دەوڵەتی سێبەر بە شێوازە عێراقییەکەی

PM:01:27:02/07/2025 ‌
یەکەمین جار لە ساڵی 1951 و لە پەڕلەمانی بەریتانیا، دەوڵەتی سێبەر یان دەوڵەت لە سێبەردا لەلایەن ڕیبەری ئۆپۆزیسیۆن هیۆ گایتسکول، لە دژی سیاسەتەکانی وینیستۆن چەرچڵ ڕاگەیەنرا. دەوڵەتی سێبەر لە مانا سیاسییەکەیدا بە کابینە یان شاندێكی دەوڵەتیی نافەرمی و سەرکارنەهاتوو دەوترێت کە بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت کەوتووەتە وێزەی دەوڵەتە فەرمییەوە، تا دەسەڵات بقۆزێتەوە. 

لە سیستمە سیاسییە پەڕلەمانییەکاندا بە زۆری گەورەترین حزبی ئۆپۆزیسیۆن یا دژبەری حكوومەتی سەرکار، دەڵێن دەوڵەتی سێبەر. بەڵام ڕاستییەکەی ئەم شێوەیە لە دەوڵەتی سێبەر لەناو زەوینەیەکی سیاسیی دیموکراسیانەدایە کە لە کولتووری ڕۆژئاوا هەڵقوڵاوە و هاوکات بۆ سەردەمێکیش دەگەڕێتەوە کە جیهانی هەنووکە هێندە ئاڵۆز و پڕداوو و ڕایەڵە نەبوو. لە زنجیرە درامای "هەڵاتن لە زیندان"دا هەموو هەوڵی مایکل سکۆفیڵد و هاوڕێکانی، بۆ ئەوەیە جەنەراڵ و "ڕێکخراو"ەکەی کە هەموو جومگەکانی دەسەڵات و جووڵەی ورد و درشتی ناو دەوڵەت ئاڕاستە دەکەن، پەک بخەن و هەموو ئەو تاوانانەی لەلایەن جەنەراڵ و ڕێکخراوەکەیەوە دەكرێن و لە چەندان دیالۆگدا لە نێوان چەند دادوەر و ڕۆژنامەنووس و پارێزەردا وەک دەوڵەتی سێبەر ئاماژەی پێ دەدرێت، ئاشکرا بکرێن و دەوڵەتی سێبەر ڕیسوا بکرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە. 

ئێمە دەتوانین وێنای ئەوە بکەین کە ئەو وێناسازییەی دراماکە، دداننانە بەو واقیعە ئاڵۆزەی لەناو پێکهاتەی سیاسیی وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی بازرگانی و هەروەها کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزە لە ڕۆژئاوادا، هە. ئەو کۆمپانیایانەی لە چەندان درامادا باسی ڕۆڵیان کراوە لە هەڵگیرساندنی شەڕ لە جیهاندا، بۆ ئەوەی کاروباری ئاوەدانکردنەوە و وزەگواستنەوەی وڵاتانی خاپوورکراو بگرنە ئەستۆ و پارەیەکی خەیاڵی کۆ بکەنەوە. بە دڵنیاییەوە ئەمە لە جیهانی واقیعیشەوە شتێکی دوور لە زەین نییە و ڕۆڵی خواستی بازرگانیی لەناو یاریی و ململانێ سیاسییەکاندا، حاشالێنەکراوە و بە زۆری دەکرێت لەلایەن دەوڵەتی سێبەرەوە پراکتیزە بکرێت. 

بەڵام ئەم دیمەنە بە ڕواڵەت ناشیرین و دزێوە بۆ ڕۆژئاوایە. بۆیە دەڵێم بە ڕواڵەت ناشیرین و دزێو، چونکە ئەگەر بەراوردی بکەین بە کۆی سیستمی دەوڵەتی فەرمی و ناسێبەر و دەوڵەتی سێبەر و نافەرمی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیتر ئەو وێنەیەی دەوڵەتی سێبەری ڕۆژئاوایی هێندە دزێو و ناشیرین نابێت، بەراورد بەمانەی ڕۆژهەڵات. 

