ڕه‌نگه دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌گوڕیشه‌ی وردی ئایدیای "گۆڕینی نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین" یان ده‌ربڕینی "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی گه‌وره"، خۆی توێژینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت و ئه‌كادیمی پێویست بێت تا سه‌ره‌داوه یه‌كه‌مینه‌كانی ئه‌م ئایدیا و ده‌ربڕینه بدۆزرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه وه‌ك ئه‌زموون له سیاسه‌تی ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه‌دا بینیومانه و خوێندووشمانه‌ته‌وه، به‌بێ هیچ قازانجێك به‌ردێك ناخاته سه‌ر به‌ردێك بۆ هیچ وڵات و ناوچه و خه‌ڵكێك، ڕاسته ئێمه ده‌توانین باسی هه‌ڵوێستی ئینسانی و سیاسیی مرۆڤدۆستانه به‌پێی جاڕنامه جۆراوجۆره‌كانی ڕێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ین، ناتوانین به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها ئه‌م نیاز و خواسته ئومانیستییه‌ی سیاسه‌تی ڕۆژئاوایی و ئه‌مه‌ریكاش ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام پانتای هه‌ره بڵاو و گه‌وره‌ی یارییه‌كه له‌ناو یاسای قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیدایه، ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی بڵێین ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌ش كه پشتیگیریی مرۆیی بۆ وڵاتێك له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا یان وڵاتێكی ڕٶژئاوایی دیار وه‌ك فڕه‌نسا ده‌كرێت، له ڕووی جوانكردن و ڕازاندنه‌وه‌ی ڕووخساری مرۆڤدۆستانه‌ی وڵاته‌كه‌ی قازانجمه‌ند ده‌بێت، بۆیه پشتگیریی و هه‌ڵوێستی وا ده‌خاته ڕوو.
چه‌ند ساڵ پێش ئێسته كاتێك تاڵیبان دوای دوو ده‌یه به تاكه ڕٶژێك هه‌موو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان له ئه‌فغانستان كۆنترۆڵ كرد و ڕه‌شه‌كوژی و ڕه‌شبگیرییان ڕاگه‌یاند، خه‌ڵكێكی زۆر هه‌ڵاتن و ئه‌وانه‌ش فریای هه‌ڵاتن نه‌كه‌وتن، خۆیان له باڵ و له‌شی فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه پێچا، به‌ڵام فڕۆكه‌كانی ده‌فڕین و هاووڵاتییانی ئه‌فغان به ترساوی و داماوییه‌وه ده‌كه‌وتنه خواره‌وه و هیچ هه‌ڵوێستێكی مرۆڤدۆستانه‌ش له ئارادا نه‌بوو، چونكه هه‌م ئه‌مه‌ریكا و هه‌م ڕٶژئاوا به‌پێی هه‌ر دانیشتنێكی پشتی په‌رده و ڕێككه‌وتنێكی شاراوه بووبێت، به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتبوون كه لێره‌دا قازانج سه‌ری مایه ده‌خوات!. لێره‌دا ئیتر ده‌ستی ئومانیزم كورته بۆ هاوكاری، چونكه له بری هه‌ر هاوكارییه‌ك، پاداشتێكی ده‌وێت.
بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ئه‌م یارییه ماكیاڤیلیستییه له پشت زۆربه‌ی (هه‌مووی نا) هه‌ڵوێست و كردار و جووڵه‌كانی ڕٶژئاوا و ئه‌مه‌ریكادایه، ئێمه‌ش وه‌ك كورد ده‌بێت ئه‌م واقیعه قبووڵ بكه‌ین كه ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا و هه‌ندێك وڵاتی تری هاوپه‌یمانی كوردستان، ئه‌گه‌رچی له ساته ناخۆش و سه‌خته‌كاندا هه‌ر كامه‌یان به‌ئاستی خۆیان هاوكاری و پاڵپشتیی كوردیان كردووه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر كوردیش وه‌ك پوتانسێل و ئه‌گه‌رێك بۆ به‌دیهاتنی خه‌ون و قازانجه‌كانی ئه‌وان نه‌بینرایه، ئه‌سته‌م بوو به‌و ئاسته پشتگیریی بكرێین.
بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه ده‌توانین بپرسین ساتی ئه‌نفال ڕٶژئاوا و ئه‌مه‌ریكا یان كاتی ڕێككه‌وتنی جه‌زائیر له ٧٥ له كوێ بوون؟ ئه‌گه‌رچی من به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی و به پارێزه‌وه ئه‌م قسانه ده‌خه‌مه ڕوو، به‌ڵام به‌هه‌ر بارێكدا چاوی لێ بكه‌ین، سیاسه‌تی دنیا ماكیاڤیلیستی و به‌پێی مامه‌ڵه و هێزه، ئه‌وه‌ی له ڕوانگه‌ی ئه‌خلاقی و فه‌لسه‌فه‌ی ئومانیستییه‌وه چاو له سیاسه‌تی ڕٶژئاوا و ئه‌مه‌ریكا (لانیكه‌م له ئاستی كرداریدا له ڕٶژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست) ده‌كات، بێگومان هه‌موو گۆشه‌كانی یارییه‌كه‌ی نه‌بینیوه و پێده‌چێت هه‌ر نه‌زانێت یارییه‌كه یاساكانی كامانه‌ن.
