گه‌رچی له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌یان و سه‌تان ده‌زگای میدیایی و ماڵپه‌ڕ و سه‌كۆكی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و ڕووداو هه‌ن و له ژێر ناوی بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆیی و ئیتیكی كاری ڕۆژنامه‌وانی، كاری ڕۆژنامه‌نووسی ده‌كه‌ن و ڕووماڵی هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر گوتاری كاركردن و شێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕووداو هه‌واڵه‌كانیان بوه‌ستین، تێده‌گه‌ین كه نه‌ك سه‌ربه‌خۆ و پیشه‌مه‌ند نین، بگره زۆر به ڕوونی له ژێر كاریگه‌ریی ئایدیای سیاسیی حزبێكدان، یان ده‌كه‌ونه سه‌نگه‌ری هێزێكی تر، كه‌چی چه‌واشه‌كارانه و فریوده‌رانه لافی ئه‌وه لێ ده‌ده‌ن كه به بێلایه‌نییه‌وه كار ده‌كه‌ن، وه‌لێ هه‌ر خۆیان ئه‌و ماسكه‌ی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وانی شاردووه‌ته‌وه، له میانه‌ی كاركردنیان، لا ده‌به‌ن و ماهیه‌تی ڕاسته‌قینه‌یان ده‌رده‌كه‌وێت.
چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر یادی جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان كرایه‌وه كه یه‌كێكی تره له زنجیره‌ی ئه‌و كاره‌سات و تراجیدیانه‌ی به ده‌ستی ڕژێمی شۆڤێنی به‌عس و سه‌دامی دیكتاتۆر، 42 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتوون، بارزانییه‌كانیش به‌داخه‌وه وه‌ك هه‌ر ڕۆڵه‌یه‌كی تری ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه جینۆساید كران. ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه له به‌شێك له‌و میدیا و ماڵپه‌ڕانه‌ی كه گوایه سه‌ربه‌خۆن و ئیتیكییانه كار ده‌كه‌ن، هیچ گرنگییه‌كی پێ نه‌درا، ئه‌مه‌ش له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌مانه بارزانین، ئیتر بارزانی و سه‌رۆكی حكوومه‌تیش هه‌ر بارزانین، كه‌واتا نابێ ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه گرنگی پێ بدرێت، چونكه ده‌چێته خزمه‌ت پارتییه‌وه وه‌ك حزبێك!.
ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی هه‌ستنه‌كردن به به‌رپرسیاریه‌تی، دووربوون له گیانی كوردستانی، هاوسۆزیی مرۆیی و نه‌ته‌وه‌ییانه‌یه، چونكه دواجار ئه‌وانه به‌رله‌وه‌ی كورد و بارزانی بن، مرۆڤن، یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته هه‌ره جوانه‌كانی مرۆڤیش كه مرۆڤبوونی ده‌سه‌لمێنێت، ئه‌و هاوسۆزی و په‌رۆشییه‌یه كه بۆ هاونه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌یه‌تی. ئه‌م میدیا به ناو بێلایه‌نانه، كاتێ هه‌واڵێكی له‌و شێوه‌یه ڕووماڵ ناكه‌ن و یادی كاره‌ساتێكی له‌و شێوه‌یه‌ش به وتارێك و شیكارییه‌ك و هاوسۆزییه‌ك ناكه‌نه‌وه، بێگومان نه بێلایه‌نن، نه سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵكو زۆر به ڕوونی ناسنامه‌ی فریوده‌رانه‌ی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن كه دژی پارتین! سه‌یر و نیگه‌رانی له‌وه‌دایه هه‌مان ئه‌و به ناو بێلایه‌نانه، چركه به چركه له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی غه‌زه ده‌ڕۆن و ڕووماڵی دۆخی ئه‌و شاره ده‌كه‌ن كه هه‌موومان ده‌زانین له سایه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و تیرۆریستی حه‌ماسه‌وه، ڕووبه‌ڕووی ئه‌و دۆخه بووه‌ته‌وه.
برسیبوونی خه‌ڵكی غه‌زه به‌رمه‌بنای ڕووداوێكی سیاسی و سروشتی گه‌وره نییه، ده‌ره‌نجامی گه‌رده‌لوولی به ناو ئه‌قسایه كه تێیدا حه‌ماس په‌لاماری ئیسرائیلی دا. مه‌گه‌ر به‌رله‌و ڕووداوه دۆخی غه‌زه به‌و شێوه‌یه بوو؟ بێگومان كه‌س لاری له‌وه نییه مرۆڤ هاوسۆزی مرۆیی فه‌له‌ستینییه‌كان بێت، به‌ڵام گرنگیدان به غه‌زه و خۆبواردن له یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی بارزانییه‌كان، یه‌ك ئاماژه‌ی هه‌یه، ئه‌ویش هاوهه‌ڵوێستی و هاوسۆزییه بۆ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، چونكه خه‌ڵكی غه‌زه سێ هه‌ڵبژاردنی یه‌ك له‌دوای یه‌ك، به ده‌نگه‌كانیان ڕه‌وایه‌تییان به حه‌ماس دا تا حوكمڕانییان بكات. هێزێكی ئیسلامی، كاتێ شانازی به‌وه ده‌كات كه 11 ده‌فته‌ر دۆلاری بۆ خه‌ڵكی غه‌زه ناردووه، له هه‌مان كاتدا ده‌بێ ته‌ریقیش بێته‌وه كه مزگه‌وته‌كانی سلێمانی له بێ ئاوی داده‌خرێن، چونكه مزگه‌وته‌كانی كوردستان ، گرنگتر و پێویسترن له غه‌زه كه فه‌له‌ستینییه‌كان به ئێسته‌شه‌وه نه‌ك هاوسۆزی سه‌دامن، بگره دژی كوردیشن.
ئه‌و ده‌مه‌ی كورد ئه‌نفال ده‌كرا، بارزانییه‌كان زینده‌به‌چاڵ ده‌كران، عه‌جاج له نوگره سه‌لمان شكۆی مرۆڤی كوردی ده‌شكاند، ئا له‌و ساتانه‌دا به‌غدا ڕێگه‌ی فه‌له‌ستینییه‌كان بوو، عه‌ره‌فات شانی سه‌دامی ماچ ده‌كرد. مه‌گه‌ر ئێمه‌ش مرۆڤ نه‌بووین؟ كێ ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه به‌ده‌ستی دوژمنانی برسی كراوه؟ ئه‌م دووفاقییه له‌و میدیایانه‌ی كه گوایه بێلایه‌نن، سه‌ربه‌خۆن، وێڕای ئه‌وه‌ی متمانه‌یان له‌ناو خه‌ڵك ناهێڵێت، هاوكات پێناسه‌ی ئه‌وانیش ده‌كات كه له ڕووی هزری و سیاسییه‌وه، ئه‌وان سه‌ر به كام هێز و لایه‌ن و ئایدیۆلۆجیان كه خۆیان بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌ن، ده‌ریده‌خه‌ن.