ماددەی هۆشبەر ئەو مەترسییەی دەبێت كۆمەڵگا ئاگاداری بێت

PM:08:34:03/07/2025 ‌

ماددەی هۆشبەر یەكێك لەو چەكە مەترسیدارانەیە كە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنرێت، لەچەندین كۆبوونەوە و گوتارەكانی سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ دەكات كە ئەمە چەكێكی مەترسیدارە لەبەردەرگای هەموو مالێكی كورد دەدرێت بۆ ئەوەی ئاڵودەیان بكەن، بۆیە پێویستی بە هەڵمەتێكی نیشتیمانی و هۆشیاری كۆمەلگا هەیە بۆ خستنەرووی مەترسی و ئاكامەكانی بڵاو بونەوەی ئەم چەكە هەر تەنیا هەرەشەنییە لە چینێكی كۆمەڵگا بەڵكو بەپێی توێژینەوەكان هەموو چینەكانی كۆمەڵگا بەگەنج و پیرو منداڵەوە رووبەرووی دەبنەوە، بەداخەوە بەشێك لەو كەسانەی تووشبوی ماددەی هۆشبەرن، لەرێگای جیاوازەوە دەستیان گەیشتووە بەم ماددە ترسناكە، بۆیە هەرچی زووە دەبێت سەرجەم رێكارەكانی بەردەم بڵاو بونەوەی ئەم ماددەیە بەهێزتر بكرێن و دەزگا ئەمنیەكان چاوكراوانەتر كاربكەن، ئەوەی جێگای ترسناكییە ئەم ژەهرە لەماوەیەكی كەمدا بەشێوەیەكی خێرا هەوڵدراوە لە هەرێمی كوردستان بڵاو بكرێتەوە،  ئەمە لە كاتێكدایە تادێت بازرگانی بەماددەی هۆشبەر و بڵاو بونەوەی بوەتەوە چەكێكی دوژمنانی گەلی كوردستان و لەو رێگایەوە دەیانەوێت كۆمەڵگای كوردستان وێران بكەن.

بەشێك لە مەترسییەكان لەوەدایە كە لەماوەی رابردوو كارگەی تایبەت بەماددەی هۆشبەر لە كوردستان دەستی بەسەرگیراوە و زۆرێك لە خەڵكیش دەستگیركراوە كە كیڵگەی تایبەتیان بەدروستكردنی ئەو ماددەیە هەبووە، هەروەها لەسنوورەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەتایبەت ناوچەكانی سنووری مادەی 140 كە زۆرێگای قاچاغ و گروپی جیاواز هەیە مانگانە پارەیەكی یەكجار زۆریان دەست دەكەوێت بە هێنان و بازرگانی كردنی بە ماددەی هۆشبەرەوە، ئەوەی گرنگە دەبێت هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لێژنەی تایبەتمەندو ئەمنیان زیاتر بەهێز بكەن بۆ ئەوەی لەو سنوورانەوە بازرگانی بەمادەی هۆشبەرەوە نەكرێت، چونكە بەشێكی زۆری ئەو ماددەیە لە دەرەوەی عێراق هاوردە دەكرێت.

لەم رۆژانە یادی رووبەرووبونەوەی ماددەی هۆشبەر كرایەوە، لە كوردستان هەندێك ئاماری مەترسیدارە خرایەروو كە دەكرێت هەموو دامەزراوەكانی حكوومەت لەسەر خەت بن بۆ ئەوەی بەهەموو لایەكەوە هەڵمەتێكی بەهێزی هۆشیاری دەست پێ بكرێت بۆ ئەوەی ئەو ژەهرە مەترسیدارە لە كوردستان رێگری لێبكرێت، چونكە بەداخەوە  زۆرێك لە گەنجان زانیاریی تەواو و دروستیان لەسەر زیانە كوشندەكانی ماددە هۆشبەرەكان نییە. خۆشبەخانە ئێستا چەند هەولێكی زۆر باش هەیە لەژێر رێنمایی سەرۆك بارزانی چەندین كۆنفرانس و دیدار و هەڵمەتی نیشتیمانی كراوە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا، لەم رۆژانە بەشداریم لەبەشێك لەو چالاكییانە كردووە جێگای دەست خۆشین، بەتایبەت هەڵمەتەكانی حكوومەت لەژێر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت و هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەر لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانیەوە، هەروەها دەست خۆشی لە یەكێتی قوتابیان ولاوان بۆ هەڵمەتی فراون لە ژێر ناونیشانی (ماددەی هۆشبەر ..ئافاتی سەردەم) و دەست خۆشی لە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان .. ئەنجام دانی كۆنفرانسی لە ژێر ناونیشانی (ماددەی هۆشبەر .. كۆنفرانسێك بۆ پاراستنی كۆمەڵگە)، چونكە بەشێكی دیكە ئەو توێژەی كۆمەلگا كە رووبەرووی ئەو ماددە دەبنەوە ئافرەتانن كە بەهۆی ئاڵوودەبوونەوە، زۆر ئاسانتر دەبنە قوربانیی قۆستنەوەی بەلاڕێدا بردن و بازرگانی جەستەیان یان بەكارهێنانیان لەلایەن تۆڕەكانی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەكانەوە.

ئەوەی زۆر گرنگە بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم چەكە ترسناكە پێویستە یاساكان دژی بازرگانان و بڵاوكەرەوەكانی ماددە هۆشبەرەكان زۆر توندتر بكرێن و بەبێ جیاوازی جێبەجێ بكرێن. جیالەوەش بەهێزكردنی خاڵە سنوورییەكان و هەوڵبدرێت بەرێگای جیاوازەوە كە ئیستا ئامێری پێشكەوتوو هاتووە زیاتر كۆنترۆلی هاوردەكردنی بكرێت. جیالەوەش كردنەوەی بنكەی چارەسەری پێشكەوتوو و لەگەل ئەنجامدانی هەڵمەتێكی گەورەی نیشتیمانی. هەروەها پێویستە بابەتی مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەكان بە شێوەیەكی زانستی و كاریگەر بخرێتە نێو پرۆگرامەكانی خوێندنی قوتابخانە و زانكۆكانەوە. و مامۆستایانی ئاینی رۆلێكی گرنگیان هەیە هۆشیار كردنەوەی كۆمەلگا

ئەم پرسە پرسێكی نیشتیمانییە پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی هەموو لایەك هەیە بە تاك بە تاكی كۆمەڵگاشەوە چونكە ئەگەر پەلەنەكرێت ئەوە داهاتووی نەوەكانمان وێران دەبێت و كۆمەڵگایەكی مەترسیدار بەرهەم دەهێنرێت، ئەم شەڕە، شەڕێكی هەمەلایەنەیە و سەركەوتن تێیدا تەنها بە یەكگرتنی هەوڵی هەمووان دەبێت. جیالەوەش پێویستە قسە و ئامۆژگار و هۆشداریەكانی سەرۆكی بارزانی لەبەر چاو بگیرێت كە ئاماژەی بەوەدا دوژمنانی گەلی كوردستان ئەوەی نەیان توانی بە قڕكردن و كیمیاوی و ئەنفال گەلی كوردستان لەناو ببەن ئەوە دەیانەوێت بەبڵاو كردنەوەی ماددەی هۆشبەر كۆمەڵگا وێران بكەن و كوردستان ببنە قۆناغێكی دیكەوە .