یەكەم/ عەجاج، جەلادێکی بێ وێنە
دواجار دوای 22 ساڵ لە رووخانی رژێمی بەعسی عێراق، گەورە جەلادی نوگرەسەلمان گیرا. عەجاج یەکێکە لەو کارەکتەرە بێ ڕەحم و بێ ویژدانانەی کە بەرپرسە لە کوشتن و جینۆسایدی سەتان هەزار مرۆڤی کوردی بێ تاوان. ئەوەی ئەو لە بەرانبەر نەتەوە و تاکی کورد كردوویەتی، لە مێژووی مرۆڤایەتی بێ وێنەیە و لە کەمپ و "ئاوشیفتزمی نازییەکان"یشدا بە جووەکان نەكراوە.
چ وێژدانێک قبوڵی دەکات، منداڵی ساوا لە برسان بکوژی و دواتریش دەرخواردی سەگی بدەیت؟ پیر و بەساڵاچوو بکوژی و دەرخواردی سەگیان بدەیت؟ ئەم دیمەنە تراجیدییە نابێت هەرگیز جیهان و مرۆڤایەتی لە بیری بکات و لە بیر بچێتەوە. هەموو ئەو کوردە بێ تاوانانەی بەهۆی کوردبوون و ناسنامەی نەتەوەییانەوە لە نوگرەسەلمان بەند کران و بەشێکی زۆریان جنیۆساید کران، ئاماژە و هێمان کە بەعس، چ وەک دامەزراوە و پارتێکی رەگەزپەرست و شۆڤێنی و دژ بە مافەکانی مرۆڤ و چ عەجاج وەک کارەکتەرێکی دڕندە و وەحشی و بەڕبەڕی تاوانی جینۆساید و تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە.
ئەوانەی لەو جینۆسایدەدا بەشێوەیەکی پەڕجوئاسا دەربازییان بووە، عەجاج بە تاوانباری سەرەکی و بنەڕەتی دەزانن و دادەنێن بەر لە بەعس و سەدام و دارودەستەکەی، دیارە ئەم دیدە لەوەوە هەڵقووڵاوە کە عەجاج سڵی لە هیچ بەهایەکی مرۆیی نەکردووەتەوە و ئەوەی بە خەیاڵیداهاتووە لە بەرانبەر ژن و منداڵ و پیر و بەساڵاچووی کورددا تاقی كردووەتەوە، هیچ ویژدانێک ئەوە قبوڵ ناکات.
دواجار عەجاج گیرا، ئەگەرچی چەندان تەکنیکی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە و نەشتەرگەری جوانکاری کردووە و بەردەوام خۆی شاردووەتەوە و ناسنامە و شوێنی جیۆگرافی گۆڕیوە، بەڵام هەرچەندە درەنگیش بێ، گیرا و خرایە زیندانەوە.
دووەم/ دادپەروەری راگوزەری
عێراق لە مێژووی دامەزراندنییەوە و لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا، زۆرترین کوشتن و بڕین و جینۆسایدی تێدا كراوە. کەنعان مەکییە گەورە نووسەر و توێژەری عێراقی، پێی وایە عێراقی نوێ دەبێت لەسەر بنەمای جینۆساید بینا بکرێتەوە و دابڕێژرێتەوە. بیناکردنەوە بەو مانایەی نابێت ئەو هەموو کوشتارە لە بیر بکرێت و لە بیر بچنەوە. دەبێت جینۆساید بەردەوام بە بیری هەموو لایەک و هێز و پارتە سیاسییەکان و هەموو ئەکتەرەکان بهێنرێتەوە، بە تایبەت ئەو هەموو جینۆسایدەی بەرانبەر کورد كراوە، بەهۆی جیاوازی ناسنامە و مافی نەتەوەییەوە.
لە یاسای نێودەوڵەتی گشتی و بە دیاریکراویش لە دوای جەنگی ساردەوە، چەمکێک لەژێر ناوی دادپەروەری راگوزەر Transitional Justice گەشەی پێ درا کە بەشێوەیەکی گشتیی گوزارشت لە دادپەروەری دەکات بۆ رزگاربووان و قوربانیانی جینۆساید.
