پێزانین بۆ پیرەپیاوێكی دۆستی ژینگە

AM:10:31:16/08/2025 ‌
هەرساڵ لە وەرزی هاویندا هەم بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی دامەزراوە جیهانییەکانی کەشوهەوا و هەمیش قەیرانی کەمئاوی و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی چوارگۆشەی جیهاندا، زیاتر هەست بەو مەترسییە دەکەین کە ڕووبەڕووی هەسارەی زەوی بووەتەوە، ماڵ و نشینگەی چەن ملیار مرۆڤ کە هێشتا لەگەڵ یەک ڕێكنەکەوتوون و هەر ڕۆژەی لە شوێنێک دەسپێکی شەڕ و هەڵایەکی نوێ ڕادەگەیەنرێت. بێگومان ئەم شەڕ و هەڵایانە زەوینەی مێژوویی خۆیان هەیە و هەر مرۆڤێکی خاوەن عەقڵ دەتوانێت قسەیەکی لەسەر هەق و ناهەقی هەبێت، بەڵام باسەکەی من ئەوەیە، ئەگەر وەک مرۆڤ لە دەرەوەی ئەم هاوکێشە ئایدۆلۆجییە بیر بکەینەوە و چاو لە قەیرانەکانی هەسارەکەمان بکەین، تێدەگەین هەموومان لەناو کەشتییەکداین ساڵ دوای ساڵ ئەگەری نوقمبوونی زیاتر دەبێت.

بەداخەوە مرۆڤە ژیر و بە بیرەکانی دنیا. وایانکرد دنیا بەسەر چەندان وڵات و بەرە و هێز و... دژ بە یەکدا دابەش بکرێت و لەگەڵ ئەوەی دەکرا ئەم دابەشکارییە باش بێت و سنووری نێوان هزر و زمان کولتووری وڵاتان و نەتەوە جیاواز و جۆراوجۆرەکان دیاری بکات، بەڵام هەر لێرەوە نەوەستا و ئەوانەی هێزی زیاتریان هەبوو، دەستیان دایە داگیرکاری و پێشێلکاری و دادۆشینی وڵاتانی بێهێز، وڵاتانێک کە بە مێژوویەکی کۆن و پڕشکۆوە کەوتنە ژێردەستی کۆمەڵێک چەتە و بەربەری کە تەنیا شتێک لە سەدە دوورەکانەوە لەگەڵ خۆیان هێنابوویان، شمشێر و قەلغان و ڕم بوون. 

بە دڵنیاییەوە کورد و کوردستان لەناو ئەم هاوكێشانەدا زیاترین خەساریان بەرکەوت و ئێستەیش بەو هۆیەوە گیرۆدەین، ئەگەرچی بە ویژدانەوە بیڵێین لە شەڕی مانەوە و خۆڕاگرییدا کورد سەربەرز و بە شکۆ و نەمرە، بەڵام ئەم هەست و دیدگایە نابێتە هۆی ئەوەی ئەو ڕاستیانەی كە لە هەموو لایەکەوە بریندارە، نەبینین و باسی ئەو گیانە مەزن و ئەو ڕۆحە بەرزانە نەکەین کە لێمان سەندراون، ئەو گیان و ڕۆحانە هەم مرۆڤ لەخۆ دەگرن هەم ژینگەی ئەو مرۆڤە کەونارا و دێرینە.

لێرەدا باسی ژینگەی کوردستان دەكەم كە دەیان ساڵە بریندار دەکرێت، سەتان ساڵە دادەۆشرێ، خاپوور و وێران کراوە، کێ بیری دەچێت کاتی ئەنفال ئەو هەموو گوندە تەخت کران و ئەو هەموو کانی و سەرچاوەی ژیانە کوێر کرانەوە؟ دەغڵودان و خەلەوخەرمان بە دەستی ئەنقەستی فاشییەکانی بەعس بۆکڕووزیان چووە ئاسمان! 

