یه‌كه‌م/ پڕۆژه‌یاسای حه‌شدی شه‌عبی
یه‌كێك له مشتومڕه‌كانی ئه‌مڕۆی شه‌قامی عێراقی، بابه‌تی به یاساییكردنی حه‌شدی شه‌عبییه. پڕۆژه‌یاسایه‌ك ئاماده كراوه و دووجاریش خوێندنه‌وه‌ی یاسایی بۆ كراوه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له ژێر ناوی پڕۆژه‌یاسای ماف و ئه‌ركی كارمه‌ندانی حه‌شدی شه‌عبی. ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی زیاتر بۆ رێكخستن و په‌یكه‌ری ئه‌و هێزه چه‌كداره و كردنیه‌تی به به‌شێك له دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی له عێراق له‌ڕووی شێوه و رووخساره‌وه نه‌ك ناوه‌ڕۆك، چونكه یاساكه پێده‌چێت ته‌نیا هه‌وڵێك بێت بۆ لابردنی سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك گرووپێكی چه‌كدار، ئه‌و وێنه‌یه بگۆڕن كه ئه‌و هێزه له ده‌ره‌وه‌ی یاسا كار ده‌كات و یاسایی نییه و به ده‌زگایی و دامه‌زراوه‌یی نه‌كراوه.
پڕۆژه‌كه تا ئێسته مشتومڕی له‌سه‌ره و هه‌موو قۆناغه‌كانی بوون به یاسای تێنه‌په‌ڕاندووه، له دواین دانیشتنی په‌رله‌مانیش به‌شێك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه‌یان بایكۆت كرد و به‌شدارییان تێدا نه‌كرد به‌تایبه‌ت سوننه و كورد، ئه‌مه‌ش وه‌ك ناڕه‌زایی و هه‌ڵوێستێك بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌ك كه پێوه‌ندیی به هێزی چه‌كداری نافه‌رمی و سیستمی سه‌ربازی و به‌رگری و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌یه. دیاره ئه‌م یاسایه جگه له ره‌هه‌نده ناوخۆییه‌كه‌ی، ره‌هه‌ندی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیشی هه‌یه، به‌شێك پێیان وایه له ڕێگه‌ی ئه‌م یاسایه‌وه، رۆڵ و هه‌ژموونی كۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر ده‌بێت له عێراق، چونكه له دوای ده‌ركردن و په‌سندكردنی ئه‌و یاسایه، هێزه چه‌كداره‌كان به‌ناوی فه‌رمیی ده‌وڵه‌ته‌وه شه‌رعییه‌ت و ره‌وایه‌تی زیاتر به كار و كرده‌وه و پلانه‌كانیان ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌ت به‌ناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزی ده‌ره‌كی و داگیركه‌ر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و زۆر پرس و بواری تر، ئه‌گه‌رچی ئێسته ده‌نگی ناڕه‌زایی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی زۆره له به‌رانبه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌دا و په‌سندكردن و جێبه‌جێكردنی ئاڵنگاری و كێشه و به‌ربه‌ستی زۆری له به‌رده‌مدایه.
دووه‌م/ ئه‌مه‌ریكا و حه‌شدی شه‌عبی
یه‌كێك له‌و هێزانه‌ی كه به‌چڕی دژ به‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ی حه‌شدی شه‌عبییه، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له ماوه‌ی رابردوودا به‌شێوه و رێگه‌ی جیاواز كاربه‌ده‌ستان و ته‌نانه‌ت سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی ئاگادار كردووه‌ته‌وه، نابێت یاسایه‌كی له‌م شێوه‌یه ده‌ربچێت و سه‌روه‌ری و پێگه‌ی عێراق زیاتر بخاته ژێر پرسیاره‌وه و لاوازی بكات، چونكه ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر وه‌ك هه‌وڵێك بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌یبینن له عێراق، به‌تایبه‌ت له دوای چڕبوونه‌وه‌ی ململانێكانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران و جه‌نگی ١٢ رۆژه‌ی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
دۆناڵد تره‌مپ و ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌ده‌ن پرسی هێزی چه‌كدار و ئه‌و هێزانه‌ی كه وه‌ك بریكار ده‌رده‌كه‌ون و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران ده‌پارێزن و جه‌نگی بریكاری بۆ ده‌كه‌ن، رۆڵ و هه‌ژموون و كاریگه‌رییه‌كانیان سنووردار بكه‌ن له هه‌رسێ وڵاتی سووریا و لبنان و عێراق، له یه‌مه‌نیش راسته‌وخۆ هێرشیان ده‌كه‌نه‌سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی جووڵه و چالاكییان نه‌بێت و نه‌توانن كێشه و به‌ربه‌ست بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دروست بكه‌ن.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌مه‌ریكا له‌وه ده‌گات كه دۆخی عێراق جیاواز و زیاتر له‌باره بۆ گه‌شه‌ی هێزه چه‌كداره‌كان و دروستكردنی هه‌ڕه‌شه‌ی ئاسایشی و ته‌ناهی، به‌هۆی فاكته‌ری جیۆگرافیا و مه‌زه‌و و سروشتی ململانێكان و هاوپه‌یمانێتی و دژایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و خۆرئاوا، چونكه ئێران هێشتا عێراق و گۆڕه‌پانه‌كه‌ی، به قووڵایی ستراتیجی خۆی داده‌نێت، ره‌نگه ده‌ستبه‌رداری لبنان و یه‌مه‌ن و شوێنه‌كانی تر ببێت، به‌ڵام ئاسان ده‌ستبه‌رداری عێراق و پانتاییه جیۆسیاسییه‌كه‌ی نابێت.
