لە حاڵێکدا ناوچەکە لە شەڕێکی ئاڵۆز و یارییەکی هاوکێشەسازەوە گلاوە و هەموو وڵاتان "دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتووە با نەیبات"، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پرۆژەی ستراتیجیی ئاوی هەولێر سەرکێشییەکی تری لە درێژەی پرۆژەکانی خزمەتگوزاریی بۆ کوردستان نواند. ئەم سەرکێشییە درێژەی هەمان ڕوانگەی ئابووریی سەربەخۆ و نانەوتیی بووە کە سەرۆکی حکوومەت لە ماوەی حوکمڕانی خۆیدا شێلگیرانە کاری لەسەر کردووە و مانایەکی پتەوی بە ئابووریی کوردستان بەخشی، نە سەردەمە سەختەکانی حوکمڕانیی کابینەی نۆیەم و نە گوشارەكانی سەر خەڵکی کوردستانیش، هیچیان لەبیر ناکرێن، پێکەوە بیریان لە ڕۆژانی گەش و ئاسۆی ڕوون دەکردەوە، ئەو ڕۆژانە ئیرادەیەکی وایان لە گڕدانی ڕووداوەکاندا کوتایەوە و کرد بە پۆڵا، کە ئێستە بەروبوومەکەی دەبینین.
بێگومان هەر کەسێک نکۆڵی لە بارودۆخی شێوێنراو و دەستێوەردراوی کوردستان و ژیان و قووتی خەڵکەکەی لەلایەن حکوومەتی بەغدا و موعارەزە سپڵەکانی ئەوسای نیشتەجێی هەولێر بکات، خەلەلێک لە ئاوەز و ویژدانیدا هەیە، بەڵام لە سەرێکی دیکەوە ئەم کێشانە چۆن دەخوێنینەوە؟ ئەگەر فلاشباگێک بكەینەوە بۆ کاتی تێپەڕاندنی یاسای بودجە کە بە دەستێوەردان و کەمکردنەوەی پشکی کوردستان بە هاوکاریی هەندێ لە هاوپەیمانە کوردەکان! تێپەڕێنرا، هێشتا هەست بەو شۆکە دەکەین کە سەرەتاکانی بوو، بەڵام لەوکاتە سەخت و ناهەموارەدا سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ جووتیارانی کوردستان لەسەر مەزرا و خەرمانەکان بوو، پشتگیریی لەو ئیرادە وڵاتساز و سەربەستە دەکرد کە بڕیارە وردەوردە لەژێر پۆستاڵی داگیرکارانەی عرووبەدا خۆی ڕزگار بکات.
پرۆژەی هەناردەکردنی هەنار و بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوە و پشتگیریی هەمەلایەنە لە بووژانەوەی ئابووریی نانەوتی، لە چوارچێوەی دەیان پرۆژەی وردودرشتدا گەواهیی ئەو ئیرادەیە دەدەن کە خواستی دەرهێنانی کوردستانی لەژێر وابەستەیی بە ئابووریی بەغدا و پۆستاڵی ڕەش هەیە، دۆخی کۆی ناوچەکە ئێستە لە بارگرژییەکی ناهەموار و نادیاردایە، ئەگەر هەموو کێشەکان چڕ بکەینەوە، بێگومان بمانەوێ و نەمانەوێت لەناو ڕووبەرێكی بەرینی خاکی کوردستانی گەورەدا ڕوو دەدەن، باشووری کوردستان بە هەموو مەترسیی و هەڕەشە و درۆنەكانەوە، ڕۆڵی سیاسی و دیپلۆماسییانەی خۆی بە باشی گێڕاوە و کوردستانی لەناو بازنەیەکی گەمارۆدراوی ئاگراویدا پاراستووە و بە ئاو هەولی ئاوەدانکردنەوەی داوە، بەڵام بێگومان دۆخەکە دۆخێکی شیاو نییە بۆ خەڵکی کوردستان، بەغدای نەقیزەدراو بەردەوام كێشەیان بۆ دروست دەكات.
