پرۆسەی ئاشتی و پرسیارەکان

AM:11:42:12/07/2025 ‌
ئەگەرچی من هێشتاش لەگەڵ وشەی "پرۆسە"دا بۆ ئەم دۆخە کێشەم هەیە و زیاتر وەک "پرۆژە" دەیبینم، بەڵام هەر ناوێکی هەبێت کۆمەڵێک پرسیار لە ڕەوتەکە گونجاوە، هەڵبەت ئەگەر ڕەوتەکە بە پرۆژە بزانین، ئەوا دەبێت زۆر بە دڵەڕاوکی و ترسەوە لەم پرسیارانە ورد بینەوە و داهاتوو هێندە بە ساماڵ و خۆشهەوا وێنا نەکەین. سەرەتا با تۆزێک لەسەر جیاوازیی پرۆسە و پرۆژە بوەستین و ماناکانیان ڕوون بکەینەوە. 

پرۆژە وەک لە ناوەکەیڕا دیارە، بە واتای بەرنامەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و پێشتر ئامادەکراوە کە دەشێت لە کاتی پراکتیزەکردن و جێبەجێکدرنیدا گرفت و تەگەرەی بکەوێتە بەردەم یان نەکەوێت. بەڵام پرۆسە مانایەکی ئاڵۆزتر و چەندڕەهەندی هەیە و لەخۆگری ڕەوتێکی ئۆرگانی و سروشتییە کە لە گەشەی چەند ڕەهەندانەی کۆمەڵگە و هاوکێشەی سیاسی و مەعریفی و ئابووری و کولتووری و بگرە چەندان توخمی دیکەیش، دێتە ئاراوە. پرۆسە بەم مانایەی پانتاییەکی کراوەیە و دەکرێت تەنانەت لە هەناویدا "پرۆژە"سازی بکەین. واتە ئێمە زۆر ئەستەمە لە دڵی پرۆژەیەکدا "پرۆسە" بهێنینە ئاراوە، چونکە پرۆژە پێشتر هەموو وێستگەکانی بە پێوەری داڕێژەرانی دیاری کراون و سەرەتا و کۆتایی پێناسە و دەستنیشان کراون.

بەڵام دەکرێت لە ناخی پرۆسەدا چەندان پرۆژە و وردەپرۆژە دەست پێ بکەین و بە ڕێگە و ڕێچکەی تازە و نوێدا ئاسۆی دیکە بکەینەوە. واتە پرۆسە کراوەتر و گشتیترە لە پرۆژە و ئەگەری بەشداربوونی کۆمەڵێک وزە و پۆتانسیەڵی کۆمەڵایەتی و سیاسیی فرەڕەنگی تێدایە کە دەتوانن ئاسمانی ئاسۆی بەردەم بکەن بە پەلکەزێڕینە. بەڵام لە پرۆژەدا ئەم ئاسمانە ئەگەری لێڵبوونی زۆرە، ئەوەیش کە تەنیا هەورێکی ڕەش زاڵ بێت بەسەریدا، دوور نییە. 

لێرەدا دەتوانین تێڕابمێنین و بپرسین، ئایا بە ڕاستی بەهیچ شێوەیەک ناکرێت بە پرۆژە یان پرۆژەیەک دڵخۆش بین؟ یا ناکرێت پرۆژەیش هەندێ درزی "پرۆسەسازیی" تێدا بێت و ئێمە هیوای لەسەر هەڵچنین؟ بێگومان مرۆڤ ئێستە تێگەیشتووە کە جیهان و دیاردەکان لە یەک ڕەهەند و تێڕوانینی ڕەهاوە نابینرێن و وەڵام نادرێتەوە، بۆیە ئەم پرسیارە دەکرێت وەڵامەکەی "بەڵێ" بێ، بەڵام لە هەندێ هەلومەرجی تایبەتدا. واتە دەکرێت بڵێین لە پرۆژەی ئاشتیدا پرۆسەیەک یان کۆمەڵێک پرۆسە دێتە ئاراوە کە دەتوانن فڵان و فیسار دیاردە و پێكهاتە، بخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە. بەڵام هەلومەرجەکەی بێگومان دیاریكراو و سنووری ئەو ئاسۆیە دیار دەکات. واتە ئەگەر پرۆژەیەک تاکڕەهەندانە پراکتیزە کرا، ئەوا چ پرۆسەیەک لە هەناویدا دێتە دەرێ؟ بێگومان مەرج نییە پرۆسەیەکی ئاسایی و هاونەوای دۆخی هەبوو بێت. دەکرێت لە هەناوی پرۆژەیەکی تاکڕەهەند و سەرنەکوتوودا، پرۆسەیەکی نوێ لە نافەرمانیی مەدەنی، کۆدەتا، دابڕانی کۆمەڵایەتی و... بێتە ئاراوە. 

