ئەفغانەکان نەتەوەی خاوەن دەوڵەت و ئاوارە

PM:12:17:10/07/2025 ‌
سەرەتا دەبێت ئاماژە بە جیاوازیی نێوان دوو وشەی "ئەفغان" (کەس یان هاووڵاتیی یان... سەربە نەتەوەی ئەفغان) و "ئەفغانی" (کە ناوی پێوانەی پارەی وڵاتی ئەفغانستانە)، بکەین. لە ماوەی ساڵانێکی دوورودرێژدا ئەم جیاوازییە لەلایەن دراوسێ دەستە چەپەکەیانەوە، واتە ئێران، سڕاوەتەوە (بە دەستی ئەنقەست یان نەزانانە!) و زیاتر و زۆرتر وشەی "ئەفغانی" بەکار هاتووە و دێت. تەنانەت بەشێک لە نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی و کوردیش لە ڕۆژهەڵات و باشوور، ئەم هەڵەیەیان وەرگرتووە و بە باشی پێڕەوییان لێ کردووە! بە هەر بارێکدا چاوی لێ بکەین، ئەم سڕینەوەیەی (ئەفغان وەک ڕەچەڵەکی نەتەوە و...) و جێگیرکردنی وشەی "ئەفغانی" وەک یەکەیەکی ژماردنی پارەی وڵاتی ئەفغانستان، هەڵگری تەوس و توانجێکی مێژوویی تاڵە! توانج و تەوسێکی وا کە لە زمان و ڕوانگەی دراوسێ لەمێژینە و هەندێجار بە پەرۆشەکەیانەوە سەرچاوەی گرتووە! دابەزاندنی بوونێکی مەعنەوی و مرۆیی (ئەفغان) بۆ پێوانەیەکی مادی و ڕۆژانە (ئەفغانی)، وا بە زەیندا دێنێت كە ئەمەیش یەکێکە لە فێڵە زمانەوانی و زمانییەکانی زمانی فارسی کە لەلایەنە تاریک و ڕەهاخواز و ئەویترکوژەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە! هەمان ئەو لایەنەی دەیان ساڵە کورد بە خێڵ و عێل ناو دەبات و ناوناتۆرە بەسەر دنیادا دابەش دەکات.

پێشتر لە وتارێکدا تیشکم خستووەتە سەر ئەم بابەتە، ئایا زمانی فارسی کە کۆمەڵێک بیرمەند و ئەدیبی بێوێنەی لە مێژوودا هەڵگرتووە و ئەوانیش خەیاڵ و هزری خۆیان بەسەر باڵی ئەم گیانەوەرە تەقلەباز و سرکەدا تاو داوە، بە مانای ئەوە دێت کە ئەم زمانە لایەنی ڕەش و تاریکی بەرهەم نەهێناوە؟ 
وردکردنەوەی ئەم باسە لە باسێکی نێوان زانستە جۆراوجۆرەکان دەمانگلێنێت و دەزانم قسەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بەشێوەی گشتی، دەکرێت بڵێین زمان هەڵگری زۆر لایەنی ڕەنگاوڕەنگ و جیاواز و دژبەیەکە و ئەمە بۆ هەموو زمانێک ڕاستە، واتە وەڵامی ئەو پرسیارە بە ڕادەیەکی زۆر ئاشکرایە و بەڵێیە، چونکە زمان و زمانباز/ زمان و ئاخێوەر و... دەتوانن لە پێوەندییەکی ئاڵۆزدا هەموو مانایەک بەرهەم بێنن. 

