پەنجەكان یەكتر دەشكێنن، ناوی بەشی دووەمی بیرەوەرییەكانی خوالێخۆشبوو، نەوشیروان مستەفایە كە تەرخان كراوە بۆ ڕووداوە دڵتەزێنەكانی سەردەمی شەڕی ناوخۆی حزبەكان لە شاخدا. سەیر لەوەدایە ئەو ناوی كتێبەكەی بەم ناونیشانەیە و خۆیشی نەك هەر پەنجەكانی دەشكاند، بەڵكو وردوخاشی دەكردن و كارەكتەرێكی دیاری شەڕی ناوخۆ بوو. ئێمە لێرەدا، نامانەوێ قەتماغەی زامەكان هەڵدەینەوە، ناشمانەوێ باسی كەسێك بكەین كە مردووە و مردووش كوردگوتەنی "شەیتان دەستی لێ هەڵدەگرێت". تەنێ دەمانەوێ ئەوە بپرسین بۆچی دەبێ ئێمە هەر پەنجەكانی یەكتری بشكێنین و لوولەی چەكەكانمان ئاراستەی یەكتری بكەین؟
نابێ لە بری زمانی ڕق و تووڕەیی و شەڕ و خوێن پەنا وەبەر زمانی گفتوگۆ، ئارامی و لە یەكگەیشتن و لێبووردەیی و خاكەڕایی بەرین؟ بۆ دەبێ ئێمە لە میانەی یەكلاكردنەوەی كێشەكانماندا، هەر پەنا وەبەر زمانی چەك و توندوتیژی ببەین و بۆچی نەیكەینە كولتوورێكی كۆمەڵایەتی، بچین سكاڵا تۆمار بكەین و دادگا پرسەكانمان یەكلا بكاتەوە؟ تاكەی ڕۆحی تۆڵەسەندنەوە لە پاشخانی هزری و كۆمەڵایەتی تاكی كورد هەر بمێنێ و خوێن بە خوێن وەڵام بدرێتەوە؟ كە جگە لەوەی كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە، هاوكات فوارەی خوێنەكە زیاتر دەكات؟
ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین، خوێن و تووڕەیی، بەری چاوی زۆربەمانی گرتووە و هەوومان وەك بۆمبی تەوقیتكراوین و بە بچووكترین كردەوە و تووڕەیی، هەڵدەچین و كارەساتی گەورە دەخولقێنین، لە كاتێكدا وەك "تێنسی ولیامز" دەڵێت: پێویستە لە سەردەمە پڕ ژاوەژاو و كاتی ئاژاوەیشدا بە هێمنی بیر بكەینەوە. مرۆڤ بوونەوەرێكی ئاقَڵمەندە، هەر ئەم خەسڵەتەیش لە بوونەوەرەكانی دیكەی جیا دەكاتەوە، بەڵام بوونی ئاوەز بە تەنیا بەس نییە، بەڵكو چەند ئەقڵانیانە بیر دەكەینەوە، ڕەفتار دەنوێنین، هەڵوێست وەردەگرین، ئەمەیان گرنگە.
چەند ساڵێك لەمەوبەر، سۆران عومەر پەرلەمانتار، چەند تۆمەتێكی خستە پاڵ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بێگومان بارزانی سەرۆكی حكوومەتە، دەسەڵاتی یەكەمی جێبەجێكردنە، هەرچی هێزی پێشمەرگە و پۆلیس و ناوخۆ هەیە، فەرمان لەو وەردەگرن، بارزانی دەیتوانی چوار پۆلیس بنێرێت و سۆران عومەر بگرن و كەسیش نەیدەتوانی قسەیەك بكات، هەروەها دەیتوانی ڕێگەی پێ نەدات بێتە هەولێر و دەوامی پەرلەمان بكات، كەچی هیچ كام لەم هەڵوێستانەی نەنواند، بەڵكو وەك هەر هاووڵاتییەك پەنای بردە بەر یاسا و دادگا.
سۆران عومەر پەرلەمانتار بوو، بۆیە دەبوو پارێزبەندی لێ بسێنرێتەوە، پارتی لە پەرلەمان لەوەدا سەركەوتوو بوو، توانی بە زۆرینەی دەنگ پارێزبەندی لەسەر لا ببات. سۆران درایە دادگا، نەیتوانی بە بەڵگە و بە ڕاستیی سەلمێنراو تۆمەتەكان بسەلمێنێت و دادگاییەكەی دۆڕاند، بەڵام مەسروور بارزانی لێی خۆشبوو و بەخشی، ئەویش لە سزای یاسایی و زیندان ڕزگاری بوو.
ئەم نەریتە ئەوەندەی تر كولتووری یاساپارێزی، یەكلاكردنەوەی كێشە لە ڕێی دادگاوە، لەناو ئێمەدا قووڵتر دەكاتەوە و هەستێكیش لای تاك دروست دەكات كە ئەوانیش پەنا بەرنە بەر دادگا. سیاسییەكان، دەبێ سنگیان فرەونتر بێت، لێبووردەتر بن، زمانی گفتوگۆ و لێك تێگەیشتنیان هەبێت و هەوڵ بدەن، تاكەكان فێری یاساپارێزی بكەن، چونكە ڕق و تۆڵەسەندنەوە و خوێن بە خوێن، وەك ئەوەی بە داخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا باوە، ئەوەندی تر كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە.
ئارامی و هێمنی كوردستان، هەمیشە شانازییەكی گەورەیە بۆ هەموومان، بۆیە ئەركی هەمووانە و لە سەرووی هەمووانیشەوە سیاسییەكان، یاسا بیپارێزن و دەستی پێوە بگرن، تا كۆمەڵگە چاو لە وان بكات.