کەس ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکات کە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، سەرەتای کردنەوەی دەرگایەک بووە کە ڕەشەبای جەنگ و هەندێک گۆڕانکاریی هێنایە ناوچەکە و تا ئێستەیش سنوور و ئاسۆکانیمان لێ دیار نییە. کێشەی ڕوانگە ئایدۆلۆجییەکانی وەک بەرەی مقاومە ئەوەیە، پێوەندییان لەگەڵ واقیع تەواو نییە، یان ئەگەر تۆزێک بە نەرمونیانییەوە بیڵێین، لە پێوەندی لەگەڵ واقیع و ئامانج یان خەونەکانیاندا، هاوسەنگی ئەوتۆیان نییە. کێشەی ئەو باسەی لەبارەی شکست یا سەرکەوتنی حەماس لە مێدیاکاندا هاتە ئاراوە، هەر لەم نەپێکانەی ئەو خاڵەدایە.
واتە زۆر لە لایەنگرانی فەلەستین کە لای خۆیان کێشەی فەلەستین تەنیا بە لەناوبردنی جوو و ئیسرائیل دەبینن، ئەگەر هەموو خەڵکی فەلەستینیش بکوژرێت، ئەوا ئیسلام هەر سەربەرزە و حەماس هەر سەرکەوتووە! ئێمەیش وەک مسوڵمان نکۆڵی لەوە ناکەین کە بەڵێ ئیسلام سەربەرزە بۆ هەمیشە، بەڵام تەرمی منداڵ، ژنان و پیاوان لە وێرانەیەكدا كە پێشتر ناوی غەزە بوو، بەم وەڵامە ڕازی نابن، ئەوانەیشی ماونەتەوە ژیانیان لە نێوان مەرگ و ژینێکی كولەمەرگیدا گیری خواردووە و کەمترین پێداویستیی ژیانیان پێ دەگات و ناتوانن بەو خەونانە زەبوونیی خێزان و خەڵک و وڵاتیان فەرامۆش بکەن.
لایەنی مەعنەوی و ئایدیالی ئایدۆلۆجیای بەرەی مقاومە، وایکردووە دەستەواژەی شکست لە هزریاندا نەک نەبێت، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک بسڕێتەوە، بەڵام ئایا ئەمە بە مانای شکستنەخواردن دێت؟ بێگومان نەخێر. ئێمە ئەگەر لە قاموسی ژیانماندا وشەیەک بسڕینەوە، بەو مانایە نییە لە جیهانی دەرەوە و واقیعدا ڕاستییەکی وەها کە ئەو وشەیە گوزارشتی لێ دەکات، بوونی نییە. بۆ نموونە، وشەی بەختەوەریی ئەگەر لە ژیانی تاکەکەسی و ڕوانگەی ئێمەدا بۆ ژیان بسڕێتەوە، بەو مانایە نییە کە بەختەوەری (تەنانەت بە مانا هەرە ڕێژەییەکەیشی) بوونی نییە، بەڵکوو هاتووین لە باتی ڕووبەڕووبوون لەگەڵ بەختەوەری و چٶنێتی بەدەستهێنانی، دەستەواژەی بەختەوەریمان خستووەتە خانەی سڕینەوە و فەرامۆشییەوە!
بێگومان ئەم پرۆسەیە سەرەڕای ئەوەی سەفسەتەیەکی ترسناکە، هاوکات ڕێگەخۆشکەرێکی سامناکیشە بۆ بەردەوامیی زیاتری ئەو ئایدۆلۆجیایەی کە بەم شێوەیە ئیشی کردووە، بۆیە دەتوانین بڵێین، زنجیرەی ئەو ڕووداو و پێکدادان و جەنگانەی پاش حەوتی ئۆکتۆبەر و لە قەوارەی بەرگری و هێرشی ئیسرائیل و پاڵپشتیی ڕۆژئاوا و هەروەها بە تایبەتی ئەمەریکا هاتە ئاراوە، ئەگەرچی بە ڕواڵەت دۆخێکی دروست کردووە کە باڵ و پەلکەکانی ئەو سوپا پەرش و بڵاوەی ناوی بەرەی مقاومەی هەڵگرتووە، لە پەلوپۆ خستووە، بەڵام ناتوانین بڵێین بەرەی مقاومە لەناو چووە، بەڵکوو دەتوانین بڵێین ئەو هێز و وردەهێزانە لەم خۆڵەمێشە هەڵدەستنەوە و بە دڵنیاییەوە بەو هۆکارە ئایدۆلۆجییەیش کە لە سەرەوە باسم کرد، باوەڕیان بە سەرکەوتن و نەشکان پتەوتر و قووڵتر دەبێت، بە تایبەت پاش ئەو ئاگربەستەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ڕەنگە ڕێکەوتنێکی نهێنیی هێشتا ڕانەگەینراو، ئێران و بەرەی مقاومە ئێستە بە هەموو توانایان لە تەپڵی سەرکەوتن دەدەن.