دەوڵەتی سێبەر لە وڵاتانێک کە هێزەکانی دادوەری، یاسادانان و حوکمڕانی، سنووریان لە یەکتر جیا نەکراوەتەوە و ئەگەریش سنوورێکیان بۆ دیاری کراوە، زیاتر ڕۆتین و یارییەکی ڕواڵەتییە، دەوڵەتی سێبەر هەموو جومگەکانی لەژێر کۆنترۆڵدایە. هۆکاری سەرهەڵدانی دەوڵەتی سێبەر یان با بڵێین چالاکی و کاریگەریی دەوڵەتی سێبەر لەم جۆرە وڵاتانە، زیاتر پاڵنەرێکی ئایدۆلۆجییە تا پرۆژەیەکی سیاسی یان بازرگانی، ئەگەرچی ئەو پاڵنەرە ئایدۆلۆجییە دەتوانێت ئەو دوو لایەنە یان لایەنی تریش لەخۆ بگرێت. ئەگەر نموونەی وڵاتێک بهێنینەوە کە لە بەدەویترین و قێزەونترین ئاستدا دەوڵەتی سێبەر چالاکیی هەبێت، ئەوە عێراقە. 

عێراق وڵاتێکی نەک فرەنەتەوە کە دوو نەتەوەی کورد و عەرەب لە نەتەوە سەرکییەکانین، بەڵکوو وڵاتێکی فرەخێڵ و فرەئاینیشە. عێراق بەو هەموو مێژووە خوێناوییەوە هێشتا نەیتوانیوە تا ئاستێکی گونجاو نەک بە تەواوەتیش، سنووری خێڵ ببڕێت و داودەزگا و دامەزراوەی مۆدێڕنی وەک دەوڵەت و دامەزراوەکانی بە سەربەخۆیی و لە ژێر سێبەری یاسا و بڕیاری ناوەندەکانی دادوەری و حوکمڕانیدا، ئیشی خۆیان بکەن. 

فرەخێڵیی لەو وڵاتەدا نەک دەوڵەتی سێبەر، بەڵکوو چەندان ناوەندی سێبەری کاریگەر و تۆقێنەری دروست کردووە کە دەستوەردان لە هەموو بڕیارەکانی دەوڵەتدا دەکەن، ئەم ناوەندانە زیاتر لە کۆمەڵێک گرووپی دەسەڵاتداری مافیایی دەچن کە لە تەناهیترین فۆرمدا، دەیانەوێت کاریگەریی لەسەر حوکمڕانیی وڵات و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن. هەرکامیشیان بە شێوەیەک ئیشی خۆیان دەکەن. بۆ نموونە، هێزێکی وەک حەشدی شەعبی بە ڕواڵەت هێزێکی سەربازییە و لەژێر سێبەری سوپای عێراقدایە، بەڵام نەک تەنیا هێزێکی سەربازیی نییە و لەژێر سێبەری سوپای عێراقیشدا نییە، بەڵکوو ناوەندێکی تەواو سەربەخۆ و بەهێزە کە لەودیو سنوورەکانەوە هەموو بڕیارەكانی بۆ هەناردە دەکرێت و سەرچاوەی دەرکردنی ئەو بڕیارانەیش نەک بەرژەوەندیی ئەم هێزە و وڵاتێک بەناوی عێراق نییە، بەڵکوو ئامانج و خواستەکانی وڵات و ئاین و ئایدۆلۆجیایەکی ترە کە توانیویەتی ئەمان بخاتە ژێر ڕکێفی فیکری و سیاسیی خۆیەوە.

بە دڵنیاییشەوە حەشدی شەعبی سەرەڕای ئەوەی ئێستە دەسەڵاتێکی سێبەرئاسای هەیە، بەڵام زۆر بەهێز و بڕیاردەرە، ئەم تارماییە هەندێ جار هەڵدێت و لەبەرچاو ون دەبن، بەهۆی چاوسوورکردنەوەی ئەمەریکاوە، بەڵام هەر هەیە و دێتەوە، تا ئێستە هەزاران ڕاپۆرت لە پێشێلکاریی و دەستدرێژیی ئەم هێزە خراوەتە ڕوو، بەڵام نەک دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بەڵکوو ئەمەریکایش وادیارە ڕێگەچارەیەکی یەکلاکەرەوەی بۆ پەیدا نەکردووە، ڕەنگە بە ئەنقەست ئەمەریکا جارێ خۆی لەم سەرئێشەیە ببوێرێت یان پرۆژەیەکی گەورەتری بۆیان هەبێت.

ئەگەر عێراق ئەو تۆزە هەناسەکێشانەی هەیە، بەهۆی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوایییە. دەوڵەتی عێراق ئەگەر سەربەخۆیی هەبوایە، دوور لە دەوڵەتی سێبەری ڕۆژهەڵاتی و خێڵەکییانە، وڵاتی بەڕێوە دەبرد و ئێستە دەیزانی مووچەی حەشد چەندە و ژمارەیان چەندن و بۆچی بە پێچەوانەی زۆر لە فەرمانبەر و کارمەندانی دەوڵەتی عێراقەوە. ناکرێت و ناتوانرێت مووچەیان دوابخرێت.