(بەبۆنەی گیان لەدەستدانی سێ ژینگەپارێزی ڕۆژهەڵات)
کەشوهەوای گۆی زەوی بە دەیان هۆکاری مرۆیی، بەرەو ئاقارێک ڕۆشتووە ژیانی مرۆڤی خستووەتە مەترسییەوە، بۆ زۆر وڵات کە سیستمێکی سیاسیی شایستە و پێشکەوتوویان هەیە، قووڵایی ئەم کارەساتانە کەمترە، بەڵام وڵاتانی دواكەوتوو نەک ناتوانن پێش بەو قەیرانە بگرن، بەڵکوو قووڵتریشی دەکەنەوە! بۆ ئێمەی کورد دۆخەکە لە حاڵەتی سێیەمدایە، واتە وڵات و ژینگەی داگیر کراوە، دەوڵەتێک کە دەبێت بیپارێزێت بە تەنگییەوە نییە و خۆمان لەپێناو پاراستنیدا دەبینە قوربانی.
ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە چیای "ئاویەر"ی شاری سنە و گیان لەدەستدانی سێ ژینگەپارێز بە ناوەکانی "خەبات ئەمینی، چیاکۆ یوسفی نەژاد و حەمید مورادی"، دووبارە دڵی هەر کوردێکی بە پەرۆش و دەروەستی بریندار کرد، بەڵام ئەمە یەکەمجار نییە ڕۆڵەکانمان لەپێناو پاراستنی ژینگە و مەسکەنی سروشتیی باوباپیرانیان گیان فیدا دەكەم.
هیچ وشەیەک بۆ ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە و هاوشێوەکانی، شک نابەم کە تۆزێک ئۆقرە بگەڕێنێتەوە بۆ دڵ و دەروون، لە سەردەمێکدا خۆپەرستی و گەشەی ژیانی مەسرەفگەرا ڕۆژ دوای ڕۆژ مرۆڤی زیاتر لە یەکدی دابڕیوە و هەمووان لەگەڵ شەڕێکی بێمانادان لەگەڵ خۆیان و ئەوانیتر، ئەم ڕۆڵانە هێمای کەرامەت و جوامێرین.
ژینگەپارێزیی لەم ساڵانەی دواییدا بووە بە ڕێچکەیەک و جۆرێک شوناسی نوێی بۆ تاک وەکوو مرۆڤ و ئەندامێکی كارای ناو کۆمەڵگا و بکەرێکی سیاسیی لایەنگری گوتارێکی سیاسی، دیاری کرد. بێگومان هەمووان لەسەر ئەم گوزارەیە کۆک و هاوڕا نین، ڕەنگە ئەم ناکۆکی و ناهاوڕاییەیش بەوە ڕوون بکەنەوە کە ژینگە لە دەرەوەی یاریی و گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتییە، ئەم دەربڕینە تا ئەو شوێنە ڕاستە کە تەنیا وەک تێڕوانینێکی موجەڕەد و تەرەی تاکێکی ژینگەپارێز یان تاکێکی ئاسایی بخوێنرێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ژینگە لە چەقی یارییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندایە، بە تایبەت ژینگەی کوردستان و ئەو دۆخە کۆلۆنیالیستییە ئابووری و سیاسییەی دەیان ساڵە بەسەریدا سەپاوە.
