مۆسیقای كوردی و سیاسەتی داگیركەر

AM:11:29:26/07/2025 ‌
کۆنفۆشیوس فەیلەسووف و حەکیمی گەورەی چینی، دەڵێت، ئەگەر دەتەوێت نەتەوەیەک بناسی گوێ بۆ مۆسیقاکەی بگرە. ئەم وتە زێڕینە بۆ سەردەمانێک کە پێشکەوتن هێشتا قۆناغە سەرەتاییەکانی تێنەپەڕاندبوو، هیچ شتێکی مۆدێرن بە مانا ئەمڕۆییەکەی لە کایەدا نەبوو، ڕێی تێدەچوو بێ شیکاری و ئەملاولا وەریگرن. ئێستەیش هیچ ڕەخنەیەک لە کرۆکی قسەکەیدا نییە و تەواوە، بەڵام کێشەی ئەم سەردەمەی ئێستە ئەوەیە، مۆسیقا ئەو مانا ڕەسەن و بێخەوشەی سەردەمی کۆنی لە کیس داوە، یان ئەگەر بە پارێزەوە قسە بکەین دەبێت بڵێین، مۆسیقای نەتەوەکان بە ئاسانی لێک جیا ناکرێنەوە. 

قۆناغێک لە تێکەڵکاری و دزی و بە تاڵانبردن و بەلاڕێدابردن ڕووی داوە. هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چرکەساتەی شۆڕشی پیشەسازیی هاتە ئاراوە. سەرەتای مۆدێرنەی تەکنەلۆجی و دەرکەوتنی ئیرادەی بەهێزی و دەسەڵاتگەرایی لە ڕۆژئاوا و پەلکێشبوونی سوپای ڕۆژئاوا، بۆ دنیای پڕ خێر و بێری ڕۆژهەڵات. ئەم چیرۆکە زۆر بێ بن و پڕ پێچ و پەنایە و من مەبەستمە بڵێم قۆناغی مۆدێرنیزم و هاتنەئارای خواستی هێز لای گەلان و دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە، سیستمێکی هێنایە ئاراوە کە بابەتی بێخەوش و شەقڵنەشکاو چووە ئەرشیڤی مێژووەوە. 

ئێمە ئیدی مەگەر لە دەنگبێژە بەدەوییەکانی سەحراکانی سعوودیە و دارستانەکانی ئامازۆن بەدوای بێخەوشیدا بگەڕێین. بێخەوشییەک کە جەستەی بێگەردی زەوی دایک و پیرەساڵمان پێشان دەدەن. بەڵام هەموو ئەمانە کۆتایی پێ هات، تەنانەت لە سعوودیەی بیابان، بەهۆی گەشەی مۆدێرنە و سیاسەتی کرانەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا، هەر جۆرە مێژوویەکی کۆن و نوێ بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەوەی هەیە ژیانکردن لە قۆناغی ئێستە و لە ئامێزی زیرەکیی دەسکردە. 

ڕەنگە لە دارستانەکانی ئامازۆن و لێرەولەوێ خێڵە بەدەوییەکان ئاواز و ڕێوڕەسم و ڕێچواڵەکانی خۆیان پاراستبێت، چونکە هێشتا هەورەتریشقەی مۆدێرنە بە پڕیی نەیپێکاون، بەڵام چارەنووسیان بەرەو نەمان و کۆتاییە. کەمینەیەکن لەژێر مەترسیی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی مرۆڤی مۆدێرنی سەردەمی دیجیتاڵ و تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەسکرددان. کەوایە ئێمە بە دەگمەن شتی بێخەوش لە ئاستە کۆن و بەدەوییەکەیدا دەبینینەوە، هەروەك گەڕانەوە بۆ بینینی ئەو دیاردە کۆن و بەدەوییانە، بە مانای بەرگریی نییە لە جیهانی پێش مۆدێرن و دواکەوتوو، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ چارەنووسی جۆرێک لە بێگەردی و میلیبوون لە سەردەمی کۆندا، مەکینەی مۆدێرنە نەک هاڕیونی، بەڵکوو ئەوەیشی پێی نەهاڕدراوە، تێکەڵی کۆمەڵێک نەهاڕاوی تری کردووە و وەک بەرهەم پێشکەشی دنیای کردووە.

