پێکەوەژیان و سەربەخۆیی

PM:01:27:31/07/2025 ‌
کۆڵەکەی دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر بنەمای شوناسی نەتەوەیی بنیات دەنرێت، مێژووی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەکان بە هەموو بارێکدا شایەتیی ئەوە دەدەن و پێویستی بە بەڵگەهێنانەوە نییە، ئەوەی لێرەدا من بیری دەخەمەوە، بەو هۆیەیە کە ماوەیەكە لەناو کورد و نەتەوەکانی دەوربەردا (هەڵبەت بۆ هەڵخەڵەتاندنی کورد)، باس لەوە دەکرێت كە سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەر چووە، بۆیە دەمەوێت لەسەر ئەم دژوازیی و پارادۆکسە بوەستم، بەرلەوەی لە پێگەی کوردێکی گومانلێکراو و ملبادەر لە خواستی سەربەخۆیی (وەک هەندێک گوتاری شەرمنۆک و داگیرکراوانەی کوردی دەیکەن)، ڕووبەڕووی ئەم بابەتە ببمەوە، هەوڵ دەدەم وەک کوردێک کە سەربەخۆیی بە مافی خۆی دەزانێت، نەك خێر و پاداشتی وڵاتان، بدوێم. 

ئێمە لە قۆناغێکی مێژوویی چارەنووسسازدا غەدرمان لێکرا و لە پشتەوە لێمان درا، نەمانتوانی بچینە ناو بینا مێژووسازە مۆدێرن و دەوڵەتدارەکەی دنیا، واتە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاڵای سەربەخۆیی خۆمانەوە بین. بەڵام ڕووداوەکانی ساڵی 1991 و دەرکەوتنی واقیعی ناساز و نەگونجاوی عێراق، بۆ هەموو جیهان و کۆڕەوی کورد و خەباتی چەندان ساڵە، وایکرد بەشێک لە کوردستانی گەورە کەچە مافێک بە خوێن و خەبات بە دەست بێ، لە دوای 2003 و گۆڕبەگۆڕبوونی سەدام، دۆخی کورد لە ڕووی ئیداری و داودەزگای سیاسی و دیپلۆماسییەوە، هاتە ناو یارییەکی ڕژدتر و نوێترەوە، لە دوای سەرهەڵدانی داعش ئەم دۆخە پتەوتر و درەوشاوەتر بوو، بەڵام هەژموونی وڵاتانی داگیرکەر و لە سەرووی هەموویانەوە ئێران و عێراق، پلانێکی درێژ و بە کاوەخۆی بۆ ئەم پێشوەچوونە داڕشت و ئێستە دەرئەنجامەکەی لە بڕینی مووچە، دروستکردنی دووبەرەکی لەناو کورد، تێکدانی باری تەناهی، پڕوپاگەندەی نادروست و... دەبینین. 

کەس ناتوانێ حاشا لە بوونی قەیران بكات لە کوردستان، بەڵام ئەم قەیرانە کێ دروستی کردووە و لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ سەرباری ئەمە، ئایا ئەمەریکا یان فرەنسا یاخۆ هەر وڵاتێکی پێشکەوتووی تر، قەیرانیان نییە؟ ئەوەی بەند بێت بە ئیرادەی حکوومەتی کوردییەوە، سینگی کراوە بووە بۆ تێپەڕاندنی قەیران، بەڵام ئەوەی قەیران لای ئێمە قووڵتر دەکاتەوە و بەردەوامیی دەداتێ، ئەو سیاسەتە کۆلۆنیالیستیی و داگیرکارانەیە کە وەک یەکێتییەکی ڕانەگەیەنراو دژی کورد گیراوەتە بەر، دەتوانین ناوی بنێین یەکێتیی هەمیشەیی داگیرکارانی کوردستان، دژی کورد! یەکێک لە بنەماکانی ئەم یەکێتییە، لاوازکردن و نەهێشتی ئایدیای دەوڵەت-نەتەوەیە (بۆ کورد هەڵبەت) و سڕینەوەی تەواوەتیی خەون و ئایدیای سەربەخۆییە. 

