یەكەم/ کولتوورساید
ئەگەر جینۆساید مانای لەناوبردنی بە کۆمەڵی گVووپ، دەستە یان نەتەوەیەک بێت، بەهۆی جیاوازیی ئیتنیک و نەتەوەوە، ئەوا کولتوورساید لەناوبردنی گرووپێکە بەهۆی جیاوازیی کولتور و زمانەوە. دەوڵەتی عێراق لە چرکەساتی دروستبوونییەوە، هەر لەو ساتەوەی بنەما و بناغەی بۆ دانرا، هیچ بڕوایەکی بە زمان و کولتووری کوردی نەبووە و نە ددانی پێدا ناوە و نە مامەڵەیشی لەگەڵدا کردووە و لە هەندێک قۆناغیشدا بەکارهێنانی زمانی کوردی هەر قەدەغە کردووە.
ئەم سیاسەت و مامەڵەکردنە ئاماژەیەکی روونە بۆ سیاسەتی سڕینەوە و دداننەنان بە گرووپی بەرانبەر و بێ بەهاکردنی زمان و کولتووری گرووپی بەرانبەر. زمان بەشێوەیەکی بنەڕەتی یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی ناسنامە، ناسنامە واتە تۆ کێی؟ هەڵگری چ تایبەتمەندی و جیاوازییەکی؟ چی تۆ وەک تاک و گرووپ لە ئەوانیتر جیا دەکاتەوە؟
کاتێک ناسنامە و کێیەتی و تایبەتمەندییەکان دەکوژیت و رەتیان دەکەیتەوە، بە دڵنیاییەوە کولتوور و ناسنامەی بەرانبەر قڕ دەکەیت و مانای پێ نابەخشی. ئەم رەفتارەی دەوڵەتی عێراق بە درێژایی مێژوو و لەلایەن سەرجەم حکوومەتەکانەوە دووبارە دەبێتەوە. هەر لە سەردەمی پاشایاتییەوە تا دەگاتە کۆماری و فەرمانڕەوایی سوننە و شیعە و عەرەبی میانڕەو و توندڕەو، هەموویان بەیەک ئاست دژی مافی کولتووری و ناسنامەی کوردن.
لە سەردەمی کۆماریدا و بەپێی دەستوور کورد و عەرەب هاوبەشبوون لە عێراق، بەڵام بینرا دواتر چۆن زمان و رۆژنامە و مافە کولتوورییەکانی کورد لە گۆڕ نران و تەنانەت جەنگی نێوان کورد و دەسەڵاتی ئەوکاتی عێراق، دووبارە دەستی پێ کردەوە. ئەم جۆرە لە باوەڕنەبوون بە کولتووری کورد و لە ناویشیدا زمان، نموونەیەکی بچووکی ناو مێژووی رابردووی دەوڵەتی عێراقە، لە پرسی بڕوابوون بە فرەکولتووری و ئۆتۆنۆمی زمان و ناسنامە و رێزگرتن لە خوێندن بە زمانی دایک و داننان بە ناسنامەی بەرانبەر و مامەڵە لەگەڵکردنی، بە تایبەت لە ئاستی دەزگایی و فەرمی.
دووەم/ زمانی کوردی و دەستووری عێراق
بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی چواری دەستووری هەمیشەیی عێراق /٢٠٠٥/ كە زیاتر لە ٨٠٪ی دەنگدەرانی کۆمەڵگە دەنگیان بۆ داوە، "زمانی کوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا، مافی سەرجەم عێراقییەكان پارێزراوە لە فێرکردنی رۆڵەکانیان بە زمانی دایکیان وەک تورکمانی و سریانی لە دەزگاکانی فێرکردنی دەوڵەتدا بەپێی یاسا پەروەردەییەکان، یان بەهەر زمانێکی تر لە دەزگاکانی فێرکردنی تایبەتدا."
وەک ئاماژەمان پێ کرد، بەپێی دەستوور، زمانی کوردی ددانی پێدا نراوە و لە پاڵ زمانی عەرەبییدا زمانێکی فەرمییە لە دامەزراوەکاندا. دوای 20 ساڵی لە پەسندكردنی دەستوور وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی کە دەوڵەتی فیدڕاڵی لەسەر بنیات نراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، بە نووسراوی فەرمی زمانی کوردی لە زانکۆکان قەدەغە دەکات و بە ئاشکرا دەڵێت "نابێت پرسیاردانان و وەڵام و وەڵامدانەوە لە کاتی تاقیکردنەوەدا بە زمانی کوردی بێت".