ئەم باسە پێویست بوو، چونکە ئەمڕۆ دوای پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (باكور) کە تێیدا بە دیاریکراوی باسی لە تێپەڕاندنی دەوڵەت-نەتەوە و کۆتاییهێنان بە خواستی کیانی کوردی کردبوو، شرۆڤەکارێک بۆ یەکێک لە میدیا بیانییەکان باسی لەوە کردبوو کە ئەمە پرۆژەیەک بووە ڕێبەری ئەم پارتە چەند دەیە پێشتر لە کتێبی " مانیفێستی شارستانییەتی دیموکراتیک"دا دەستی پێکردووە و ئێستە خەریکە دەگاتە ئەنجام. ئەگەر بە چاوپۆشییەوە ئەم قسەیە بە دروست بزانین، ئەوا دەپرسم پرۆژە بۆ کێ؟ بۆ کام مەبەست؟ پرۆژەیەک بۆ هەڕاجكردنی بوون و کیانی کورد وەک نەتەوەیەکی غەدرلێکراو و پاکتاوکراو؟ یان پرۆژەیەک بۆ زەینییەتی داگیرکەرانە و سڕێنەرەوانەی باڵادەست تا چاکسازییان تێدا دروست بکات و بە واقیع ددان بە ڕاستییەکاندا بنێن؟ 

بێگومان وەک پێشتریش وتوومە، وەک زۆر کەس لایەنگری ئاشتیم و باوەڕم وایە ئێمە پێویستمان بە ئاشتییە تا بگەین بە مافەکانی خۆمان و ئەگەریش شەڕ کرا بە ڕیشمانەوە وەک هەمیشە دەبێت بیکەین. بەڵام لەناو ئەم هاوکێشەیەدا ڕەوایە بزانین و بپرسین، بە ڕاستی ئەگەر ئێمە لە میکانیزمی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین دەست بشۆین و دەوڵەت-نەتەوە بە مافی خۆمان نەزانین، بەڵام لایەنی بەرانبەر تا سەر ئێسقان دەوڵەت-نەتەوەیەکی پڕچەکی هەبێ کە خەونی ئیمراتۆرییەتەکەی بووە بە مۆتەکەی زۆر لە وڵاتان و تەنانەت ڕۆژئاوایش، ئیتر بە چ مکانیزمێک بتوانین دوای ڕەوینەوەی تەپوتۆزی میدیایی پرۆسە یان پرۆژەکە، بەرگریی لە مافی سەرووی 50 ملیۆن کورد بکەین کە تورکیا بوونمانی لە مەریخیش پێ قووت نادرێت، ئەگەر داوای کیان بکەین! ئەگەریش نەیکەن هەر بەهەمانشێوە، بەڵام بە هەندێ مەرج و پێناسەی جیاوازترەوە! 

ئایا ئەو خواست و ئامانجەی بۆ گۆڕانکاریی سیاسی و ماف، لەلایەن "دەم پارتی"یەوە بەڕێوە دەبرێت، دەتوانێ هیچ گەرەنتییەکی وامان بداتێ کە سبەینێ بە بڕیارێکی خاوەنشکۆی ئەو وڵاتە هەموو شتێک سڕ نەکرێت و دیسان نەگەڕێینەوە خاڵی سفر؟ هەڵبەت دەبێت بڵێم خاڵی کۆتایی نەک سفر! مەگەر ئێمە دەیان سەرۆك شارەوانی کوردمان لە باکور نەبوو کە لە ڕێگەی یاسایی و بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردران، بەڵام بە بڕیارێک زۆربەیان گیران و ئێستە لە زیندان خەریکی نووسینی کتێب و بیرەوەیین؟ 

ئەمانە ترس و دڵەڕاوکێن لە پرسیاردا خۆیان دەنوێنن، نە دژایەتیکردنی پرۆسە یان پرۆژەی ئاشتییە و نە بێهیوابوونە لە ئاسۆی بەردەم، بەڵکوو خستنەڕووی ئەو گومانانەیە کە ئەگەر دروست بیریان لێ بکەینەوە، دەتوانن لە سڕینەوەی سووری و خوێناویکردنی ئاسۆی داهاتوودا، ڕۆڵی ئەرێنی ببینن.