ئازاری کورد لە هەموو پارچەکاندا ئەوە نییە کە تەنیایە و هەر خۆی هەیە و زۆرجار بەر دەبێتە گیانی خۆی! بەڵکوو ئێشی گەورەتر ئەوەیە هەموو وڵاتانی دەوروبەر و داگیرکەری کوردستان، بەهۆی ئەو کەشە جیۆپۆڵەتیکەی دوای سایکس پیکۆ هاتە ئاراوە، نەک لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی نین، بەلکوو لەگەڵ هەر هەناسەدانێکی پڕ ئاسایش و هێمنانەی کوردیشدا دژن! جا ئەمە بۆچی دەڵێم؟ بۆ ئەوەی بەرچاومان ڕوون بێت لەوەی بەڵێ ڕاستە قەیرانی مووچە هەیە، بەڵام کێ ئەم قەیرانەی دروست کردووە؟ کێ یاریی پێ دەکات و دەیکات بە کارتی سیاسیی دژی خەڵکی مەدەنی؟ ئایا کورد ناتوانێت لە وەڵامی ئەم سیاسەتە فاشیییەدا كە دژی خەڵکی ئاسایی گیراوەتە بەر، وەک پەرچەکردارێکی عورفی و ئاسایی بڕێک عەرەبی دانیشتووی کوردستان بگرێت و فەلاقەیان بکات؟ با! بە دڵنیاییەوە، بەڵام نایکات بۆچی؟
چونکە ئەمە هەم لە کولتووری کۆمەڵایەتی ئێمە ناوەشێتەوە و هەمیش کولتووری سیاسیمان فێری ئەو فاشییەت و ڕقە مرۆییەی نەکردووین. ئێمە ناتوانین وەک ئێرانییەکان کاتێک یاسای دەرکردنی ئەفغانییەکان لە ئێران دەردەچێت، لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەیشەوە پەلاماری خەڵکی کرێکار و داماوی وا بدەین!
باسەکەی من ئەوەیە كە جیاوازییەكە کولتوورییە، ئێمە لە دارستانی ڕەشی دەوروبەرماندا دەژین و بە هەموو سەختی و چەرمەسەرییەکانەوە، باشمان هێناوە. بەغدا یارییەکی قێزەون دەکات، دەیەوێت لە ڕێی گوشارخستنە سەر خەڵک و مووچە و قووت و خوانیانەوە، حکوومەت و قەوارەی هەرێم بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ملکەچی بکات! کێ ئامادەیە دەسەڵاتێک کە سەتان هەزار خوێنی بۆ ڕژاوە، ڕادەستی بەڵێنگەلێك بکات کە لە ئایدیالترین حاڵەتیدا تەنیا تا ئەوکاتە متمانەپێکراوە کە سەرکەوتن! ئیتر وەک بەعس دابەزینیان نابێت و ئەمنەسوورەکە دەبێت بە خەونی ئاوەدانییان! لێدان و کوشتن و سووکایەتی دەچێتەوە چڵەپۆپە!
پرۆژەی ئاوی هەولێر بەو قەبارە گەورەیە لە زۆربەی زۆری مێدیا ناوچەیی و جیهانییەکانەوە باس کرا و کێشەی ئاوی هەولێر بۆ 30 ساڵی داهاتوو نەما، ئەمە سەرکێشییەکی گەورە و مەزن بوو، هاوشێوەی ئەو گرێبەستە ملیاریانەی نەوت کە سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ کۆمپانیاكانی ئەمەریکا كردی و بەغدا لە تۆڵەکردنەوەیدا بە درۆن هێرشی کردە سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان!
بە کورتی و کوردی، قسەم ئەوەیە، قەیران بۆ کوردستان دروست دەكەن، لە دۆخێكی وادا، ئێمە لە ئاستی یەکدا بەرپرسین وەک هاووڵاتی و وەک کوردی خاوەن برینی هاوبەش، ددان بە سەختییەکاندا دەنێین، بەڵام دەبێت ئەم یارییە قێزەونەی بەغدایش ببینین کە گرێ گەورەکەی ئەوەیە، کوردستان بە هەموو ئەو کێشانەوە هێشتا هەر زیندووە و گەشە دەكات و دەتوانێت پێش بکەوێت، ئەمەیان پێ هەزم ناكرێت!
بە هیوام هەموو ئەم یارییانەی بەغدا خاڵی کۆتایی بۆ دابنرێت و واقیعی گڵاوی ئەو کولتوورە سیاسییە ناتەندروست و خۆبەزلزانە، زیاتر دەرکەوێت بۆمان.