ڕەنگە هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئاینەوە نەچەوسابێتەوە، لە حاڵێکدا ئەگەر بەشێوەیەکی نافەرمی و ڕێژەیی باسی ئامارێک بکەین، دەتوانین بڵێین نزیکەی 80%ی کورد مسوڵمانە. واتە زۆرینە مسوڵمان، نەک هەر ئەوە، ئەگەر لە عەرەب و تورک و فارس زیاتر خزمەتی بە ئیسلام نەکردبێت، ئەوا كەمتری نەکردووە، هەم لە ڕووی نووسین و کولتوورەوە و هەمیش لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە.
ئیبن ئەسیر، ئیبن خەلەکان و... لە ڕووی نووسینەوەی مێژووی ئیسلامەوە درەوشاوە و ناودارەکانن کە گەورەکانی عەرەبیش جێگە و پێگەی وایان لە خزمەتی ئیسلامدا نەبووە، عەبدولباست و مەلا محەمەد ڕەبیعی دوو لە قورئانخوێن و دەنگبێژانی قورئان بوون کە جیهانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیان بە ئایەتی قورئان و پەیامی پێغەمبەری ئیسلام ئاوەدان کردەوە. لەمەیش زیاتر ئێمە لە مێژووی نوێی ئیسلامدا دەخوێنینەوە کە پاش خەلیفەی دووەم واتە عومەری كوڕی خیتاب، پێگەی بەرز و درەوشاوە لە فتووحاتی ئیسلامیدا و بەتایبەتی لە ئازادکردنی شاری قودسدا، تەنیا تایبەت بە کوردێک بووە کە سەڵاحەدینی ئەیووبی بووە.
ئەم نموونە سادانە مشتێکن لە خەرمانێکی پان و بەرین، بەداخەوە کەمتەرخەمیی ڕۆشنبیرانی ئاینی و مامۆستایانی ئاینی کورد، لە باتی ئەوەی ئەمانە بکەن بە بەڵگە بۆ ڕەوایی و مافخوازیی ئیسلامی و کوردی خۆیانەوە، بەشێکی زۆریان خوویان داوەتە ئیسلامی سیاسیی سعوودیە و قەتەر و تەنانەت ئێران. لێرەدا دژوازییەک زەق دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە کۆمەڵگەیەکی مسوڵمانی کوردی کە مێژوویەکی ئیسلامیی بۆ خۆی تۆمار کردووە لەناو پرۆژەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەت و ئیخوانیزمدا، خەریکی دەهاڕدرێت.
واتە ئەو ئیسلامە سروشتی و تایبەتمەندەی هەڵقوڵاوی دەقە ئاینییەكان و مێژووەکەی و ڕۆح و زەینی کۆمەڵگەی کوردی بووە و شێوەیەک ژیان و جیهانبینیی مەعنەوی-کوردانەی بەرهەم هێنابوو، لە بەردەم گوتاری شمشێری سعوودیەا و قەتەر و تورکیا و... خەریکە دەكرێتە قوربانی. كەواتە ڕۆحی ڕەسەن و مێژووکردی باوەڕمەندیی ئیسلامیی کوردی بنپێ دەکرێت، بۆ ڕۆحی عەرەبی و تورکی و ئێرانی کە هەڵگری پرۆژەی ئیسلامی سیاسیین. دژوازییەکە ئەوەیە، ئەمانە لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا کە کورد بەرگریی لە پوتانسێل و بەهاکانی خۆی کردووە، ئەوان بەناوی قورئانەوە بەڵام لە ڕاستیدا بە ئیستیغلالکردنی فتوا و جیهادیان دژی کورد ڕاگەیاندووە و مسوڵمانبوونی کورد ئیتر هیچ مانایەکی نەبووە.
نموونەی دوور و نزیکمان زۆرن، لە سەدەی 16 و 17وە تا ئێستە چەندان فرمان و ئەمری وەلائیی بۆ لەناوبردن و پاکتاوکردنی ئێزیدییەکان دەرکراون کە لە هەر ڕوانگەیەکەوە تاوان بووە و تازەترینیان داعش بووە کە ئەم تاوانەی کرد و هێشتا ئێزیدییەکان لێی دەرباز نەبوون و داعشییەکانیش ئەگەرچی زۆریان گۆڕبەگۆڕ بوون، بەڵام وەک پێویست دادگایی نەکران و ناشکرێن! فەرمانی جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کوردستان لە 28ی گەلاوێژی ساڵی 1980، نموونەیەکی ترە لە بەکارهێنانی قورئان و گێڕانەوەکان دژی کورد، خومەینی لەو ڕۆژەدا کە هێزە کوردییەکان بۆ مافخوازیی گەڕابوونەوە ناو شارە کوردییەکان، بە گەیشتنی هەواڵی سەرکەوتنی ڕۆژ دوای ڕۆژی هێزە کوردییەکان، لە تارانەوە فتوایەکی بە هێنانەوەی ئایەتێکی قورئانی پیرۆز (ئایەتی ٢٩ی سوڕەتی فەتح) اشدا علی الکفار، رحماو بینهم، لە کاتی هێرشەکاندا سەرباری ئەوەی دەستی لە هێزەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵە نەپاراست، تەنانەت ڕەحمی بە هێزە ئیسلامییە کوردییەکانیش نەکرد و دواجار کاک ئەحمەدی موفتیزادەیشیان لەناو زیندان بە دنیایەک ئەشکەنجە و ئازار و سووکایەتییەوە کوشت! لەمەیش زیاتر، دەستیان لە خەڵک و شوێنی مەدەنی نەپاراست و ئەو شایەتحاڵانەی ماون باسی ئەوە دەكەن کە لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە چییان بینیوە و چ قەتڵوعام و نادادییەکیان بۆ ئاشکرا بووە!