شیاوی ئاماژەیە کە ئەوەی زمان و ڕەنگەکانی دێنێتە دنیای دەرەوە و نەخشونیگاری ڕەنگینتر و زەنگینتر (جوان و کوشندە!)ی لێ دەکات، ئەو ئاخێوەر و زماندارانەن کە زمانەکە بەکار دێنن، بۆیە لەسەر ئەو تەوەرەی سەرەوە، دەکرێت پرسیارەکەمان ئاوا داڕێژینەوە، ئایا نەدەکرا زمانی فارسی بەو هەموو عیرفان و هزر و ئەدەبەوە کە کەسانی وەک مەولانا و سەعدی و حافز و... بەرهەمیان هێناوە، هەر بەم مانا و هزر و جوانیناسییانەی ئەوانەوە لە تێڕوانینی خۆی بۆ "ئەویتر" بڕێک مرۆڤانەتر بجووڵایەتەوە و ناتۆرە و ناسناوەکانی "شەیتانی گەورە و بچووک" و "بەچکە شەیتان" و... بەسەر وڵات و نەتەوە جۆراوجۆرەکاندا دابەش نەکردایە؟ 
لەوەش زیاتر، ئایا ئەم زمانە هەڵگری ئەو ئامۆژگارییانە نەبووە کە "ئەویتر"ەکان دەتوانن ئاوێنە بن بۆ بینینی جوانی و چالاکییەکانی خۆیان، بە تایبەتی ئەگەر ئەو ئەویترە ئیماندار بێت (المومن المراه‌ المومن)؟

لە ژێر تیشکی تێڕامان لەم پرسیارەدا، من پێم وایە بابەتی "بە ئەفغانیکردن"ی " ئەفغان"ـەکان لە ئاشێکی وادا دەسووڕێت، ڕەنگە بە ئەنقەست و ئایدۆلۆجیستانە لەلایەن سیستمە سیاسییەکان، ڕەنگیشە ناهوشیارانە و نەزانانە لەلایەن زۆرینەی ئاخێوەرانی فارسزمانەوە، هەرکامیان بێت و لەناو هەر هاوکێشەیەکی دوولایەنە یا چەندلایەندا بێت، یان لایەن و هۆکاری دیکەش هەبن، ئێمە ناتوانین چاو بەسەر ئەم ڕاستییەدا دابخەین کە پەنابەرانی ئەفغان لە ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە پێگەیەکی نزم و سووکیان بۆ دیاری کراوە! 

ئێستە کە دوای ئەم جەنگە 12 ڕۆژەی نێوان کۆمار و ئیسرائیل و هەوڵەکانی تاران بۆ شەواڵهەڵکێشان، هێزەکانی دەستی داوەتە دەرکردنی بە لێشاوی پەنابەرە ئەفغانەکان، باسوخواسێکی زۆر لەلایەن چەندان گوتاری ئێرانی هاتووەتە ئاراوە و ئەوەی لەم گوتارانەدا غایبە، کەرامەتی مرۆڤی ئەفغانە وەک مرۆڤ، نەک وەک مرۆڤی کرێکاری سەربە هاوکێشەی چەپ و بزووتنەوەی کرێکاری یا مرۆڤی ناو گوتاری ئێرانشاریی کە بەشێکن لە مەنزوومەی ئێرانی کۆن و کولتووری، یاخۆ مرۆڤێک لەناو گوتاری لیبراڵی ئێرانیزەدە و ئیسلامیزەدەدا! 

ئەفغانەکان لە چەندان ئاستی گشتیدا قوربانین، بە پلەی یەکەم ڕەنگە خۆیان بەرپرسیار بن لەم قوربانیبوون و بە قوربانیکرانە، مرۆڤی ئەفغان ئەگەرچی دەیان ساڵە لەژێر ئاڵا و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیدا دەژی، بەڵام شتێک بەناوی پێداویستی و پێویستییە ئاساییەکانی ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤێکی ئاسایی بۆ پێناسە نەکراوە، تەنانەت لە ئاستی لە مرۆڤخراوترین مرۆڤەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دۆخیان قەیراناویترە. ئەوان  یان دەبێت "موجاهید" بن بۆ گوتارەکانی سعوودیە و ئیسلامی سیاسیی لە هەر کوێوە با بیهێنێت، یا دەبێت لە دۆخی ئابووریی خەمۆک و هۆشبەرانەی خۆیان، ئاوارەی وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران بن! یانژی بە بازرگانیی ناتەندروست و ماڵوێرانکەرەوە بگلێن! و...بە گشتی ڕاپێچ دەبن کە لە وڵاتەکەیان گیان دەردەبەن و لە وڵاتانی دیکە و بە تایبەتی ئێران گیان بفرۆشن! بە سووکترین شێوە! 

