قەڵای دمدم ناوی بەیتێکی کوردییە کە باس لە حیکایەتی خۆڕاگری و وەستانەوەی کوردە لە هەمبەر ستەمی شا عەباسی سەفەوی، ئەگەرچی چەند گێڕانەوە هەم لە بەیتەکە هەیە و ئۆسکارمانی ئەڵمانی لە توحفەی موزەفەرییەدا هێناوێتی و مامۆستا هێمن هەموو کتێبەکەی ساغ کردووەتەوە و عەرەب شامیلۆڤ کەڵەنووسەری کورد، وەک ڕۆمانێک حیکایەتەکەی نووسیوەتەوە، بەڵام لە زەینی زۆرینەی خەڵکی کورددا قەڵای دمدم لەگەڵ ئەوەی شکستی هێنا، بەڵام هێمای نەبەزین و وەستانەوەی ئیرادەی کوردە دژی سیستم و دەوڵەتێک کە دەیویست کورد ملکەچ و گوێڕایەڵی بێت و ماف و بوونی خۆی نەبینێت و هەوڵی بۆ نەدات.
هەموو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، نموونەیەکی ئاوهای کوردیان ویستووە، کوردێک شانازی بە ڕابردوو و جەربەزەیی خۆیەوە بکات قەینا، بەڵام بە مەرجێک لە خزمەت ئەواندا بێت و دەستەوەستانی بەر قاپییان بێت! دیارە بە هەموو بارێکدا کورد هیچ کات ئەمەی قبووڵ نەبووە، تێچووی زۆری داوە، شکستی زۆریشی بینیوە، بەڵام سەلماندوویەتی ڕقی لە ژێردەستەییە، ڕقی لەوەیە پیاوی خۆی نەبێت و فرمان لە یەکێکی تر وەربگرێت. قەڵای دمدم بە هەموو گێڕانەوەکاتیییەی ئەوەمان پێ دەڵێت کە باسم کرد.
حیکایەتی نەبەزین و جەنگاوەریی کورد بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و ماف، بەڵام لە پاڵ ئەوەیشدا هۆکاری شکست هەر ئەوە بووە کە لە مێژووماندا دووپاتە و دەپاتە کراوەتەوە، واتە پواز، ناپاک و نابرایی لە ناوخۆی خۆماندا. ئەگەر چاوێک بە مێژووی کورددا دەخشێنین، هەرزوو لێمان خۆیا دەبێت، ئەگەرچی بەشی زۆری شۆڕش و ڕابوونەکانمان تووشی شکست بوونە، بەڵام جەنگاوەریی و بەرگریی لە مافی خۆمان، بە جۆرێک ئەفسانەیی و پیاوانە بووە، شکستەکەی کاڵ کردووەتەوە، ئەمە هەستە گشتییەکەیە، بەڵام دەرئەنجام و واقیع ئەوە بووە کە ڕۆڵەکانی ئێمە خوێنیان ڕژاوە و دوژمن بە دڕندەیی و ستەمکاری و هاوکاریی پوازەوە، دەسەڵاتی خۆی سەپاندووە، قەڵای دمدم ئەو وانە دوولایەنەیە، شکست و شکۆ لە یەک کاتدا.
ڕەنگە ئەم وێنەیە بۆ قەڵای هەولێری سەردەمی مەغۆلەکان زیاتر هەڵگری شکۆ و سەرکەوتن بێت، هەولێری هلاکۆبەزێن ناسناوێکی پڕبەپێست و شکۆمەندانەیە، بۆ شکستی هێزێکی وەحشی و دڕندە کە لە ئاسیای دوورەوە هەموو مرۆڤایەتی و شارستانییەتیان ڕاماڵی و لە هەولێر سەریان دای لە بەرد.