ئێستە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر قسەکەی کۆنفۆشیۆس و بیر لەو پرسیارە دەکەینەوە، ئایا مۆسیقا بەو مانا کۆن و ڕەسەنەی هێشتا ماوە؟ یاخۆ بە ئاستی خۆی تێک دراوە؟ ئاخۆ پرۆژەی گەورەی کۆلۆنیاڵیزمی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی، لە بواری هونەریشدا ئەم یارییەی نەکردووە؟ ئاخۆ ئێمە وەک کورد کە لە سەدەی 16ـەوە لە نێوان دوو ئیمپراتۆری سەفەوی و عوسمانیدا دابەش كراین و چارەنووس و بێ دەسەڵاتیمان و هەروەها نەبوونی پلان و ژیریی پێویست، ملکەچی دۆخی لۆزان و سایکس-پیکۆی کردین، مۆسیقاکەیشمان کەوتە بەر بۆردمان و جۆرێک لە تاڵان و بڕۆ؟ 

بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بە تایبەتی لە بواری هونەری مۆسیقادا کە پسپۆڕیی دەوێت، بۆیە وەڵامدانەوەی زانستی بەوەی کە مۆسیقای کوردی چەندە ڕەسەن و بێخەوش ماوەتەوە، بابەتی پسپۆڕانە و من تەنیا وەک گوێگرێک سەرنجێکی خۆم دەخەمە ڕوو. با ئەوەش بڵێم، باسکردن لە ڕەسەنایەتی و بێخەوشیی مۆسیقا، بەو مانایە مەبەستمە کە تایبەتمەندییەکانی مۆسیقای کوردی وەک کۆڵەکەی ئەم مۆسیقایە هێشتا بە باشی پارێزراوە یان نا. بۆیە لێرەدا من وەک گوێگرێک دەڵێم و دڵنیام زۆر لە خوێنەرانیش بیستوویانە کە ئاواز و گۆرانی کوردی لەلایەن زۆر لە نەتەوەکانی دراوسێ بە تایبەتی تورک و فارس و عەرەب دزراون و بەهۆی ئەوەی ئەوان کاتی خۆی دەسەڵات و پاڵپشتیی باشیان هەبووە، توانیویانە سەردەمیانە بکەنەوە و بەناوی خۆیانەوە تۆماری بکەن. 

نموونەی ئەمە بە جاروبار لە تۆڕەكانی کۆمەڵایەتی لەلایەن چەندان پەیجەوە باس کراوە کە مۆسیقای کوردی و ئاوازەکانیان لە دەڤەری گەرمیان، بە تایبەتی لەلایەن گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانی وەک "محەمەد ڕەزا شەجەریان، ئیرەجی بەستامی، هومایون شەجەریان" و چەندینی دیکەوە دزراون، بەشێک لەم ئاوازانە هی مامۆستا عەلی مەردانن کە کەسێکی وەک شەجەریان ئاماژەی بە سەرچاوەی ئاوازەکە نەکردووە، بەڵام مێژووی تۆماری ئاوازەکە دێرینی و ڕەسەنی ئاوازە کوردییەکە، پشت ڕاست دەکاتەوە، دەتوانین لەسەر ئەم تەوەرە زیاتر بڕۆین بەڵام لێرەدا ناگونجێت. 

ئەوەی لای من مەبەست بوو لێرەدا زیاتر بەرجەستەی بکەمەوە، هاتنە کایەی باسی ئەوەیە کە سروودێکی ناوداری ئێرانی لە پارچە مۆسیقایەکی کوردی دزراوە کە چەند ساڵ پێش ئەوەی سروودە ئێرانییەکە تۆمار بکرێت، ئاواز و سروودەکەی لەلایەن شاعیر و دەنگبێژێکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە تۆمار کراوە. 
سروودی "ئەی ئیران" گوایە شانازییەکانی وڵاتی گەورەی ئێران باس دەکات و بەناوی مۆسیقاری ئێرانی "ڕوحوڵا خالقی"یەوە لە ساڵی 1945 بۆ 1946تۆمار کراوە، بەڵام ئاوازەکە خۆی هی شاعیر و گۆرانیبێژ "یوسف بەرازی" خەڵکی ڕٶژئاوای کوردستانە و بە "بێ بوهار" ناسراوە و ناوی ئاواز و گۆرانییەکە "وەڵات"ـە. 

باسی من ئەوەیە، هەروەک چۆن مێژووی ئێمە لە زۆر ڕووەوە و بە تایبەتی لە ئاستی سیاسی و جیۆگرافی و دیموگرافییەوە شێوێندراوە، لە مەیدانی هونەریشدا بەهەمانشێوە، بۆ ڕوونبوونەوەی لایەنە تاریکەکانی مێژووی هونەر، بە تایبەت مێژووی مۆسیقامان، پێشنیارم بۆ هەموو دەزگا ئەکادیمی و میدیا و ڕاگەیانندنە ڕۆشنبیرییەکان و پسپۆڕانی مۆسیقا ئەوەیە، لە بەرنامەیەکی بەربڵاودا ئەم باسانە بورووژێنن، تا مۆسیقا و ڕەسەنایەتیی خۆمان بپارێزین و ئەو گومانانەیش بڕەوێنەوە.