سێیه‌م/ ئاسایشی ده‌وڵه‌ت یان كۆمه‌ڵگه؟
پێشتر ده‌گوترا ئاسایش، واته ئاسایشی ده‌وڵه‌ت و چۆنیه‌تیی پاراستنی سنوور و سه‌روه‌ریی یه‌كه‌ی سیاسی كه ده‌وڵه‌ته، به‌ڵام ئه‌مڕۆ چه‌مكی ئاسایشیش گۆڕاوه، به‌ته‌نیا ئاسایش تایبه‌ت نییه به ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو ئاسایشی كۆمه‌ڵگه و تاك و سه‌رجه‌م گرووپه‌كانیشه، به‌مه‌ش ده‌بێ ده‌وڵه‌ت له ڕێگه‌ی یه‌ك هێزی سه‌ربازیی فه‌رمی و یاسایی، ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه له مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه و هێرشه ده‌ره‌كییه‌كان بپارێزێت و نابێت جگه له سوپا و هێزی فه‌رمی، هیچ گرووپێكی تری چه‌كدار و خاوه‌ن چه‌ك هه‌بن، به‌تایبه‌ت میلیشیا و به‌كارهێنانیان له‌لایه‌ن هێزی ده‌ره‌كییه‌وه.
دیاره له عێراق دۆخه‌كه شتێكی تره و پێچه‌وانه‌ی چه‌مكه تازه‌كانی ناو زانست و ئه‌ده‌بیاتی ئاسایشن و جگه له سوپا، هێزی تری نافه‌رمی و گرووپی چه‌كدار هه‌ن و هه‌وڵی به‌یاساییكردنیان ده‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ی له ژێر په‌رده و ناوی یاساوه خۆیان باشتر رێكبخه‌ن، زیاتر ره‌وایه‌تی به ستراتیجییه‌كانیان بده‌ن به‌ناوی ئاسایش و ده‌وڵه‌ته‌وه. عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه سوپا و هێزی فه‌رمی هه‌بووه ئه‌گه‌رچی به‌شێوه‌ی سیمبولی و پڕ كه‌موكوڕیش بووبێت، به‌ڵام له دوای ٢٠٠٣ كاتێك سوپای به‌عس هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و دووباره سوپا رێكده‌خرێته‌وه و بنیات ده‌نرێته‌وه، لاوازیی ده‌وڵه‌ت و بوونی بۆشایی ئاسایشی، ده‌رفه‌ت بۆ دروستبوونی هێزی چه‌كدار و گرووپی میلیشیا ده‌ڕه‌خسێنێت، وڵاتانی هه‌رێمی ئاسان زیاتر له ده‌یان گرووپی چه‌كداری جیاواز دروست ده‌كه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی جه‌نگ و ململانێ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان و لاوازكردنی نه‌یاره‌كانیان.
له‌لایه‌كی تره‌وه له ساڵی ٢٠١٤ و له كاتی هاتنی داعش بۆ عێراق و داگیركردنی پارێزگای مووسڵ و شكانی سوپای عێراق، حه‌شدی شه‌عبی دروست ده‌بێت بۆ له‌ناوبردنی داعش و رزگاركردنی ناوچه داگیركراوه‌كان، به‌مه‌ش هێنده‌ی تر گرووپی چه‌كدار به‌هێزتر و خاوه‌ن هه‌ژموونتر ده‌بێت.