ئەمانە وێنەی گشتیی مێژوون، ڕەنگە بە وردەکاریی بۆمان نەلوێت هەموو کون و کەلەبەرەکانی ساغ بکەینەوە و پارچەکان بنێین یەکەوە، بەڵام ئێستە ئێمە لە ناو مێژوویەکدا دەژین وەک مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت، ئیتر لە دەرەوەی مێژوو ناژین، بەڵکوو لەناویدان و بگرە ڕەنگە لە دەیەکانی داهاتوودا یەکێک لە چەق و سەنتەرە گرینگەکانی مێژووی سیاسی و ئابووری و کولتووری لە هەموو ناوچەکە و دنیایشدا بین، ئەمە دروشم نییە، بەڵکوو ئەو وێنە کاڵکراوە واقیعییە مێژووییەیە کە دەبێت ئیلهامبەخشی مێژووی نوێ و شۆڕشی هەنووکەمان بێت.
هەولێر، ئێستە پایتەختی سیاسیی کوردستان و سەنتەری گۆڕانکارییەکانی کوردستانی گەورە و ناوچەکەیشە. پرۆسەی ئاشتیی باکوری کوردستان بەبێ هاوکاریی هەولێر هیچ کات دەستی پێ نەدەکرد، ئەمە لە حاڵێکدا پوازەکان یان ئایدۆلۆجییەکان نەیاندەتوانی ئەم ڕاستییە ببینن و ددانی پێدا بنێن، ئێستە بۆ هەمووان خۆیایە.
گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوا بەبێ بڕیار و تێبینییەکانی هەولێر پرکەلێن دەبوون و هەروەتر بۆ ڕۆژهەڵات و هەر ڕووداوێک لە داهاتووی نزیک یان دووردا قورسایی و پێگەی هەولێر، ڕۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕێ. من لێرەدا باسی هەولێر دەکەم وەک شارێک یان پارێزگایەک لە هەمبەر شار یان پارێزگایەکی دیکەی کوردستان بەراوردی ناكەم، بەڵکوو وەک پێگەی سیاسی و دەسەڵاتی کوردی باسی دەکەم.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەولێر لە چەندان لاوە و لەلایەن چەندان وڵاتی ناوچەكەوە ڕووبەڕووی گوشار و تەنانەت هێرش بووەوە، بەڵام خۆی نەچەماند، هەم ئیرادەی سیاسیی هەولێر بۆ دەرەوە و هەمیش سیاسەتەکانی لە ناوخۆ، وایکردووە لە دڵی قەیران و مووشەکباران و شەڕدا دۆخێکی ئاسایی لە حوکمڕانی و دەسەڵات بباتە پێشەوە و کوردستان بپارێزێت.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندان سکاڵا لە بەغدا دژی هەرێمی کوردستان لەلایەن پواز و لایەنگەلی بەناو مافخواز و دڵسۆز، بەڵام لە ڕاستیدا خزمەتکار و نۆکەرانی بێگانە، کراون و بەختەوەرانە هەموویان پووچەڵ دەرچوون و ڕەت کرانەوە، ئەمە ژانێکی دێرینە کە ئێمە خۆمان دژی خۆمان دەوەستینەوە، هەر لە قەڵای دمدمەوە تا ئێستە یەخەمانی گرتووە، بەڵام قەڵای هەولێری ئێستە بەراورد ناکرێت بە قەڵای دمدم، چونکە ڕاوەستاو و سەربڵند دەچێتە پێشەوە و لە هەمبەر هەموو پواز و بەناو ئۆپۆزیسیۆنی دژە کورددا، سەرکەوتووانە و سەربەرزانە دەرکەوتووە.
هیوادارم ئەمە مێژووی نوێمان بێت بەرەو داهاتوویەکی پڕ لە ئازادی و ڕزگاریی یەکجاری. شایستەیە ئیرادەی سیاسیی کوردستانی و دڵسۆزانی دۆزی کورد بیرێک لەم پواز و ناپاکانە بکەنەوە و ڕێگاچارەیەک بۆ بنبڕکردنی ئەو کولتوورە بدۆزنەوە.