لەوەتەی لەبیرمە لەگەڵ بەکارهێنانی "دۆسییە" بۆ ئەنفال کۆک نیم، هۆکارەکەی ئەوەیە دەستەواژەی "دۆسییە" وەک دەزانین بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارێکی كارگێڕییە لە دادگایەکی دیاریکراو، ڕاستە ئەمە ڕێگەی گەڕاندنەوەی مافە بۆ قوربانی و کردەیەکی ڕەمزیشە بۆ کۆژانی نەتەوەیەک، بەڵام بە دڵنیاییەوە کورتکردنەوەی ژانی گەورەی میلەتێکیشە کە داودەزگای مۆدێڕن لەناو ئیشی ڕۆژانەیاندا دەیانەوێت یەکلای بکەنەوە، جا چ جۆرە یەکلاکردنەوەیەکیش! لەم دۆسیەیەدا هێشتا نە ماف بۆ قوربانی گەڕێنراوەتەوە، نە بە شێوەی ڕەمزیش تەنانەت داوای لێبووردنێک لەلایەن دەوڵەتی عێراقی پاش سەدامەوە لە كورد کراوە.
سەرباری کێشەی جەوهەریی بە ئیداریكردنی ئەنفال، ئەم ڕەوتە ئیدارییە خۆیشی جێی گومانە و هێشتا لە پێکهاتێکی گەندەڵی و فاشییانەدا بەڕێ دەکرێت، ئەم پێکهاتە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە كارگێڕییەكانیدا نەک تەنیا بۆ ئەنفال، بەڵکوو بۆ هەموو بڕگەیەکی یاسایی تایبەت بە دۆزی کورد و کوردستان، خۆی گێل کردووە و لەم ساڵانەی دواییشدا ئاماژەکان دەریدەخەن کە چاوقاییمانەتر دەخووڕن و مل لە تاوانەکانی دەسەڵاتەكانی پێشوویان دژ بە کورد، با دەدەن! وەک ڕۆژنامەنووسێک بە دروستی باسی کرد، ئێمە لە سەردەمی شێخ مەحموود شەڕی مووسڵمان دەکرد، کەچی ئێستە دەستیان لە قەرەتەپەش کورت کردینەوە.
ئەم سیحر و ئەفسوونی زوڵم و چەوساندنەوەی یاسا و بە پلەی یەکەمیش ئەو هێزە جێبەجێکارانەی یاسا تەفسیر دەکەن و بەپێی بەرژەوەندی و خواستی خۆیان درزێک لە بڕگەیەک یان کەلێنێک لە مادەیەکدا دەدۆزنەوە، یان دایدەخەن، هەر بەهۆی ئەم بەرتەسککاری و چەوساندنەوە ئەفسوونبازانەی یاسایە، لەگەڵ بەکارهێنانی ئەنفال وەک دۆسییە کێشەم هەیە، ئەگەرچی ئاگاداری ئەو ڕەوتە یاساییە ناچارییەم کە دەبێت تێیدا ئەم تاوان و کارەساتە ڕێچکەی خۆی بگرێت.
من بەر لەوەی بە زمانی یاسا قسە بکەم، بە زمانی ژان قسە دەکەم، بە زمانی دەیان هەزار برین کە هەرکامیان خەنجەری ئازارێک گەستوونی، برینێکی کۆ کە یەک کەس چەشتوویەتی و هەزاران کەسیش! ئەمە ئیتر ئەرکی یاسایە ئەم ئازار و مەرگەساتانە تەفسیر بکات و ڕووبەڕووی ببێتەوە، بەڵام ئایا یاسا ئەرکێکی وای پێ هەڵدەسووڕێت؟ بە دڵنیاییەوە پێی هەڵناسووڕێت و هەرگیزیش ئاوەزمەندانە نییە ئەرکێکی وا بەسەر شانی یاسادا بدەین، ئەویش یاسا لەناو وڵات و کولتوورێکدا کە ڕۆحێکی بەدەوی و میلیشیایی و ئایدۆلۆجیی توندڕۆی ئاینیی، ڕەشۆکەی ڕادەکێشێت.
لەژێر تیشكی ئەم باسەدا دەتوانین ئەنفال وەک کارەساتی نەتەوەیەک، کۆژانی گەلێک، برینی دەیان هەزار مرۆڤ و زۆر شتی تریش ناو بهێنین، ئەگەرچی دڵنیام ئەم ناونانە پڕ بە باڵای ئازار و ژانەکان نین، بەڵام لە هەمبەر دۆسییە و تاواندا بە گونجاوتری دەزانم. واتە کۆمەڵێک دەستەواژە کە تایبەتن بە برین و ئازاریی مرۆییەوە، لەناو چەند دەستەواژەی یاسایی و مافناسانەدا کورت نەکەینەوە، ئەگەر هەر ناچاریش بووین بەم جۆرە وەرگێڕان و گۆڕینەوەیە، ئەوا یاسا دەبێت بە تەواوەتی وەڵامدەرەوە بێت و لە ئاستی قووڵایی و فرەلایەنیی تاوانەکەدا ورد ببێتەوە و فایلی تازە هەڵبداتەوە، بەڵام وەک وتم، سەرەڕای ئەوەی یاسا خۆی چاوکز و بەژنکورتە لە هەمبەر ئەم دادوەرییە مەزنەی دادگای مرۆییدا، لێرەدا ئەو کولتوورەی یاسایش جێبەجێ دەکات، نەک چاوکز و بەژنکورت، بەڵکوو بەدەوی و وەحشییە! ئازار ئاساییە بەلایەوە و بە خوێن و مەرگ باڵای کردووە.