لەم پرۆسەیەدا، ئەو دژوازییەی باسم کرد، بەدی دەکەوێت. ئەوان وەک گوتاری نەتەوەیی و زۆر جاریش لەژێر دەمامکی گوتاری چەپدا، باس لەوە دەکەن کە سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەر چووە، لەگەڵ ئەوەی هەر کامەیان توخم و کۆڵەکەی جیاوازی تایبەت بە گوتاری خۆیان هەیە، بەڵام لەوەدا کۆکن کە "کورد پێویستی بە دەوڵەت نییە" و خواستی دەوڵەتی سەربەخۆ لەناو کورددا لە هەر حاڵەتدا ئامانجێکی ئیسرائیلییە یان خواستێکی خێڵەکییە! بەڵام ئەوەی تۆزێک ژیر بێت، دەزانێت ئەمانە بە هەزاران فەرسەخ لە عەقڵ و بەڵگەوە دوورن و ئەوەی لە ژێر ئەم ڕستە دواکەوتوو و هیستریەدا خەوتووە، خواستی فاشیستانەی خۆیانە بۆ پاراستن و بەهێزترکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان. 

واتە ئەوان بە ئێمە دەڵێن دەوڵەتی نەتەوەیی و خەونی سەربەخۆیی باش نییە، بەڵام خۆیان بە چەکی ئەتۆمی دەیانەوێت ئەو ئامانجە مسۆگەر بکەن. دژوازییەکە ئەوەیە، ئەوان کێشەیان لەگەڵ نەفسی دەوڵەتی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو کێشەیان لەگەڵ خواستی حەقوازی و دەوڵەتداریی کورددا هەیە. بە مانایەكی تر، بۆ ئەوان حەڵاڵ و ڕەوا و بۆ ئێمە بڤە و حەرامە. 

ئەم دژوازییە جەوهەرییە، وەکوو وتم هەم لە گوتاری ڕاستەکانیاندا بۆ نموونە پاشاخواز یان دیموکراسیخوازە لیبراڵەکان و لە چەپەکانشیدا، واتە چەپی ڕادیکاڵ و میانڕۆ، بەدی دەکرێ. بەرگریکردنی ڕاست یان چەپیان لە کوردێک كە لە ئیجە دەخنکێت، بە مانای ئەوە نییە ئەوان دڵیان بۆ کورد لێ دەدات و دۆزە ڕەواکەیان قبووڵە، بەڵکوو مانای ئەو دەستبەسەرداهێنانەیە تا ئاسۆی خەون و ئاواتەکەمان کە هەمان دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییە، لەبیر ببەنەوە. 

ئەم ناكۆكییە چەندە بۆ ئێران دروست بێت، بۆ عێراقیش بە پێوەر و زەوینەی خۆی هەروایە. هێندە هەیە ئەوەی ئێستە عێراق دەیکات مەحاڵە دەستی ئێرانی لە پشتەوە نەبێت. ماوەیەک پێش ئێستە ڕاپۆرتێکی ڕاپرسیکارانە لە بەغدا بڵاو کرایەوە کە لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی هەژار و ڕەشوڕووت قسەیان دەکرد و لێیان دەپرسین، ئایا حەز دەکەن کوردستان جیا بێتەوە؟ بە یەکدەنگ دەیانگوت: لا! عیراق واحد! 
من ناڵێم شەقام و ڕای گشتیی عێراق ئالوودەی فاشییەت نییە و لە ئێران ڕێچکە وەردەگرێت، بەڵکوو دەڵێم ئەم دوو نەتەوە و کیانە بەهۆی ئەو خواستە هەژموونییە شیعی و حکوومییەی هەیانبووە، هێندەی دیالۆگیان لەگەڵ یەکتر کردووە لە خستنەڕووی پلان و گوتارەکانیاندا، هێندەیان نەماوە تەواو ببن بە هاوشێوە! 

بێگومان ئێران ڕۆڵێکی ڕچەدانەر دەگێڕێت و مێژووی عروبە و بەعسیزمیش عێراقی تەیار کردووە بۆ هەر جۆرە دەوڵەت و کیانێک جگە لە عرووبە و ئیسلامی سیاسیی میلیشیایی، بە ناڕەوا و خێڵەکی و ئیمپریسالیستی بزانێت! چەپ و ڕاستیشی بۆ نییە، نوختە سەری دێڕ!