كاری نوێ‌ بۆ ئۆپۆزسیۆن و ڕزگاربوونی میلەت

PM:01:04:30/08/2025 ‌
16 ساڵە بەناوی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان تەپڵ لێ‌ دەدرێت، بەڵام جگە لە خۆ دەوڵەمەندكردنی كۆمەڵێك كەس و حزب، هیچ لە دۆخی هەرێمی كوردستان نەگۆڕاوە، بەڵكو گرەو لەسەر گیرفانی خەڵكی و ژیان و ئاوەدانی كراوە، كە زۆرجار ئەو داواكارییانەی بەناو ئۆپۆزسیۆن دەكرێت، بۆ بەرژەوەندیی كەسی بووە نەك گشتی.

ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان رێگەی خۆی ون كردووە، من دەتوانم پێشنیارێكی برایانە بۆ مامۆستا عەلی باپیر و مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین بكەم، رێچارەكەیان پێ‌ بڵێم ئەگەر نیەتەكە بە ڕاستی خزمەتی خەڵك بكرێ و لە بەرژەوەندیی خەڵك كار بكەن.

ئێوە دەتوانن پێش پێكهێنانی حكوومەت، رێككەوتنیان لەگەڵ بكەن لە بەرژەوەندیی خەڵك، بۆ نموونە شەش مانگە تەپڵی لێدانی گرانی كارەبای 24 سەعاتی لێدەدەرێت، وەرن لەگەڵ حكوومەت رێكبكەون بڵێن لەم كابینەیە ئێمە لە پەرلەمان دەنگتان پێ‌ دەدەین و لە چەند پڕۆژەیەك پاڵپشت دەبین، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی حكوومەت، پڕۆژەیەك هەبێت نرخی ئەو كارەبایە بۆ ئەو رێژەیە كەم بكرێتەوە.

یان نموونەیەكی تر، دەتوانن رێككەوتن بكەن لەسەر ئەوەی دروستكردنی چوار نەخۆشخانەی گشتی و دامەزراندنی 600 كەس بۆ ئەو چوار نەخۆشخانەیە لە هەر چوار پارێزگاكە، بیخەنە ناو رێككەوتن و بەفەرمی لەگەڵ لایەنی پێكهێنەری حكوومەت رێككەوتنی لەسەر بكەن بۆ كابینەی نوێ‌.

سوودی ئەو رێككەوتنە بۆ ئۆپۆزسیۆن چییە؟
دەتوانێت بیكاتە دەستكەوتێك بۆ ئەم چوار ساڵە كە توانیویانە 600 ماڵ ئاوەدان بكەنەوە، بە سەتان هەزار كەسیان رزگار كردووە و چارەسەریان پێ‌ داون كە پڕۆژەی ئەوان بووە، ئەگەر ئامانجیان خزمەتی خەڵكە.

سوودی بۆ دەسەڵات چییە؟
دەسەڵاتیش دەتوانێت بانگەشەی خۆی پێ‌ بكات كە هەر پڕۆژەیەكی باش بێت و بۆ خزمەتی گشتی بێت، دەیكەن و سڵی لێ‌ ناكەنەوە، بۆیە چوار نەخۆشخانەیان بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە و 600 كەسیان كردە خاوەن مووچە.

سوودی بۆ هاووڵاتییان چییە؟
ئەوەی دەمێنێتەوە لە نێوان رێككەوتنی حكوومەت و ئۆپۆزسیۆن، هاووڵاتییان خزمەتگوزاریی گشتییان پێ‌ دەگات و ئەو بەرنامەیەشی كە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ململانێی تێدا دەكەن لە سیاسەتێكی ناڕوون، دەبێتە ململانێ‌ بۆ خزمەتی گشتی كە هاووڵاتییە، بەمەیش دامەزراوەكانی دەوڵەت دەچێتەوە سەر رێڕەوە راستەكەی خۆی و میلەتیش لە ماندووكردنی دەروون رزگاری دەبێت.

چەند ساڵە بەراستی ماندوو بووین بەدەست ئەو هات و هاوارەی هەیە، ئێستە رێگە راستەكە ئەوەیە ئەگەر دەتانەوێت بە راستی خزمەتی خەڵك بكەن، پێویستە بەرنامەتان هەبێت بۆ خزمەتی گشتی.