پانۆرامای شەڕەکەی هوتێل لالەزار

PM:03:08:25/08/2025 ‌
ڕەنگە ئەوانەی لە دوورەوە ئاگاداری دۆخی ململانێی حزبی و ناوخۆیی دەڤەری سلێمانین، شەڕەکەی لالەزار تەنیا بە هەوڵی کپکردنی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕژد و کاریگەر بزانن و هەر زوو باسی ئازادیی ڕادەربڕین و پاشەکشەی ئازادیی چالاکیی سیاسییش بکەن، بێگومان ئەم دوو خاڵە ڕاستن، بەڵام تەواو نین و کۆی وێنەکەمان بۆ نانەخشێنن. هەروەتر ئەوانەی بە ڕۆحیەتێکی دەمارگرژ و لایەنگرییەی چاو لە ڕووداوەکە دەکەن، ناتوانن ڕاستیی ئەو دیمەنە ترسناک و ناخۆشەی شەڕەکەی لالەزار بدۆزنەوە. چونکە هەرزوو دەکەونە داوی تۆمەتبارکردنی لایەک و پشتیوانی و ستایشکردنی لایەكەی تر.

لە دەرەوەی ئەو دوو حاڵەتە، ئێمە دەتوانین گۆشەنیگایەکی نزیکتر لە ڕاستیمان هەبێت، لەگەڵ ئەوەی دەشێت باس لە مەترسیی سەر ئازادی و چالاکیی سیاسی، میلیتاریزەکردنی شاری ڕۆشنبیری و نائەمانی ژیانی مەدەنی و تێکدانی باری سایکۆلۆجیی خەڵک بکەین، ڕەنگە ئەگەر لەم پرسیارەوە دەست پێ بکەین کە ئایا لاهور شێخ جەنگی و حزبەکەی واتە "بەرەی گەل"، ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە بوون؟ یان نا وەک زۆرینەی دەنگ و لایەنە ناڕازییەکانی تر کە هەڵگری ئاوەڵناوی ئۆپۆزسیۆنن، ئەویش پێناسە دەکرێت؟. 

خۆم پێشتر لەسەر زڕەئۆپۆزسیۆن و سیمای فاشلی ئەو بەناو ئۆپۆزسیۆنە ناکارامە و ئیفلیجکەرەم نووسیوە و لێرە پێویست بە دووبارەبوونەوە ناکات، تەنیا ئەوەندە بەسە بڵێم ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و بەرنامەدار لە کوردستان تەنیا وەهمێکی مێدیایی و ناواقیعییە کە نموونەکانی وەک بەرەی گەل خاوەندارێتیی دەکەن. 
هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە کە بۆ نموونە بەرەی گەل و مێدیاکەی واتە "زووم" هەندێ شتی دژەدەسەڵات و خەڵکتەوەرانەی نەوتووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەمەی کردووە، چونکە بەو شێوەیە ویستوویەتی نەک ماف بۆ خەڵک وەربگرێت، بەڵکوو تۆڵەیەک بکاتەوە، تۆڵەیەک کە زیاتر لە شەڕێکی ناوخۆیی و ململانێی خێزانییەوە سەرچاوەی گرتووە و هەر ئەوەیش پاڵنەرە سەرەکییەکەی بووە. 

ئێمە نابێت خۆمان لەوە ببوێرین کە "بەرەی گەل" دەمامکێکی حزبی و میدیایی بوو ویستی پێمان بڵێت، ئێمە نوێنەری خەڵک و داوکارییەکانیانین، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە نەک گەل، بەڵکوو تەنیا لاهور شێخ جەنگی و براکانی بوون، لەگەڵ کوڕانی تاڵەبانیدا کێشەیان لەسەر دەسەڵاتەکانی ناو یەکێتیی نیشتمانی هەبوو، ڕێچکەکەی لە دوای کۆچی دوایی مام جەلالەوە تا دووکەڵەکەی بەردەم هوتێل لالەزار شۆڕ بووەتەوە. کەواتە ڕاستیی شەڕەکەی لالەزار ململانێیەکی شەخسی و خێزانی بوو، یەکێتیی بۆ کاتی پێویست گەڕا تا یەکلای بکاتەوە و بە هەڵەکانی لاهوور و لێدانە ناسیاسییەکانی و هەندێ کاری نایاسایی، بیانووەکەی دا بە دەستەوە، تا ئەم دیمەنە ناخۆش و نەشیاوەی لالەزار لە دڵی شارێکی پڕ وزە و جووڵەی پێشوو، بەڵام داپڵۆساو و خەمۆک و ترساوی ئێستە، بخولقێنیت. 