ئەوانەی لە ئێران دەژین دەزانن کرێکارە ئەفغانەکان کەمترین ماف و حەقدەست وەردەگرن و زیاترین کاریش دەکەن! لە پیسترین شوێنەکان دەتوانن بمێننەوە و ژیان بەسەر ببەن! لە ڕووی کولتووری گشتی و پاکوخاوێنییەوە (ئەوەی دوور و نزیک ئەزموونێکی لە هەڵسوکەوت لەگەڵیان هەبێت) دەزانێ سەردەمیی و پێشکەوتوو نین! دەیان جیاوازی و نەگونجاویی ناسەردەمیانەوە کە "مرۆڤی ئەفغان"ی لە مرۆڤبوون خستووە و کردوونی بە موجاهید یان کرێکار یان خۆتەقێنی ئەم گوتار و ئەو گوتار.

ئێمە بە زۆری دوای 11ی سێپتەمبەر و هێرشی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ ئەفغانستان تا ئێستە، کۆمەڵێک دەنگی ئەدەبی و هونەرییمان لە ئەفغانستانەوە بیست و دنیا ئەو "لەمرۆڤخستنەی" بڕێک ناسی (بۆ نموونە ڕۆمانی کۆلارەوان خالید حسەینی) یا شیعرەکانی ئەلیسا عەلەوی، بەڵام دەنگی خەڵکی ئەفغان و زمانەکەیان هێشتا بە ژێر دنیایەک تەپوتوزی ئایدۆلۆجی و هەژموونیی سیاسی و کولتوورییەوە (بە تایبەتی لەلایەن ئێران و زمانی فارسییەوە) دەناڵێنن. 

پرسیاری جەوهەریی ئەوەیە، ئایا قەیرانی ئەفغانەکان وەک نەتەوەی خاوەندەوڵەت و وڵات، نەبووە بە قەیرانێکی کولتووریی و سیاسیی و ناسەردەمیانە کە وڵاتانی هەلپەرست بە ئارەزووی خۆیان بۆ شێواندنی هەرجۆرە ئارامی و مرۆڤبوونێک کەڵکی لێ وەردەگرن؟ لە داهاتووی نزیک یان دووردا کێشە و لابەلابوونەوەی گەورەتر دروست دەکات؟ ئایا مرۆڤی ئەفغان بیری لەوە کردووەتەوە ڕۆژێک لە سەلەفییەتی ڕاست و دۆگماتیزمی کولتووریی، مەودا بگرێت و ڕەخنەیەک هەڵبژێرێت کە کەرامەتی بۆ بگەڕێتەوە و یەکەمجار خۆی ڕێز و کەرامەت بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە؟ ئاخۆ بیر لەوە دەکاتەوە لەژێر هەژموونی "ئێرانی کولتووری" کە تەنیا و تەنیا وەک خەزێنەیەکی کۆن و نۆستالۆجی بۆ زمان و کولتووری کۆنی فارسی دەیبینێت، بێتە دەرەوە و بوون و شوناسی خۆیان داڕیژن؟ 
مرۆڤی ئەفغان تا لەسەر ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری هاوشێوەی دیکە نەوەستێت، مرۆڤێکە بێ ماڵ و حاڵ و ئاوارە، ئەگەرچی دەوڵەت و کیانی سەربەخۆیشی هەبێت.