چەند ساڵێك پێش ئێستە ئەردۆگان بە هێنانەوەی سوورەتی فەتح دەسپێکی ئۆپەراسیۆنێکی دژی کوردستانی ڕۆژئاوا و شاری عەفرین ڕاگەیاند کە نەک تەنیا خەڵکی ئاسایی، بەڵکوو هەموو ژینگەی عەفرینیشی پاکتاو کرد و ئێستە دارزەیتوونەکان بەشێكن لە بەڵگەی ئەو جینۆسایدە.
ئەنفال نموونەیەکی سامناک و ترسناکی دیکەیە، ڕەنگە بە کوشندەترینیشیان هەژمار بکرێت کە هێندە باسیمان کردووە تووشی جۆرێک وڕێنەی تیۆری و گێڕانەوە و حیکایەتخوانی دووپاتە بووینەتەوە (هۆکارەکانی ئەم دۆخە لە دەرفەتێکی دیکەدا باس دەکەم).
قەتڵوعامی دەرسیم لە باکور و دیسان قاڕنێ و قەڵاتان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو ئەم پاکتاوکردنانە بە ناوی ئیسلامەوە و لە ڕێگەی ئیستیغلالکردنی قورئان و شێواندنی ڕاستییەکان و داپۆشینی ئەو ڕاستییەوە کە کورد مسوڵمانە، كراون!
پرسیاری من لە مامۆستایانی ئاینی ئەوەیە، ڕۆشنبیرانی ئاینی، ئەوانەی گوتاری سەلەفیەت و ئیخوان لە کوردستان پەرە پێ دەدەن، ئەوانەی ئەردۆگان و خومەینی بە نوێنەری ئیسلام دەزانن و قەتڵوعامەکانیان پشتگوێ دەخەن، ئایا لە ڕووی شەرعی و مرۆییەوە ڕەوایە گەلێک کە هەزاران ڕۆڵەی لەپێناو خزمەتکردنی ئیسلام بەخت کردبێت، ئەنفال بکرێت؟ سوڕەتی فەتحیان بەسەردا بخوێنرێت بۆ تاڵانکردن و کوشتوبڕی خۆیان و خاكیان؟ ئایا ڕەوایە خومەینی بە ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز فتوایەک دەربکات دژی وردودرشتی کورد و دواتر بەناوی دژایەتی لەگەڵ "ئەشرار" و یاخییەکان باسی بکات؟ ئەگەر ڕەوایە با بۆمان ڕوون بکەنەوە کە بۆچی ئیسلام تەنیا کێشەی لەگەڵ مسوڵمانانی کورد هەیە؟ ئەگەریش ڕەوا نییە بۆ هاواری بەرز و بەناو دادپەروەرانە و مافخوازانەی ئەم هەموو مەلا بەناو جەربەزە و بوێرە نابیستین کە دژی کچە مۆدێلێک دەتوانن حەوت کۆڕ و مەجلیسی دوو سەعاتی بگێڕن، بەڵام ناتوانن بە وشەیەک باسی خومەینی یان ئەردۆگان بکەن؟
ئەم پرسیارانە ڕەوای حەقن، ئەو مەلا کوردە بە ویژدانە لێی تێدەگات کە گوێڕایەڵ و ملکەچی هیچ پرۆژەیەکی ناڕەوای دەرەکی نییە و ئازار و ژان و جوانی و بەها باڵاکانی کوردی لە مێژووی ئیسلام و پێش ئیسلامدا بینیوە، بەداخەوە نموونەیان زۆر کەمە. ئەم باسەی من تەنیا بۆ خستنەڕووی ئەو پرسیارە جەوهەرییە بوو، ئەینا هەموو ئەو پاکتاوکردنانە کەم تا زۆر بۆ لای کورد ناسراون.
پرسیارەکان مامۆستایانی ئاینی بە هەموو ڕەوتەکانییەوە دەخاتە بەردەم هەڵبژاردنێکی بوێرانە و ویژدان، ئایا دادپەروەریی ئیلاهی و ئیسلامیان لا بەرز و پیرۆزە یان ئاغا و خەلیفە یان وڵاتی عەرەبی، هەر لەبەرئەوەی بانگەشەی ئەوەیان هەیە حوکمی قورئان جێبەجێ دەکەن؟ بەڵام ئاخۆ تا ئێستە لەوە تێنگەیشتوون کە ئەو وڵاتانەی دەیان ساڵە بەناو حوکمی ئیسلامی تێدا پراکتیزە دەکەن، نیوەی کوردستان نە لە ڕووی ئەخلاق، نە لە ڕووی تەناهیی کۆمەڵایەتییەوە و نە لە ڕووی پێکەوەژیان و باوەڕدارێتییەوە، ڕاستگۆ و تەندروست نین؟
کاتی ئەوەیە ڕەوتە ئیسلامییەکانی کوردستان خۆیان لەگەڵ کورد یەکلا بکەنەوە، ئەگەرچی ئێمە دەزانین ئەوان دەمێکە خۆیان لەگەڵ خەڵکی عەرەب و عەجەم و خوداکانی ئەوان یەکلا کردۆتەوە!