ئێستە پرسیار و مژارەکەی سەرەتای قسەکەمان لێرەدا ئاوا دەخەمە ڕوو، بەرەی گەل ئۆپۆزسیۆن نەبوو، چونکە پاڵنەرەکانی ئۆپۆزسیۆنی نەبوو، بەڵکوو دەرئەنجامی مشتومڕ و ململانێی لاهوور و باڤڵ یان بنەماڵەی تاڵەبانی و شیخ جەنگی بوو کە ئێستە دووکەڵەکەی بە چاوی خەڵکی سلێمانیدا دەچێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە سەرهەڵدانی بەرەی گەل وەک زڕەئۆپۆزسیۆنێک، دەرئەنجامی تاکڕەویی کەسی یەکەمی یەکێتی و هەروەها ململانێی شەخسیی لاهوور بۆ تۆڵەسەندنەوە بەناوی "گەل"ەوە بوو. دروستە ئازادی پێشێل کراوە، گوایە بەرەیەکی ناڕازی کەوتووەتە دۆخێکی نائاساییەوە و یاسا پشتی تێدەكات، بەڵام لە بنەمادا کۆی دیمەنەكە ئەو ململانێ و ناکۆکییەی دەباشانە، براوەتە لالەزار. 

ئەمانە پێویستە لە بەرچاومان بن، تا نە لە وەهمی بەرگریی لە ئۆپۆزسیۆندا باسی ئازادییەکی نەبوو و بریندار یان کوژراو بکەین، هەروەتر ئەوەیش لە بیر بکەین کە یەکێتی نیشتمانی سەرەڕای کۆمەڵێک نمایشی جارناجار، هێشتا لە قەیرانەکانی نەپەڕیوەتەوە. لە ڕوویەکی ترسشەوە و بە تێڕوانینێکی جیاوازتر کە تەواوکەری ئەو باسەی سەرەوەیە، دەتوانین بڵێین، شێخ جەنگییەکان قوربانیی سیناریۆیەکی دوورودرێژ کران کە پێش 16ی ئۆکتۆبەر دەستی پێ کرد و وردە وردە و بە شێنەیی و قونەخشکێ هات، تا خۆی لە لالەزاردا تەقاندەوە.

ئەگەر ڕوونتر بیڵێین، لاهور و ئاراس شێخ جەنگی یەک لەو دوو کەسە بوون کە بە بوێرییەكی سەیر و حەماسەتێکی سەرمەستانەوە ڕەواییان بە ڕادەستکردنی کەرکووک و لێدان لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەکرد، کێ بیری دەچێت ئاراس بە پشتقایمی باڤڵ و یەکێتی دەهات بە دوای ناوی پارێزگاری کەرکووکدا دەگەڕا لە گیرفانیدا و دژی د. نەجمەدین کەریمی کوردپەروەر قسەی دەکرد؟ 

ئەوە دیمەنی میدیایی سیناریۆکە بوو، ئەمانە کران بە پاڵەوان تا وردە وردە و بەناو چەندان ئەپیزۆد و بەشی ئەم سیناریۆیەدا بابەتی قاچاخچێتی، ژەهرخواردکردنی سەرۆکی یەکێتی و چەندان و چەند ئەندام و کەسی ناو ئەو حزبە، شەڕی خێزانی و ... بەردەوام بوو تا سیناریۆکە بگاتە هوتێل لالەزار و باس لە سزای زیندانیی هەتاهەتایی یان لەسێدارەدان بەپێی یاسایەکی دیاریکراو، بۆ لاهوور شێخ جەنگی بکرێت! 

ئەمانە قوربانیی ئەو جیهانبینییەی باڤڵ تاڵەبانی بوون کە سەرەتا کەسانێکی بێباک و بێ دەربەستی دەویست تا ڕێگاکە تەخت بکات و دواتر خۆی هەمان جیهانبینی بەسەر شارێکی پڕشكۆی مێژوویی و مەعریفی و ئەدەبیدا بسەپێنێت و خەڵکەکەی ئەمڕٶیان لە گرەوی سبەینێدا بن! 
ئەم دۆخە هەرچییەک بێت، گوشار و برینێکی ترە بۆ سەر شاری ئازیز و خۆشەویستی سلێمانی، دەبێت بیر لە پلانێکی هەمەلایەن و دڵسۆزانە بکرێتەوە تا کڵاوڕۆژنەیەک بدزۆینەوە و سلێمانییە پڕ جمووجوڵ و شکۆدارەکەی پێشوو بدۆزینەوە. ئەمەیش قسە و باسی زۆر هەڵدەگرێت و پانۆرامایەکی بەرینتر و لێڵترە و دایدەنێم بۆ دەرفەتێکی دیکە.