ئێمەی کورد دەبێت لە هەمبەر یاسای وەها و کولتووری جێبەجێکارەكانیدا چی بکەین؟ ئایا ئەم یارییە قێزەونەی سیستمی دادوەریی عێراق و کەمتەرخەمیی ئیرادەی مافخوازانەی خۆمان وەک کورد، نەبووەتە هۆی ئەوەی یاسا زەوینەی یارییەکە بگوازێتەوە بۆ ناو ماڵ و ویژدانی خۆمان و تووشی هەستی گوناهباریمان بکات؟ گوناهبار بەوەی ئێمە خۆمان هەڵەمان زۆرە، ئێمە خۆمان گوناهبارین، ئێمە خۆمان واین و هەتا دوایی. نکۆڵیی لەوە ناکرێت ئێمە وەک هێز و خەڵکانێکی ناو مێژوو و پانتایی ململانێکان، کەمتەرخەمیمان هەبووە، بەڵام نەک بەو ڕادەیەی یاساشکێنی و ئیهمالی بەردەوامی یاسایی بەغدا، پاساو بدەین بیهێنیەوە بۆ کوردستان و یەکتریی پێ تاوانبار بکەین.
هەڵبەت نابێت هەڵە لەم قسانەم بگەن و ئەو کەس و لایەنانەی کوردن و لە کوردستانن و ڕۆژێک بە تۆسقاڵێک هاوکاری ئەنفالکاران و بەعسییەکان بوون، پشتگوێ بخەین و لەناو خشتەی تاوان و سزادا هەژماریان نەکەین. بە پێچەوانەوە ئەگەر دەمانەوێت ئەم تەلیسمە بشکێنین، دەبێت لێرەوە دەست پێ بکەین، بەڵام وەک وتم، ئەمە لایەنێکی هاوکێشەکەیە و تاوانباریی سەرەکی نەک تەنیا ڕژێمی سەدام و بەعسییە دژەمرۆڤەکانن، بەڵکوو ئەو ئایدۆلۆجیا و کولتوورەیە کە ئێستە نەک لە عێراق و بەغداد، بەڵکوو لە زۆربەی ناوچەکە بانگەشەی کوشتن و قڕانکردن دەکات، بە بیانوو و پاساوی جۆراوجۆری ئایدۆلۆجی، مرۆڤ لەناو کۆستێکی ئاوەهادا بێت و دەیان کۆستی ئامادە و هێزەکی دیکە دەوری دابێت!
ئاخر ئێمە لەناو چ ناوچەیەكی نەفرەتلێکراودا دەژین وا هەمیشە ئەنفال وەک ئەگەرێک لە بەردەمماندا بێت؟ ماوەیەک پێش ئێستە ڤیدیۆی مەلایەکی بەناوبانگی سەلەفی بڵاو کرایەوە دەڵێ، ئیلاوبیلا دەجال لە کوردستانەوە دەردەکەوێت. ئێ باشە بۆچی هەرچی گێڕانەوەی ئاینی و ئاخرزەمانیشە دەبێت سەربە هەواری ئەم ناوچەیەدا بکەن؟ شوێنی دەرکەوتنی دەجال ئەگەر کوردستان بێت /لەو ڕوانگە ئایدۆلۆجییە ئاینییەوە/ ئایا ئەمە پاساوێکی تر نییە بۆ ئەو هێزە جیهادییانەی کە ڕەحم بە داروبەرد و منداڵ و بچووکی کورد نەکەن؟ ئەو هێزانەی کە لە باوباپیرانیانەوە وا گۆش کراون کە هەموو ئەویترێكی ناعەرەب، گیان و ماڵ و نامووسی بۆ ئەوان حەڵاڵە!
ئەمە ئەو دیالێکتیکە شوومەی نێوان تۆ و ئەویترە کە سەنتەرەکەی دەبێت بە ڕووداوگەلی وەک ئەنفال، کۆژانێک کە نە یاسا دەتوانێت قەرەبووی بکاتەوە و نە جێبەجێکارانی، چونکە لە بنەڕەتدا و لە خەیاڵدانی ئەم ئاخرزەمانخوازانەدا، ئەنفال نەک هەڵە نەبووە، بەڵکوو پێویست و بەجێ بووە! ئەمەیە حیکایەتی یاسا و داد و مرۆڤی کورد لە نەزمی ئەفسوونکراوی سەردەمدا!