ئەم چەمکە بەشێوەیەک نوێنەرایەتیی دۆخی دوای جەنگ دەکات لە کۆمەڵگەی دوای جەنگدا، واتە کاتێک جەنگ کۆتایی دێت و لایەنێک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ یان جینۆساید دەكات، دەبێت تاوانبارانی جەنگ و تاوانە نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن و دادپەروەری بۆ قوربانیان بگەڕێنرێتەوە، بە تایبەت لە دۆسیەی جینۆساید کە برینەکان بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێننەوە و کەسوکاری قوربانیان پێوەی دەناڵێنن و ئازار دەکێشن.
دیارە بنەمای دادپەروەری راگوزەر جگە لە دادپەروەری، گەیشتنە بە راستییەکان، تاوانبار دەبێت ددان بە تاوانەکەیدا بنێت و راستییەکان وەک خۆی بگێڕێتەوە و بە هەمووان بڵێت، چی رووی دا؟ بۆ رووی دا؟ لە کوێ رووی دا؟ ئەمە کرۆکی گەیشتنە بە دادپەروەری و دواتریش دروستکردنی یادگەی تایبەتە بە رووداوەکان.
نوگرەسەلمان و یادگە و یادەوەری
ئەمڕۆ عەجاج لە زیندانە و بووە بە رووداو، بەڵام چی بکرێت بۆ ئەوەی بگەین بە راستییەکان؟ بێگومان تاوانبار سەرچاوەی سەرەکی راستییەکانە. بنیاتنانی یادەوەری و یادگە باشترین و کاریگەرترین ئامرازە بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو و جیهان و کۆمەڵگە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی، بیریان نەچێتەوە چی رووی داوە و چۆن سەتان هەزار مرۆڤی بێ تاوان کۆمەڵکوژ کراون.
زمانی فیلم و سینەما و ئەدەبیات و ژانرەکانی تری هونەر، باشترین رێگەی دروستکردنی یادەوەری و یادگەی جیهانین. لە بیرچوونەوەی ئەمجۆرە تاوانانە لە بنەڕەتدا رێگە خۆش دەکات بۆ دووبارەبوونەوەی لە شوێنی تر و بەناو و ناونیشانی و پاساوی تر، بە تایبەت لەو ناوچە و جێگە و وڵاتانەی کە جەنگ و ململانێ و کێشمەکێش و بەرەنگاربوونەوەی تێدایە لەسەر بنەمای ئاین، مەزەو، نەتەوە، ئیتنیک و نەژاد و زمان.
مرۆڤایەتیی لە ڕێگەی یادگەوە دەتوانێت سوود لەو جۆرە تاوانانە وەربگرێت بۆ ئەوەی هەرگیز بیر لە روودانی نەکرێتەوە. بۆ کورد یادەوەری و یادگە یەکجار گرنگ و کارێکی پڕبایەخ و بەهایە، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە:
یەکەم، کورد بە تایبەت لە باشووری کوردستاندا هێشتا دەوڵەتی سەربەخۆی نییە و ناتوانێ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک ئەندامێکی کاریگەر بەردەوام پرسی جینۆساید بکات بە رووکاری سیاسەتی دەرەوەی و لۆبی بۆ بکات و رای گشتیی جیهانی بۆ بجووڵێنێت، یان لە ڕووی یاساییەوە سکاڵا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تۆمار بکات.
دووەم، هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتی دەتوانێ لە ڕێی بنیاتنانی یادگە و یادەوەری هاوبەشی تایبەت بە دۆسیەی جینۆسادی بارزانییەکان و ئەنفال و هەڵەبجە و هەموو تاوانەکانی تری بەعس، باشتر سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا رابکێشێت و پرسەکە زیاتر بە جیهانی بکات و رای گشتیی جیهانی پێ بجووڵێنێت و دادپەروەری زیاتریش بۆ قوربانیان و کەسوکارییان بەدەست بهێنرێ.