ژینگەی کوردستان نەک لە سەردەمی قەیرانی گشتگیریی ژینگەی جیهانی و هەسارەی زەویدا، بەڵکوو پێش ئەوە کەوتە بەر ئاگری ڕق و فاشییەت و داگیرکاری، ئێستەیش ناوچەی موحەڕەمە و قەدەغەکراو لە ڕووبەری زەوی و جیۆگرافیادا لە کوردستان هەر هەیە، بەو مانایەی هەبوونی هەزاران لوغم و ئامرازی کوشندەی جەنگ، هێشتا لە کوردستان ماون!  تەنانەت لە شاخ و شارەكانی كوردستان داگیركەر دارەكان دەبڕنەوە یان دەیسووتێنن و نموونەی زەیتوونەكانی عەفرین زۆر نزیكە. 

ژینگە تەنیا ئاگرکەوتنەوە لە ڕەزوباخ و دارستان یان ئاگر تێبەردان نییە، بەڵام بە هەموو ئەمانەوە و لەم ڕۆژە تاقەتپڕووکێنە گەرمەدا، ژینگەپارێز و ژینگەدۆستی کورد خۆشەویستیی بۆ نیشتمان و نشینگەکەی لەبیر ناکات و دەیسەلمێنێ ئەم خاکە لە ڕۆح و هەناویدا ڕەگی داکوتاوە. 
ئەم ڕۆژانە ڤیدیۆیەکی پیاوێكی بەساڵاچوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە بە ناوی "مام ئیحسان"ی 70 ساڵ، ئەو خەڵکی گەرمیانە. کاری ڕۆژانەی بەو گەرما کوشندەیەوە لە زێدی ئەنفال "ڕزگاری" نزیك كەلار، ڕۆژانە بە چەندان دەبە ئاوەوە دەچێتە دەشتەکان و لە چەندان پەرداخدا ئاو بۆ پەلەوەر و باڵندەکان دادەنێت و دوا نیوەڕۆیانیش هەمان کار دووبارە دەکاتەوە.

حیکایەتەکە زۆر سادە و ڕوونە، بەڵام دەربەستییە ئەخلاقییەکە فرە قووڵ و حەپەسێنەرە، لە سەردەمێکدا کە زۆرینەی ئێمە و تەنانەت خۆیشم، لەم وەرزەدا حەزناکەم لە ماڵ بێمە دەر و گەرما بەرم بکەوێت، مام ئیحسان بە گەرمای نیوەڕۆ ئەو وانەیەمان پێ دەڵێتەوە. بۆیە لە سەرەتادا وتم کە ژینگەپارێزی تەنیا لە ئاگرکوژاندنەوەدا کورت ناکرێتەوە، مەبەستم بوو بڵێم، ژینگەپارێزی ئەرکێک نییە تەنیا لە کاتی گڕگرتنی سروشتدا هەڵیبژێرین یان هەر ژینگەپارێزانی لێهاتوو خەمی ئەو جۆرە ڕووداوانە بخۆن، بەڵکوو بە سەرکردنەوەی خاوەنە سەرەکی و كەنارخراوەکانی ژینگەیشە کە بەهۆی کردەوەکانی مرۆڤەوە توانای هاوارکردنیان نییە، پەلەوەر، ئاژەڵ، خشۆک و خزۆکەکان و هەر شتێک کە خودا خەلقی کردبێت لە دۆخی ناباوی ژینگەی سەردەمدا، لەسەرمانە ئاگاداریان بین و بەسەریان بکەینەوە، 

لێرەوە من تەنیا دەتوانم بڵێم، ئەو ئەخلاقە بەرزەی مام ئیحسیان زیاتر هیوابەخشە بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگەی ئێمە، كاتێك بە دەست دەیان سەختی و ناخۆشی سەردەمەوە دەناڵێنێت، کەچی بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک و تەنیا بۆ دڵی خۆیان و بەهۆی باوەڕی خۆیان و بێ ئەوەی خۆیان بنوێین، خزمەتی ژینگەی مرۆڤایەتی و کوردستان دەکەن.