ژینگەپارێزیی تەنیا ئاگرکوژاندنەوە نییە، بەڵکوو شارەزایی و تێگەیشتنە لە ژینگە وەک شوێنی ژیان و مانەوەی مرۆڤ و هاوکات بەرگرییە لە هەمبەر ئەو مەکینە کۆلۆنیالیستی-سەرمایەداری و ئیدارییەی، لە دژی ژینگە دەسووڕێت. ژینگەی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی دەزگایەکی ئیداریی کەمتەرخەم و نابەرپرسیار و ناکارامەدایە، ئەمەیش گرێدراوە بە هەمان سیستمی سیاسیی ناوەند کە ژینگەی کوردستان وەک سەرچاوەیەک بۆ تێرکردنی خواست و ئارەزووە ئایدۆلۆجییەکانی خۆی دەبینێت، نەک شوێنی نیشتەجێبوونی ملیۆنان مرۆڤ بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی وردی مێژوویی و کولتووری و... شوناسی گشتییان بنیات دەنێت. ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد بە کۆی ژینگە و سروشتی ئێران، هەم دەوڵەمندترە و هەمیش هەلی ژیان و ئیلهامبەخشیی و جوانی زیاتر و زۆرترە،
ئەم ژینگەیە لە چاوی هێزی سەردەستەوە، تەنیا وەک سەرچاوە و کانێک بۆ خەرجی و دۆشین دەبینرێت، کوا ئێمە بینیبێتمان دەزگاکانی دەسەڵات شوێندەستیان بەسەر لەناوبردنی نەخۆشییەکانی داربەڕوو و دارستانەکانەوە دیار بێت؟ هەرچی هەبووە ژینگەپارێزی خۆبەخش و خۆنەویستی کوردستان کردوویانە، لەگەڵ ئەوەی بەشێوەی کرداری خەریکی ژینگەپارێزی و بووژاندنەوەی سروشت و دارستان و ئاژەڵ و گژوگیان، هاوکات ڕەوتێکی شیاو و ژیرانەیان بۆ ڕۆشنگەری و هوشیارکردنەوە خستووەتە گەڕ، بەداخەوە بە زۆر هۆکار نەیتوانیوە بگات بەو خاڵە ئایدیالەی کە ئیدی ئێمە شایەتی ڕووداوگەلی وەها نەبین.
ئەگەر ژینگەپارێزی و ژینگەپارێزان لەناو کۆمەڵێک تێڕوانینی جیاواز بۆ سروشت و ژینگەدا هەناسە دەکێشن، ئەوا بمانەوێ و نەمانەوێت مەرگیان دەبێتە هێما و سیمبولی یەکگرتوویی و هاودەنگیی خەڵکی کوردستان دژی هەر هێزێک کە بە هەر ڕێگا و کردەیەک، دەبێتە هۆی لێدان لە ژیان و ئارامی و ئازادیی خەڵک. بێگومان من ستایشکەری مەرگی هیچ مرۆڤێک تەنانەت با لەپێناو باوەڕی خۆیشیدا بێت، نیم، بەڵام هەندێک مەرگ هەن لەگەڵ ئاوات و ئامانجەکانمان یەک دەگرن و جۆرێک پیرۆزی و ڕێز بۆ کەرامەت و ئەخلاق و هەڵبژاردنی ئەو مرۆڤەمان لا بەرجەستە دەکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا، ئێمە جگە لە سوپاس و پێزانین بۆ ژینگەپارێزان و ئەو ڕۆڵە سەربەرزانەیان، هیچیترمان نییە، دەتوانین داوای ئەوە بکەین کە بۆ پێشگرتن لە مەرگی زیاتر، بیر لە میکانیزم و ئامرازی شیاوتر و گونجاوتر بکەینەوە. لە پلەی یەکەمدا ئەگەر دەوڵەتێک هەیە ئەوا ئەو بەرپرسیارە لە کوژاندنەوەی ئاگر یان هەر دیاردەیەکی زیانبار کە ڕووبەڕووی ژینگە دەبێتەوە، بەڵام حیکایەتی دەوڵەت و کوردستان، هی گوێ ئاگردانە و هەموومان دەیزانین!
مادام دەوڵەت ئەوە ناکات، با بیر لەو ڕێگایانە بکرێتەوە کە ئەو میکانیزمانە لە ڕێگەی ئەو جەماوەرە فرە و فرەوانە دابین بکرێت کە لە ڕێوڕەسمی ناشتندا خۆیان مانیفێست دەکەن و بەو جۆرە ئەخلاقی ئەمەكناسانەیان پێشان دەدەن، ئەم وەفایە دەتوانێت لە دەرەوەی ئەو ڕێوڕەسم و شینگێڕانە و لەناو پلانێکی تۆکمەی هاوکاریی دارایی و دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ ژینگەپارێزان و کردنەوەی خولی ڕاهێنانی ژینگەپارێزی و دەیان کردە و ئەکتی دیکەدا، خۆی بەرجەستە بکاتەوە، بەڵکوو ئێمە ئیتر مەرگ و قوربانیبوونی ڕۆڵەکانمان لەناو کەوانەیەکی کۆلۆنیالیستیی ژینگەکوژدا نەبینینەوە و گیانی خۆمان و ژینگەكەیش پێکەوە دەرباز بکەین و هچیمان نەبین بە قوربانیی ئەویترمان.