ئه‌م زه‌وینه‌سازییه‌م بۆ ئه‌وه كرد كه بڵێم گۆڕانی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه به‌گشتی یان وه‌ك له ٢٠٠٣ یاخۆ پێش ئازادكردنی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا ڕایان گه‌یاند، چ پاڵنه‌رێكی له پشته؟ واته چی ئه‌و پێویستییه هه‌نووكه‌ییه له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه دیاری ده‌كات تا دنیایه‌ك خه‌رج و تێچوو و ڕیسك بكه‌ن تا ڕٶژهه‌ڵاتی ناوین دووباره دابڕێژنه‌وه؟ هه‌مان ئه‌و ڕٶژهه‌ڵاته‌ی كه كاتی خۆی هه‌ر خۆیان و به‌پێی خه‌ونه‌كانیان بۆ داهاتوو و قازانجته‌وه‌ریی و هه‌ڵاتنیان له‌و سه‌رئێشه و كێشانه‌ی خۆیان، به درێژایی چه‌ندان سه‌ده دروستیان كردبوو، دایانڕشتبوو.
من هه‌میشه بیرم له‌وه كردووه‌ته‌وه له هه‌ر وڵاتێكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ته‌نانه‌ت ڕٶژهه‌ڵاتی دوور پنتێكی جیۆپۆله‌تیكی كه به توخمه‌كانی ئاین و نه‌ته‌وه ترش و خوێ كراون، ڕۆژئاوا (ئه‌مه‌ریكا) هێشتووه‌ته‌وه بۆ كاتی پێویست. بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه ئایا كاتێك پاكستان و هیندستانی كرد به دوو وڵاتی سه‌ربه‌خۆ، كێشه‌ی كیشمیر نه‌هێشتووه‌ته‌وه بۆ 100 ساڵی دواتر، تا وه‌ك ئه‌كته‌ریكی هیومانیست بێته‌وه و به جلوبه‌رگی پیاوچاك و پیاوماقووڵه‌وه، شه‌وچه‌ره‌ی خۆی له ماڵی خانه‌خوێیان بخوات و باره‌به‌شی خۆیشی له وڵاتیان ببات؟ یان ئه‌م دۆخه‌ی له كوردستانی گه‌وره دروستیان كرد، كه سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له ڕووی وشیاریی سیاسیی پێویست و مێژووییه‌وه له‌سه‌ر كورد هه‌یه، دابه‌شیان نه‌كردین به‌سه‌ر چه‌ندان وڵات‌دا كه ئێسته‌ش ته‌نانه‌ت خۆشیان گیریان خواردووه به ده‌ستییه‌وه؟ گیرخواردنێك كه ئێسته یان ڕه‌نگه له دوو ده‌یه‌ی داهاتوودا به زه‌قی و له مه‌یدانی كرده‌نیدا ته‌واو خۆی ده‌ربخات و ناچاریان بكات بڕیارێكی ڕوون و بێ پێچ و په‌نا له‌سه‌ر كورد لانیكه‌م له باشووری كوردستان بده‌ن.
بڕیار و بژارده‌یه‌ك كه یان توركیا و عێراق و سووریا و ئێران بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ ده‌خاته ئه‌وبه‌ر سنووری یارییه‌كه‌وه، كورد وه‌ك ئه‌كته‌ریكی به وزه‌ی تامه‌زرۆ، دێنێته سه‌ر نه‌خشه‌كه‌وه، یان هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی به‌هۆی ئه‌م وشیاری و ڕابوونه سه‌رانسه‌رییه‌ی كورد له كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، كۆی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه تێكبچێت و ئه‌وانیش ناچار بن ده‌ستێوه‌ردانێكی ئومانیستی یان ماكیاڤیلیستی بكه‌ن. وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه له سه‌ردێڕدا هێنامه‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وێنه گه‌وره‌یه نییه كه لێره‌دا باسم كردووه، په‌یامی ئه‌م تێڕامانه‌ش بۆ ئێمه‌ی كورد ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ڕزگاری و سه‌ربه‌ستی له مێشك و دڵی خۆماندا بگه‌ڕێین بۆی، نه‌ك له ده‌ره‌وه و له دنیای ئاڵۆز و نه‌ناسراوی ڕٶژئاوا و ئه‌مه‌ریكادا، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان ده‌توانن یارمه‌تیده و هاوكار بن و پێشتریش به ئاستێك بوون و كردوویانه، به‌ڵام جۆماڵ و خاوێنكردنی ڕێڕه‌وه‌ی ئه‌م كانییه پیرۆزه‌ی ڕزگاری و سه‌ربه‌ستی جگه له خاكپه‌رستانی كوردستان، به كه‌س ناكرێت. واته متمانه به كه‌س ناكرێت پاك و خاوێن ئاوه‌كه‌مان بۆ بخه‌نه خوشه و تافه.