دنیا بەرەو کوێ دەڕوا؟

AM:11:56:30/08/2025 ‌
ڕەنگە ئەو پرسیارەی سەرەوە تۆزێك گشتی و هاوکات قورس بێت و هەر لە سەرەتاوە هەر جۆرە ئۆمێدێک بۆ وەڵامدانەوەی لە ناخماندا بکوژێت، بەڵام مەبەست ئەوەیە زیاتر سەرنجی دۆخی سەردەم بدەین و بزانین لە کام دەلاقەوە چاو لە جیهان دەکەین یان کام دەلاقەمان بۆ دیاری کراوە تا لێیەوە چاو لە جیهان و ڕووداوەکان بکەین؟ ئایا ئێمە خۆمان دەلاقەی بینین و تێگەیشتنی خۆمان دەکەینەوە و جۆری ڕوانینمان دیاری دەکەین یان نا پێشتر چەند دەلاقە و بگرە بچووکتر لە دەلاقەیشمان بۆ دیاری کرابێت تا لەوێوە دنیا ببینین و لێی تێبگەین؟ ئەم پرسیارانە بەرچاوڕوونیمان دەداتێ تا باشتر پرسیارە سەرەکییەکەی "دنیا بەرەو کوێ دەڕوان؟" هەنگاو هەڵێنین.
 
بێگومان بەشی هەرەزۆری مێژووی مرۆڤایەتی ململانێی نێوان ئازادی و کۆیلایەتی بووە، ئەم ململانێیە چ بەشێوەی هوشیارانە یان ناهوشیارانە، دەیان و سەتان کاژی خستووە و لە حاڵەتی مەیدانی و کردارییەوە بۆ حاڵەتی زەینی و دەروونی ڕووبەرەکەی ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرینتر بووە و ئێستە هەڵگری دەیان فاکتەر و گۆڕانی جیاواز و زۆر و زەوەندە. مرۆڤ بەپێی غەریزە حەز ناکات ژێردەستە و کۆیلە بێت، مەگەر لە حاڵەتێکدا کۆیلایەتی و ژێردەستەیی کرابێت بە کولتوورێکی باو و گشتگیر و ئیتر کۆمەڵگەیەک یان مرۆڤەکانی جیاوازیی نێوان قەفەسی کۆیلایەتی و جیهانی ئازاد نەکەن، هەڵبەت لە وەها حاڵەتێکیشدا هەمدیس لە قەفەسکراوێک ڕۆژێک یان ساتێک شنەی ئازادی بەر دەکەوێت و دەنگ هەڵدەبڕێت، بەشی زۆری مێژووی مرۆڤ ئەم جۆرە ململانێیە بووە، واتە سەرهەڵدانی ئازادیخوازێک لەناو قەفەسی کۆیلایەتیدا.
 
سەردەمی ئێستەی ئێمە، سەردەمێکە هەم ئازادی سنوورەکانی مانا و لایەنەکانی خۆی زیاتر کردووە و هەمیش کۆیلایەتی، ئەگەرچی ئازادی و کۆیلەیەتی دیسان لە ڕووی فەلسەفییەوە دەمانخاتە ناو بازنەی دووجەمسەربینیی ڕەش و سپی و تاریک و ڕوون و خودا و شەیتان و هەتا دوایی، بەڵام ئەمە واتای ئەوەی نییە ئێمە لە باسەکەماندا لەناو جۆرێک دەمارگرژیی و بەرتەسکبینی بە دوو جەمسەرەوە دەژین، بەڵکوو باسی من لەو چەمک و زاراوانەیە کە بمانەوێ و نەمانەوێت وەک مەرگ و ژیان هاوشانی یەک دێن و پێکەوە لەدایک دەبن. 

ئەم خوێندنەوەی ئێمە پەک ناخات لەوەی لە نێوان ئازادی و کۆیلایەتی وەک دوو چەمکی دژ بەیەک و هەندێجار لەگەڵ یەک، دەیان چەمکی دیکەی وەک ئیرادە، ئارەزوو، خواستە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ و... نەبینین. بە تایبەتی لە سەردەمی ئێستەدا کە ئازادی بە ڕێگەی جیهانی مەجازی و تۆڕەیلی کۆمەڵایەتییەوە بەشێوازێکی زۆر جیاواز لە سەردەمانی پێشوو خۆی مانیفێست دەکات و جاڕی بوونی خۆی دەدات. 