ئێران دوای ئاگربەستەکە شەپۆلێکی سەرکەوتنسازانەی لە مێدیاکانی ناوخۆ و دەرەوە دەست پێ کردووە کە بمانەوێ و نەمانەوێت لە تێکدانی واقیع و ئەو ئاڵۆزییەی ڕووی دا و هێشتا لە ئارادایە و مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، ڕۆڵی دەبێت. واتە بە وتەی ئیسرائیلییەکان، سەری ئەم مارە کە کلکەکەی تا باشووری لبنان بە ناو عێراق و سووریادا درێژ بووەوە، پان نەکرایەوە، بەڵکوو تەنیا بریندار كرا و بە دڵنیاییەوە ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و ئیسرائیل، ئەمە بە باشی دەزانن کە هیچ شتێک لە ماری بریندار ترسناکتر نییە، ئەمە بەو مانایە نییە كە مارە بریندارەكە نەترساوە. بۆیە لەو ڕووەوە پێدەچێت ڕۆژئاوا و ترەمپ بە باشی بزانن کە تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی یان بە دەربڕینی خۆیان بە شێوەیەکی تەکنیکی، شکستیان بە ئێران هێنابێت، بەڵام پاش ماوەیەکی درێژ یان کورت، بە دڵنیاییەوە مارەكە کاژ دەخات و بە کلکەجەڕەیەک دیسان لەسەر هێلانەکەی خۆی پەپکە دەخوات و خۆی مەڵاس دەداتەوە بۆ هێرش.
بە دڵنیاییەوە ڕەنگە برینەکانی ئەم مارە بەرەو کوژران و نەمانی ببات، بەڵام هێشتا بەو خووەوە دەژی کە ئایدۆلۆجیاکەی بۆی دیاری کردووە! بۆیە پێم وایە ئیسرائیل تەنیا لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ماوەیەکی کورت یان درێژ دوا بخات، ئەینا لە پاشەکشەی یەکجاریی بە ئایدۆلۆجیای "مردن تا سەرکەوتن"، مەرگ بۆ ئیسرائیل و مەرگ بۆ ئەمەریکا و... نەک سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو مکوڕتری کردن، چونکە مێدیا و دەزگا ئایدیاسازەکانی ئێران، هەر ئێستە خەریکن ئەو دروشمانەن بە دەمامک و ماکیاج و دیپلۆماسی نوێوە، لەناو هێزەکانیدا ڕەگئاژۆ دەکەن و پێم وایە ئەو پۆپۆلیزمە ڕێکخراوەی کۆمەڵگەی ئێرانی و بە زۆری فارسنیشین و شیعە دەگرێتەوە، پاڵپشت و هاریکاری دەبن.
بابەتەکە ئەوە نییە ئێمە حەزمان بە کام سیستمی سیاسی یا جۆری حوکمڕانی بێت، بابەتەکە ئەوەیە ئەو یارییەی هەردوولا کردیان، تەنیا یارییەکی سیمبولی و بە دڵنیاییەوە ترسناک و شەڕانگێزانە بوو، بەڵام خنكاندنی مارێک نەبوو کە بەسەر خەزێنەی زۆر شوێنی دەرەوە پەپکەی خواردووە، بتارێنێت یان لەناوی بەرێت.