دەستڕاوەشانی تارمایی جەنگ، تا هەمیشە لە پشت دەلاقە و لە دوور و دەرەوەی سنوورەکان نابێت، بەڵکوو بە چەقەنەیەک دەکرێت بگاتە ناو ماڵەکان و گیانی هەزاران مرۆڤی بێ گوناهـ و بێ دەسەڵاتی تێدا ببێتە قوربانی، سەرباری ئەو هەموو زەرەرە مادی و ژینگەییەی بە دوای خۆیدا دەیهێنت و سەرەڕای ئەو هەموو مەترسییەی بۆ کۆی ناوچەکە دروستی دەکات.
ڕەنگە لە مێژووی ناوچەکەدا هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد جەنگی بەسەردا نەسەپابێت و نەبووبێتە قوربانیی جەنگ، ئەمە لە حاڵێکدا بووە کە کورد هەمیشە ئاشتیی ویستووە، نەتەنیاهۆ لەم ڕۆژانەدا شتێکی وت، ئەگەرچی من بە ڕەوای نازانم لەو بیگوازمەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هەڵگری ئەو حەقیقەتەیە کە لە دنیادا بەپێی یاساکانی نێودەوڵەتیی پێڕەویی لێ دەکرێت، ئەوەیش ئەمەیە: ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە مسۆگەر دەبێت. لێرەدا مەبەست لە هێز، هێزێکی یەکلاکەرەوە و چڕوپڕە نەک هێزی وەهمی و لەسەر بنەمای هەڕوگیف!
هەموو ئەو ساتانەی کورد بووەتە قوربانیی جەنگ، لە هیچیاندا جەنگی نەویستووە و بە شێوەیەک بەسەریدا سەپێنراوە، تەنانەت بۆ کورد دۆخەکە نەک لە چوارچێوەی جەنگ، بەڵکوو ڕاستەوخۆ لەناو دۆخی "دانسقە"دا فورمولبەندیی دەکرێت، بۆ نموونە، جەنگی نەویستووە و ئەنفال کراوە، جەنگی نەویستووە و راگوێزراوە، جەنگی بەسەردا سەپێنراوە و پاکتاو کراوە. بەداخەوە لە هەموو ئەم چرکەساتە سامناکە مێژووییانەدا، جیهان بێدەنگ بوو، ئێمە دەیان هەزار لە کیژ و کوڕمان ئێستەیش گۆڕگومن.
دوای ئەم هەموو ساڵانە، وردە وردە بایی ئەوەندە هێزی دیپلۆماسی و سیاسییمان وەرگرتووە کە پشتیوان و هاوپەیمانی پتەو و نیوەپتەو بۆ خۆمان مسۆگەر بکەین، ئێستە بەختەوەرانە لەناو ئاگری هەموو جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، کورد توانی خۆی لە پریشکی شەڕ بە دوور بگرێت و ژیرانە و حەکیمانە تا ئێرە هێناویەتی و لێرەیشەوە پشت بە خودا و ئیرادەی سیاسیی کوردی، درێژەی دەبێت.