دۆخی ئەم جۆرە نمایشکردنەی ئازادی ئەوەندە ئاڵۆز و قەیراناوییە، دەتوانین دەمامک لەسەر ئازادیی ڕاستەقینە لا دەین و دەیان ڕووخساری دزێو و ناشیرینی وەک کاسبیکردن، نارسیزیم یان خۆئەڤینی، گرێی دەروونی، تۆڵەکردنەوە و... ببینین. بە ڕای من دروستبوونی هەلی ئەوەی مرۆڤەکان بە هەر ئاستێکی زانیاری و تێگەیشتن و بە هەر جۆرە تیپێکی کەسایەتی و جۆری سایکۆلۆجییەوە، تریبۆنێکیان وەک لاپەڕە یان ئەکاونت یاخۆ هەر جۆرە تۆڕێکی تری ئەم دنیا مەجازییە بەرینە هەبێت، چرکەساتێکی بێوێنە و چارەنووسساز و ئاڵۆزی مێژووی مرۆڤ و هاوکات ئازادی و کۆیلایەتیشە. 

لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، دەوڵەت و سیاسەت و ئایدۆلۆجیا جۆراوجۆرەکان، یاریی خۆیان دەکەن. دەوڵەت بە ئاسانی دەتوانێت ئازادی لە باتی ملکەچی و کۆیلایەتی بناسێنێت یان ئایدۆلۆجیایەک دەتوانێت ئازادی بە دزێو پێشان بدات و ئازادیخواز بە کەسێکی بێئەخلاق و مولحید بناسێنێت، یانژی کۆمەڵێک ڕێکخراوی بازرگانیی کە تەنیا فۆکۆسیان کردووەتە سەر لایەنی جەستەیی و ماتریاڵیانەی ئازادی جەستە وەک دواخاڵ و یەکەم خاڵی هەموو ئازادییەک بزانن. جەستەیەک کە لە فۆرمی کاڵا پێشکەشی بازاڕی ئارەزوو و حەز دەکرێت، لەم گەڕەلاوژێیەدا ئەوەی سەرگەردان و تەنیا دەمێنێتەوە، مرۆڤی ئاسایی و لە زۆر حاڵەتیشدا مرۆڤە تایبەت و ژیرەکانیش تێیدا دەمێننەوە، لە شوێنێک ئیتر دەستنیشانکردنی ئازادی یان هەر بوون و نەبوونی ئازادی، بێمانا دەبێت لایان، واتە ئومێدکوژ دەکرێن.

بەهۆی ئەو تۆڕە بەرین و زەبەلاحە لە ململانێ و زۆرانبازی نێوان هێز و ڕێکخراو و ئایدۆلۆجیاکان، دنیای ئێمە وەک کورد، لەناو وەها دۆخێکدایە، ڕاستە بەشێکی زۆری دۆخەکە جیهانگیرە، بەڵام بۆ ئێمەی کورد زیاتر بە ڕاست دەگەڕێت، ئەم تۆڕە ئاڵۆزەی گوایە بە ئازادی قانگدراوە، هێندەی شێواندن و ڕێوێڵکارییە، هێندە ڕوونکەرەوەی بەرپێ و چاومان نییە. 

دنیای ئێمە وەک نەتەوەیەکی بێ دوەڵەت کە لەناو وەها تۆڕێکی ناکۆتادا بە دوای شوناسی مرۆیی و نەتەوەیی خۆماندا دەگەڕێین، چی بەسەر دێت؟ دەکرێت بڵێین وەک مرۆڤ لە دەربڕینێکی گشتیدا لەگەڵ شوناسبەخشیی بە لایەنە مرۆییەکەمان، بەردەوامین. سینەمای جیهان دەبینین، ئەدەبی وڵاتان دەخوێنینەوە، پێوەندیی زۆر و زەوەندی کولتووری و خێزانی و ... ئەم هەوڵە لە خزمەت ناسینی شوناسی نەتەوەیی و زەقکردنەوەی جوانییەکان و کاڵکردنەوەی ناحەزییەكان بەکار دێنین، بەڵام ڕاستییەکیش هەیە، ئێمە وەک کورد ڕەنگە زیاتر لە هەر نەتەوەیەکی تر لەناو ئەم تۆڕەدا برینمان بەرکەوتبێت و ئازارمان چەشتبێت و خەم دایگرتبین.

هۆکارەکە ئەوەیە جیا لەو یارییە جیهانییەی میدیا زەبەلاحەکانی دنیا، چوار دەوڵەتی تا سەر ئێسقان پڕچەک و چەوسێنەریش پلان دادەڕێژن، بێگومان دەشێت بەشێک لەمە بخەینە خانەی تیۆری موئامەرەوە، بەڵام بەشی زۆری ئەو ڕاستییەی ئێمە ڕۆژانە دەیبینین و تێچووی دەدەین، بۆ یاریکردن لەناو ئەم تۆڕە جیهانی و ناوچەییەدا ئێمە پێویستمان بە پلانی گشتی و هەرەوەزیی هەیە زیاتر نەک تاکگەرایی زێدەڕۆیانە، ئەگەرچێ باوەڕم وایە تاک دەتوانێت گشت زیاتر ببووژێنێتەوە، بەڵام لە دواجاردا تەنیا دوورگەیەکی بچووکە و لە هەڵچوونێکدا ژێر ئاو دەکەوێت.