هەر کەسێک گەردیلەیەک خوێندەواری هەبێت، دەزانێت ئەم هەوڵەی دەوڵەتی عێراق جینۆسایدی کولتووری و سڕینەوەی زمان و ناسنامەی کورد و کوردبوونە. بۆچی زمانی کوردی لە پارێزگاکانی کەرکووک و مووسڵ و دیالە لە زانکۆکان قەدەغە بکرێت؟ لە کاتێکدا زۆرینەی ناوچەکە کوردییە و دانیشتوانی کوردن و زمانی کوردی ناسنامە و پێکهاتەی کولتووری کوردییە، بۆچی قوتابی کورد لەو زانکۆیانە بۆی نەبێت بە زمانی دایکی بخوێنێت و پرسیاری بە زمانی کوردی ئاڕاستە بکرێت و بە زمانی کوردی وەڵام بداتەوە؟ لە کاتێکدا دەستوور بەشێوەی تیۆری ددانی بە زمانەكەیدا ناوە.
بە دڵنیاییەوە جگە لە سیاسەتی شۆڤێنی و نکۆڵی و سڕینەوە، ئەو بڕیارە هیچ ئاماژەیەکی تری تێدا نییە، بڕیارێکی وا، تەنانەت چەمکی فیدڕاڵیزم لە عێراق دەخاتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە، کاتێک کە ئامادە نیت مافی زمان کە مافێکی سروشتی هەموو تاک و گرووپێکە، بیدەت بە لایەنی بەرانبەر.
سێیەم/ قڕکردنی ئابووری
لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی بەغدا، لە ڕێگەی سیاسەتی برسیکردن و سکهەڵگوشین و مووچەنەناردن و قڕکردنی ئابوورییەوە، خەڵکی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردستانیان رووبەڕووی سەختی و زەحمەتی و کۆژانێکی زۆر کردەوە. قڕکردنی ئابووری و کولتووری و قەدەغەکردنی زمان، دوو ڕووی یەک دراون و سیاسەتێکە بۆ لەناوبردن و بچووککردنەوە و لاوازکردنی یەکێتی نەتەوەیی و ناسنامەکەت.
هەردوو سیاسەتەکە چ قڕکردنی ئابووری و چ کولتووری، دژ بە دەستوور و یاساکانی عێراقی دوای ساڵی 2003ن، ئەمەیش لە سادەترین مانادا پرسی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان و رێزگرتن لە ناسنامەی بەرانبەر لە عێراقی نوێدا دەخاتە ژێر پرسیاری گەورەوە.
هەموو سیستمێکی فیدڕاڵی بۆ ئەوە دادەمەزرێت، جیاوازییەکانی تێدا بەڕێوە ببرێت و بپارێزرێت و ناسنامەی هەموو گرووپەکان وەک خۆی رێزیان لێ بگیرێت. فیدڕاڵیزم بنەمای پاراستنی ناسنامە و کێیەتی و زمان و جیاوازییەکان و سەربەخۆییە هەر لایەنێكە. دیارە ئەمڕۆ ئەو بنەمایە لە هەموو کات و ساتێک زیاتر لەژێر هەڕەشە و مەترسیدایە، کاتێک هێزێکی باڵادەست دەیەوێت جیاوازی ئەوانیتر بکوژێت و قەدەغەیان دەکات و ددانیان پێدا نانێت.
کورد لە دوای 2003وە دەوڵەتی فیدراڵی بنیات ناوەتەوە بۆ پاراستنی ناسنامە و تایبەتمەندی هەموو گرووپەکان، نەک سڕینەوە و قەدەغەکردنی زمان و برسیکردن و جینۆسایدی ئابووری. ئەوەی بەغدا دەیكات، دروستکردنەوەی دەوڵەتێکی ناوەندی خۆسەپێن و شۆڤێنییە لە بەرانبەر پێکهاتەیەکی سەرەکی کە بە دەستوور ددانی پێدا نراوە و زمانەکەیشی دەبێت فەرمی بێت لە دامەزراوە فەرمییەکاندا.